ترەمپ نەخشەی کشانەوەی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە
محەمەد رزگار
٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروس' نەخشەی کشانەوەی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە، بەپێی نەخشەکە هێڵە زەردەکە قۆناغی یەکەمی کشانەوەی سوپای ئیسرائیلە.
بەپێی ئەو نەخشەیەی سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردوەتەوە، بە رونی نیشان دەدات کە رەفەح و رێڕەوی فیلادلفی لەسەر سنوری میسر لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا دەمێنێتەوە.
لە باکوری کەرتی غەززە، نەخشەکە بە رونی شاری بەیت حەنون لە چوارچێوەی ئەو ناوچەیەدا دەگرێتەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا دەمێنێتەوە تا هەموو قۆناغەکانی رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن و دواتر پاشەکشەیان پێدەکرێت.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە "کشانەوەیەکی سەرەتاییە" و پلانی 20 خاڵییەکەی بریتییە لە کشانەوەی وردە وردەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە.
دوای ئەم کشانەوە سەرەتاییە بۆ ئاسانکاری ئازادکردنی دیلەکان، ئیسرائیل وردە وردە کۆنترۆڵی خاکی زیاتر دەگوازێتەوە بۆ هێزێکی نێودەوڵەتی عەرەبی-ئیسلامی کە دادەمەزرێت و دڵنیایی دەدات لە چەکداماڵینی کەرتی غەززە.
هێڵی زەرد لەو نەخشەیەدا قۆناغی یەکەمی پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکای روون کردەوە کە هەفتەی رابردوو رایگەیاند، و پێشبینی دەکرێت سوپای ئیسرائیل لە باکووری غەززەوە تا دەوروبەری رەفەح بکشێتەوە، هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی بارمتەکان و تەرمەکان.



