تەندروستی غەززە بڵاویکردوەتەوە، تەنها لە 24 سەعاتی رابردودا زیاتر 230 کەس بونەتە قوربانی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ئاگربەس ئیسرئیل بە چڕی بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتەکە.
ئەمرۆ سێشەممە، تەندرستی غەززە راپۆرتی رۆژانەی بڵاکردوەتەوە تێیدا هاتوە؛ لەماوەی 24 سەعاتی رابردوو، هێرشەکانی ئیسرائیل بونەتە هۆی گیان لەدەستدانی 42 هاووڵاتی و برینداربوونی 190کەسی دیکە.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، پێدەنێتە رۆژی 724میەوە، بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکەش دۆناڵد ترەمپ پلانێكی ئاڕاستە کردوە و دوای ڕەزامانەدی ناتانیاهۆ، لە رێگەی وڵاتە نێوەندگیرەکانەوە دراوە بە حاماس و هەمووان چاوەڕوانی وەڵامی حەماسن.
رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی قوربانییەکان بەرزدەبێتەوە و بە گوێرەی ئامارەکان؛ لە حەوتیی تشرینی یەکەمی 2023وە ژمارەی کوژراوەکان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گەشتوەتە 66 هەزار و 97 کەس، ژمارەی بریندارەکانیش بۆ 168 هەزار و 536 بریندار بەرزبوەتەوە.
ماجد ئەلئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئیسرائیل داوای لێبووردنی لەسەر بۆمبارانکردنی بینایەک لە دەوحە، کە دوو هەفتە پێش ئێستا رویدا و تێیدا چەندین سەرکردەی بزوتنەوەی حەماس هەبوون، پێشکەش کردووە.
ئەلئەنساری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، داوای لێبووردنی کردووە و بەڵێنی داوە جارێکی دیکە هێرش نەکاتە سەر دەوحە. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەیان رازییە لە گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا کە دوای هێرشە ئیسرائیلییەکە پێشکەش کراون.
پلانی ترەمپ و وەڵامی حەماس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەوەشی راگەیاند، قەتەر و میسر پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان سەبارەت بە غەززە رادەستی حەماس کردووە. ئەلئەنساری رونی کردەوە کە وەفدی حەماس بەڵێنی داوە پلانەکە تاوتوێ بکات، و وتیشی "هێشتا کات زووە بۆ وەڵامدانەوە."
هەروەها ئەلئەنساری ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا ئەمڕۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی تیمی نێوەندگیریی تایبەت بە کەرتی غەززەدا دەکات.
شایەنی باسە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دوێنێ دووشەممە رایگەیاندبوو، ئیسرائیل داوای لێبووردنی لەسەر هێرشەکە کردووە، ئەمەش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەنجامی دابوو.
مەزڵوم كۆبانێ داوای لە بەریتانیا كردووە، لە دامەزراندنەوە و بنیاتنانەوەی سوریا رۆڵی پێشەنگی هەبێت.
وەفدێكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات "مەسەدە" لە كۆنفرانسی ساڵانەی پارتی كرێكارانی بەریتانیا بەشداریكرد، حەسەن محەمەد هاوسەرۆكی پەیوەندییە گشتییەكانی "مەسەدە"ش رایگەیاند، لە كۆنفرانسەكەدا پەیامی مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە"یان گەیاندووەتە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، كە داوای لەو وڵاتە كردووە، لە دامەزراندن و بنیاتنانەوەی سوریا و چەسپاندنی ئاشتی لەو وڵاتە رۆڵی پێشەنگ ببینێت.
هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی مەسەدە وتیشی، سوریا دوای زیاتر لە 10 ساڵ شەڕ بە پرۆسەیەكی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت و بە ملیۆنان كەس ئاوارەبوون، ژێرخانی سوریاش بەتەواوی ڕووخاوە، مەركەزیەتی رەهاش هۆكاری سەرەكیی ستەم و كۆمەڵكوژییەكان بووە.
