لە هەنگاوێکی نوێدا کە بە وەرچەرخانێکی سیاسی و ئیداریی گرنگ لە ناوچەکە دادەنرێت، حکومەتی سوریا بە رەسمی دەستپێکردنی رێکارەکانی وەرگرتنەوە و کارپێکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆیی راگەیاند.

عومەر حەسری، سەرۆکی دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سوریا، لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسئاشکرایکرد، گرتنەدەستی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ هەنگاوێکی "سەروەری و گەشەپێدانی" ستراتیژییە، هەروەها ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی دووبارە بەستنەوەی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە سیستمی نیشتمانیی فڕۆکەوانیی وڵاتەوە.

سەرۆکی دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سوریا جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' و حکومەتی سوریا دێت، ئامانج لێی یەکخستنی بەڕێوەبردنی ئاسمانی و فڕۆکەخانەکانی وڵاتە لەژێر چەتری یەک دامەزراوەی نیشتمانیدا، ئەمەش جگە لە رەهەندە سیاسییەکەی، کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بوژانەوەی ئابوری و خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە دەبێت.

لە لایەکی تریشەوە، ئەمڕۆ وەفدێکی باڵای دەستەی گشتیی فڕۆکەوانی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەردانی فڕۆکەخانەکەیان کرد، تا بە شێوەیەکی مەیدانی دەست بە رێکارە تەکنیکی و ئەمنییەکان بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەم لێکتێگەیشتنەی نێوان هەسەدە و دیمەشق، دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ رێککەوتنی فراوانتر لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە سوریا.