ئیدارەی خۆسەری لە کۆبانێ راگەیەندراوێکی لە بارەی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا بڵاوکردەوە و دەڵێت: ئیدارەی کۆبانێ جەختدەکاتەوە کە سەرەڕای رێککەوتنەکان، هێشتا گەمارۆی سەر ئەو شارە لانەبراوە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، هەنگاوی کردەیی بۆ تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناحیەی "شیوخ" نراوە، بەڵام پرۆسەی کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە ناحیەی "جەلەبیە" بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان هێشتا جێبەجێ نەکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەفدێکی کۆبانێ سەردانی شاری حەلەبیان کردووە و لەگەڵ جێگری پارێزگار و فەرماندەی هێزەکانی ناوخۆ کۆبوونەتەوە، تێیدا پرسی خزمەتگوزارییەکانی وەک (ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت) تاوتوێ کراوە، بەڵام حکومەت تەنها "بەڵێن"ی داوە و هیچ هەنگاوێکی نەناوە.

ئیدارەی خۆسەر ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی کۆبانێ جەخت دەکاتەوە کە سەرەڕای رێککەوتنەکان، هێشتا گەمارۆی سەر کۆبانێ لانەبراوە و هێزە سەربازییەکان لە دەوروبەری شارەکە نەکشاونەتەوە.

هاوکات لە راگەیەنراوەکەدا، ناڕەزایەتی بەرانبەر میدیاکانی دیمەشق دەربڕراوە کە کۆبانێ وەک "ناحیە" ناودەبەن و سورن لەسەر بەکارهێنانی ناوی "عەین ئەلعەرەب"، ئەمەش بە پێچەوانەی راستییەکان و دەقی رێککەوتنەکە دەزانن.

ئیدارەی کۆبانێ جەختدەکاتەوە، ئەوان پابەندی رێککەوتنەکەن و ئامادەن بۆ هەر هەنگاوێک، بەڵام داوا لە حکومەتی دیمەشق دەکەن گەمارۆی سەر شارەکە هەڵبگرێت و هێزە سەربازییەکان لە گوندەکانی سنوری کۆبانێ بکشێنێتەوە.