عراقچی دەربارەی دانوستانەکانی مەسقەت: دەستپێکردنێکی باش بوو
راهۆز
٦ی شوباتی ٢٠٢٦
ئەمڕۆ هەینی، 6ی شوباتی 2026، گەڕی یەکەمی دانوستانە ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی عومان لە مەسقەت بەڕێوەچوو؛ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پاش کۆبوونەوەکان رایگەیاند کە دانوستانەکان دەستپێکردنێکی باش بوون.
عەباس عراقچی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد؛ "چەندین خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەچوون و تێیدا تێڕوانین و نیگەرانییەکانی هەردوو لامان ئاڵوگۆڕ کرد." ئاماژەی بەوەش کرد کە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە کەشێکی زۆر باشدا خرانە روو.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە دۆخی دوای جەنگە 12 رۆژییەکەی مانگی حوزەیرانی رابردوو کرد و وتی: "ئێستا لە قۆناغێکداین کە دوای ئەو جەنگەی بەڕێمانکرد، جارێکی دیکە پڕۆسەی گفتوگۆ دەست پێ دەکاتەوە؛ بێ متمانەیی ئاستەنگێکی قورسە لەبەردەم دانوستانەکان و دەبێت بەسەر ئەم بێ متمانەییەدا زاڵ بین."
عراقچی جەختی کردەوە کە بڕیار دراوە دانوستانەکان بەردەوام بن، بەڵام چۆنیەتیی بەردەوامبوون و هەنگاوەکانی داهاتوو پەیوەستن بەو راوێژانەی کە شاندی هەردوو وڵات لەگەڵ پایتەختەکانیاندا ئەنجامی دەدەن، تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەسەر بونیاتی رێککەوتنەکە بدەن.
ئەمە یەکەمین دیداری رەسمیی دیپلۆماسییە لە نێوان تاران و واشنتن لە دوای پێکدادانە سەربازییەکانی هاوینی رابردوو، کە جیهان بە بایەخەوە چاوەڕێی ئەنجامەکانی دەکات بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.



