عراقچی: بە چاوێکی کراوە و نییەتێکی باشەوە دەستمان بە دانوستان کردەوە
راهۆز
٦ی شوباتی ٢٠٢٦
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا لە مەسقەت، پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر پاراستنی مافەکانی وڵاتەکەی کردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامەکەیدا لە پلاتفۆرمی (X) رایگەیاند: "ئێران بە چاوێکی کراوە و یادەوەرییەکی پڕ لە روداوی ساڵی رابردوو، دەست بە دیپلۆماسی دەکاتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی بە نییەتێکی باشەوە بەشداری لەم پڕۆسەیەدا دەکات، بەڵام هاوکات لەسەر مافەکانی خۆیان سور دەبن.
عراقچی جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە پابەندییەکان رێزیان لێ بگیرێت و وتی: "پێگەی یەکسان، رێزی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش تەنیا دروشم نین، بەڵکو پێویستی و پایەی سەرەکین بۆ هەر رێککەوتنێکی بەردەوام."
ئەم پەیامەی عراقچی لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ لە مەسقەتی پایتەختی عومان، گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان تاران و واشنتن دەستیپێکردووە، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و ئاسایشی ناوچەکە.



