ئەنجامی دانوستانەکانی مەسقەت لە نێوان ئەمریکا و ئێران، ئیسرائیلی تووشی نیگەرانی کردووە و ئێستا تەل ئەبیب هەوڵ دەدات واشنتن قایل بکات تاوەکو رێگەی دیپلۆماسی وەلا بنێت و پەنا بۆ هێرشی سەربازیی نوێ دژی تاران ببات.

لە کاتێکدا دانوستانەکانی عوممان بە "جدی و ئەرێنی" وەسف کران، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریدا وادەی سەردانەکەی بۆ واشنتن پێشبخات و رۆژی چوارشەممە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی مەسقەت و گێڕانەوەی هەواڵی گەڕێکی دیکە لە هەفتەی داهاتوودا، گومانی لای ئیسرائیل دروست کردووە کە رەنگە ئەمریکا لە رێگەی سەربازی دوور بکەوێتەوە.

لیستی داواکارییەکانی ناتانیاهۆ:

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی 14ـی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ بە لیستێکی پڕ لە داواکارییەوە دەچێتە لای ترەمپ، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  1. هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

  2. رێگریی رەسمی لە هەر جۆرە پیتاندنی یۆرانیۆمێک لە ناو خاکی ئێراندا.

  3. گواستنەوەی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە.

  4. سنووردارکردنی مەودای موشەکەکانی ئێران بۆ تەنیا 300 کیلۆمەتر.

  5. هەڵوەشاندنەوەی تەواوی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تاران لە ناوچەکەدا.

ئامادەکاری بۆ هێرشێکی زۆر گەورە:

میدیاکانی ئیسرائیل تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە ئەمریکا قۆناغی یەکەمی ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی "هێرشێکی زۆر گەورە" دژی ئێران تەواو کردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا قۆناغی دووەمی ئامادەکارییەکان تەواو ببن. ئاماژە بەوەش دەکرێت کە سەردانەکەی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر بۆ سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" پەیامێکی روون بووە بۆ تاران کە بژاردەی سەربازی هێشتا لەسەر مێزەکەیە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل یاوەری ناتانیاهۆ دەبێت لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن. شرۆڤەکاران پێیان وایە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزی ئاسمانی لەم کاتەدا، نیشانەی فشارە بۆ راگەیاندنی شکستی دیپلۆماسی و دەستپێکردنی جەنگ دژی ئێران لە نزیکترین کاتدا.

بەرپرسانی تەل ئەبیب نیگەرانی ئەوەن کە ترەمپ لەو خاڵانە پاشەکشێ بکات کە پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل لەسەری رێککەوتووە، بۆیە نەتەنیاهوو دەیەوێت لەرێگەی ئەم دیدارە بەپەلەیەوە رێگری لە هەر جۆرە رێککەوتنێکی نەخوازراو بکات.