رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لەبارەی دانوستانەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا دەڵێت : ئەمریکا هەوڵی دواخستنی دانوستانەکان دەکات.

عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، رێڕەوی دانوستانەکانی نێوان ئێران و  ئەمریکا بە کراوەیی ماوەتەوە و وڵاتەکەی دەخوازێت دانوستانێکی ژیرانە و دادپەروەرانە لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام بدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا هەوڵی دواخستنی دانوستانەکان دەدات لەرێگەی وروژاندنی کۆمەڵە پرسێک کە چارەسەرکردنی مەحاڵە، وەک سزاکانی سەر پرۆگرامی موشەکیی ئێران. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێش دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە، دەیان هەزار سەربازی یەدەگی سوپای ئیسرائیل پەیوەندی بە ریزەکانی سوپای وڵاتەکەیان دەکەنەوە.

رادیۆیی سوپای ئیسیرائیل رایگەیاند، ئەمڕۆ 40 هەزار سەربازی یەدەگ پەیوەندی بەڕیزەکانی سوپای ئیسرائیل دەکەنەوە وەک ئامادەکاریەک بۆ دەستپێکردنی هێرشی بەرفراوان بۆ داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە، هەروەها سوپا دەستی بە ئامادەکاریە سەربازی و لۆجستیەکانیش کردوە.

پێشتریش کەناڵ 12ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەکردبوو،  60 هەزار سەربازی یەدەگ بانگهێشتدەکرینەوە بۆ ریزەکانی سوپا بۆ بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە.

مانگی رابردوو کابینەی ئەمنی بچوکراوەی حکومەتی ئیسرائیل ناسراو بە کابینێت، بڕیاری داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززەی پەسەندکرد کە لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە بڕیاری لەبارەوە درابوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی گروپی چەکداری حوسیەکان لە یەمەن بەئامانجگرتنی کەشتیەکی لە دەریای سور راگەیاند و دەشڵێت بەردەوام دەبن لە سەپاندنی گەمارۆی سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل.

یەحیا سەریع وتەبێژی گروپی چەکداری حوسیەکان لەیەمەن رایگەیاند، لەوەڵامی کوشتن و برسیکردنی خەڵکی غەززە و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی ولاتەکەی، کەشتیەکی ئیسرائیلی تایبەت بە گواستنەوەی نەوت بەناوی سکارلێت رەی لە باکوری دەریای سور بەئامانج گرتووە لە رێگەی موشەکێکی بالیستیەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو موشەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ کەشتیەکەی پێکاوە و زیانێکی بەرچاوی پێگەیاندووە، هەروەها بەردەوامدەبن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریای بۆ سەر کەشتیە ئیسرائیلیەکان وەک پاڵپشتیەک بۆ گەلی فەلەستین.

کۆمپانیای ئامبری بەریتانی بۆ دابینکردنی ئاسایشی دەریایی رایگەیاند، کەشتیەکی ئیسرائیلی کە ئاڵای ولاتی لیبیریای بەسەرەوەبووە لە دووری 40 میل لە شاری یەنبوعەوە لە سعودیە بە ئامانجگیراوە، بەڵام سەرجەم سەرنشینانی کەشتیەکە لەئێستادا سەلامەتن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری ئێران: "شۆڕشێک" لە بازرگانی لە نێوان چین و ئاسیای ناوەڕاستدا دروست دەکەین

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، رایگەیاند کە بەستنەوەی بەندەری چابەهار بە تۆڕی هێڵی شەمەندەفەرەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا، گۆڕانکارییەکی گەورە لە پەیوەندیکردنی چین و ئاسیای ناوەڕاست بە ئۆقیانووسی هیندییەوە دروست دەکات. پزیشکیان ئەم لێدوانانەی لە وتارێکدا لە لووتکەی رێکخراوی هاوکاریی شانگهای لە وڵاتی چین پێشکەش کرد.

