رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروت سۆشیاڵ' لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە، پایتەختی قەتەر، رایگەیاند کە هێرشەکە "ئۆپەراسیۆنێکی تەواو سەربەخۆ" بووە و "بڕیاری من نەبووە." ترەمپ جەختی لەسەر پێگەی قەتەر وەک "هاوپەیمانێکی بەهێز" کردەوە و داوای کرد جەنگەکە دەستبەجێ کۆتایی بێت.

ترەمپ لە پۆستەکەیدا نووسیبووی: "بەیانی ئەمڕۆ، ئیدارەی ترەمپ لەلایەن سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ئاگادارکرایەوە کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر حەماس، کە بەداخەوە، لە بەشێک لە دەوحە، پایتەختی قەتەر جێگیر بووبوون. ئەمە بڕیارێک بوو لەلایەن سەرۆکوەزیران ناتانیاهۆوە، بڕیاری من نەبوو."

سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە هێرشە تاکلایەنەییەکە گرت و رایگەیاند: "بۆردوومانکردنی تاکلایەنە لەناو قەتەردا، کە وڵاتێکی سەروەر و هاوپەیمانێکی نزیکی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، و زۆر بە سەختی و بە جورئەتەوە لەگەڵمان کار دەکات بۆ نێوەندگیریی ئاشتی، لە خزمەتی ئامانجەکانی ئیسرائیل یان ئەمریکادا نییە."

لە هەمان کاتدا ترەمپ ئاماژەی بەوەدا: "بەڵام، لەناوبردنی حەماس، کە قازانجی لە نەهامەتییەکانی دانیشتووانی غەززە کردووە، ئامانجێکی شایستەیە."

ترەمپ ئاشکرای کرد کە "دەستبەجێ رێنماییم دا بە نێردەی تایبەت ستیڤ ویتکۆف بۆ ئەوەی قەتەرییەکان لەبارەی هێرشە نزیکبووەکەوە ئاگادار بکاتەوە، کە ئەویش کردی، بەڵام بەداخەوە، زۆر درەنگ بوو بۆ وەستاندنی هێرشەکە."

لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ جەختی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر کردەوە: "قەتەر بە هاوپەیمانێکی بەهێز و دۆستی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبینم، و زۆر دڵگرانم بە شوێنی هێرشەکە. من دەمەوێت هەموو بارمتەکان، و تەرمی مردووەکان، ئازاد بکرێن، و ئەم جەنگە، ئێستا، کۆتایی بێت!"

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە دوای هێرشەکە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، قسەی کردووە. "سەرۆکوەزیران پێی وتم کە دەیەوێت ئاشتی بەدیبهێنێت. پێموایە ئەم روداوە ناخۆشە دەتوانێت وەک دەرفەتێک بۆ ئاشتی خزمەت بکات."

ترەمپ هەروەها لەگەڵ ئەمیر و سەرۆکوەزیرانی قەتەر قسەی کردووە و سوپاسی پاڵپشتی و دۆستایەتییان کردووە بۆ ئەمریکا. "دڵنیام کردنەوە کە شتێکی لەو جۆرە جارێکی دیکە لەسەر خاکەکەیان رونادات."

لە کۆتاییدا، ترەمپ ئاشکرای کرد کە "رێنماییم بە وەزیری دەرەوە، مارکۆ روبیۆ، داوە بۆ تەواوکردنی رێککەوتنی هاوکاریی بەرگری لەگەڵ قەتەر."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کارۆلاین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر، ئەنجامداوە دوای ئەو هێرشەی کە سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماسی لە دەوحە کردبووە ئامانج.

بەپێی وتەی وتەبێژەکە، ترەمپ هێرشکردنە سەر حەماسی بە "ئامانجێکی شایستە بە ئەنجامدان" وەسف کردووە، بەڵام جەختی لە دەوحە کردووەتەوە کە "شتێکی لەم شێوەیە لەسەر خاکەکەی دووبارە نابێتەوە."

لیڤیت رونیشی کردەوە کە پێنتاگۆن ئاگاداری ئیدارەی ئەمریکای کردووەتەوە کە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر حەماس لە قەتەر، و ئاماژەی بەوەدا کە ستیڤ وییتکۆف، نێردەی ئەمریکی، داوای لێکراوە قەتەرییەکان لەبارەی هێرشەکەوە ئاگادار بکاتەوە.

وتەبێژەکە جەختی لەوە کردەوە کە بۆردوومانەکە تاکلایەنە بووە لە وڵاتێکی خاوەن سەروەری و هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، دووپاتیشی کردەوە کە "هەڵسوکەوتێکی لەم جۆرە لە خزمەتی ئامانجەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا نییە."

هەروەها ئاشکرای کرد کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە ترەمپی وتووە کە "دەیەوێت بە خێرایی ئاشتی بەدیبهێنێت."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک وەزیرانی عیراق و میری قەتەر پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداو، تێیدا ئیدانەی هێرشکردنە سەر دەوحەیان کرد.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تەمیم بن حەمد میری قەتەر، ئیدانەی هێرشکردنە سەر وڵاتی قەتەری کرد و ئەو هێرشەی بە دەستدرێژیکردن بۆ سەر سەروەری قەتەر و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان ناوبرد.

سەرۆک وەزیرانی عیراق، هاوسۆزی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتی قەتەر و پاڵپشتی لە ئاسایش و سەلامەتی گەلی قەتەری  دەربڕی.

رونیشیکردەوە، عیراق وەک سەرۆکی کۆمکاری کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی داوای ئەنجامدانی کۆبونەوەی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی  کردەوە، هەرەوەها نوێنەران و لێپرسراوانی وڵاتانی عەرەبییش.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشکردنە سەر وەفدی دانوستانکاری حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر راگەیاند، وردەکاریی نوێ لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە و ئەو سەرکردە باڵایانەی کە چاودێرییان کردووە، ئاشکرا دەکرێت. ئۆپەراسیۆنەکە ناوی "لوتکەی ئاگر" بووە و لە کاتێکدا ئەنجامدراوە کە شاندی حەماس خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست بوون.

هێرش لە کاتی تاوتوێکردنی پێشنیازی ئاگربەستدا:

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "جێروسالم پۆست" کە لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە بڵاویکردووەتەوە، "حەماس پێشنیازێکی نوێی لە قەتەرییەکان وەرگرتووە، کە هەفتەی رابردوو لە پاریس لەلایەن ستیڤ ویتکۆفەوە پێیان گەیشتبوو."

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "سەرۆک وەزیرانی قەتەر رۆژی دووشەممە لەگەڵ سەرکردایەتی حەماس کۆبووەتەوە و بڕیاربووە ئەمڕۆ سێشەممە جارێکی دیکە کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەکە، کە لە تورکیاوە گەیشتبوو."

وردەکاریی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکە

بەپێی زانیارییەکان، ئۆپەراسیۆنی "لوتکەی ئاگر" بە شێوەیەکی زۆر ورد و ئاڵۆز ئەنجامدراوە:

  • بەشداربووان: نزیکەی 15 فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە.

  • چەک: زیاتر لە 10 مووشەکی ئاسمانی ئاراستەی ئامانجەکە کراون، کە بە جیاوازیی چەند چرکەیەک پێیکەوتوون.

  • ئامانج: تەنها یەک ئامانجی دیاریکراو هێرشی کراوەتە سەر.

  • لۆجستی: فڕۆکەکان لە ئاسماندا سووتەمەنییان پێدراوە بۆ ئەوەی بتوانن مەودایەکی دوور ببڕن.

  • گەڕانەوە: فڕۆکەوانەکان دوای تەواوکردنی ئەرکەکەیان، بە سەلامەتی لە ئیسرائیل نیشتوونەتەوە.

ژووری ئۆپەراسیۆنەکان و سەرکردە ئامادەبووەکان:

میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەتی دەزگای ئاسایشی گشتیی ئیسرائیل (شاباک) لە ناوەڕاستی وڵات بەڕێوەبراوە، لە کاتێکدا هێزی ئاسمانی بەرپرسیار بووە لە جێبەجێکردنی.

لە کاتی هێرشەکەدا، ئەم بەرپرسە باڵایانە لە ژووری فەرماندەیی پێشکەوتوودا ئامادەبوون:

  • بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

  • یسرائێل کاتس، وەزیری بەرگری

  • شلۆمی بیندەر، سەرۆکی هەواڵگریی سەربازی

  • سەرۆکی بە وەکالەتی شاباک و جێگرەکەی

هاوکات، لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانیدا، هەریەک لە:

  • ئەیال زەمیر، سوپاسالار

  • لیوا تۆمەر بار، فەرماندەی هێزی ئاسمانی

ئامادەبوون و چاودێریی راستەوخۆی ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە. ئەم ئامادەبوونە فراوانەی سەرکردە سیاسی و سەربازی و هەواڵگرییەکان، گرنگیی ستراتیژیی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ئیسرائیل دەردەخات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای هێرشە ئاسمانییە چاوەڕواننەکراوەکەی ئەمڕۆ سێشەممە بۆ سەر بارەگایەکی وەفدی دانوستانکاری حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە "بە شێوەیەکی تەواو سەربەخۆ" لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە. لە کاتێکدا سەرچاوەکان لە حەماسەوە دووپاتیانکردەوە کە وەفدی دانوستانکار لە هێرشەکە رزگاریان بووە، سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد کە ئۆپەراسیۆنەکەیان ناوی "لوتکەی ئاگر" بووە.

ئیسرائیل: ئۆپەراسیۆنەکە سەربەخۆ بوو
بنیامین نەتانیاهۆ لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکرایەوە، جەختی کردەوە: "ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەمڕۆ دژی سەرکردەکانی حەماس ئەنجامدرا، ئۆپەراسیۆنێکی تەواو سەربەخۆی ئیسرائیل بوو." نەتانیاهۆ وتیشی: "ئیسرائیل دەستپێشخەری کرد، ئیسرائیل جێبەجێی کرد، و ئیسرائیل بەرپرسیارێتی تەواوی هەڵدەگرێت."

هاوکات، سوپای ئیسرائیل بە هاوکاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی "شاباک" راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند کە هێرشێکی ئاسمانیی وردیان بۆ سەر "سەرکردایەتی حەماس لە دەرەوە" ئەنجامداوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "ئەو سەرکردانەی کراونەتە ئامانج، ساڵانێکە چالاکییەکانی حەماسیان بەڕێوەبردووە و بەرپرسیاری ڕاستەوخۆن لە هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر و بەڕێوەبردنی شەڕ دژی ئیسرائیل."

وتەبێژی رەسمی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد کە ئۆپەراسیۆنەکە ناوی "لوتکەی ئاگر" (بە عەرەبی: قمة النار) بووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە هێرشێکی ئاسمانیی چاوەڕواننەکراودا، سوپای ئیسرائیل بارەگایەکی وەفدی دانوستانکاری حەماسی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر کردە ئامانج. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە هێرشەکەدا کوڕی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حەماس و بەڕێوەبەری نوسینگەکەی کوژراون، بەڵام وەفدی سەرەکیی دانوستانکار رزگاریان بووە.

وردەکاریی هێرشەکە
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، دوکەڵێکی چڕ لە یەکێک لە باڵەخانەکانی دۆحە بەرز دەبێتەوە و هاوڵاتیانیش لە شوێنی روداوەکە بە ترس رادەکەن.

سوپای ئیسرائیل لەراگەیەندراوێکی رەسمیدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە "هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە وردی بارەگای سەرکردایەتی حەماسی کردووەتە ئامانج." لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو سەرکردانەی کراونەتە ئامانج، ساڵانێکە چالاکییەکانی حەماسیان بەڕێوەبردووە و بەرپرسیارن لە کۆمەڵکوژییەکەی 7ی ئۆکتۆبەر و بەڕێوەبردنی شەڕ دژی ئیسرائیل."

سوپای ئیسرائیل جەختی لەوەش کردەوە کە پێش هێرشەکە رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ خۆپاراستن لە زیانگەیاندن بە هاوڵاتیانی مەدەنی، لەڕێگەی بەکارهێنانی "چەکی ورد و زانیاریی هەواڵگریی پێشوەختە."

قوربانییەکان و رزگاربوونی وەفدە سەرەکییەکە:

تۆڕی هەواڵی "قودس"ی فەڵەستینی بڵاویکردەوە کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، کوڕی خەلیل حەییە، سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری حەماس، لەگەڵ بەڕێوەبەری نوسینگەکەی کوژراون.

لە بەرامبەردا، کەناڵی جەزیرەی قەتەری لە زاری سەرچاوەیەک لەناو حەماسەوە بڵاویکردەوە، وەفدی باڵای دانوستانکاری حەماس بە سەرۆکایەتیی خەلیل حەییە، لە هێرشەکە رزگاریان بووە. بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە لە کاتێکدا کراوە کە وەفدەکە لە کۆبوونەوەدا بوون بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە خەلیل حەییە و زاهیر جەبارین لە سەرەکیترین ئامانجەکانی هێرشەکە بوون. هەروەها کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە خالید مشعەلیش، سەرۆکی حەماس، لەناو ئەو کۆبوونەوەیەدا بووە کە کراوەتە ئامانج.

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

  • قەتەر: وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئیدانەی "هێرشە ترسنۆکانەکە"ی کرد و رایگەیاند: "قەتەر هەرگیز چاوپۆشی لەم رەفتارە سەرەڕۆییانەی ئیسرائیل و بەردەوامبوونی لە تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە ناکات." وتەبێژی وەزارەتەکە، ماجد ئەنساڕی، وتیشی: "ئەم دەستدرێژییە تاوانکارییە پێشێلکارییەکی زەقی هەموو یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتیان و نیشتەجێبووانی قەتەر."

  • ئێران: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکەی بە "کارێکی زۆر مەترسیدار و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاکی قەتەر" ناوبرد. هەروەها وتی: "ئەم کارە تاوانکارییە پێشێلکارییەکی زەقی بنەما و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە."

  • ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: کەناڵی12ی ئیسرائیلی رایگەیاندووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، "گڵۆپی سەوزی" بۆ ئیسرائیل هەڵکردووە تا ئۆپەراسیۆنی کوشتنی سەرکردەکانی حەماس لە دۆحە ئەنجام بدات.

لەلایەکی دیکەوە، بتسەلیئێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند: "تیرۆریستان لە هیچ شوێنێکی جیهاندا لە دەستی درێژی ئیسرائیل پارێزراو نابن."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
پاش ئەوەی لەلایەن هێزی ئاسمانی سوپای ئیسرائیلەوە وەفدی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لەقەتەر بەئامانگیران، دەنگۆی رزگاربوونی وەفدەکە لەناو میدای قەتەریدا بڵاودەبێتەوە.
کەناڵی جەزیرەی قەتەری لە زاری لێپرسراوێکی بزوتنەوەی حەماسەوە رایگەیاندووە، سەرکردایەتی بزوتنەوەی حەماس بە سەرۆکایەتی خەلیل حەییە، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس ، لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، رزگاریان بووە.
کەناڵەکە پاڵپشت بە سەرکردەیەکی حەماس رایگەیاندووە، هێرشەکە لە کاتی کۆبوونەوەیەکدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشنیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە هێرشەکە شوێنی کۆبوونەوەی وەفدەکەی کردووەتە ئامانج.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژمارەیەک لێپرسراوی بزوتنەوەی حەماس لەکاتی کۆبونەوەیکدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لە بۆردومانێکی ئاسمانی سوپای ئیسرائیلدا بە ئامانجگیران.

لە کۆبونەوەکەی بزوتنەوەی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەسەرپەرشتی خەلیل حەیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، هەروەها ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەکە کە پێکهاتبوون لە محەمەد دەروێش، موسا ئەبو مەزروق، حسام بەدران، زاهیر جەبارەین، خالید مەشعەل خەلیل حەیە، هەروەها نزار عەوز ئەڵا و تاهیر نونو بەشداربوون.

میدیاکانی کەنداو ئاماژەیان بەوەکردوە، وەفدەکەی حەماس لە بارەی پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە.

کەناڵ 14ی ئیسرائیلی ئاشکریکردوە، هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی لە هێرشەکەی بۆ سەر کۆبونەوەکەی حەماس 10 فڕۆکەی جەنگی بەشداریان تێداکردوە و 12 موشەکیان ئاراستەی ئەو جێگەیە کردوە.

پێشتریش یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاندبوو، سەرکردەکانی حەماس لەدەرەوەی غەززە چیتر سەلامەت نابن و بە ئامانج دەگیرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل بە شێوەیەکی رەسمی، وردەکاریی هێرشەکەی بۆ سەر وەفدی دانوستانکاری حەماس راگەیاند و تیایدا هاتووە؛ لە دەوحە هێرش کراوەتە سەر ژمارەیەک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس، لە سەروویانەوە خەلیل حەییە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە.

رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "سوپای ئیسرائیل و شین بێت (ئاژانسی ئاسایشی ناوخۆیی ئیسرائیل) کەمێک پێش ئێستا بە وردی و ئاراستەکراوانە هێرشیان کردووەتە سەر سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس."

لە راگەیەندراوە رەسمیەکەدا هاتووە: "سەرکردەکانی حەماس کە کراونەتە ئامانج، ساڵانێکە چالاکییەکانی حەماسیان بەڕێوەبردووە و بەرپرسیارێتی راستەوخۆیان لە ئەستۆدایە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی حەوتی تشرینی یەکەم و بەڕێوەبردنی جەنگ دژی ئیسرائیل."

راگەیەندراوەکە دەڵێت: "پێش هێرشەکە هەنگاو نراوە بۆ خۆدزینەوە لە زیان گەیاندن بە هاووڵاتیانی مەدەنی، کە بریتی بووە لە بەکارهێنانی جۆرە تەقەمەنییە وردبینەکان و زانیاریی هەواڵگریی زیادە."

هەروەها، سەرچاوەکان بۆ سکای نیوز عەرەبییە دووپاتیان کردووەتەوە کە تەقینەوەکەی دەوحە کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی حەماسی لە دەرەوەی وڵات کردووەتە ئامانج. کەناڵی 12ـی ئیسرائیلیش لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە گواستوویەتییەوە کە ئەمە "ئۆپەراسیۆنێکی تۆڵەسەندنەوەیە" دژی سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە.

وێنەی سەرکردە کوژراوەکانی حەماس:


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی ئامارێكی ئاژانسی فرانس پرێس، لە 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2023ەوە، 904 سەرباز و ئەفسەری ئیسرائیلی كوژراون.

فرانس پرێس بەپێی داتاكانی سوپای ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل كوژرانی چوار سەربازی تری بەهۆی هەڵدانی بۆمبی چێندراو بۆسەر تانكەكانیان راگەیاند، ژمارەی سەرباز و ئەفسەرە كوژراوەكانی ئیسرائیل بۆ 904 كەس بەرزبووەتەوە، كە لە 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2023ەوە تائێستا كوژراون.

سەبارەت بەو چوار سەربازەش كە رۆژی دووشەممە كوژراون، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، پلەی رەقیبیان هەیە و لە باكوری كەرتی غەززە كوژراون و تەمەنیان لەنێوان 19 بۆ 20 ساڵاندایە و ناوی سیانیان ئاشكراكراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل فەرمان بە دانیشتوانی غەززە دەکات دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵ بکەن، چونکە گەورەترین ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجامدەدەن.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا دانیشتوانی غەززە ئاگادار دەکاتەوە و رایگەیاندووە، پێویستە دانیشتوانی غەززە دەستبەجێ شارەکە چۆڵ بکەن، چونکە گەورەترین ئۆپراسیۆن بۆ لەناوبردنی حەماس ئەنجامدەدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، مانەوە لەو ناوچانە مەترسیدارە و پێویستە دانیشتوانی غەززە ناوچەکانیان بەرەوە ناوچەیی مرۆیی "مەواسی" جێبهێڵن.

سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستوەتەڕوو، هێزەکانیان لە سەرجەم ناوچەکانەوە لە ئامادە باشیدان و گەورەترین ئۆپراسیۆن بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامدەدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هێرشێکی چەکدارییدا لە ئیسرائیل پێنچ کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردوەتەوە، گروپێکی چەکدار لە دوریانی راموت لە شاری قودس هێرشێکی چەکدارییان ئەنجامدا و بەهۆیەوە پێنج ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر لە 10 کەسی دیکەش بریندارن، کە برینی دووان لە بریندارەکان سەختە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەوانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە ژمارەیان دوو کەسە و لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

کەمێک پێش ئێستا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گەیشتە شوێنی هێرشە چەکدارییەکە لە شاری قودس، بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شاری ئیزمیری تورکیا دوو  پۆلیس کوژران.

کەمێک پێش ئێستا لە تورکیا، هێرشکرایە سەر بنکەی پۆلیسی "ساڵح ئیشگۆرەن" لە قەزای باڵچۆڤای پارێزگای ئیزمیر، هاوکات بەهۆی هێرشەکەوە کوژرا و برینداری لێکەوتەوە.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکانی تورکیا بەهۆی ئەم هێرشەوە، موحسین ئایدەمیر، بەڕێوەبەری ئاسایش و پۆلیسێک کوژران و پۆلیسێکی تریش برینداربوو. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە لەلایەن گەنجێکی تەمەن 16 ساڵانەوە ئەنجامدراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حوسییەكانی یەمەن بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل و گەشتەكانی فڕۆكەخانەی رامۆنیان راگرت.

دەستەی فڕۆكەخانەكانی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، چوار فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەلایەن حوسییەكانەوە لە یەمەنەوە هەڵدراون و تەنها دوانیان تێكشكێنراون، ئەوانی دیكە بەربەستە بەرگرییەكانی ئیسرائیلیان بەبێ لێدانی زەنگی ئاگاداركردنەوە بڕیوە و شاری ئیلاتیان كردووەتە ئامانج.

هەروەها دەڵێت، یەكێكیان هۆڵی چاوەڕوانی فڕۆكەخانەی رامونی شاری ئیلاتی كردووەتە ئامانج و جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانیشی بەدواوە بووەو دوو كەس برینداربوون، هەروەها ئاسمانی شارەكە بەڕووی گەشتە ئاسمانیەكاندا بۆ ماوەی دوو کاتژمێر داخراوە.

هەروەها فڕۆكەكەی تر لە ناوچەی نەقەب كەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە برینداربوونی سوك لە شوێنی روداوەكە تۆمار كراوە، سوپای ئیسرائیلیش لێكۆڵینەوەكانی بۆ هێرشە كتوپڕەكە دەستپێكردووە.

حوسییەكان لە راگەیەندراوێكدا بەرپرسیارێتی هێرشەكەیان لە ئەستۆ گرتووەو رایانگەیاندووە، لە تۆڵەی كوژرانی سەرۆك وەزیران ئەنجامیانداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دەبێت رێز لە ماف و بەرژەوەندییەكانی ئێران بگیرێت و هەر كاتێك ئەمریكا رێزی لە بەرامبەرەكەی گرت ئامادەن بۆ دانوستان. 

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی كۆنفرانسی نیشتمانیی تواناكانی وەبەرهێنان لە ناوچە ئازاد و بازرگانییەكانی ئێران رایگەیاند، ئەو ڕۆژەی واشنتن ئامادە بێت بۆ دانوستان لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر، ئەوانیش ئامادەن بۆ دانوستان. 

دەشڵێت، وڵاتانی ترۆیكا هەڵەیەكی گەورەیان كرد لەبارەی چالاككردنی سزاكان، ئەمەش كارەكانی قورستر كردووە و دانوستانەكان بەردەوامن بەو هیوایەی بگەینە لێكگەیشتنێكی هاوبەش. 

وتیشی، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دوای هێرشەكەی سەر بنكە ئەتۆمییەكان تێكچووە و وەك جاران نەماوە. 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین "ئۆنروا" ، هۆشداری دەدات لە خراپبوونی کارەساتی مرۆیی لەغەززە کە لە ئێستادا لە ئاستێکی بێ وێنەدایە.

ئۆنروا ئاماژەی بەوەکردووە، پێدواویستییەکان لە کەرتی غەززە زۆرن و پێویستی بە یارمەتیدانێکی مرۆی گشتگیرە، بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس کە لەژێر گەمارۆدان و لە ژێر برسێتیدا دەژین.

راشیگەیاندووە، ئیسرائیل بەردەوامە لە دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتنە ناوەوەری هاوکارییەکان، بەمەش کەمی خۆراک و دەرمان لە کەرتەکە زیاتر دەکات، دەشڵێت، 900 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەدەست برێستییەوە دەناڵێنن و لە نێویاندا 700 هەزار منداڵ چونەتە قۆناغی بەدخۆراکی توندەوە.

ئیسرائیلی بەردەوامە لە ئاستەنگ بۆ هاتنە ناوەوەی هاوکاری و کەمیی خۆراک و دەرمان زیاتر دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، 900 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەدەست برسێتی دەناڵێنن، لەنێویاندا 70 هەزار منداڵ چوونەتە قۆناغی بەدخۆراکی توندەوە.

راپۆرتەکانی ئۆنروا ئەوەیان خستوەتەڕوو، رێژەی بەدخۆراکی لە نێوان منداڵانی خوار پێنج ساڵاندا، لەنێوان مانگەکانی ئازار و حوزەیران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بووەتە دوو هێندە، ئەمەش بەهۆی سنوردارکردنی چوونە ژورەوەی پێداویستییە سەرکییەکان لە دیارترینیان خۆراک و ئاوی پاک.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...4041424344...104