ئەمڕۆ یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلی سوریا لە دوای روخانی ئەسەد بەڕێوەدەچێت
شنیار
٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
جگە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر و پارێزگای سوەیدا، ئەمڕۆ یەكەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلی سوریا لە دوای گۆڕانی دەسەڵات بەڕێوەدەچێت.
لیژنەی هەڵبژاردنی ناوەندیی سوریا رایگەیاند، زیاتر لە هەزار و 570 كاندید كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 210 كورسیی ئەنجومەنی گەل، دەنگدانیش لەلایەن دەستە هەڵبژێردراوەكانەوە دەبێت، بەڵام پرۆسەكە لە هەموو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر واتە لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و لە پارێزگای سوەیداش ئەنجام نادرێت، بڕیاریشە رۆژی دوو شەممە یاخود سێشەممەی داهاتوو ئەنجامی هەڵبژاردنەكە رابگەیەنرێت.
كۆتا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلی سوریا لە 15ی تەموزی 2024 بەڕێوەچوو كاتێك بەشار ئەسەد سەرۆكی ئەو وڵاتە بوو، بەڵام لە كۆتایی كانوونی دوەمی 2025دا ئەنجومەنی گەل لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سوریاوە هەڵوەشێندرایەوە و سیستمێكی پەرلەمانیی كاتیی بۆ ئەنجومەنی گەلی دانرا، دیارترین گۆڕانكارییش كە لە سیستمی نوێدا كرا، زیادكردنی ژمارەی كورسییەكان بوو لە 150وە بۆ 210 كورسی.