پێگەی جوگرافیای ئێران و فراوانکردنی هاوکارییەکان

سەرۆکی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئێران، بەهۆی پێگە جیۆپۆلەتیکییە ستراتیژییەکەیەوە، ئامادەیە ژینگەیەکی لەبار بۆ فراوانکردنی هاوکارییە هەرێمییەکان دابین بکات. وەک ئاماژەیەک بۆ گرنگیی ئەم پڕۆژەیە، وتی: "بەندەری چابەهار بە زوویی بە تۆڕی نیشتمانیی هێڵی شەمەندەفەر دەبەسترێتەوە، کە لە ئەنجامدا چین، ئاسیای ناوەڕاست، و ئەفغانستان بە ئۆقیانووسی هیندی دەبەستێتەوە."

پزیشکیان رێکخراوی هاوکاریی شانگهای بە "هێمای هەوڵدان بۆ ئاشتی لە جیهانێکی پڕ قەیراندا" وەسف کرد و دووپاتی کردەوە کە ئێران ئامادەیە رۆڵێکی کارا لە دابینکردنی ئاسایشی بەکۆمەڵ و فراوانکردنی هاوکارییەکاندا بگێڕێت.

پێشنیازەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سزا و بەهێزکردنی ئاسایش

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی ئێران داوای کرد کە رێکخراوەکە دوو رێچکەی هاوتەریب بگرێتەبەر: "پێویستیی بنیاتنانی ئاشتی" و "بەهێزکردنی هاوکاریی دارایی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سزا ئابوورییەکان". لەمبارەیەوە، چەندین پێشنیازی خستەڕوو، لەوانە: پێکهێنانی لیژنەی وەزیرانی دەرەوە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی ئەندام، هەروەها "دەستپێشخەریی ژمێریاری و یەکلاکردنەوەی تایبەتیی شانگهای بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلار".

هەروەها پزیشکیان بە گەرمی پێشوازی لە دامەزراندنی چەندین سەنتەری تایبەتمەند کرد بۆ ئاسایش، لەوانە سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان، میکانیزمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا، و سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان. ئەو جەختی کردەوە کە ئێران جێبەجێکردنی ستراتیژیی دە ساڵەی شانگهای بە "هەلێکی مێژوویی" دەزانێت بۆ هاوکاری لە بوارەکانی ژێرخان، وزە، ئابووریی دیجیتاڵی، ژینگە، کەلتوور و زانست.

سەرۆکی ئێران پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ دەستپێشخەریی حوکمڕانیی جیهانی کە لەلایەن سەرۆکی چینەوە راگەیەندرا، دووپاتکردەوە و بە هەنگاوێک بەرەو جیهانێکی دادپەروەرتر وەسفی کرد.

کاریگەرییە ئابوری و سیاسییەکان: وێستگەیەکی ستراتیژی بۆ ئێران و چین

چاوێدران پێیان وایە کە ئەم هێڵی شەمەندەفەرە رێگایەکی جێگرەوەی سەرەکی دەبێت بۆ رێڕەوە دەریاییەکان، کە ئەمەش کاریگەریی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا کەم دەکاتەوە و ئێران توانای ئەوە بە ئێران دەبەخشێت کە کاڵاکانی هەناردە و هاوردە بکات بە دوور لە چاودێریی ئەمریکا. ئێران خاوەنی پێگەیەکی جوگرافیی ستراتیژییە کە هێزە ئابوورییەکانی رۆژهەڵات و رۆژاوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینی بۆ دابینکردنی داهاتی زیاتر لە رێگەی تۆڕی رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەڕەخسێنێت. 

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی "پشتێنە و رێگا"ی چین دێت، کە نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد بە ئامانجی دروستکردنی تۆڕێک لە رێگا بازرگانییە وشکانی و دەریاییەکان لە نێوان ئاسیا و ئەوروپادا، کە ئەمەش گرنگیی سیاسی و ئابووریی پڕۆژەکە نیشان دەدات.