جەختیشیكردەوە، رێككەوتنی 10ی ئادار، دەرگا بە رووی دەوڵەتێكی لا مەركەزیدا دەكاتەوە و كۆتایی بە یەكدەستیی دەسەڵات دەهێنێت و رێگە خۆشدەكات بۆ پرۆژەیەكی نەتەوەیی گشتگیر.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوی کردەوە، ئیدارەی ئەمریکا نزیکەی 100 هاووڵاتی ئێرانی بە فڕۆکەیەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ وڵاتەکەیان دیپۆرت کردووەتەوە. ئەم هەنگاوە دوای رێککەوتنێک دێت کە لەگەڵ تاران کراوە.
رۆژنامەکە لە زاری دوو بەرپرسی ئێرانییەوە کە بەشدارییان لە دانوستانەکاندا کردووە، و بەرپرسێکی ئەمریکیی ئاگاداری پرسەکە، ئەم زانیارییەی گواستووەتەوە.
بەرپرسە ئێرانییەکان رایانگەیاندووە، فڕۆکەیەکی ئەمریکیی بەکرێگیراو رۆژی دووشەممە لە لویزیاناوە فڕیوە و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە رێگەی قەتەرەوە بگاتە ئێران.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا ناسنامەی دیپۆرتکراوەکان و هۆکاری هەوڵدانیان بۆ کۆچکردن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە رونی ئاشکرا نەکراوە. ئەم روداوە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە بەردەوامی ئاڵۆزییان بەخۆیانەوە بینیوە، بەڵام ئەم رێککەوتنە لەسەر دیپۆرتکردنەوە ئاماژەیە بۆ هەندێک هاوکاریی سنووردار لە نێوانیاندا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند کە "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ ئاشتی"، ئاماژەی بەوەشدا کە گەشبینە بە وەرگرتنی "وەڵامێکی ئەرێنی" لە حەماسەوە سەبارەت بە پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.
لێدوانەکانی ترەمپ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا:
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ وتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ ئاشتی."
راشیگەیاند: "گەیشتینە رێککەوتنی گرنگ، کە ئێران و بازرگانی و فراوانکردنی رێککەوتنەکانی ئیبراهیمی و گرنگترینیان چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە لەخۆدەگرێت، ئەمەش بەشێکە لە ئاشتی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
ترامپ سوپاسی ناتانیاهۆی کرد "لەسەر رەزامەندیی ئەم پلانە کە لاپەڕەیەکی نوێی خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکە دەکاتەوە" و هەروەها سوپاسی پێشنیازەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی کرد بۆ پەرەپێدانی پێشنیاری ئێستای ئاشتی.
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە: "زۆر نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی سەبارەت بە کەرتی غەززە... ئەگەر حەماس رازی بێت بە پێشنیارەکە، بارمتەکان لە ماوەی 72 کاتژمێردا ئازاد دەکرێن."
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە: "وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەڵێنیان داوە بە چەکداماڵینی غەززە و چەکداماڵینی حەماس و هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە بە شێوەیەکی دەستبەجێ، و ئێمە پشت بەم وڵاتانە دەبەستین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حەماس... بەپێی ئەوەی بیستوومە، حەماسیش دەیەوێت ئەمە بەدی بێنێت."
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: "هەست دەکەم وەڵامێکی ئەرێنی لە حەماسەوە بەدەست دەهێنین... و ئەگەر ئەمە روی نەدا، ئەوا ئیسرائیل پشتیوانیی تەواوی من دەبێت."
ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا: "ناتانیاهۆ بە توندی دژی دروستبوونی دەوڵەتێکی فەلەستینییە و من تێدەگەم... ناتانیاهۆ جەنگاوەرێکە و ئیسرائیل بە بوونی ئەو بەختەوەرە، بەڵام گەل ئاشتی دەوێت." هەروەها ئاشکرای کرد: "من دانوستانم کرد بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنەکانی ئیبراهیمی و پلانەکەم دەتوانێت فراوانیان بکات و رەنگە ئێران بەشدارییان بکات... بەشداریی ئێران شتێکی نایاب دەبێت."
لێدوانەکانی ناتانیاهۆ:
لەلایەن خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند: "ئێستا، هەنگاوێکی چارەنووسساز دەنێین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە و دانانی بناغە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
ئاماژەی بەوەشدا: "من پشتیوانی پلانی تۆ (ترەمپ) دەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە، کە ئامانجە سەربازییەکانمان بەدی هێنا و هەروەها گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ ئیسرائیل و هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازییەکانی حەماس و حوکمڕانییە سیاسییەکەی و دڵنیابوونەوە لەوەی غەززە جارێکی دیکە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست ناکات."
ناتانیاهۆ رونی کردەوە: "پلانەکەت هاوتای پێنج خاڵەکەیە کە حکومەتەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و بۆ رۆژی دوای حەماس دایانناوە."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشدا: "ئەگەر حەماس پلانەکە رەت بکاتەوە یان پێشێلی بکات، ئەوا ئیسرائیل ئەرکەکە بە تەنها خۆی کۆتایی پێدەهێنێت... بە رێگای ئاسان یان سەخت."
لە کۆتاییدا ناتانیاهۆ دووپاتی کردەوە: "رەنگە ئەم پلانە ئاسۆیەکی نوێ بێت بۆ غەززە و سەرەتایەکی نوێ بۆ ناوچەکە."
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیەنێت، ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكان بە پلانە 21 خاڵیەكەی رازی بوون بۆ ئاشتی لە كەرتی غەززە، حەماسیش دەڵێت، هێشتا پلانەكەیان پێ نەگەیشتووە.
دوای كۆبوونەوەی بلەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆشكی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وردەكاریی پلانە 21 خاڵیەكەی لەبارەی راگرتنی شەڕی غەززە خستەڕوو و باسی لەوە كرد، تەواوی لایەنەكان جگە لە حەماس پلانەكەیان پەسەندكردووە.
وتیشی، لایەنەكان رێككەوتوون لەسەر خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی سوپای ئیسرائیل، وەك خۆشی باسیكرد، كشانەوەكە لەسەر رادەی چەكدانانی حەماس دەوەستێت.
هەروەها باسی لەوەشكرد، بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، دەستەیەكی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە دروستدەكرێت.
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، یەكەم هەنگاو دەنێن بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڵێنی ئەوەشیدا، كە دوای چەكداماڵینی حەماس سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەكشێتەوە.
ناتانیاهۆ دووپاتیكردەوە، ئیسرائیل بەرپرسیارێتی ئاسایش لە كەرتی غەززە دەگرێتەئەستۆ بۆئەوەی گەرەنتی هەبێت جارێكی تر غەززە نابێتەوە هەڕەشە لەسەریان.
لە بەرانبەریشدا سەركردەیەكی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، تا ئێستا پلانەكەی ترەمپیان لەبارەی غەززە بەدەست نەگەیشتووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی پێشوازیکردنی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، گەشبینیی قووڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، بەڵام لە بەرامبەردا، ناتانیاهۆ وەڵامی پرسیارێکی هاوشێوەی نەدایەوە.
بەپێی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی و ئاژانسی فرانس پرێس، کاتێک ترەمپ لەبەردەم دەرگای کۆشکی سپی پێشوازیی لە ناتانیاهۆ دەکرد، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بەوەی ئایا رێککەوتنێک دەکرێت، لەسەرخۆ وتی "بەڵێ" و دووپاتیکردەوە کە "زۆر دڵنیایە" لەمبارەیەوە.
بەڵام بەپێی تۆڕی "سی ئێن ئێن"، کاتێک هەمان پرسیار ئاراستەی ناتانیاهۆ کرا، ناوبراو وەڵامی نەدایەوە.
پێشتر ترەمپ لەسەر تۆڕی "تروس سۆشیاڵ"ی خۆی نووسیبووی: "فرسەتێکی راستەقینەمان لەبەردەستە بۆ بەدەستهێنانی شتێکی مەزن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست... هەمووان ئامادەن بۆ شتێکی سەرنجڕاکێش، ئەمە پێشینەی نەبووە. ئێمە بەدەستی دەهێنین."
هەروەها، کارۆلاین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە سەرۆک دەیەوێت "جەنگ کۆتایی پێبێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن" و چاوەڕێ دەکات "هەردوو لا" پلانە نوێیەکەی واشنتن قبوڵ بکەن.
ئەمە چوارەمین سەردانی ناتانیاهۆ بۆ کۆشکی سپی لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات، و بڕیارە دوای کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش ئەنجام بدەن.
دەستەی بەریتانی بۆ ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکان (UKMTO) رایگەیاند، کەشتییەکی بازرگانی لە دووری 128میلی دەریایی لە باشوری رۆژهەڵاتی عەدەنی پایتەختی یەمەن، کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئاگری گرتووە.
دەستەکە لە راپۆرتێکدا سەرەتا ئاماژەی بەوەکرد کە کاپتنی کەشتییەک "تەقینەوە و دووکەڵ"ی لە دوورییەوە لە پشت کەشتییەکەیەوە بینیوە.
بەڵام لە زانیاریی نوێدا، دەستەکە لەسەر زاری "دەسەڵاتە سەربازییەکان" پشتڕاستیکردەوە کە کەشتییەکە پێکراوە و ئێستا ئاگری گرتووە.
ئامیخای چیکلی، وەزیری کاروباری جووەکانی دەرەوە و روبەروبوونەوەی دژایەتیکردنی جولەکە لە ئیسرائیل، هێرشێکی توندی کردە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و لە پەیامێکدا کە ئاراستەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆی کردووە، ئەردۆغانی بە "دیکتاتۆرێکی جیهادی" و "دوژمنی سوێندخواردووی شارستانیەتی رۆژئاوا" ناوبرد.
چیکلی لە پەیامەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، داوا لە ئەمریکا و ناتۆ دەکات کە پشتیوانییەکانیان بۆ ئەردۆغان رابگرن و دەڵێت: "ئەم دیکتاتۆرە جیهادییە بەهێز مەکەن."
ناوبراو نووسیویەتی: "ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژیی کوشندەیە، نزیکە لە کارەساتبارێتیی بە شەرعییەت ناساندنی سەرکردەیەکی پێشووی قاعیدە لە سوریا وەک دەوڵەتمەدارێکی بەڕێز."
ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە، ئامانجە گەورەکەی ئەردۆغان بەوە وەسف دەکات کە دەیەوێت ببێتە "سوڵتان و دیکتاتۆری خەلافەتێکی جیهادیی ئیسلامی."
ناوبراو، ئەردۆغان تۆمەتبار دەکات بە:
شایەنی باسە، ئامیخای چیکلی وەزیری کاروباری جووەکانی دەرەوە و قوبەقوبوونەوەی دژایەتیکردنی جولەکەیە لە حکومەتی ئیسرائیلدا و بە هەڵوێستە توندەکانی ناسراوە.
دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆی وتنی "دروشمی نارەسمی" لەلایەن قوتابییانەوە لە گۆڕەپانی قوتابخانەکاندا مشتومڕێکی بەرفراوانی لە سوریا دروستکرد، وەزارەتی پەروەردەی ئەو وڵاتە بڕیاریدا وتنەوەی هەموو جۆرە سرود و دروشمێک لە تەواوی قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا قەدەغە بکات.
وەزارەتی پەروەردەی سوریا، رۆژی دووشەممە، لە گشتاندنێکدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سەرجەم پارێزگاکانی کردووە، رایگەیاندووە کە "قەدەغەیەکی تەواو"ە لەسەر وتنی هەر سرود و دروشمێک، بە هەر جۆرێک بێت، لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا.
بەپێی گشتاندنەکە، ئەم بڕیارە کاتییە و کاری پێدەکرێت تا ئەو کاتەی سروودی نیشتمانیی رەسمی "کۆماری عەرەبیی سوریا" و دروشمی تایبەتی وەزارەت بەپێی رێکارە دەستوری و یاساییەکان پەسەند دەکرێن.
وەزارەتەکە داوای لە بەڕێوەبەرانی پەروەردە کردووە کە بە وردی چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکەن و هەر سەرپێچییەک ڕابگەیەنن.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ساڵی نوێی خوێندن لە 21ی ئەیلوولەوە بە بەشداریی زیاتر لە چوار ملیۆن قوتابی دەستیپێکردووە.
بەپێی راپۆرتێکی نوێی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، کە پشتی بە زانیاریی چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریکی و ئیسرائیلی بەستووە، ناکۆکی و بێئومێدی لەنێوان ئیدارەی ترەمپ و حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە.
بەرپرسان ئاشکرایان کردووە کە ناتانیاهۆ ناچارە یەکێک لەم دوو رێگەیە هەڵبژێرێت: یان دەبێت خواستی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ جێبەجێ بکات، یان ملکەچی فشارەکانی هاوپەیمانەکانی بێت لە حکومەتەکەیدا، کە خوازیاری بەردەوامیی جەنگن.
بەرپرسێک لە کۆشکی سپی بە ئەکسیۆسی وتووە: "ئێمە تێناگەین ناتانیاهۆ پلانی چییە، لە کاتێکدا دەبوو هەموو سەرنجی لەسەر ئیسرائیل و غەززە بوایە."
هەمان بەرپرس، جوڵەکانی ناتانیاهۆ بە نیگەرانییەکانییەوە دەبەستێتەوە سەبارەت بە دۆسیەی دادگاییکردنەکەی و دەڵێت: "رونە کە نیگەرانیی ناتانیاهۆ لەبارەی دادگاییکردنەکەی، هۆکاری سەرەکیی رەفتارەکانیەتی."
فشاری کۆشکی سپی و بێئومێدیی راوێژکاران:
زانیارییەکانی ئەکسیۆس چەندلایەنێکیتری گرژییەکان دەخاتە روو:
هەڕەشەی هەڵگەڕانەوە: یاریدەدەرانی ترەمپ هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ناتانیاهۆ پلانی ئاشتی رەتبکاتەوە، "لەوانەیە ترەمپ پشتی تێبکات".
کەمبوونەوەی پشتیوانییەکان: پشتیوانی بۆ ئیسرائیل، تەنانەت لەناو خودی کۆشکی سپیدا، "ئاستێکی پێوانەیی لە دابەزین بەخۆوە بینیوە".
کۆتاییهاتنی ئارامی: راوێژکارە نزیکەکانی ترەمپ، وەک جارید کوشنەر و جەیسن ویتکۆف، "ئارامییان بەرامبەر ناتانیاهۆ لە کۆتاییهاتندایە" و گەیشتوونەتە "ئاستی بێئومێدی" لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا.
قۆستنەوەی ترەمپ: بەشێک لە راوێژکارانی ترەمپ پێیان وایە "ناتانیاهۆ ترەمپ دەقۆزێتەوە و بۆ مانەوەی سیاسیی خۆی، سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدات".
مەترسی لەسەر سیاسەتی ترەمپ: راوێژکاران جەخت دەکەنەوە کە "هەموو ئەو شتانەی ترەمپ دەیەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستی بهێنێت، پووچەڵ دەبنەوە ئەگەر نەتوانێت ناتانیاهۆ رازی بکات بە کۆتاییهێنان بە جەنگ."
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، دەزانن كە كۆگای یۆرانیۆمە پیتێنراوەكەی ئێران لە كوێدا حەشاردراوە.
بنیامین ناتانیاهۆ ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە كەناڵی فۆكس نیوزی راگەیاندووە، ئەوان بە دڵنیاییەوە دەزانن ئەو 400 كیلۆگرامە یۆرانیۆمە پیتێنراوەی ئێران لە كۆیدا هەڵگیراوە و بیرۆكەی زۆر باشیان هەیە لەو بارەیەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئێران لە سەرەتای هاویندا پێش دەستپێكردنی شەڕی ئیسرائیل خاوەنی زیاتر لە 400 كیلۆگرام یۆرانیۆم بووە، كە پیتێنراوە تا 60%ی ، كە ئەوەش نزیكی دەكاتەوە لە بەدەستهێنان و دروستكردنی بۆمبی ئەتۆم.
پێشتریش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاندبوو، ئەوەی تا ئێستا دیار نییە، دوای ئەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، ئایا ئەو رێژەی یۆرانیۆمەیە كە پیتێنرابوو وەك خۆی ماوەتەوە یان نا،هەروەها لە ئێستادا ئەو وڵاتە توانای هەیە یۆرانێوی زیاتر بپیتێنێت یاخود لە توانایدا نیە .
كاروانێكی سەربازی هاوپەیمانان گەیشتە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤیش رایگەیاندوە، كاروانەكە لە 35 بارهەڵگر پێكهاتووە.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ كاروانێكی گەورەی سەربازیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە چوارچێوەی بەهێزكردنی پێگەكانی لە ناوچەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە دەروازەی سنوری وەلیدەوە بەرە و بنكەی هاوپەیمانان لە قەسرەك لە دەوروبەری حەسەكە رۆشتوون.
راشیگەیاندوە، كاروانەكە لە 35 بارهەڵگر پێكهاتووە كە كەلوپەلی سەربازی و لۆجستییان باركردووە.
ئەوەش لە كاتێكدایە رۆژی شەممەش، هێزەكانی هاوپەیمانان هێزی پشتیوانی سەربازییان لە رێگەی فڕۆكەیەكی بارهەڵگری ئەمریكییەوە بۆ بنكەی سەربازی فڕۆكەخانەی خەراب جیر لە دەوروبەری رمێلان لە باكوری حەسەكە گواستوەتەوە، هاوكات لە چوارچێوەی گۆڕانكارییە نوێكان و رووبەڕوبوونەوەی تیرۆرستانی داعش، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، پشتیوانی زیاتر بۆ هەسەدە دەنێرێت.
سزای هەمەلایەنەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەر ئێران بۆ یەكەمجار و لەدوای 10 ساڵ دووبارە سەپێندرایەوە، پێشبینی دەكرێت كاریگەری بەرفراوانی لەسەر ئابووری تاران هەبێت.
دوابەدوای وەستانی وتووێژەكانی نێوان تاران و زلهێزەكانی رۆژئاوا سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، كۆمەڵێك سزای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەر ئێران كە پەیوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە هەبوو، كە پێشتر بەپێی رێككەوتنی ساڵی 2015 هەڵگیرابوو، دووبارە سەپێندرانەوە.
سزاكان دوای ئەوە سەپێندرانەوە كە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ناسراو بە ترۆیكا میكانیزمی "سناپباك"یان چالاك كرد و تارانیان تۆمەتبار كرد بە جێبەجێنەكردنی ئەركەكانی.
ئەمریكا لە 2018وە سزاكانی خۆی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، ئەمەش دوای كشانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە یەكەم خولی خۆیدا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە.
سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەو كۆمپانیا و رێكخراو و كەسانە دەكاتە ئامانج كە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بەشدارن لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران یان پەرەپێدانی مووشەكی بالیستیكی ئەو وڵاتە.
بەپێی ئەو سزایانەی كە چالاكراونەتەوە، ئێران چیتر ناتوانێن هیچ مامەڵەیەكی كڕین و فرۆشتنی چەك بكات.
هەروەها، سزاكان هاوردەكردن، هەناردەكردن، یان گواستنەوەی تەكنەلۆژیای پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییە بالیستیكییەكانی قەدەغە دەكات.
هەروەها سەروەت و سامانی قەوارە و تاك و حكومەتی ئێران لە دەرەوەی وڵات كە پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمیەوە هەیە، بلۆك دەكرێن، هەروەها ئەو كەسانەش گەشتكردنیان بۆ وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان لێی قەدەغەدەكرێت.
یەكێكی دیكەش لەو سزایانە، ئەوەیە دەستراگەیشتنی ئێران بە دامەزراوە بانكی و داراییەكانی جیهان سنوردار دەكرێت.
