بۆچی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئەنکەرەوە بۆ مەسقەت گۆڕدران؟
راهۆز
٦ی شوباتی ٢٠٢٦
شوێنی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە بڕیار بوو لە ئەنکەرە بەڕێوەبچێت، بۆ شاری مەسقەت گۆڕدرا؛ ئەمەش دوای فشارێکی زۆری سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان بۆ رێگری لە کشانەوەی واشنتن لە کۆبوونەوەکە.
سەرچاوە ئەمریکییەکان بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"یان راگەیاندووە، سەرەتا ئیدارەی ئەمریکا داوای تارانی بۆ گۆڕینی شوێن و شێوازی دانوستانەکان رەتکردووەتەوە و بە توندی پێی راگەیاندوون: "یان ئەمە یان هیچ". بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، ئێران لە وەڵامدا وتبووی: "باشە، کەواتە هیچ". بەڵام دواتر 9 دەوڵەتی ناوچەکە پەیوەندییان بە ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە کردووە و داوایان کردووە لە دانوستانەکان نەکشێتەوە و دەرفەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدات
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاماژەی بەوە کردووە، تاران نیگەران بووە لەوەی ئەگەر کۆبوونەوەکە لە ئەنکەرە و بە بەشداریی وڵاتانی ناوچەکە وەک چاودێر بەڕێوەبچێت، وا نیشانی بدات کە ئێران "ناچارکراوە" بە دانوستان لەبەردەم هەموو ناوچەکەدا، نەک وەک گفتوگۆیەکی رەسمی و یەکسان لەگەڵ واشنتن؛ هەر بۆیە مەسقەت وەک شوێنێکی گونجاوتر هەڵبژێردرا.
رەزا غەبیشاوی، شرۆڤەکاری سیاسی بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاندووە، مەسقەت بۆ ئێران زۆر باشترە لە ئەنکەرە، چونکە تورکیا رکابەری ناوچەیی ئێرانە، بەڵام عومان وەک نێوەندگیرێکی بێلایەن و جێگەی متمانە تەماشا دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران دەیەوێت ئەو عەقڵیەتەی ئەمریکا بگۆڕێت کە پێی وایە دەتوانێت "دانوستانی خۆبەدەستەوەدان" بەسەر تاراندا بسەپێنێت.
موختار حەداد، شارەزای دۆسیەی ئێران پێی وایە، هەڵبژاردنی مەسقەت بۆ ئەوەیە کە دانوستانە نوێیەکان ببنە بەردەوامیی ئەو پڕۆسەیەی 8 بۆ 9 مانگ لەمەوبەر لە عومان دەستیپێکردبوو. وتیشی، ئامانجی سەرەکی گەڕانەوەیە بۆ ئەو ئەنجامانەی کە پێش جەنگە 12 رۆژییەکەی حوزەیرانی رابردوو هەردوولا لەسەری نزیک ببوونەوە.
ئێستا کە ئەمریکا و ئێران لەو وڵاتە لە دانوستانی ناراستەوخۆدان و گفتوگۆکان بەرەو پێشدەچن، عەمان وەک وڵاتێکی بێ لایەن لە نێوانیاندا و وەک مێزی کۆکەرەوەی هەمووان دەبینرێت و جیهانیش چاوەڕوانی ئەنجامەکانی ئەم کۆبوونەوەیە دەکات.
سولتاننشینی عومان؛ بونیاتێکی سیاسی لەسەر بنەمای بێلایەنی و نێوەندگیری
سولتاننشینی عومان کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی نیمچە دوورگەی عەرەبی، یەکێکە لە سەقامگیرترین وڵاتانی ناوچەکە لە رووی سیاسییەوە. سیستمى حوکمڕانی لەم وڵاتەدا پادشایەتییەکی رەسمییە و دەسەڵاتەکان لە دەستی "سولتان"دا کۆکراونەتەوە.
لە رووی سیاسییەوە، عومان بە "سویسرا"ی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرێت. سیاسەتی رەسمیی وڵاتەکە لەسەر بنەمای "دۆستایەتی لەگەڵ هەمووان و دەستوەرنەدان لە کاروباری کەس" بونیات نراوە. ئەمەش وای کردووە عومان ببێتە جێگەی متمانەی هەموو لایەنە ناکۆکەکان؛ بۆ نمونە، عومان پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا هەیە، هاوکات هاوبەشێکی نزیکی ئێرانیشە.
شاری مەسقەت، پایتەختی رەسمیی وڵاتەکەیە و ناوەندی بڕیاری سیاسی و کارگێڕییە. ئەم شارە مێژوویەکی دێرینی هەیە و بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە کە دەڕوانێتە سەر دەریای عومان، بایەخێکی ستراتیژیی گەورەی هەیە. مەسقەت لە چەند دەیەی رابردوودا بوەتە مەیدانی گرنگترین رێککەوتنە نهێنی و رەسمییەکان، بەتایبەت لە دۆسیە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکانی ناوچەکە.
عومان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە نێوەندگیری نێوان واشنتن و تاران، هەروەها لە دۆسیەی جەنگی یەمەن و کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتانی کەنداویشدا هەمیشە وەک لایەنێکی ناوبژیوان دەردەکەوێت. ئەم پێگەیە وای کردووە کە مەسقەت ببێتە "پەناگەیەکی ئارام" بۆ دیپلۆماتکاران تاوەکو لە کاتە هەستیارەکاندا، دوور لە ململانێ سەربازییەکان، بگەنە رێککەوتن.
لە رووی ئابورییەوە، حکومەتی عومان پلانێکی درێژخایەنی بە ناوی "عومان 2040" داڕشتووە، کە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە نەوت و پەرەپێدانی کەرتەکانی گەشتیاری و پیشەسازی، تاوەکو ژیانێکی باشتر بۆ هاووڵاتییان دابین بکات.