لووتکەی رێکخراوی شانگهای: فراوانبوونێکی مێژوویی

لووتکەی ئەمجارەی رێکخراوەکە، کە بەرفراوانترین لووتکەیە لە مێژووی رێکخراوەکەدا، لە رۆژانی 31ی ئاب و 1ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە شاری تیانجینی چین بەڕێوە دەچێت. 20 سەرۆکی وڵاتانی نا ئەندام و نوێنەرانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشداری تێدا دەکەن.

رێکخراوی هاوکاریی شانگهای لە ساڵی 2001 دامەزراوە و لە ئێستادا وڵاتانی روسیا، چین، هیندستان، ئێران، کازاخستان، قرغیزستان، تاجیکستان، پاکستان، ئۆزبەکستان، و بیلاڕووس (کە لە 4ی تەمموزی 2024 بە فەرمی پەیوەندی پێوە کرد) لەخۆ دەگرێت. هەروەها ئەفغانستان و مەنگۆلیا وەک چاودێر بەشدارن، لەکاتێکدا ئازەربایجان، ئەرمینیا، بەحرەین، میسر، کەمبۆدیا، قەتەر، کوەیت، دوورگەکانی ماڵدیڤ، میانمار، نیپال، ئیمارات، سعودیە، تورکیا، و سریلانکا وەک "هاوبەشی گفتوگۆ"ن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پلانێكی تری ئەمریكا بۆ راگواستنی دانیشتوانی غەززە لە بەرامبەر پارەدا ئاشكرا دەبێت كە تیایدا وەبەرهێنانی 100 ملیار دۆلاری بە سەرپەرشتی ئەمریكا بۆماوەی 10 ساڵ بۆ دابین دەكرێت بەمەبەستی گۆڕینی بۆ ئەو شوێنەی كە ترەمپ خۆی بە "ریڤێرای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" وەسفیكردووە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بەڵگەنامەیەكی 38 لاپەڕەیی ئاشكراكردووە كە ئیدارەكەی ترەمپدا گفتوگۆی لەسەر دەكات و پلانی دوای جەنگ بۆ غەززە لەخۆدەگرێت.

پلانەكە پێشبینی ئەوە دەكات غەززە لانیكەم بۆماوەی 10 ساڵ لە ژێر كۆنترۆڵی ئەمریكادا بمێنێتەوە بەمەبەستی گۆڕینی بۆئەو شوێنەی كە ترەمپ خۆی بە "ریڤێرای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" وەسفیكردووە.

ریڤێرا وشەیەكی ئیتاڵییە بە واتای كەنار دێت، ریڤێرای فەرەنسی و ئیتاڵی وەك دوو شریتی كەنار دەریا كە دەكەونە سەر دەریای ناوەڕاست و دوو ناوچەی جوانی سروشت و هاوینەهەواری گەشتیاریی بەناوبانگن.

پلانەكەی ئیدارەی ترەمپ ئۆفەرێك لەخۆدەگرێت بۆ دانیشتووانی غەززە كە خۆبەخشانە زەوییەكانیان بەجێبهێڵن لە بەرامبەر قەرەبووی دارایی، یان بە شێوەیەكی كاتی بگوازرێنەوە بۆ ناوچە داخراو و سەلامەتەكانی ناو كەرتەكە تا ئەو كاتەی ئاوەدانكردنەوە تەواو دەبێت.

پلانەكە باس لەوە دەكات، ئیدارەی ئەمریكا سندوقێكی متمانەپێكراوی بۆ نیشتەجێكردنی دانیشتووانی غەززە لە دەرەوەی فەلەستین و ناوخۆ دادەمەزرێنێت، بەشێوەیەك هەر فەلەستینییەك خاوەنی زەوییە لە غەززە، ناوی لە سندوقەكە تۆمار دەكرێت و دواتر دەتوانرێت بگۆڕدرێتەوە بە شوقەیەك لە یەكێك لە سیتییە پێشكەوتووەكانی شارەكە، بەڵام ئەوانەی بڕیاری بەجێهێشتنی شارەكە دەدەن، پارەیەكی كاشیان بە بڕی پێنج هەزار دۆلار پێدەدرێت، لەگەڵ یارمەتیدانی چوار ساڵ بۆ دابینكردنی كرێی خانوو و ساڵێكی تەواوی خواردنیش.

بەپێی پلانەكە، هەر كەسێك غەززە بەجێبهێڵێت، نزیكەی 23 هەزار دۆلاری لە سندوقەكە بۆ پاشەكەوت دەكرێت.

دەستپێشخەرییەكە ناوی سندوقی دووبارە دروستكردنەوە و خێراكردن و گۆڕانكاری ئابووری غەززەیە كە لەلایەن ئیسرائیلییەوە پەرەی پێدراوە.

هەرچەندە تائێستا پلانەكە بە رەسمی پەسەند نەكراوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت وەبەرهێنانێكی 100 ملیار دۆلاری بتوانێت لە ماوەی 10 ساڵدا نزیكەی چوار هێندە داهات لە غەززە بەدەستبهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرکردەی حوسیەکان هەڕەشەی زیادکردنی هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل دەکات پاش کوژرانی ژمارەیک وەزیر و لێپرسراوی حکومەتی یەمەن بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلەوە.

عەبدول مەلیک حوسی سەرکردەی حوسیەکان رایگەیاند، لەمەودوا هێرشەکانیان لەڕێگەی درۆنی خۆکوژ و موشەکە بالیستیەکانەوە زیاتر دەکەین بۆ سەر دامەزراوە ئیسرائیل ، هەروەها گەمارۆی دەریاییش جێبەجێ دەکەن لە دەریای سور.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژانی داهاتوودا سەرکەوتنی زیاتر بەدەستدەهێنن کە گرنگییەکی زۆریان دەبێت لە پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر گەلی یەمەنی یاخود بە ئامانجگرتنی دامەزراوە رەسمیەکانی حکومەتی یەمەن.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، 28 ی ئەم مانگە سوپای ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر چەند دامەزراوەیەکی سەربازی حوسیەکان لەیەمەن، بەپێی میدیا عەرەبیەکانیش لانیکەم 10 وەزیر و لێپرسراوی حکومەتی یەمەن کوژران لەنێویاندا سەرۆک وەزیران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت، بە بانگەوازی ئاشتی هەم لە توركیا و هەم لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرگای سەردەمێكی نوێ كراوەتەوە.

عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" پەیامێكی بەبۆنەی رۆژی ئاشتیەوە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بانگەوازەكەیان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموكراتی، هەنگاوێكی سیاسی ئاسایی نییە، بەڵكو هەنگاوێكی ستراتیژیی و قۆناغێكی مێژووییە و بەو بانگەوازە هەم لە توركیا و هەم لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرگای سەردەمێكی نوێ كراوەتەوە، بۆئەوەی ژیانی ئاشتییانە و دیموكراتی جێگەی شەڕ و وێرانكاریی بگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویستە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی بە هەلی بەهێز و هەنگاوی پراكتیكی بەدی بهێنرێت، چونكە ئاشتی راستەقینە تەنها بە بێدەنگكردنی چەك و كۆتاییهاتنی شەڕ و پێكدادان بەدی نایەت و هەركاتێكیش ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەری هەموو بوارەكانی ژیانی گرتەوە، ئاشتییەكی راستەقینە دێتەدی.

ئۆجەلان داوا لە گەلانی توركیاش دەكات، خاوەنداری لەو ئەركە مێژووییە بكەن و رێپێوانی ئاشتی و ئازادی فراوانتر بكەن و بە رۆحییەتێكی ئاشتیخوازانەوە هەنگاوبنێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل بەرەسمی کوژرانی وتەبێژی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماسی راگەیاند پاش ئەوەی دەنگۆی کوژرانی وتەبێژی حەماس لە میدیا عەرەبی و عیبریەکاندا بڵاوکرایەوە.

