وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ کۆبوونەوەکان سەبارەت بە رێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامن و هیوادارن زۆر بەخێرایی کارە لۆجستیەکان تەواو بکەن، جەختیکردەوە کە ئێستا ناتوانن باس لە کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە بکەن، بەو پێیەی هەندێک کار ماوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، مارکۆ رۆبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، حەماس  ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ پلانی قۆناغی دوای شەڕ و جەختیکردەوە کە ئەو قۆناغەیان ئاسان نییە و تا ئێستاش کەس ناڵێت کێشەی ئازادکردنی بارمتەکان چارەسەر کراوە.

ناوبرا ئاماژەی بەوەشکرد ئێستا ناتوانن باس لە کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە بکەن، چونکە پێویستە حەماس چەک دابنێت و ئەو کارەش وا بە سادەیی جێبەجێناکرێت و پێویستی بە کاتە.

لەبارەی پێکهێنانی حکومەتیشەوە لە غەززە، رۆبیوە وتویەتی؛ پێکهێنانی حکومەتێکی بێ حەماس لە غەززەدا بە خێرای ناکرێت و کاتی پێویستە و بەم زوانە دەزانن حەماس جدییە یاخود نا لە رازیبونی بە قۆناغی دووەمی پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا.