هنری یوسف حەمرە، حاخامی سوری-ئەمریکی، کاندیدبوونی خۆی بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی گەلی سوریا (پەرلەمان) لەسەر بازنەی دیمەشق راگەیاند، بەمەش دەبێتە یەکەم کاندیدی جولەکە لەو کاتەوەی جولەکەکانی سوریا لەدوای شەڕی  ساڵی 1967ـەوە لە خۆکاندیدکردن بۆ ئەنجومەنی گەل بێبەشکران.

هنری حەمرە تەمەنی 48 ساڵە و کوڕی یوسف حەمرە، گەورە حاخامی جولەکەکانی سوریایە لە نیویۆرک. باوکی لە ساڵی 1992 سوریای بەجێهێشت دوای ئەوەی حافز ئەسەدی سەرۆکی پێشووتر، قەدەغەی گەشتکردنی لەسەر جولەکەکان هەڵگرت، کە لەو کاتەدا کەمتر لە 10 جولەکە لە دیمەشقی پایتەختدا مابوونەوە.

بەپێی ماڵپەڕی "تەلەفزیۆنی سوریا"، حەمرە لە راگەیاندنی کاندیدبوونی خۆیدا لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، جەختی لەسەر دروشمی "بەرەو سوریایەکی گەشەسەندوو، لێبووردە و دادپەروەر" کردووەتەوە و ئامانجەکانیشی بریتین لە "پەیداکردنی دادپەروەری، پاراستنی میراتی سوریا و هەڵگرتنی سزاکان".

حەمرە وتوویەتی: "من باوەڕم بە سوریایەکی یەکگرتوو هەیە بۆ هەموو سورییەکان، لە حەسەکەوە بۆ سوەیدا، و لە دەرعاوە بۆ لازقیە، و لە دیمەشقەوە بۆ حەلەب."

ناوبراو دووپاتیشی کردەوە کە لەگەڵ رەوەندی سوری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی "یاسای قەیسەر" بەبێ هیچ مەرجێک.

جێی باسە، یاسای قەیسەر سزای ئابووریی بەسەر سوریادا سەپاندووە کە ئامانج لێی دەسەڵاتەکەی ئەسەد بوو، بەڵام ئیدارەی نوێ لە دیمەشق هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەدات.