ئیلهام ئەحمەد دەڵێت: چوینەتە قۆناغێکی نوێی رێککەوتن و دان بە مافەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەردا دەنرێت.
ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، هێزە سەربازییەکانی ناوچەکە دەگەڕێنەوە بۆ سەر فەوجی شەدادی کە سەر بە سوپای سوریایە، دەشڵێت؛ هەموو ئەوانەی دامەزراوەکان بەڕێوەدەبەن دەبێت خەڵکی ناوچەکە بن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەک بۆ دەستور پێکدەهێنرێت و تا ئێستاش گفتوگۆکان بەردەوامن.
ئیلهام ئەحمەد، چەند زانیارییەکی گرنگ لەبارەی نوێترین پێشهاتەکانی رێککەوتن و رەوشێ رۆژئاوای کوردستان و باکوری سووریا ئاشکرا دەکات بەپێی لێدوانەکەی لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر ، گۆڕانکاریی ریشەیی لە پرسی پەروەردەیی، سەربازی و کارگێڕییەکاندا لە ئارادایە.
پرسی خوێندن و بڕوانامەکان:
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا مەرسوومێکی رەسمی دەربچێت بۆ دانپێدانانی حکومی بە بڕوانامەکانی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر، هاوکات گفتوگۆیەکی جدی هەیە بۆ ئەوەی خوێندن بە زمانی کوردی بخوێندرێت.
رەوشی سەربازی و ئەمنی:
لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر دەڵێت؛ هێزە سەربازییەکانی ناوچەکە دەگەڕێنەوە بۆ سەر فەوجی شەدادی کە سەر بە سوپای سوریایە، هەروەها جەختکراوەتەوە کە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان تەنها لەلایەن هاووڵاتیانی ناوچەکەوە دەبێت.
کایەی مەدەنی و دەستور:
ئیلهام ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، شاری حەسەکە دەبێتە ناوەندی دامەزراوە مەدەنییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە لایەکی ترەوە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بە دەستور بەردەوامن و گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناغی گرنگ.
پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان:
ئیلهام ئەحمەد راشیگەیاند، بۆ گەیشتن بەم تێگەیشتنانە هەماهەنگییەکی بەردەوام لەگەڵ لایەنە دۆستەکان و هێزە کوردستانییەکان هەبووە، دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە دانوستانەکان بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی بڕیارێکی سیاسی لە کۆنگرێسی ئەمریکاوە.
گەڕانەوەی ئاوارەکان:
"یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان، زیاکردن و قوڵکردنەوەی هەوڵەکانە بۆ گەڕانەوەی ئارام و شکۆمەندانەی دانیشتووانی (عەفرین، سەرێ کانی، شەهبا و شێخ مەقسود) بۆ سەر ماڵ وحاڵی خۆیان"، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر وا دەڵێت.
ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە رایدەگەیەنێت: هێزەکانی ئاسایش بەشێوەیەکی کاتی ئەرکی پاراستنی ناوچە کوردنشینەکان دەگرنە ئەستۆ.
فەوزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات 'پەیەدە' ، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە داهاتووی ئەمنیی ناوچەکە رایگەیاند؛ هێزەکانی ئاسایش بەرپرسیارێتی پاراستنی ناوچە کوردنشینەکان دەگرنە ئەستۆ.
ئاماژەی بەوەشکرد، بوونی هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە ئێستادا کاتییە و مەبەست لێی هەماهەنگییە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی سیستمێکی نوێدا.
ئەم لێدوانانەی فەوزا یوسف لە کاتێکدایە، گفتوگۆکان لەسەر داهاتووی سیاسی و سەربازیی باکور و رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامییان هەیە و پرسی پاراستنی ناوچە کوردنشینەکان یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستانەکان بۆ قۆناغی داهاتوو.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ بە رەسمی هەسەدە رایەگەیاند، رێککەوتنێکی گشتگیریان لەگەڵ حکومەتی سوریا ئەنجامداوە و تۆم باراک نێردەی ئەمریکابۆ کاروباری سوریا رێککەوتنەکە بە وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ یەکپارچەیی و سەقامگیری وڵات دادەنێت.
تۆم باراک لە پلاتفۆڕمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و رایگەیاندوە، رێککەوتنی حکومەتی سوریا و هەسەدە مێژوویە و تێکەڵبونی هەسەدە قۆناغ بە قۆناغ لەناو دامەزراوە سەربازی و ئەمنییە رەسمییەکانی دەوڵەتی سووریادا دەبێت و نوێنەری باڵایان لە حکومەتدا دەبێت.
تۆم باراک راشیگەیاندوە، رێككەوتنەکە یەكگرتنەوەی نێوان هەسەدە و دیمەشق ئاسانتر لە چوارچێوەی مەرسوومی ژمارە (13)، مافی هاوڵاتیبوون بۆ ئەو کوردانە دەگەرێتەوە کە پێشتر بێبەشکرابوون، هەروەها زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە تەنیشت زمانی عەرەبی دەناسێندرێت و بڕیاردراوە لە ناوەندەکانی خوێندن لە ناوچە پەیوەندیدارەکاندا بخوێندرێت.
باراک خەجتیشیکردوەتەوە، لە دوای رێککەوتنەکە، دامەزراوە ئیدارییەکان دەخرێنەوە ژێر چەتری دەوڵەت و هەماهەنگی دەکرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی سنوورەکان و کێڵگە نەوتییەکان.
نێردەی ترەمپ لە کۆتایشدا نوسیویەتی؛ ئەم هەنگاوە وەک سەرەتایەکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی برایەتی نێوان پێکهاتەکانی سووریا دەبینرێت.
دوای ئەوەی شلۆمۆ گەر، وەزیری پەیوەندیەكانی ئیسرائیل رایگەیاند، هەردوو كەناڵی جەزیرە و مەداین بۆ ماوەی 90 پەخشیان لە تەلەفزیۆن و یوتیوب لە ناو ئیسرائیل رادەگیرێت، تۆڕی میدیایی جەزیرە راگەیەندراوێکی باڵاوکردوەتەوە و ئیدانەی ئەو بڕیارە دەکات.
تۆڕی میدیایی جەزیرە راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەوە و رایگەیاندوە، بلۆککردنی پلاتفۆرمەکانیان و راگرتنی پەخشی کەناڵەکەیان بە پاساوی "ئەمنی" بێ بنەمایە لە ئیسرائیل دا، کەناڵە عەرەبییەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئیسرائیل لەپشت ئەو هەوڵەوەیە بۆ شاردنەوەی راستییەکان.
کەناڵی جەزیرە رەخنەشی لە پلاتفۆڕمی یوتوب گرتوە، کە کوتوەتە ژێر کاریگەری فشاری حکومەتەکان بۆ شاردنەوەی راستییەکان و داواش دەکات پلاتفۆڕمەکە دەسبەجێ قەدەغەی سەر کەناڵەکە هەڵبگرێت و پابەندی بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و یاساییەکانیان بن بەرانبەر بینەران.
کەناڵەکە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، لێکۆڵینەوە لە چاودێرییە تەکنیکییەکانی سەر میدیا بکا و رێگری بکات لەو هەوڵانە بۆ سنوردارکردنی پەیامە میدیاییەکا و جەختیش دەکەنەوە ئەم رێگریانە سورتریان دەکات لە سەر گواستنەوەی راستییەکان و هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرنە بەر.
ئەمە لە کاتێکدایە، کەناڵی جەزیرە، چەندین جار تۆمەتبار کراوە بە لایەنداریکردن و دروشمەکەی کە را و رای جیاوازە لە دەستداوە، بە تایبەتی لە رەوشی سوریادا بە ئاشکرا دژی هەسەدە و کوردانی رۆژئاوا کار دەکات و پشتگیری کۆمەکوژییەکی چەکدارەکانی سوریا دەکات.
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا داوا لە لایەنەکانی سوریا دەکەن بە خێرایی بگەنە رێککەوتن لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی و لە زوترین کاتدا گفتوگۆکان بە ئامانجی گەیشتن بە یەکگرتنی ئاشتیانە ئەنجامبدەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەریەکە لە ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەسەر رەوشی سوریا بڵاوکردەوە و داوا لە هەموو لایەنەکانی سوریا دەکەن، کە بە خێرایی بگەنە رێککەوتن لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی .
راگەیەنداروەکە لە لایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لە دیمەشق بڵاوکراوەتەوە و پێشوازی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی 15 رۆژەی نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کراوە، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات بە توندی پابەندی ئاگربەستەکە بن و خۆیان بەدور بگرن لە هەر هێرشێک بۆسەر یەکتری.
ئەو وڵاتانە، پێشوازیان لەو رۆڵە گرنگە کردوە کە حکومەتی هەریمی کوردستان، عیراق، هەسەدە و حکومەتی سوریا دەیگێڕن لە روبەڕوبونەوەی داعشدا
لە راگەیەندراوەکەدا پابەندبونی هەموو لایەنەکان بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی دووپاتکراوەتەوە و پێشوازی لە دامەزراندنی رێڕەوی مرۆیی دەکەن بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی سەلامەت و بێ بەربەستی هاوکارییە مرۆییەکان.
جەختیان کردوەتەوە لە پێویستی پاراستنی هەوڵەکان بۆ روبەڕوبونەوەی چەکدارەکانی داعش و داوایان لە هەموو لایەنەکان کردوە، رێگەنەدەن بە دروستبونی بۆشای ئەمنی لە دەوروبەری ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی چەکدارەکانی داعش.
واشنتۆن رایگەیاند، چەكی زۆر پێشكەوتوویان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر كردووە، لەنێویاندا فڕۆكەی سیخوڕی.
لەدوای لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە رایگەیاند، گەشتی گەلێكی بەهێزی وڵاتەكەی بە رێگاوە بۆ ئێران، وتەبێژی هێزی دەریایی ئەمریكا پشتڕاستی كردەوە كە كەشتی فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن و سێ فڕۆكەی تێكدەر لە جۆری ئارلی بورك لە ئێستادا لە ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا "سێنتكۆم"دا هەیە.
ئەمەش هەمان ژمارەی ئەو كەشتیانەیە كە لەگەڵ گروپی هێرشبەری كەشتی هەڵگری "یو ئیس ئیس جیڕاڵد ئار فۆرد" بوون لە پێش دەستگیركردنی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا لە كاریبی جێگیركرابوون.
بەمەش كۆی گشتی كەشتیە جەنگیەكانی ئەمریكا لە ناوچەی بەرپرسیارێتی سێنتكۆم دەگاتە 10 كەشتی، جگەلەوەی چەندین فڕۆكەی سیخوری لەوانە "ئار سی 135ڤی راڤیت ترەیدەر " گەیشتوەتە بنكەی ئاسمانی حودەیدە لە قەتەر.
هاوكات، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، لە ئێستادا 40 هەزار سەربازیان لە نۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا جێگیركردووە.
ناوەندی بەڕێوەبەرییە خۆجێییە دیموکراتەکانی دەم پارتی رایدەگەیەنێت، بەهۆی هەڵواسینی کەزی و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بە باڵەخانەی شارەوانییەکانەوە، هاوسەرۆکانی شارەوانیی مەڵازگرد دەستگیرکراون و داوای ئازادکردنیان دەکات.
لە راگەیەندراوێکدا دەم پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشەکانی رۆژئاوا کە جەستەی ژنی کردووەتە ئامانج، نیشانەی عەقڵییەتێکی تاریکە، بۆیە ئەوان وەک کاردانەوەیەک هێمای کەزیی کچ و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان بە شارەوانییەکاندا هەڵواسیوە.
دەم پارتی دەڵێت: "لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستە دیموکراتییەدا، هێزە ئەمنییەکان دوو هاوسەرۆکی شارەوانیی مەڵازگرد (گوڵستان ئۆزەل و ئەحمەد کەنعان)یان دەستگیرکردووە، کە ئەمە قبوڵکراو نییە".
