ئەمڕۆ دانوستانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە وڵاتی عومان بەڕێوەدەچێت و تەوەری سەرەكی دانوستانەكە بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران دەبێت. 

ئەمڕۆ لە مەسقەتی پایتەختی عومان دانوستانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەڕێوەدەچێت  كارۆلین لیڤیت وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا  لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ دانوستانەكە بەڕێوەدەچێت و ستیف ویتكۆف و جارید كوشنەر سەرۆكایەتی وەفدی ئەمریكا دەكەن.

لایخۆشییەوە ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، عەباس عراقچی بە سەرۆكایەتی وەفدێك بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریكا بەرەو شاری مەسقەتی پایتەختی سوڵتان نشینی عومان بەڕێكەوت.

بڕیار وابوو دانوستانەكە لە توركیا بەڕێوەبچێت، بەڵام ئێران داوایكرد بگوازرێتەوە بۆ عومان و رۆژی چوارشەممە ئەمریكا پلانی دانوستانەكەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام دواتر لەسەرداوای چەند وڵاتێكی عەرەبی و ناوچەكە ئەمریكا لە بڕیارەكەی پاشگەزبوەوە.