رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێلیکۆپتەرێکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانی، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، لە بەرزاییەکانی چیای ئۆشتۆرانکۆ لە پارێزگای لورستان تووشی روداو بوو و کەوتە خوارەوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری عەلی محەمەدی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای لورستانەوە بڵاویکردەوە، "ئەم هێلیکۆپتەرە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و رزگارکردنی ژنێکی ونبوو، نێردرابووە بەرزایی4 هەزار مەتریی 'چاڵکەبود' لە ئۆشتۆرانکۆ".

ناوبراو وتیشی، "هێلیکۆپتەرەکە لە بەرزیی 2800 مەتریدا تووشی روداو بووە و 8 سەرنشینی هەبووە کە پێکهاتبوون لە تیمی فڕۆکەوانی و فریاگوزارانی مانگی سوور."

بەپێی نوێترین زانیارییەکانی مانگی سوور، دوای پەیوەندیکردن بە رزگاربووانی روداوەکەوە، دەرکەوتووە کە 9 کەس لەناو هێلیکۆپتەرەکەدا بوون و بەداخەوە یەکێک لە سەرنشینەکان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

لە ئێستادا 6 تیمی ئۆپەراسیۆنی لە لورستانەوە رەوانەی ناوچەکە کراون و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری روداوەکە و گواستنەوەی بریندارەکانن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، پێویستە تا کاتژمێر شەشی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بە کاتی واشنتن(کاتژمێر 1ی بەیانیی رۆژی دووشەممە بە کاتی هەولێر)، رێککەوتن لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس سەبارەت بە غەززە بکرێت.

ترەمپ لەسەر پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "دەستبەجێ هەموو بارمتەکان ئازاد بکەن، بە روفاتی کوژراوەکانیشەوە! پێویستە تا ئێوارەی یەکشەممە کاتژمێر (6)ی ئێوارە بە کاتی واشنتن دی سی، رێککەوتن لەگەڵ حەماس بکرێت. هەموو وڵاتێک (پلانەکەی) واژۆ کردووە".

لە پۆستەکەیدا دەڵێت: "لەسەر بەختی حەماس، دوایین دەرفەتیان پێدەدرێت. وڵاتە گەورە و بەهێز و زۆر دەوڵەمەندەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دەوروبەری، لەگەڵ ئەمریکا و بە رەزامەندیی ئیسرائیل، دوای 3 هەزار ساڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر ئاشتی رێککەوتوون".

هەروەها دەڵێت: "ئەم رێککەوتنە ژیانی هەموو چەکدارە بەجێماوەکانی حەماسیش دەپارێزێت. وردەکارییەکانی بەڵگەنامەکە بۆ جیهان ئاشکرایە و بۆ هەمووان رێککەوتنێکی گەورەیە. بە هەر شێوەیەک بێت ئاشتیمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت. توندوتیژی و خوێنڕشتن دەوەستێت".

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە: "وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر، پێشوەختە زیاتر لە 25 هەزار چەکداری حەماس کوژراون. زۆربەی ئەوانەی ماونەتەوە لە روی سەربازییەوە گەمارۆ دراون و تەنها چاوەڕێی ئەوە دەکەن من فەرمانی 'بڕۆ' بدەم، بۆ ئەوەی ژیانیان بەخێرایی لەدەست بدەن".

وتیشی: "ئەوانەی تریش، دەزانین لە کوێن و کێن، راودەنرێن و دەکوژرێن".

ترەمپ هۆشداری دا و وتی: "ئەگەر ئەم رێککەوتنە، کە وەک دوایین دەرفەتە، جێبەجێنەکرێت، دۆزەخ هەڵدەگیرسێت، بە شێوەیەک کە پێشتر کەس نەیبینیوە دژی حەماس".

ترەمپ داوای لە "هەموو فەڵەستینییە بێتاوانەکان" کرد "دەستبەجێ ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵن کە لەوانەیە لە داهاتوودا مەرگێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت و بچنە بەشە ئارامترەکانی غەززە. چاودێریی باش بۆ هەمووان دابین دەکرێت".

پێشتر لە رۆژی هەینیدا، سەرکردەیەکی حەماس رایگەیاندبوو کە بزووتنەوەکە پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ لێکۆڵینەوە لە پلانە مشتومڕاویەکەی ترەمپ.

سەرکردەکە بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی وت: "حەماس هێشتا بەردەوامە لە گفتوگۆکان سەبارەت بەو پلانەی ترەمپ کە پێشکەشی بزوتنەوەکە کراوە و ناوبژیوانانی ئاگادار کردووەتەوە کە گفتوگۆکان بەردەوامن و پێویستیان بە کات هەیە".

