ئی پارتی لە توركیا پێشنیاز دەكات بۆ رزگاركردنی ئۆجەلان راپرسی ئەنجام بدرێت
لازیا عەلی
٧ی شوباتی ٢٠٢٦
ئی پارتی لە توركیا پێشنیاز دەكات راپرسییەكی جەماوەریی بكرێت بۆ بڕیاردان لەسەر پێدانی مافی هیوا بە عەبدوڵا ئۆجەلان بۆئەوەی بە مەرج ئازاد بكرێت، ئەو پێشنیازەش وەك بەشێك لەو پرۆسەیە دێت كە لە 27ی شوباتی ساڵی رابردووەوە دەستیپێكردووە، كاتێك ئۆجەلان داوای لە لە پارتەكەی كرد چەك دابنێت.
دۆغان پەكین نوێنەری ئی پارتی لە لیژنەی تەبایی نیشتمانی و دیموكراسی رایگەیاند، ئەو لێدوانانەی باس لە رێككەوتنی ئەندامانی لیژنەكە دەكەن بە مەبەستی جێگیركردنی مافی هیوا بۆ ئۆجەلان، دورن لە راستییەوە و تائێستا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
وتیشی، قسەكانی جێگری سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرست تەنها گوزارشت لە راپۆرتێكی سەرەتایی دەكات و تائێستا لایەنەكان لەسەری رێكنەكەوتوون.
باسی لەوەشكرد، هەڵوێستی ئی پارتی روونە و پێیان وایە تاكە چارەسەر بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسە، گەڕانەوەیە بۆ رای گشتی و ئەنجامدانی راپرسی، ئەوەش لە كاتێكدایە حكومەتی توركیا و لایەنەكان سەرقاڵی پرۆسەی ئاشتین، بەڵام هێشتا رەزامەندی تەواو لەسەر گۆڕینی یاساكان بۆ ئازادكردنی ئۆجەلان لە ئارادا نییە.



