لە چەند ڕۆژی ئایندەدا مەزڵوم کۆبانی دێتە هەرێمی کوردستان
بڵند
٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
رۆژانی حەوت و هەشتی ئەم مانگە، دیداری میری لە هەولێر بەرێوە دەچێت و بڕیاریشە یەکێک لەو کەسانەی تێیدا قسەدەکات مەزڵوم کۆبانی بێت، یەکێک لە تەوەرەکانی دیدارەکەش باسکردنە لە ئایندەی سوریا و پێشهاتەکانی ئەم دوایەی وڵاتەکە.
بەگوێرەی ئەو پلانەی بڵاوکراوەتەوە لە ماڵپەڕی رەسمی دیداری میریدا، مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردە سیاسییە کوردەکان سەبارەت بە نوێترین پێشهاتە ئەمنییەکانی سوریا و ناوچەکە دێتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمدا کۆدەبێتەوە.
تا ئێستا بەڕونی دیار نییە فەرماندەکەی هەسەدە لەگەڵ کێ و کێدا کۆدەبێتەوە و پلانی کۆبوونەوەکانی ئاشکرانەکراوە، بەڵام لە دیداری میلیدا چەندین کەسایەتی بەناوبانگ و سیاسی قسەدەکەن و بە ئەگەری زۆرەوە ژمارەیەک چاوپێکەوتن و کۆبونەوە ئەنجام دەدات.
عەبدی پێشتر لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو سەردانی هەولێری کردبوو، لەوێ لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرکردە سیاسییە کوردەکان و هەروەها وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ هەماهەنگی لەسەر ئایندەی کوردانی سوریا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق.
ئەمساڵیش لە ناوەراستی مانگی یەکدا بە هەمانشێوە مەزڵوم کۆبانی لە سەردانێکی رانەگەیەندراودا و لە ڕێگەی فڕۆکەی تایبەتی ئەمریکییەوە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە گەشتبوە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
بەشداریکردنی عەبدی لە دیدارکەدا، دەبیتە سێیەم سەردانی فەرماندەکەی رۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان، دیداری مێری چالاکیی ساڵانەی سەرەکی پەیمانگاکەیە، کە داڕێژەرانی سیاسەتی ناوخۆیی، نیشتمانی و نێودەوڵەتی، ئەکادیمیستەکان، سەرکردەکانی بۆچوون، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان و دیپلۆماتکاران کۆدەکاتەوە. سەکۆیەک بۆ مشتومڕکردن لەسەر زەختترین پرسەکان کە کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە هەیە و پێشکەشکردنی چارەسەری پراکتیکی بۆ بڕیاردەران دابین دەکات. ئامانجی کۆتایی کۆڕبەندەکە بریتییە لە پێشخستنی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فراوانتر لە ڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەر و بەشداریکردنی گشتگیر و وەبەرهێنانی هاوبەش لە داهاتوودا.