ئیسرائیل کاتز وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە هاوبەشی نێوان سوپا و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ناسراوبە  شاباک توانرا بە سەرکەوتووی حوزەیفە کەحلوت ناسراو بەئەبو عوبەیدە وتەبێژی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ناوچەی حەی ریماڵ لە غەززە بکوژرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەزگای ئاسایشی گشتی ناسراوە بە شاباک رۆڵێکی گرنگی بینیوە لە کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە شوێنی ئەبو عوبەیدە، هەروەها لە بەئامانج گرتنیدا موشەکی  ورد لە پێکاندا  بەکارهێنراوە، لەگەڵ چاودێریکردنی ئاسمانی شوێنی نیشتەجێبوونی بەشێوەیەکی بەردەوام.

حوزەیفە کەحلوت ناسراو بە ئەبو عوبەیدە، ی لە ساڵانی 2002 و 2003 وەک لێپرسراوێکی مەیدانی لیواکانی قەسام لە غەززە دەستبەکاربووە ، یەکەم دەرکەوتنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ساڵی 2004 لە مزگەوتی نور لە غەززە چالاکیە سەربازیەکانی لیواکانی قەسامی دژی ئیسرائیل راگەیاند، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ەوە بوو بەیەکێک لە دیارترین لێپرسراوە میدیایەکانی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس و پەیامەکانی بزوتنەوەکەی بەشێوەی دەنگی تۆمارکراو بڵاودەکردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی گشتی "شاباک" هەوڵیانداوە وتەبێژی لیواکانی قەسام، "ئەبو عوبەیدە" کە ناوی راستەقینەی "حوزەیفە کەحلوت"ە، بکوژن.

سەرەڕای ئەوەی هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەوڵی کوشتنەکە رون نەبووەتەوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە کۆکردنەوەی وردەکارییەکان. بەپێی راگەیاندنی دەزگای ڕاگەیاندنی ئیسرائیلی "کان"، کە لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە گواستوویەتییەوە، "وا دیارە ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بووە."

هێرشەکە بۆ سەر ئەبو عوبەیدە لە نزیک نانەوایەک ئەنجامدراوە، و بەپێی راپۆرتەکان لە غەززە، زیاتر لە 10 کەس لەو ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون. سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە هێرشەکە بە بەکارهێنانی تەقەمەنی ورد و چاودێری ئاسمانی ئەنجامدراوە.

سوپای ئیسرائیل رونیشیکردەوە کە ماوەیەکی کەم پێش ئۆپەراسیۆنەکە، زانیاری هەواڵگریی چڕ گەیشتووەتە دەزگای شاباک و هەواڵگری سەربازی "ئامان"، پاشان هەوڵی تیرۆرکردنەکە دەستیپێکردووە. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ژووری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای شاباکەوە بەڕێوەچووە بەهۆی گرنگیی کارەکتەری ئەبو عوبەیدە لە حەماسدا.

بەپێی دەزگای راگەیاندنی ئیسرائیلی، ئەبو عوبەیدە بە کەسایەتییەکی سەرەکی لە حەماسدا دادەنرێت، و ئەگەر ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنەکەی سەرکەوتوو بێت، ئەوا کاریگەرییەکی گەورەی دەروونی و زیانێکی بەرچاو بە ئۆپەراسیۆنەکانی حەماس دەگەیەنێت.

فەڵەستینییەکان لە بارەی روداوەکەوە چی دەگێڕنەوە:

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی فەلەستینی بۆ سکای نیوز عەرەبی ئاشکرای کرد، ئەو ماڵەی کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کردبوویانە ئامانج، ماوەی چەند رۆژێک بوو لەلایەن خێزانی وتەبێژی باڵی سەربازیی حەماس، ئەبو عوبەیدە، بە کرێ گیرابوو.

پەیامنێرمان لەسەر زاری سەرچاوە فەلەستینییەکە گواستوویەتییەوە کە ژن و منداڵەکانی ئەبو عوبەیدە لەو ماڵەدا بوون. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "لە کاتی بۆردوومانەکەدا بڕێکی زۆر پارەی کاغەزی بڵاو بووەتەوە."

