دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند، ئیسرائیل پابەندە و سوپاسیان دەکات، کە  بە کاتی بۆمبارانکردنی غەززەیان راگرتووە،  جەختیشی کردەوە  حەماس دەبێت خێرا بکەن و کات بەفیڕۆنەدەن، ئەگەر نا "هەموو شتێک هەڵدەوەشێتوە".

ئەمڕۆ شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پۆستێکدا  لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) کە خۆی خاوەندارێتی دەکات نوسیوویەتی؛ سوپاسی ئیسرائیل دەکەم کە بە شێوەیەکی کاتی بە مەبەستی پێدانی دەرفەتێک بە ئازادکردنی بارمتەکان و رێککەوتنی ئاشتی بۆمبارانکردنی راگرتووە.

ترەمپ پەیامێکی ئاڕاستەی حەماس کردوە و هۆشداریشیداوەتە حەماس کە دەبێت بە خێرایی بجوڵێتەوە، ئەو دواکەوتن قبووڵ ناکات و بەرگەی ناگرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا  نوسیویەتی؛  با بە خێرایی ئەم کارە تەواو بکەین و دڵنیایی داوە کە هەمووان بە دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

ئەم پەیامەی ترەمپ لە کاتێکدایە، پێگەی هەواڵی ئاکسیۆسیش رایگەیاندوە؛ نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشتوتە میسر  بۆ کۆتایی هێنان بە وردەکارییە تەکنیکییەکانی ئازادکردنی بارمتەکان و رێککەوتنی ئاشتی لە غەززە.