وەزارەتی بازرگانیی تورکیا بڕیاریدا هەناردەکردنی گۆشتی مریشک تا کۆتایی مانگی رەمەزان رابگرێت، ئەمەش بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخەکان و زیادکردنی خستنەڕوو لە بازاڕەکانی ناوخۆی وڵاتەکەدا.

بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمیی وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە پێش هاتنی مانگی رەمەزان، نرخی گۆشتی مریشک لە بازاڕەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە بەرامبەر ئەو بەرهەمهێنەرانەی مریشک کە پێش مانگی رەمەزان بەرزبوونەوەی ناڕەوای نرخەکان بە رێژەی 15% بەسەر هاووڵاتییاندا دەسەپێنن، وەزارەتەکەمان لەپێناو پاراستنی بازاڕدا بڕیاریدا هەناردەکردنی گۆشتی مریشک رابگرێت."

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ و جێگیرکردنی نرخەکانە بۆ هاووڵاتییان.