حزبەکە جەختیکردووەتەوە: "ئەگەر بەدوای تاوانباردا دەگەڕێن، سەیری ئەوانە بکەن کە لە رۆژئاوا تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەکەن، نەک ئەوانەی هەڵوێستی دیموکراتی دەنوێنن، بۆیە داوا دەکەین دەستبەجێ هاوسەرۆکان ئازاد بکرێن".
نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (ئۆچا) ئاوارەبوونی زیاتر لە 170 هەزار کەسی لە 6ی مانگی یەکی ئەمساڵەوە، لە حەلەب و حەسەکە و رەقە پشتڕاستکردەوە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی چەکدارەکانی سوریا بۆسەر ئەو ناوچانە، فەرمانگەی ئاوارە و پەنابەران لە ئیدارەی خۆسەریش رایگەیاندوە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی ئاوارەبوون بەهۆی شەڕی چەکدارەکانی سوریاوە 350 هەزار کەس زیاترە.
هەواڵ:Kurdsat News
رێکخراوی ئۆچا، لە سوریا پشتراستی کردوەتەوە، بەهۆی هێرشی چەکدارەکانی سوریاوە، بۆ سەر ئەو ناوچانەی شەڕ تێیدا ڕویداوە، زیاتر لە 170 هەزار هاووڵاتیی ئاوارەبوون، ئەم جگە لەوەی ماوەی هەفەتەیەک خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و ئینتەرنێت لە کۆبانێ پچراون بەهۆی گەمارۆکانی سەر ئەو شارەوە.
ئۆچا دووپاتی کردەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی وەڵامدانەوەی مرۆیی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ کاروانێکی هاوبەشی مرۆیی نێوان دەزگاکان گەیشتنە شاری قامیشلۆ، کە خواردن و جلوبەرگی زستانە و بەتانی و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکەیان لەخۆگرتبوو، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە لە چەند رۆژی داهاتوودا، کاروانی زیاتری هاوکاریی رەوانەی ئەو ناوچانە دەکرێت.
لای خۆشیەوە ستیفان دوجاریک، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندوە، بە گوێرەی زانیارییەکانیان، هێشتا خزمەتگوزاری کارەبا و ئینتەرنێت لە شاری کۆبانێ نەگەڕاوەتەوە و ئەمەش ئازاری ئەو دانیشتوانەی کە لە ئێستاوە بە رەوشێكی مرۆیی ترسناک و سەختدا تێدەپەڕن، بەهۆی گەمارۆکانی چەکدارەکانی سوریاوە زیاتر دەکات.
فەرمانگەی ئاوارە و پەنابەران لە ئیدارەی خۆسەریش رایگەیاندوە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی ئاوارەبوون بەهۆی شەڕی چەکدارەکانی سوریاوە 350 هەزار کەسن و لە رەوشیکی سەختی مرۆیدان و ئەو هاوکاریانەی بۆیان رەوانەکراوە سنوردارە و پێداویستییەکانیان پڕ ناکاتەوە
تەلەڤزیۆنی سوریا بڵاویکردەوە، هەسەدە و حکومەتی سوریا بۆ وەستاندنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان رێککەوتن.
تەلەڤزیۆنی سوریا رایگەیاند، هەسەدە و حکومەتی سوریا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ وەستاندنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە و قامیشلۆ و ناوچەکانی تر.
ئەوەشی خستەڕوو، مانەوەی ئەندامانی هەسەدە لەناو گوند و ناوچەکانی بڵاوبوونەوەی ئێستای خۆیان، هەروەها دەستپێکردن بە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا بەپێی رێککەوتنێک کە وردەکارییەکەی لە داهاتوودا رادەگەیەنرێت.
هەسەدە رایگەیاند: چەکدارانی سوریا بە درۆن هێرشیانکردە سەر گوندی باقلا لە باشوری چل ئاغا.
هێزەکانی سوریای دیموکرات'هەسەدە' لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، چەکدارانی سوریا لە رێگەی حەوت درۆنی خۆکوژەوە هێرشیانکردووەتە سەر گوندی باقلا.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەكدارانی سوریا هێزیان لە دەوروبەری گوندەكانی قاسمیە و زركوتك لە رۆژئاوای كۆبانێ كۆكردووەتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە هێرشیان کردووتە سەر گوندی سەفا لە باشوری چل ئاغا.
هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو، كۆكردنەوەی هێز و هێرشی چەكدارانی سوریا پێشێلكردنی ئاشكرای ئاگربەستە، هەروەها هێزەكانمان بە مافی رەوای خۆیان دەزانن بەرگریی لە خۆیان و گەلەكەمان بكەن.
هەسەدە: هێزەكانمان بە مافی رەوای خۆیان دەزانن بەرگریی لە خۆیان و گەلەكەمان بكەن.
ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەرکەکانی ئاشتی رایدەگەیەنێت، دوایین بارمتەی ئیسرائیلی لە غەززە گەڕێنراوەتەوە و بەمەش سەرجەم 20 بارمتە زیندووەکە و 28 تەرمەکەی دیکە رادەستکراونەتەوە.
ویتکۆڤ لە پەیامێکدا رایگەیاندووە: "دوێنێ رۆژێکی مێژوویی بوو، ئەفسەر (ران گڤیلی) کە دوایین بارمتە بوو، گەڕێنرایەوە بۆ خێزانەکەی لە ئیسرائیل بۆ ئەوەی بە ئاشتی بنێژرێت".
نێردەکەی ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە کە کەم کەس باوەڕی وابوو دەکرێت، سوپاسی هەوڵە ماندوونەناسەکانی دۆناڵد ترەمپیشی کردووە بۆ ئاشتی.
لە کۆتاییدا جەختیکردووەتەوە: "ئەمە لاپەڕەیەکی ئازاربەخش دادەخات و رێگە خۆشدەکات بۆ داهاتوویەک کە بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی پێناسە بکرێت نەک جەنگ و وێرانکاری، ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا هۆشداری دەداتە دۆناڵد ترەمپ کە پشت لە کورد و خۆپیشاندەرانی ئێران نەکات و دەڵێت، ئەگەر ئەوانە بەتەنیا جێبهێڵرێن، کارەساتێک روودەدات کە یەک ملیۆن هێندەی رووداوەکەی "بەنگازی" دەبێت.
گراهام لە پەیامێکدا دەڵێت: "مێژوو فێری کردووین کە بڕیاری راست ئەوەیە لەگەڵ ئەوانە بوەستین کە لەگەڵ ئەمریکان و قوربانی بۆ دۆزە هاوبەشەکەمان دەدەن".
سیناتۆرە کۆمارییەکە ئاماژەی بەوەکردووە: "لەبیرمە هەستم چەند ناخۆش بوو کاتێک خەڵکەکەمان لە بەنغازی بەجێهێشت، ئەمە تا رۆژی مردنم لەبیر ناکەم و هیلاری کلینتۆنی پێ تاوانبار دەکەم".
گراهام جەختی کردووەتەوە کە نابێت ئەمریکا دۆستەکانی لەبەردەم ستەمکاریدا بەجێبهێڵێت، بەتایبەت "کوردە ئازاکان".
هۆشداریشی داوە: "بەجێهێشتنی گەلی ئێران و کوردە ئازاکان، بە بڕوای من کارەساتێکی گەورە دەبێت و یەک ملیۆن هێندەی بەنگازی دەبێت".
لە کۆتاییدا هیوای خواستووە ترەمپ بڕیاری دروست بدات و وتوویەتی: "دڵنیام سەرۆک ترەمپ کە کارێکی نایابی کردووە بۆ پاراستنی ئەمریکا، بڕیاری دروست دەدات".
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایدەگەیەنێت، گرووپێکی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لە ئێستادا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراوە و کەشتییەکە لە زەریای هیندیدایە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەکردووە، ئامانجی جێگیرکردنی ئەو هێزە "پشتیوانیکردنە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە"، بەبێ ئەوەی وردەکاریی شوێنەکەی ئاشکرا بکات.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە سەبارەت بە هەڵکشانی سەربازی لە ناوچەکە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا راوێژکارە ئەمنییەکانی بژاردەی سەربازیی زیاتری بخەنە بەردەم.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بوونی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" و کەشتییە یاوەرەکانی، بژاردەی هێرشبردن و بەرگریکردنی زیاتر دەداتە ترەمپ ئەگەر بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێران بدات.
