بۆ باسكردن لە ئازادكردنی سەرجەم بارمتەكان، ئەمڕۆ وەفدێكی حەماس و ئیسرائیل لە میسر كۆدەبنەوە.

حكومەتی میسر لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، وڵاتەكەی بانگهێشتی بۆ حەماس و ئیسرائیل ناردوە بە مەبەستی كۆبوونەوە لە قاهیرە و بۆ باسكردنی لە گرنگترین خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان ئەو دوولایەنە بەبێ ئەوەی هیچ روونكردنەوەیەك لە بارەی ئەو خاڵانەوە بدات.

ئەمەش دوای ئەوەدێت،  بزوتتنەوەی حەماس رایگەیاند، پێشنیازەكەی ئەمریكای قبوڵكرد و  ئامادەی دەربڕی سەرجەم بارمتە زیندوەكان و مردوەكانیش ئازادبكات.

كۆشكی سپیش رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، ستیف ویتكۆف نوێنەری ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و جارید كۆشنر زاوەكەی دەنێرێت بۆ كۆبوونەوەكەی میسر.

ترەمپ، راشیگەیاند، پێویستە حەماس بەخێرایی دەستبە جێبەجێكردنی پلانەكەی بكات بە پێچەوانەوە رێككەوتنەكە هەڵدەوەشێتەوە و ئەوەش قبوڵنەكراوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، وەفدێكی دانوستانكاری راسپاردووە سەردانی میسر بكەن بۆ دانوستان لەبارەی وردەكاریە تەكنیكیەكانی رێككەوتنی غەززە، وتیشی، دەبێت ئازادكردنی بارمتەكان لە دوو رۆژی داهاتوودابێت.

وڵاتانی ئەوروپاش پێشوازی لە وەڵامی حەماس بۆ پێشنیازەكەی ترەمپ لەبارەی ئاشتی لە غەززە دەكەن و پشتیوانیش لە بژاردەی دوو دەوڵەتی دەكەن.