رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وابڕیارە ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە شاری هەولێر لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆببێتەوە.

وابڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە درێژەی گەشتەکەیدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە شاری هەولێر لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆببێتەوەو؛ لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکارییە ئەمنی و سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ بکرێت و جەخت لە هەماهەنگییەکان بکرێتەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ژان نۆیێل بارۆ جەختیکردەوە: ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ مەزڵوم عەبدی تاوتووێی پرسی رێککەوتنی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی هەسەدە دەکەین.

هەر لە درێژەی جوڵە دیپلۆماسییەکانیدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە کۆشکی "تشرین" لە شاری دیمەشق و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا کۆببووە.

ئەم دیدارە رەسمییانە لە کاتێکدایە کە فەرەنسا هەوڵ دەدات رۆڵێکی کارا لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆسیەی سوریادا بگێڕێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا هۆشداری دەدات لەوەی دۆخی ئێران بەرەو تەقینەوەیەکی گەورە دەچێت کە کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە مۆسکۆ بەبێ دەستوەردان تەنیا بینەر نابێت.

لاڤرۆڤ لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دۆخی ئێران مەترسیی تەقینەوەیەکی گەورەی لێدەکرێت کە رەنگە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. راشیگەیاند: "ئێران هاوبەشێکی نزیکی ئێمەیە و بەرامبەر بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەستەوستان ناوەستین." وەزیری دەرەوەی روسیا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکار بێت بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تەل ئەبیب، واشنتن و تاران.

سێرگی لاڤرۆڤ رونیکردەوە کە مۆسکۆ لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ ئیسرائیل، ئێران و ئەمریکا، خۆی وەک نێوەندگیر ناسەپێنێت، بەڵکو تەنیا گفتوگۆ لەسەر دۆخەکە دەکات بە ئامانجی رێگری لە زیاتر تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە.

لەلایەکی دیکەوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن. بەرپرسانی هەردوولا رایانگەیاندووە، پلانی کۆبوونەوەی مەسقەت کە بڕیارە سبەینێ هەینی بەڕێوەبچێت، گەڕاوەتەوە سەر رێڕەوی رەسمیی خۆی. ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان فشارێکی زۆریان خستە سەر واشنتن تاوەکو لە دانوستانەکان نەکشێتەوە، ترەمپیش وەک رێزێک بۆ داواکاریی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، رەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە داوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی، دانوستانەکانی سبەینێی مەسقەت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبن. چاوەڕوان دەکرێت عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بن، تاوەکو گوێ لە پێشنیارەکانی یەکدی بگرن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و ئاسایشی ناوچەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران جەختیان لەسەر هەوڵەکانیان بۆ بەردەوامبوونی رێگەچارە دیپلۆماسییەکان کردەوە، بڕیاریشە سبەینێ هەینی یەکەم کۆبوونەوە لە وڵاتی عومان بەڕێوەبچێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ناکۆکی لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆکان ماوەتەوە.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە "رۆیتەرز"ـی راگەیاندووە، پلانی کۆبوونەوەکەی مەسقەت گەڕاوەتەوە سەر رێڕەوی رەسمیی خۆی. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە دوای فشارێکی زۆری سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان هاتووە بۆ سەر ئیدارەی ترەمپ تاوەکو لە دانوستانەکان نەکشێتەوە. واشنتن وەک رێزێک بۆ داواکاریی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، رازی بووە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانەکان بەیانی رۆژی هەینی لە مەسقەت دەستپێدەکەن. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "تەسنیم"، گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبن و چاوەڕوان دەکرێت ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و عەباس عراقچی تێیدا بەشدار بن.

پێشتر ئەمریکا داوای کردبوو کۆبوونەوەکە لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا بێت و ژمارەیەک وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک چاودێر بەشدار بن، بەڵام ئێران داوای کردووە دانوستانەکان بگوازرێنەوە بۆ سوڵتان نشینی عومان و تەنیا لە چوارچێوەی هەردوو وڵاتدا بێت، تاوەکو تەنیا تیشک بخرێتە سەر دۆسیەی ئەتۆمی.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ترەمپ چەندین بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و واشنتن بۆ کۆبوونەوەکەی سبەینێ ئامادەیە. رۆبیۆ جەختی کردەوە کە تەنیا گفتوگۆ لەسەر یەک دۆسیە بەس نییە و دەبێت پرسی موشەکە بالیستییەکانی ئێرانیش تاوتوێ بکرێت. لە بەرامبەردا، ئێران رایگەیاندووە کە تەنیا لە چوارچێوەی دۆسیەی ئەتۆمی ئامادەی دانوستانە و توانا سەربازییەکانی پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی و قابیلی گفتوگۆ نییە.