سەرچاوە فەلەستینییەکە بە سکای نیوزی عەرەبی راگەیاندووە: "دوای بۆردوومانەکە، چەکدارانی قەسام دەوروبەری ئەو ماڵەیان گرتووە و رێگاکانیان داخستووە و نەیان هێشتووە هاووڵاتیان نزیک ببنەوە بۆ دەرهێنانی تەرمەکان." سەرچاوەکە بۆ سکای نیوز عەرەبی رونیشیکردەوە کە "تیرۆرکردنی ئەبو عوبەیدە دوور نییە، بەڵام ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە."

شایەنی باسە، ئەبو عوبەیدە دوێنێ شەممە وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد کە ئەگەر بڕیار بدات هێرش بکاتە سەر شاری غەززە، ئەوا لەوانەیە زیان بە بارمتەکان بگەیەنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل ئەمشەو رایگەیاند، ئەندامێکی سەرەکی بزووتنەوەی حەماسی لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج. لە کاتێکدا میدیا ئیسرائیلییەکان باس لە ئەگەری کوژرانی "ئەبو عوبەیدە"، وتەبێژی لیواکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس دەکەن.

ئەڤیخای ئەدرەی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیویەتی، سوپا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر "ئەندامێکی سەرەکیی حەماس" لە ناوچەی شاری غەززە لە باکووری کەرتی غەززە.

هاوکات، میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە ئەو کەسەی لە هێرشەکەی غەززە کراوەتە ئامانج، "ئەبو عوبەیدە"، وتەبێژی لیواکانی عیزەدین قەسامە، و ئاماژەیان بەوە کردووە کە "پێشبینییەکانی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنەکەی" هەیە. رادیۆی سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، ئەگەر کوژرانی "ئەبو عوبەیدە" سەرکەوتوو بێت، ئەوا زۆر گرنگ دەبێت.

ئەم رووداوانە لە کاتێکدایە کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەوە، 35 فەڵەستینی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە کوژراون، کە لانی کەم 20 کەسیان لە شاری غەززە بوون. سوپای ئیسرائیلیش قەبارەی گەیاندنی یارمەتییەکانی بۆ باکووری کەرتی غەززە کەمکردووەتەوە، هاوکات لەگەڵ چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ داگیرکردنی شاری غەززە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گرووپی حوسییەکان لە یەمەن، ئەمڕۆ شەممە، کوژرانی ئەحمەد غالب ئەلڕەهوی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی باڵای سیاسیی سەر بە گرووپەکە و ژمارەیەک وەزیری دیکەیان راگەیاند.

بە وتەی حوسییەکان، ئەم رووداوە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلیدا هاتووە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەرشەیەکی کاری حکومیی لە رۆژئاوای یەمەن کردووەتە ئامانج.

سەرۆکایەتیی کۆماری سەر بە حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "کوژرانی موجاهید ئەحمەد غالب ئەلڕەهوی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی گۆڕان و بنیاتنان، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ وەزیرەکانی رادەگەیەنین. دوژمنی ئیسرائیلی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە هاوڕێ وەزیرەکانی لە وەرشەیەکی کاری ئاساییدا کردە ئامانج بۆ هەڵسەنگاندنی چالاکی و ئاستی کارەکانی حکومەت لە ماوەی ساڵێکدا."

راگەیەندراوەکە؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ژمارەیەک لە وەزیرەکان برینداربوون، کە برینەکانیان مامناوەند و سەختن و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان. حوسییەکان جەختیان لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەم زیانانە، دامودەزگا حکومییەکان بەردەوام دەبن لە کارەکانیان، و "خوێنی کوژراوەکانیان پاڵنەرێک دەبێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر هەمان رێگا."

هەر لە راگەیەندراوەکەدا، حوسییەکان دووپاتیان لە هەڵوێستی خۆیان کردەوە کە پشتگیری لە بزووتنەوەی حەماس و کەرتی غەززە دەکەن، و ئاماژەیان بەوەدا کە "بەردەوامن لە بنیاتنانی هێزە چەکدارەکانیان و پەرەپێدانی تواناکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و مەترسییەکان."

ئەم راگەیاندنەی حوسییەکان لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن، و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی ناوخۆی یەمەن و پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە سوریا دەڵێت، هەسەدە بەشێك نییە لە پەكەكە و هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكایە و پاڵپشتی گفتوگۆی مەزڵوم كۆبانێ و هاكان فیدانیش دەكەن.

تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا رایگەیاند، گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا و لێپرسراوانی تری ئەو وڵاتە هەیە و وەك ئەمریكاش پاڵپشتی ئەو گفتوگۆیانە دەكەن.

وتیشی، توركیا هاوپەیمانێكی سوریایە، بەڵام روبەڕوی پەكەكە و هەسەدە دەبێتەوە، هەسەدەش لە شەڕی دژی داعشەوە هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكایە و ئەو ئاڵۆزییەش سەرئێشە بۆ ئەمریكا دروست دەكات.

باراك ئاماژەی بەوەشكرد، پەیوەندی و ململانێی توركیا و هێزە كوردییەكانی سوریا سەرەڕای ململانێ و ناكۆكی قوڵی نێوانیان، بەڵام دەرخەری ئەو راستییەیە كە هەموو ئەگەرێكی گفتوگۆ كراوەیە بۆئەوەی خوێنی زیاتر نەڕژێت.

دەشڵێت، ئەحمەد شەرع كێشەی ناوخۆیی گەورەی هەیە و دروزەكان و كورد و عەلەویەكانیش خاكیان دەوێت، لە كاتێكدا ئەو سورە لەسەر حكومەتێكی ناوەندیی لە سوریا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نێردەری ئەمریكا بۆ سوریا دەڵێت، ئەحمەد شەرع هەموو هەوڵێكی بۆئەوەیە خۆشگوزەرانی بۆ سوریا بگەڕێنێتەوە.

تۆم باراك نێردەی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا ستایشی هەنگاو و پلانەكانی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریای كرد و رایگەیاند، ئامانجەكانی شەرع لەگەڵ ئامانج و خواستەكانی ئیدارەی ئەمریكا هاوشێوەن، سەرۆكی سوریا هەوڵدەدات كێشەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی چارەسەر بكات و لێكتێگەیشتن لەگەڵ ناوچەكانی دەوروبەری بدیبهێنێت و سوریا بگەڕێنێتەوە بۆ خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی.

وتیشی، هیچ پلانێكی جێگرەوە بۆ سوریا لە ئارادا نییە و پێویستە ئەوەی دەوترێت جێبەجێ بكرێت، داواشیكرد وڵاتان پشتیوانی ئەحمەد شەرع بكەن بۆئەوەی بتوانێت پلانەكانی بكاتە راستی.

لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان سوریا و ئیسرائیلیش باراك رایگەیاند، ئەحمەد شەرع متمانەی زۆری بە ئیسرائیل نییە، نەك هەر سوریاش زۆربەی وڵاتانی عەرەبیش لە دوای هەڵگیرساندنی شەڕی غەززە متمانەیان بە ئیسرائیل نەماوە، سەرەڕای ئەوەش دانوستانەكانی نێوان سوریا و ئیسرائیل تائێستا ئەرێنی بوون، بەڵام هێشتا دوورن لە گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ لە لێدوانێکی بەپەلەدا رایگەیاند کە وڵاتەکەی بڕیاریداوە "بە تەواوی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنێت." هەروەها ئاشکرای کرد کە "ئاسمانی وڵاتیشی بەڕووی فڕۆکەکانی ئیسرائیلدا داخستووە."

ئەم بڕیارە کاردانەوەیەکی توندی تورکیایە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە و بە تایبەت لە غەززە، کە ماوەیەکە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات گرژیی زۆری تێکەوتووە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی ناوچەکە هەبێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، دەستی بە ئۆپەراسیۆنە سەرەتاییەکان و قۆناغەکانی یەکەمی هێرشکردنە سەر شاری غەززە کردووە. سوپا ئاماژەی بەوەشدا کە لە ئێستادا بە هێزێکی زۆرەوە لە دەوروبەری شارەکە کار دەکات.