پێشتریش ترەمپ رەتیکردبووەوە دەستێوەردانی سەربازی لە ئێران بەدوور بگرێت، ئەوەش دوای سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندانەکان کە بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەزاران کوژراوی لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت: کورد لە سوریا رووبەڕووی راگواستن و سەرکوتکردن و توندوتیژی دەبنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل راگەیەنراوێکی لەبارەی رەوشی کورد لە سوریا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، کاتێک جیهان مشتومڕی هەواڵەکان دەکات، کەمینەکان و پێکهاتەکان بەبێدەنگی دەسڕدرێنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، کورد لە سوریا رووبەڕووی ئاوارەیی و سەرکوتکردن و توندوتیژی دەبنەوە، تەنها لەبەر شوناسی نەتەوەییان.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل راشیگەیاند، مافەکانی مرۆڤ هەڵبژاردەیی نین هەروەها بێدەنگی بێلایەنی نییە.
لەلای خۆشیەوە، روس واسەرمان لاند، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئیسرائیل 'کنێست' وێنەیەکی خۆی بڵاوکردوەتەوە، کە پرچی کردووە بە کەزی و نوسیویەتی، ئیدانەی تاوانەکانی چەکدارانی سوریا دژی شەڕڤانان و کوردەکان دەکەم و هاوشانی خوشکە کوردەکانم دەوەستم.

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە رایدەگەیەنێت: گەمارۆدانی کۆبانێ دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ئامادەین بۆ بەرگری کردن لە نیشتمانەکەمان.
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی 'پەیەدە' رایگەیاند، گەمارۆدانی کۆبانێ پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەوڵێکە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی دانیشتووانەکەی.
وتیشی، ئاگربەستی راگەیەندراو داواکاریی هێزەکانمان نەبوو، بەڵکو بە داواکارییەکی ئەمریکی هات بە مەبەستی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش، دەشڵێت؛ سەرەڕای ئامادەباشیمان بۆ گفتوگۆ و ئاگربەست، ئێمە ئامادەین بۆ بەرگریی رەوا و شەڕکردن ئەگەر بەسەرماندا بسەپێنرێت.
ئاڵدار خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانمان رۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان گێڕا لە رزگارکردنی مرۆڤایەتی لە مەترسییەکی گەورە کە رێکخراوی تیرۆرستی داعش بوو.
ئەوەشی خستەروو، ئەو بەرخۆدانەی نیشانماندا سیاسیتێکی نوێی بەرهەمهێنا، کە بریتی بوو لە دانپێدانانی بەردەوامی ئیدارەکەمان لە ئاستی جیهانیدا.
ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە راشیگەیاند، هەموو پێکهاتەکان و ئایینەکان کە لە ناوچەکەدا هەن، هەڵوێستیان هەیە و دژی ئەو هێرشانەن کە ئەنجامدەدرێت لەلایەن چەکدارانی سوریاوە.
"گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش بۆ عیراق لە چوارچێوەی نەبوونی متمانەدایە بە حکوومەتی دیمەشق" ئاڵدار خەلیل وا دەڵێت.
ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەرکەکانی ئاشتی رایگەیاند، شاندێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر قۆناغی دووەمی پلانی 20 خاڵیی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە کرد.
ویتکۆڤ ئاماژەی بەوەکردووە، وەفدەکە پێکهاتبوو لە خۆی و جارید کۆشنەر، ئاریە لایتستۆن و جۆش گرینباوم. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی بەرەوپێشچوون و پلانی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ئەمریکا بووە بۆ کەرتی غەززە و پرسەکانی ناوچەکە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی نێردەی تایبەت، هەردوولا جەختیان لە هاوبەشیی نزیک و هەماهەنگیی بەردەوام کردووەتەوە و گفتوگۆکانیان بە "بونیادنەر و ئەرێنی" وەسف کردووە. هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو و گرنگیی بەردەوامیی هاوکارییەکان لە پرسە گرنگەکانی ناوچەکەدا.