ترەمپ پێش رێککەوتن لەسەر شوێنی دانوستانەکان، رایگەیاندبوو کە دەبێت عەلی خامنەیی نیگەران بێت. هەروەها بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە، ئەمریکا بە وردی چاودێریی جوڵەکانی ئێران دەکات و هۆشداریی داوە: "بیستوومە ئێران هەوڵدەدات بەرنامە ئەتۆمییەکەی کارا بکاتەوە، ئەگەر ئەوە بکەن، فڕۆکە جەنگییەکانمان دەنێرینەوە."

هاوکات، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عراقچی، پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پەنابردن بۆ دیپلۆماسی دووپات کردەوە، تاوەکو گەلانی ناوچەکە لە لێکەوتەکانی ئاڵۆزی و جەنگ بپارێزرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: رۆژی هەینی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ماڵپەڕی ئەکسیۆسیش ئاشکرایکرد، لەسەر داوای سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆکان دەستپێدەکاتەوە.

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی؛ بڕیارە رۆژی هەینی سەعات 10ـی بەیانی، گفتوگۆکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمریکا لە مەسقەت بەڕێوەبچن.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی برا عوممانییەکانیان دەکەن لە بەرانبەر ئەنجامدانی هەموو ئامادەکارییە پێویستەکان.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، لە دوای نێوەنگیرییەکان و لەسەر داوای چەند سەرکردەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران ئەنجام دەدرێت.

دوای تەنها چەند سەعاتێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەکخستنی پلانەکانی گفتوگۆ، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری دوو لێپرسراوی باڵای ئەمریکییەوە ئاشکرایکرد، بڕیاری ئەنجامدانی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە رۆژی هەینیدا چوونەتەوە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە دوای فشار و هەوڵی چڕی سەرکردەکانی ناوچەکە دێت، کە هۆشدارییان دابووە ئیدارەی ترەمپ لە مەترسییەکانی کشانەوە لە دانوستانەکان. بەپێی سەرچاوەکان، نێوەندگیریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایکردووە واشنتۆن لە هەڕەشەکانی پاشەکشە بکات و جارێکی تر بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ تاران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەهەپە رایدەگەیەنێت، نوێنەرانی ناو كۆمیسیۆنی ئاشتی لەسەر پێدانی مافی هیوا گەیشتوونەتە رێككەوتن و لە راپۆرتەكەدا جێگیر دەكرێت.

فەتی یڵدز جێگری سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا "مەهەپە" و ئەندامی كۆمیسیۆنی ئاشتی لە دوای كۆبوونەوەی تیمی نووسینەوەی راپۆرتی كۆتایی كۆمیسیۆنەكە لەسەر ئاشتی لە توركیا و باكوری كوردستان رایگەیاند، راپۆرتی كۆتایی بە هاوبەشی هەموو ئەندامانی كۆمیسیۆن ئامادە دەكرێت و چاوەڕوانیش دەكرێت هەفتەی داهاتوو راپۆرتەكە تەواو بكرێت.

 وتیشی، ئەندامانی كۆمیسیۆن لەسەر دەستەبەركردنی مافی هیوا گەیشتوونەتە رێككەوتن و لە راپۆرتەكەدا جێگر دەكرێت، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش بڕیاری ئازادكردنی دەمیرتاشی دەركردووە، بەپێی بڕیارەكانی دادگاش مامەڵە دەكەن و پێویستە ئازاد بكرێت.

جەختیشیكردەوە، هیچ ناكۆكییەك لە نێوان ئاكەپە و مەهەپە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی نییە و ئەو كارە تەواو دەكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم'، نوێترین ئاماری ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە خاکی سووریا راگەیاند.

بەپێی راگەیەنراوێکی رەسمی (سێنتکۆم)، لە ماوەی نێوان 27ـی یەک تا دووی ئەم مانگە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا پێنج هێرشی ورد و چڕیان کردووەتە سەر مۆڵگەکانی داعش لە سوریا.

هاوکات لەو هێرشانەدا، کە لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراون، کە زیاتر لە 50 موشەک  بەکارهێنراون.

ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجە تێکشکێنراوەکان پێکهاتبوون لە ناوەندێکی سەرەکیی پەیوەندییەکانی داعش، بنکەیەکی لۆجستیی ستراتیژی بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و هەروەها چەندین کۆگای حەشارگەی چەک و کەرەستەی سەربازی.