هۆكاری گەڕانەوەی ئەو سزایانەش بۆ ئەوەیە وڵاتانی رۆژئاوا ترسیان هەبوو لەوەی ئێران بتوانێت چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، چونكە بە پێی وتەی ئاژانسی ئەتۆم، ئێران خاوەنی نزیكەی 440 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە كە دەكاتە لە 60%، ئەگەر ئەو رێژەیەش بگەیەنرێتە لە 90% ئەوە ئەو رێژەیەش بەسە بۆ بەرهەمهێنانی نێوان هەشت بۆ دە بۆمبی ئەتۆمی.
لەدوای گەرانەوەی ئەو سزایانەش، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند ئەو سزایانە بێ بنەمان هەربۆیە وەڵامی توند و گونجاویان دەبێت بۆی.
ترۆیكای ئەوروپاش هۆشداری دایە تاران لە هەر وەڵامێك، رایانگەیاند، سەپاندنەوەی ئەو سزایانە بە مانای كۆتاییهاتنی دانوستانی دیبلۆماسی نییە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.
لای خۆشیەوە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وێرای دەستخۆشی لە ترۆیكای ئەوروپا لەدوای گەرانەوەی سزاكان، داوای لە ئێران كرد كە ڕازی بێت لەسەر دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا، هەروەها داواشی لە هەموو وڵاتان كرد ئەو سزایانە جێبەجێ بكەن كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بەسەر ئێراندا سەپێنراونەتەوە.
بەڵام تا ئێستا روون نییە، كە چین و روسیا ئەو سزایانە جێبەجێدەكەن یان نا بەو پێیەی پێشوتریش هیچ پابەندنەبون بەسزاكانی سەر ئەو وڵاتەوە.
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بەهۆی جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی قاهیرە ئەمڕۆ پەرلەمان تاوتوێی كشانەوە لە پەیماننامەی رێگریكردنی بڵاوبونەوەی تیشكدانەوەی ئەتۆمی دەكات.
ئیسماعیل كەوسەری ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەو رێككەوتنەی لە قاهیرە لەگەڵ رافایێل گروسی بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆم پێی گەشیشتن نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە ، هەربیە ئەمڕۆ پەرلەمانی ئێران تاوتوێی كشانەوە لە پەیماننامەی رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی تیشكدانەوەی ئەتۆمی تاوتوێ دەكات و ئەو بابەتە یەكلادەكاتەوە.
وتیشی، بابەتی چەكی ئەتۆمیش دوای كشانەوە لە پەیماننامەكە تاوتوێ دەكرێت و دەشكرێت دوای ئەوە بخرێتە كارنامەی پەرلەمانەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیدانەی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر وڵاتەکەی لەلایەن ترۆیکای ئەوروپیەوە بە "ناڕەوا " وەسفیکردوە و ئاماژەی بە وەڵامێکی توند و رەوایان کردوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای پرۆسه ی یاسایه و هەر هه وڵێک بۆ ئه و کاره بێبنەمایە، هەروەها داوای لە وڵاتان کرد کە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ نەکەن، چونکە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان "وەڵامدانەوەی پتەو و گونجاو"ی دەبێت.
وه زاره تی ده ره وه ی ئێران له به یاننامه ی خۆیدا ئاماژەی بەوەکردوە، کۆماری ئیسلامی ئێران به توندی داکۆکی له ماف و بەرنژەوەندیە نەتەوەییەکانی دەکات و هەر هەوڵیک به ئامانجی تێکدانی بەرژەوەندی و مافەکانی گەلی ئێران وەڵامی گونجاویدەبێت.
پێشتریش ڕۆژی یەکشەممە، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە ئەنتۆنیۆ گۆترێس ، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، رێگری لە چالاککردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی گەمارۆ سەپێندراوەکان بکات.
عراقچی لە نامەیەکدا کە ئاراستەی گۆتێرێس کراوە و لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی، داواتان لێدەکەین رێگری لە هەر هەوڵێک بکەن بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمەکانی سزاکان، لەوانەش لیژنەی سزاکان و پانێڵی پسپۆڕان .