ئەڤیخای ئەدرەی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند: "هێزەکانی سوپا بەردەوامن لە شەڕکردن لە کەرتی غەززە و گورزی بەهێز لە حەماس و رێکخراوەکان دەدەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناغەکانی داهاتووی جەنگ."

وتەبێژەکەی سوپا ئاشکرای کرد: "دەستمان بە ئۆپەراسیۆنە سەرەتاییەکان و قۆناغەکانی یەکەمی هێرشکردنە سەر شاری غەززە کردووە و لە ئێستادا بە هێزێکی زۆرەوە لە دەوروبەری شارەکە کار دەکەین."

ئەدرەی جەختی لەوەش کردەوە: "گورزەکانمان قووڵتر دەکەینەوە و دوودڵ نابین تاوەکو هەموو بارمتەکان نەگەڕێنینەوە و حەماس لە رووی سەربازی و دەسەڵاتدارییەوە هەڵنەوەشێنینەوە."

پێشتر لەمڕۆ هەینیدا، ئیسرائیل شاری غەززەی وەک ناوچەیەکی شەڕی مەترسیدار راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ناوچەیە بەشێک نییە لە ئاگربەستی کاتی و ناوخۆیی بۆ چالاکییە سەربازییەکان.

لە راگەیەندراوەکەی سوپادا هاتووە: "بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و رێنماییەکانی ئاستی سیاسی، بڕیار درا کە لە ئەمڕۆوە (هەینی) کاتژمێر 10:00، ئاگربەستی کاتی شاری غەززە ناگرێتەوە و وەک ناوچەیەکی شەڕی مەترسیدار حسابی بۆ دەکرێت."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
 
وەفدی ئیمراڵی راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاشکرای کردووە کە لە 28ـی مانگ، بۆ ماوەی سێ سەعات دیدارێکیان لەگەڵ عەبــ.دوڵڵا ئۆجــ.ەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئیمراڵی ئەنجامداوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئۆجەلان لە رەوشێکی تەندروستی و ورەیەکی باشدابووە.

لە میانەی دیدارەکەدا، ئۆجەلان هەڵسەنگاندنی بەرفراوانی بۆ قۆناغەکانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی خستووەتەڕوو و باسی لەو خاڵە کردووە کە پڕۆسەکە پێی گەیشتووە.



ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو کێشەیەی ئێستا رووبەڕووی بوونەتەوە "ئەوەندە گرانە کە پێویستی بە دەستێوەردانی جدی و تایبەت هەیە" و جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئامانجمان ئەوەبوو هەموو شتێک بکەین بۆ کۆتاییهێنان بە پڕۆسەیەکی پڕ ئازار.

"ئۆجــ.ەلان سێ چەمکی سەرەکی بۆ ئەم پڕۆسەیە دیاری کردووە کە بریتیین لە "کۆمەڵگەی دیموکراسی، ئاشتی و یەکگرتن"، و رایگەیاندووە کە لەسەر ئەم بنەمایانە دەتوانرێت ئەنجام بەدەست بهێنرێت.

ناوبراو پێداگری لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستیان بە قۆناغێکی نوێ هەیە کە تێیدا هەنگاوەکان بە خێرایی لە هەموو لایەنەکانەوە بنرێن بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجانە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئۆجەلان راشیگەیاندووە کە تێگەیشتن و لە ئامێزگرتنی ئەم هەنگاوە ستراتیژییە سوودی بۆ هەمووان و بۆ هەموو تورکیا دەبێت.

لە کۆتاییدا، وەفدی ئیمراڵی ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم هەڵبژاردەیە رووبەڕووی ناڕەزایەتیی هەندێک کەس لەنێو بازنەکانی سیاسی و راگەیاندندا بووەتەوە و "نزیکبوونەوە لەم بابەتە بە سادەیی یان نەزانی، زیان بەم پڕۆسەیە دەگەیەنێت.

"ئۆجـەلان دووپاتیشی کردووەتەوە کە باوەڕی قووڵی بە دۆستایەتی هەمیشەیی و ئاشتی نێوان گەلان هەیە.


دەقی راگەیەندراوەکە: 



بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...4243444546...104