پلانەکە کە ترەمپ رۆژی دووشەممە ئاشکرای کرد، لەسەر وەستانێکی دەستبەجێی شەڕ لە کەرتی غەززە رادەوەستێت هەر کە هەردوو لایەنی ناکۆک رەزامەندی لەسەر پلانەکە بدەن و دوای ئەوەش هەموو بارمتە دەستبەسەرکراوەکان لە کەرتی غەززە و سەدان دەستگیرکراوی فەڵەستینی لەلای ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی جارێكی تر سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانی كرد.

ئەمڕۆ وەفدی ئیمراڵی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان"دەم پارتی"لە زیندانی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكەی كرد.

وەفدەكەش پێكهاتوون لە پەروین بوڵدان و میدحەت سنجار و پارێزەر ئۆزگور ئەرۆڵ، هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی و كۆبونەوەكانی كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی لەگەڵ ئۆجەلان تاوتوێكرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.3پلەی رێختەر ناوچەی "زەوارە"ی لە پارێزگای ئیسفەهانی ئێران هەژاند.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ناوەندی بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 10کیلۆمەتریی زەویدا بووە.

هەروەها باس لەوەشکراوە کە بوومەلەرزەکە لە شارەکانی قوم و تارانیش هەستی پێکراوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانەوە بڵاونەکراوەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند کە وڵاتەکەی بە هاوکاری قەتەر و تورکیا، کاردەکات بۆ  رازیکردنی بزوتنەوەی حەماس تاوەکو پلانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە غەززە قبووڵ بکات.

عەبدولعاتی لە لێدوانێکیدا لە پەیمانگای فەرەنسی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وتی: "ئێمە لەگەڵیان کۆدەبینەوە و هەماهەنگی لەگەڵ براکانمان لە قەتەر و هاوکارانمان لە تورکیا دەکەین، بۆ ئەوەی حەماس رازی بکەین وەڵامێکی ئەرێنی بۆ ئەم پلانە هەبێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە زۆر بەوریاییەوە مامەڵە دەکەین و لە ئێستادا لەگەڵ حەماس لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی کاردانەوەی ئەوان لەسەر ئەم پلانە بزانین".

وەزیری دەرەوەی میسر هۆشداریشیدا و وتی: "ئەگەر حەماس پلانی ترەمپ رەتبکاتەوە، رەوشەکە زۆر سەخت دەبێت و بەرەو پەرەسەندن دەچێت".

لەلایەکی دیکەوە، عەبدولعاتی جەختی کردەوە کە میسر "لەژێر هیچ بارودۆخێکدا" رێگە بە کۆچپێکردنی دانیشتووانی غەززە نادات.

پلانی ترەمپ، کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە و لە 21 خاڵ پێکدێت، هێشتا پێویستی بە رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پلانەکە ئەوەیە کە خودی ترەمپ سەرپەرشتی لیژنەیەک بکات بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە لە کەرتی غەززە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
  
  

ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە لەسەر دۆخی غەززە و ئاماری قوربانییان کەرتەکەشی ئاشکرا کردوە؛ لە چوار منداڵ یەکیان بریندارە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە نوێترین ئاماردا دەڵێت؛ نزیکەی 42 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بریندارن و کاریگەری برینەکە لەسەر ژیانیان بەجێماوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، هەزاران بریندار لە کەرتەکەدا  بۆ ساڵانی داهاتوو پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە و لە هەر چوارمنداڵێکی غەززە یەکیان بریندارە.

بەگوێرەی ئامارە تەندروستییەکانی غەززە، لە سەرەتای شەڕەوە، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 دەستیپێكرد، جگە لە کوژرانی زیاتر لە 66 هەزار،  167 هەزار و 376 کەس بریندار بوون و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش لایکەم، یەکێک لە ئەندامەکانی جەستەیان لەدەستداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ لێدوانەکانی گروپی حەوت سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیی ئێران راست نین و شەرمەزاری دەکەن، جەختی لەوەشکردەوە ئەم هەڵوێستەی گروپی حەوت بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت سروشتی نایاسایی و ناڕەوای گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بگۆڕێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئیسمائیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ لێدوانەکانی گروپی حەوت چەواشەکارین و دورن لە راستییەوە، وێنای راستی رەوشی ئێستا ناکەن.

بەقائیی ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئەمریکا لە بنەڕەتدا هۆکاری سەرەکی رەوشی ئێستایە؛ بەهۆی کشانەوەی نایاسایی و تاکلایەنەی لە JCPOA لە ساڵی 2018 و دواتر پێشێلکارییە بەردەوامەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران و رێگریکردن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی  JCPOA.

وتەبێژەکەی ئێران وتوشیەتی؛هێرشەی سەربازی ئیسرائیل بە هەماهەنگی و هاوکاری ئەمەریکا لە ناوەڕاستی دانوستانەکاندا، پێشێلکارییەکی یاسایی و دیبلۆماسی روون بوو.

ئەم لێدوانانەی بەقائی لە کاتێکدایە، گروپی حەوت کە لە( کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا) پێکدێن   لەبارەی سزاکانی سەرئێرانەوە رایانگەیاند بوو؛ پشتیوانی لە دەستپێکردنەوەی سزاکان دەکەن بۆ سەر تاران، ئەوان ئێرانیان بە کەمتەرخەم زانیوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا بەرامبەر بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

 

 

 

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسرائیل رێگریی كرد لە گەیشتنی 13 بەلەمی كەشتیگەلی خۆراگریی جیهانیی بۆ غەززە ، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش دەڵێت سەرنشینەكانیان دەنێرنەوە بۆ وڵاتەكانیان.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی چەندینجار هۆشدارییان داوەتەوە كاروانی كەشتیگەلی  خۆراگریی جیهانیی كە ئاراستەكەی بگۆرێت، بەڵام كاروانەكە  رەتیكردۆتەوە و بەردەوام بووە لە رۆیشتن بەرەو كەناراوەكانی غەززە، بۆیە لە لایەن هێزی دەریاوانی وڵاتەكەیان رێگری كراوە لە 13 بەلەم و لەگەڵ سەرنشینەكانیان گواستراونەتەوە بۆ كەناراوەكانی ئیسرائیل، بەڵام 30 بەلەمی ئەو كەشتیگەلە بەردەوامە لە رۆیشتن بەرەوە غەززە.

كەشتیگەلی خۆراگری جیهانی، بە ئامانجی شكاندنی گەمارۆكانی ئیسرائیل لەسەر غەززە لە مانگی هەشتەوە لە بەرشەلۆنەوە بەرێكەوتووە، 40 بەلەم لەخۆ دەگرێت، كە زیاتر لە 500 پارێزەر و چالاكوان و پەرلەمانتاریان لە 44 وڵاتەوە هەڵگرتووە، ئامانجیانە هاوكاری بگەیەننە خەڵكی غەززە.

هاوكات، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، ئەو سەرنشینانەی لە ناو بەلەمەكاندا بوون دەستبەسەر كراون و  رەوانەی وڵاتەكانیان دەكرێنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قەتەر پێشوازی لە ئیمزاکردنی فەرمانێكی جێبەجێكردنی سەرۆکی ئەمریکا دەکات، کە لە فەرمانەکەدا هاتووە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر خاکی قەتەر بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ئەمریکا دادەنرێت.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، دەوڵەتی قەتەر پێشوازی لە ئیمزاکردنی فەرمانێكی جێبەجێكردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات، کە جەختدەکاتەوە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر خاکی دەوڵەتی قەتەر یان سەروەری یان ژێرخانی ئەو وڵاتە، بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ئەمریکا دادەنرێت.

لە راگەیەنراوکەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوە فەرمانە جێبەجێکارییەکە بە بەرجەستەکردنی پەیوەندییە بەهێز و مێژووییەکانی نێوان دەوڵەتی قەتەر و ئەمریکا دەزانێت، کە لەسەر هاوکاری و هاوبەشی لە بوارەکانی نێوەندگیری و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان و کێشەکانی ئاسایش و ئاشتی جیهانی بنیات نراوە، هەروەها بە هەنگاوێکی گرنگ لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بەرگرییە نزیکەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا دەیبینێت.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەوەشی خستەڕوو، دەوڵەتی قەتەر بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیدا، وەک نێوەندگیرێکی متمانەپێکراوی نێودەوڵەتی، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان و بەهێزکردنی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان بە رێگەی ئاشتیانە و بەدیهێنانی ئاشتی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، كۆشكی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا فەرمانێكی جێبەجێكردنی ئیمزاكردووە و بەڵێن دەدات هەموو كارێك بكات تەنانەت رێوشوێنی سەربازیش بگرێتەبەر بۆ بەرگریكردن لە قەتەر، چونكە ئەو دوو وڵاتە هەماهەنگی نزیك و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، بەڵێنیش دەدات گەرەنتی ئاساییش و سەقامگیری قەتەر بكات لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ڕایگەیاندوە؛ سزای بەسەر 21 قەوارە و 17 کەسایەتیدا سەپاندوە، کە بەشدارن لە تۆڕەکانی پاڵپشتیکردنی وەزارەتی بەرگری ئێران و هاوکار بون بۆ بەدەستهێنانی تەکنۆلۆژیا و کەرەستەی هەستیار بۆ پەرەپێدانی مووشەک و فڕۆکەی سەربازی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، سزای نوێی بەسەر 21 قەوارە و 17 کەسایەتیدا سەپاند، بە گوێرەی راگەیەندراوەکە ئەوانەی سزادراون، یارمەتی ئێران دەدەن لە کڕینی پێکهاتەکانی موشەکی پێشکەووتو، ڕادار، تەکنۆلۆژیای رێنماییکردنی مووشەک و تەنانەت هێلیکۆپتەری دروستکراوی ئەمریکا بە شێوەیەکی نایاسایی.

ئەو سزایانە بۆ پشتیوانی لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش دێت بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا، بەهۆی پێشێلکردنی بەڵێنەکانی ناو ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی.

ئەمە لە کاتێكدایە، رۆژی یەکشەممە جارێکیتر نەتەوەیەگرتووەکان و وڵاتانی ترۆیکا کە بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیان، بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە سزایان بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، کە سزاکان لە گەمارۆی چەک و دەستبەسەراگرتنی سەروەتی وڵاتەکە لە دەرەوە ، هەروەها قەدەغەکردنی سەفەرە لە بەرپرسانی تاران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 

لە کردنەوەی ساڵی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا، کە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بایکۆتی کردبوو، چەندین دیمەنی سیاسیی نوێ و چاوەڕواننەکراو بەدیکران، بۆ یەکەمجار لە مێژودا پەرلەمانتارانی دەم پارتی لەکاتی هاتنە ژورەوەی ئەردۆغاندا هەستانە سەرپێ و هاوسەرۆکانیشیان تەوقەیان لەگەڵ دەوڵەت بەخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی  تورکیا دوای پشویەکی دوو مانگ و نیوی، دەستی بە کارەکانی کردەوە، بەڵام کردنەوەی خولی نوێ بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی جەهەپە بەڕێوەچوو، کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکانیان و دەستێوەردان لە کۆنگرەکانیاندا بایکۆتیان راگەیاندبوو.

لە روداوێکی چاوەڕواننەکراودا، کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، گەیشتە هۆڵی گشتیی پەرلەمان، پەرلەمانتارانی دەم پارتی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتەکانی تردا هەستانە سەرپێ بۆ بەخێرهاتنی

ئەردۆغان لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا سوپاسی  تایبەتی ئاراستەی هەردوو لایەن کرد بۆ رۆڵیان لە "پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆردا"

ئاماژەی بەوەکرد سوپاسی شاند و بەڕێوەبەرایەتیی دەم پارتی دەکەم کە لە ماوەی ئەم ساڵەدا بە هەڵوێست و هەوڵە بنیاتنەرەکانیان بەشدارییەکی گرنگیان کردووە لە پرۆسەی پاککردنەوەی تورکیا لە تیرۆر.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، یادی سری سورەیا ئۆندەری کردەوە و رایگەیاند؛ "لێرەدا بە رەحمەتەوە یادی بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر دەکەمەوە کە تا دوا هەناسەی بۆ روخاندنی دیواری تیرۆر و باڵادەستبوونی ئاشتی و برایەتی لە هەر بستێکی خاکی گەلەکەماندا ئارەقی رشت".

بەشێکی دیکەی وتارەکەی پەیوسەت بو بە چەکدانانی پەکەکەوە و ئاماژەی بەوەکرد ئەوان هێرشەکانیان راگرتوە و هەڵوەشاندنەوەی خۆیان راگەیاندووە و بەمەش ئەو کێشەیەی بوەتە هۆی هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و زیانی ئابووریی  دوو تریلیۆن دۆلار لە وڵاتەکەمان گەیشتوەتە خاڵی کۆتایی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشدارییەکی توندی دایە دانیشتوانی شاری غەززە و رایگەیاند، هەر کەسێک لە باکوری کەرتی غەززە و لەناو شارەکەدا بمێنێتەوە "لەلایەن سوپاوە وەک تیرۆرست یان پشتیوانی تیرۆر پۆلێن دەکرێت." ناوبراو ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان "نزیکبوونەتەوە لە گەمارۆدانی تەواوەتیی شاری غەززە."

یسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند کە هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی کۆنترۆڵی بەشی رۆژئاوای رێڕەوی "نێتزاریم"یان کردووە لە باشوری شاری غەززەوە تا دەگاتە کەنار دەریا، ئەمەش بە واتای "دابەشکردنی غەززە بەسەر باکور و باشوردا" دێت.

کاتز وتی: "ئەم گەمارۆیە لە دەوری شاری غەززە توندتر دەکرێتەوە، و هەرکەسێک بەرەو باشور شارەکە بەجێبهێڵێت، ناچار دەبێت بە خاڵەکانی پشکنینی سوپای ئیسرائیلدا تێپەڕێت."

پێشتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە رێگای کەناریی "رەشید" لە کەرتی غەززە بەروی هاتوچۆدا بەرەو باکور (بۆ شاری غەززە) دادەخرێت.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی کردەوە: "ئەمە دوا دەرفەتە بۆ ئەو دانیشتوانەی غەززە کە دەیانەوێت بەرەو باشور بڕۆن و تیرۆرستانی حەماس لە شاری غەززەدا بە تەنیا و بە گەمارۆدراوی جێبهێڵن لەبەردەم ئۆپەراسیۆنی بەردەوامی سوپای ئیسرائیلدا."

ناوبراو دووپاتیکردەوە: "ئەوانەی لە شاری غەززە دەمێننەوە، دەبنە تیرۆرست و پشتیوانی تیرۆر."

لە کۆتاییدا وتیشی: "سوپای ئیسرائیل ئامادەیە بۆ هەموو ئەگەرەکان و سورە لەسەر بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنەکانی تا گەڕانەوەی سەرجەم بارمتەکان و داماڵینی حەماس لە چەک، وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ."

لێدوانەکانی کاتز لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل چاوەڕێی وەڵامی بزوتنەوەی حەماس دەکات بۆ ئەو پێشنیازە ئەمریکییەی کە تایبەتە بە دۆخی غەززە و پێشتر لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە پەسەند کراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پنتاگۆن: ژمارەی هێزەکانمان لە عیراق بۆ کەمتر لە دوو هەزار سەرباز کەمدەکەینەوە

وتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا جەختدەکاتەوە، زۆرینەی هێزەکان لە هەولێر جێگیر دەبن و ئەم هەنگاوە "رەنگدانەوەی سەرکەوتنە بەسەر داعشدا."

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن) بە رەسمی رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ حکومەتی عیراقدا، ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی لە عێراق بۆ کەمتر لە دوو هەزار سەرباز کەمدەکاتەوە و ئاشکرای کرد کە زۆرینەی ئەو هێزانە لە شاری هەولێر جێگیر دەبن.

شۆن پارنێل، وتەبێژی پنتاگۆن، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە وەک پابەندبوونێکە بەو رێککەوتنەی لە 27ی ئەیلولی 2024 لەگەڵ حکومەتی عیراق ئیمزاکراوە. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات و کەمکردنەوەی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانە لە عیراق.

پارنێل وتیشی: "کەمکردنەوەی هێزەکانمان رەنگدانەوەی سەرکەوتنی گەورەی هێزە ئەمنییەکانی عیراق و هێزەکانی هاوپەیمانانە بەسەر تیرۆرستانی داعشدا." ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی چوونە قۆناغێکی نوێی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانانە لەو وڵاتەدا.

وتەبێژی پنتاگۆن ئەم پاشەکشێیە بە "دەستکەوت" بۆ عیراق وەسف دەکات و پێی وایە دەبێتە هۆی گواستنەوەی لێپرسراوێتی زیاتر بۆ هێزە عیراقییەکان. هەروەها رونیکردەوە کە ئەمە دەرفەت بۆ گەشەی زیاتری ئابووریی عیراق دەڕەخسێنێت.

لە کۆتاییدا، شۆن پارنێل دووپاتیکردەوە کە پرۆسەی گواستنەوە و کشانەوەی هێزەکان بەردەوامە و کاتی پێویستە بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پابەندی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی هاوکاری و پشتیوانی بۆ عیراق لە قۆناغی نوێدا دووپات دەکەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی پەسەند نەكردنی بودجەی نوێی ئەمریكا كارەكانی ئیدارە و حوكمڕانی ئەو وڵاتە راگیراوە و ئەمەش بەیەكەم ئیفلیجی حوكمڕانی سەردەمی سەرۆكایەتی ترەمپ دادەنرێت.

دوای ئەوەی سیناتۆرە دیموكراتەكانی ناو ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا ئامادە نەبون پرۆژەیاسای بودجەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پەسەند بكەن كارەكانی بەشێكی زۆر لە ئیدارەی ترەمپ لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە رادەگیرێت.

شەوی سێشەممە 55 سیناتۆری كۆمارییەكان دەنگیان بە بودجە نوێیەكە دا و لە بەرانبەردا 45 سیناتۆری سەر بە دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی پیران رەتیان كردەوە كە پرۆژەیاساكەی پەسەند بكەن لە كاتێكدایە پەسەندكردنی بودجەكە پێویستی بە 60 دەنگی سیناتۆرەكان هەیە.

دیموكراتەكان رایانگەیاندوە تەنها بە مەرجی تەرخانكردنەوەی بودجە یاسای تەندروستی ئەمریكی ناسراو بە ئۆباماكەیر ئامادەن دەنگ بە بودجەی نوێی ئیدارەی ترەمپ بدەن و ئەوەش وا دەكات بەشێكی زۆری كاروبارەكانی ئیدارە و حوكمڕانیی ئێستای ئەمریكا راگیرێت و ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی و ئاڵۆزیی ئیداری.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی پەخشی ئیسرائیل  بڵاویکردەوەتەوە، کەشتیی "سەقامگیری" کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆی کەرتی غەززە دەدات، لە ئێستادا لە ناوچەی ڕێگری ئیسرائیل لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان نزیک بوەتەوە و هێزی دەریایی ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ رێگریکردن لێیان.

بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتە رەسمییە، کاروانی کەشتییەکان کە بە “کاروانی خۆڕاگری"ـی ناسراوە نزیکە لە کەناراوەکانی غەززە و هێزی دەریایی ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ رێگریکردن لێیان و  پلانیان هەیە  دەستیان بەسەردا بگرێت و چالاکوانەکانی ناویشیان بۆ یەکێک لە  کەشتیە دەریاییەکانی ئیسرائیل بگوازرێنەوە.

دەسەڵاتەکە ئاشکرای کردوە کە ئیسرائیل رێگە نادات ئەو کەشتیانە بگەنە ئامانجەکانیان و هێزی دەریایی ئیسرائیل فەرمانیان  پێکراوە کە بەهیچ شێوەیەک نەهێڵدرێت هیچ هەوڵێک سەربگرێت بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە لە ساڵی 2007ەوە بەسەر کەرتی دەریاییدا کە لەلایەن ئیسرائیلەوە سەپێنراوە.

کاروانی دەریایی خۆڕاگری، ژمارەیەک کەشتی قەبارە جیاوازن، کە هاوکاری مرۆیی هەڵدەگرن و لەلایەن  چالاکوانانی نەتەوە جیاوازەکان سەرپەرشتیدەکرێن، کە ئەمەش هەوڵێکی نوێی بۆ شکاندنی کەمارۆکانی سەرکەرتی غەززە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەنوسانی ڕاگەیاندوە،  چاوەڕێی بزووتنەوەی حەماسە پێشنیازەکانی ئاشتی قبوڵ بکات و هۆشداریشیداوە لە ئەگەری قبوڵنەکردنی، کۆتاییەکی باش نابێت و ئیسرائیل چی بوێت دەیکات لە غەززە.

ئەمڕۆ سێ شەممە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندوە. حەماس سێ بۆ چوار رۆژیان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی وەڵامی پێشنیازەکەم بدەنەوە، ئەگەر ڕێکەوتن ڕەتبکەنەوە  ئیسرائیل  ئەوەی دەیەوێت ئەنجامی دەدات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرکردە عەرەبییەکانیش بەشدارییان لەو پلانەدا کردوە کە دایڕشتوە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ غەززە و ئەوان ئاشتیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوێت.

 ئەمە لە کاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ پێشنیازێکی 21 خاڵی  بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە ڕاگەیاندوە و دوای كۆبوونەوەی بلەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ لە كۆشكی سپی، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وردەكاریی پلانە 20 خاڵیەكەی لەبارەی راگرتنی شەڕی غەززە خستەڕوو و باسی لەوە كرد، تەواوی لایەنەكان جگە لە حەماس پلانەكەیان پەسەندكردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...4344454647...116