پێگەی هەواڵی ئاکسیۆس بڵاویکردوەتەوە نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵات،  بۆ کۆتایی هێنان بە وردەکارییە تەکنیکییەکانی ئازادکردنی بارمتەکان و ڕێکەوتنی ئاشتی لە غەززە گەشتوەتە میسر.

دوای ئەوەی حەماس وەڵامی داواکاریی و پلانە 20 خاڵییەکەی ترەمپی دایەوە و رازیبون بە مەرجەکان، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند؛ بە پشتبەستن بە وەڵامەکەی حەماس باوەڕی وایە ئەوان ئامادەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام.

هەروەها داوای لە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ بۆردومانەکانی غەززە رابگرێت بۆ ئەوەی بارمتەکان بە خێرایی و بە سەلامەتی لەوێ دووربخرێنەوە.

پێگەی ئاکسیۆسیش ڕایگەیاندوە؛ بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە وەک خۆی ترەمپ ستیڤ ویتکۆفی ناردوەتە میسر و لەوێوە سەرپەرشتی پلانەکە دەکەن.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی میسر بە رەسمی ڕایگەیاندوە؛ کە دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە رۆژی دوو شەممە بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی پلانەکەی ترەمپ دوای ئاگربەستی دەستبەجێ (وەستاندی شەڕ) و رازیبونی هەردولا بە پلانەکە، پێویستە لە ماوەی 72 سەعاتدا تەواوی بارمتەکانی غەززە؛ زیندووەکان و مردوەکانیش لەلایەن حەماسەوە رادەست بکرێن.