هەر سەبارەت بە هێرشەکان، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: "ئەم ئۆپراسیۆنانە بەشێکن لە ستراتیژیی بەردەوامی واشنتۆن بۆ رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی داعش بۆ خۆڕێکخستنەوە لە سوریا.

جەختیشی کردەوە، کە هەماهەنگییان لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکان و هێزە ناوخۆییەکان بەردەوام دەبێت، چونکە شکستی کۆتایی داعش گرەنتییەکە بۆ سەقامگیریی ئەمریکا و تەواوی ناوچەکە.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە، هێزەکانی هاوپەیمانان فشارە مەیدانییەکانیان بۆ سەر شانە نوستووەکانی ئەو رێکخراوە چڕتر کردووەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی ئێران ئەمڕۆ ئاشکرایانکرد، رۆژی هەینی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا لە عومان دەستپێدەکاتەوە.

میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی هەینی داهاتوو لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچن و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبن.

میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوەشکرد، دانوستانەکان تەنها سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و هەڵگرتنی سزاکان دەبن.

ئاژانسەکانی هەواڵ رایانگەیاند، پێشتر بڕیاربوو دانوستانی ئەتۆمیی لە توركیا ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەمریكا لەسەر داوای ئێران شوێنی گفتوگۆ دانوستانەكانی بۆ مەسقەتی پایتەختی عومان گواستەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كۆشكی سپی رایگەیاند هەموو ئامادەكارییەك بۆ  دانوستانی نێوان ولاتەكەی و ئێران كراوە و پێگەیەكی ئەمریكیش ئاشكرای كردوە واشنتۆن بە داوای تاران رازی بوە كە دانوستانەكان لە عومان بكرێت.

كۆشكی سپی رایگەیاند؛ ئامادەكاریی پێویست بۆ دانوستانەكانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران كراوە و بە ئەگەری زۆر گفتوگۆ و دانوستانەكان لەم هەفەیەدا و بە سەرپەرشتی ستیڤ ڤیتكۆف ، نێردەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بەڕێودەچێت.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند كە ئەو دانوستانەكانی نوێنەرانی ئەمریكا و ئێران لەم هەفتەیەدا دەست پێدەكات و داواكراوە دانوستانەكانیش لە عومان یان توركیا بەڕێوبچێت.

دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا وتویەتی: ئێران دەیەوێت دانوستان بكات و پێشتریش ئەوەیان كردوە بۆیە پێویستە ئەوان هەنگاو بنێن  بەڵام چونكە دانوستانەكانی پێشو هیچ ئەنجامێكیان نەبو، هێرش كرایە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكان.

پێگەی ئەكسیوس، ئاشكرای كردوە، بڕیاربو پێشتر دانوستانی ئەتۆمیی لە توركیا ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەمریكا لەسەر داوای ئێران شوێنی گفتوگۆ دانوستانەكانی بۆ مەسقەدی پایتەختی عومان و رۆژی هەینی ئەم هەفتەیە بەڕێوبچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی تیمی سیاسیی سەیفولئیسلام قەزافی و سەرچاوەکانی نزیک لە بنەماڵەکەی، بە شێوەیەکی رەسمی کوژرانی ناوبراویان لە نزیک شاری زەنتان راگەیاند.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی قەزافی، پیلانی کوشتنەکەی لە لایەن 4 چەکدارەوە ئەنجامدراوە. چەکدارەکان سەرەتا کامێراکانی چاودێرییان لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەیفولئیسلام پەکخستووە و دواتر هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگاکەی.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سەیفولئیسلام قەزافی پێش کوژرانی، روبەڕووی چەکدارەکان بووەتەوە و پێکدادان لە نێوانیاندا دروست بووە، بەڵام دواجار لە سەعات 02:30ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەناو باخچەی ماڵەکەیدا کوژراوە.

دوای ئەنجامدانی تاوانەکە و پێکانی سەیفولئیسلام، چەکدارەکان بە خێرایی لە شوێنی روداوەکە هەڵاتوون. لە ئێستادا تیمی سیاسی و بنەماڵەکەی خەریکی رێکارەکانن بۆ گواستنەوەی تەرمەکەی.

ئەم روداوە لە کاتێکدایە کە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە پێکدادانی چەکداری لە ناوچەکەدا بەردەوام بووە، سەیفولئیسلام قەزافی کە کوڕی مەعمەر قەزافی بوو، لە دوای روداوەکانی ساڵی 2011ـەوە یەکێک بوو لە کارەکتەرە مشتومڕاوییەکانی لیبیا و چەندین جار هەوڵی گەڕانەوەی بۆ ناو کێبڕکێی سیاسیی وڵاتەکە دەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی لیبیا هەواڵی کوژرانی سەیفولئیسلام قەزافی، کوڕی مەعمەر قەزافی، سەرۆکی کۆچکردووی لیبیایان لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداری لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ، میدیاکانی لیبیا ئاماژەیان بەوە کرد کە سەیفولئیسلام قەزافی لە ناوچەی زەنتان لە رۆژئاوای لیبیا کوژراوە. هەواڵەکان لەبارەی روداوەکەوە دژبەیەک و ناڕوونن؛ بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردووەتەوە کە ناوبراو لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا لە باشوری شاری زەنتان و لە کاتی روبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزێکی چەکداری سەر بە لیوای 444ـی شەڕکەر لە نزیک کێڵگەی "ئەل حەمادە" کوژراوە.

لە بەرامبەردا، ئەو میدیایانەی سەر بە رژێمی پێشووی لیبیان، هەواڵی کوژرانی سەیفولئیسلامیان رەتکردەوە. ئەو سەرچاوانە جەختیان لەوە کردەوە کە ناوبراو لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لە نزیک کێڵگەی ئەل حەمادە رزگاری بووە و تەنیا بریندارە.

تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی رەسمی لە لیبیاوە زانیاریی تەواوی لەبارەی چارەنووسی سەیفولئیسلام قەزافی بڵاونەکردووەتەوە و دۆخەکە بە ناڕوونی ماوەتەوە. سەیفولئیسلام کە یەکێک بوو لە دیارترین کوڕەکانی مەعمەر قەزافی، لە دوای رووخانی رژێمی باوکییەوە چەندین جار دەنگۆی جیاواز لەبارەی دەستگیرکردن و کوژرانی بڵاوکراوەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت و هۆشداریش دەدات لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییان.

گۆتێرێس لە پەیامێکدا رایگەیاند، لە دوای رێککەوتنی ئاگربەستی مانگی تشرینی یەکەمەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 هاووڵاتیی فەلەستینی لە کەرتی غەززە کوژراون. سکرتێری گشتی داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە رێککەوتنەکە بە تەواوەتی جێبەجێ بکەن و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس داوای کرد رێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ هیچ بەربەستێک و بە شێوەیەکی فراوان بگەیەنرێنە ناو غەززە، تاوەکو یارمەتیی دانیشتوانی ناوچەکە بدرێت.

گۆتێرێس دووپاتی کردەوە کە ئەوان هەرگیز دەستبەرداری هەوڵەکانیان نابن بۆ باشترکردنی ژیان بۆ هەمووان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەروان عەلی فەرماندەی ئاسایشی گشتیی سەر بە حکومەتی سوریا لەگەڵ ئاسیاشی رۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوە.

موهەنەد ئیبراهیم پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، مەروان عەلی، فەرماندەی ئاسایشی گشتیی سەر بە حکومەتی سوریا لە حەسەکە لەگەڵ ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لە کۆبوونەوەدایە

وتیشی، ئامانج لە کۆبوونەوەکە، بۆ هەماهەنگی و یەکخستنی کارەکان دەکەن لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە ناو شاری حەسەکە و قامیشلۆ.

هاوکات، تەلەفیزیۆنی فەرمی سوریا بڵاویكردەوە، عەمید محمد عەبدولغەنی بەرپرسی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای حەلەب، سەردانێکی مەیدانی بۆ شاری کۆبانی لە رۆژهەڵاتی پارێزگاکە، وەفدە ئەمنییەكەی حكومەتی سوریا لەگەڵ سەرکردەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) كۆبووەتەوەو گفتوگۆیان لەسەر میکانیزمی هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ناو شارەکە کردووە.

مەروان عەلی کە پێشتر لە وەزارەتی ناوخۆی سوریا پۆستی باڵای هەبووە، لە کۆتایی مانگی یەکی 2026 وەک فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە دەستنیشانکرا.

 رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە؛ ئەم هەنگاوە دوای رێککەوتنێکی گشتگیر هات لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

بۆ زانیاری زیاتر کلیک لێرە بکە.....

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیا رەسمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، تەقینەوەیەکی گەورە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری بەندەر عەباس لە باشوری ئەو وڵاتە رویدا و زیانی زۆری لێکەوتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز لە ئێران، تەقینەوەکە لە باڵەخانەیەکی 8 نهۆمیدا لە شەقامی "موعەلیم" روویداوە، بەهۆیەوە 2 نهۆمی باڵەخانەکە بە تەواوی رووخاون و زیانی زۆریش بە چەندین ئۆتۆمبێل و دوکانی دەوروبەری باڵەخانەکە گەیشتووە. تا ئێستا هۆکاری سەرەکی تەقینەوەکە بە نادیاری ماوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

هاوکات لە رووداوێکی دیکەدا، لە شاری ئەهواز لە باشوری رۆژئاوای ئێران، بەهۆی لێچوونی غاز لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی "کیانشەهر"، تەقینەوەیەک روویدا. بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکان، لەو رووداوەدا 4 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

بەرپرسی رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی ئەهواز رایگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و پرۆسەی لادانی داروپەردووی باڵەخانەکە بەردەوامە تا دڵنیابنەوە لەوەی هیچ کەسێکی دیکە لەژێر داروپەردوەکەدا نەماوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی جەنگی ئەمریكا 30 فڕۆكە و هەلیكۆپتەر رادەستی ئیسرائیل دەكات و زیاتر لە 700 موشەكیش بە سعودیە دەفرۆشێت.


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاویكردەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكەی رەزامەندی دەربڕیوە بۆ فرۆشتنی چەك و كەرەستەی سەربازیی بە بەهای نۆ ملیار دۆلار بە سعودیە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، 30 هەلیكۆپتەری شەڕكەر لە جۆری ئاپاچی و دەیان جۆری چەك و كەرەستەی سەربازیی كە بەهاكەیان دەگاتە چوار ملیار و 500 ملیۆن دۆلار رادەستی ئیسرائیل دەكرێن.

وەزارەتی جەنگی ئەمریكاش دەڵێت، دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوە رەزامەندی دەربڕیوە بۆ جێبەجێكردنی گرێبەستێكی فرۆشتنی چەك بە سعودیە، سیستمی بەرگریی پاتریۆت و زیاتر لە 700 موشەك رادەستی سعودیە دەكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژمارەیەك گەنجی ئەوروپا بەناوی گەنجانی ئینتەرناسیۆنال بەهۆی پشتیوانی لە رۆژئاوای كوردستان لە توركیا دەستگیركران.


میدیاكانی توركیا بڵاویانكردووەتەوە، 29 گەنجی ئەوروپا بە ناوی گەنجانی ئینتەرناسیۆنال، بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای كوردستان چونەتە توركیا بۆئەوەی لەو رێگەیەوە بگەنە رۆژئاوای كوردستان و لە دژی پەلاماری گروپە چەكدارەكان شەڕ بكەن، بەڵام لە ناوچەی پیرسوس سەر بە پارێزگای رەحا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركران، بە مەبەستی دیۆپرتكردنەوەشیان رەوانەی ئیدارەی كۆچبەریی شارەكە كراون.

ئایشە سوروجو هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەل "دەم پارتی" لە رەحا رایگەیاند، دەستبەسەركردنی ئەو كەسانە نایاساییە، وتیشی، داعش و گروپە چەكدارەكان كۆمەڵكوژی ئەنجدام دەدەن و هەموو جیهانیش شاهیدی بەرخۆدانی رۆژئاوای كوردستانە، ئەو گەنجانەش بۆ ناڕەزایی دژی كۆمەڵكوژیی هاتوون بۆئەوەی بگەنە رۆژئاوا، بەڵام لە توركیا دەستبەسەر دەكرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، گواستنەوەی زیندانیکراوانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق خاوبووەتەوە و تا ئێستا 530 زیندانی گواستراونەتەوە.

چەند سەرچاوەیەک ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، پرۆسەی گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق روبەڕوی گرفت بووەتەوە.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، عیراق داوای كاتی لە ئەمریكا كردووە بۆ ئامادەكردنی بەندینخانەكانی، هاوکات وڵاتان ئامادەنین تیرۆریستانی داعش لە عیراق وەربگرنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، عیراق داوای لە ئەمریكا كردووە گوشار لە وڵاتان بكات بۆ وەرگرتنەوەی تیرۆریستانی داعش.

جێگەی ئاماژەیە، لە كۆی زیاتر لە حەوت هەزار تیرۆریست تائێستا 530 زیندانی داعش لە سوریاوە گواستراونەتەوە بۆ عیراق.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...6869707172...175