جیهانجیهان

سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، ئەو یاسادانەرە دیموكراتانەی هانی سوپایان داوە فەرمانی یاسایی رەتبكەنەوە، دەبێت لە سێدارە بدرێن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئەو یاسادانەرە دیموكراتانەی هانی سوپایان داوە فەرمانی نایاسایی رەتبكەنەوە دەبێت لە سێدارەبدرێن و زیندانی بكرێن، چونكە ناپاكن و یاساكانیان بە نایاسایی وەسفكردووە.

دەشڵێت، ئەو رەفتارە زۆر خراپە بۆ ئەمریكا و ئەنجامەكەی باش نابێت و هەڵسوكەوتێكی مەترسیدارە، چونكە جێبەجێ نەكردنی یاسا كاریگەری خراپی لەسەر ئەمریكا دەبێت.

پێشتر بەشێك لە دیموكراتەكان رایانگەیاندبوو، ئیدارەی ئێستای ئەمریكا سەرباز و كارمەندانی دەزگا هەواڵگرییەكان دەخاتە حاڵەتی روبەڕوبوونەوەی هاووڵاتیانی ئەمریكا و لەئێستاشدا مەترسییەكان بۆسەر دەستوورەكەیان تەنها لە دەرەوە نایەن، بەڵكو لەناوخۆی وڵاتەكەشیان مەترسی هەیە.

كارۆلین لیڤیت وتەبێژی كۆشكی سپیش رایگەیاند، جێبەجێ نەكردنی یاسا كاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەیە و دەبێتەهۆی مردن و هەموو فەرمانێك كە بە سوپا دەكرێت یاساییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریکا جەختدەکاتەوە، هیچ هێڵێکی سوری نییە سەبارەت بە دۆسیەی ڤەنزوێلا، وەزیری جەنگی ئەو وڵاتەش دەڵێت: هەموو بژاردەکان لەبەردەستن.

پیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، هەڵوێستی ترەمپ بەرانبەر ڤەنزوێلا تەواو روونە و هیچ شتێک دوور نییە روبدات و هەموو بژاردەکان لەبەردەستن.

وتیشی، سەرۆکی ئەمریکا هیچ هێڵێکی سوری نییە سەبارەت بە دۆسیەی ڤەنزوێلا، جەختیشدەکاتەوە ئەمریکا باشتر لە هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان، دەتوانێت شوێنی شانەکان و تیرۆریستانی مادە هۆشبەرەکان بە ئامانج بگرێت و راویان بنێت.

هیگسێس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بە تەواوی دەزانن کێ دەکەنە ئامانج و بۆچی بە ئامانجیان دەگرن و چییان پێیە.

وەزیری جەنگی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی ئەمریکا پێی وایە هەر جۆرە توندکردنەوە یان جوڵەیەک دژی ڤەنزوێلا، لەسەر بنەمای زانیاریی ورد و بەپێی هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی گشتگیر ئەنجام دەدرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی "گرینپیس" لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ئەو جلوبەرگانەی لە رێگەی پلاتفۆرمی چینیی "شێ ئین"ەوە دەفرۆشرێن، مادەی کیمیایی مەترسیداریان تێدایە کە سنووری رێگەپێدراوی یەکێتیی ئەوروپایان تێپەڕاندووە.

لقی ئەڵمانیای رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا روونیکردووەتەوە، "لە کۆی 56 پارچە جلوبەرگ کە پشکنینیان بۆ کراوە، 18یان مادەی کیمیایی مەترسیداریان تێدابووە، هەندێکیان بە رێژەیەکی زۆر زیاتر لەو سنوورەی کە بەپێی یاساکانی ئەوروپا دیاریکراوە".

مەترسیی شێرپەنجە و لاوازکردنی بەرگریی جەستە:

رێکخراوەکە ئاماژەی بە بوونی مادەکانی وەک "فثالایت" و پێکهاتەکانی "PFAS" (کە بە ماددە کیمیاییە هەمیشەییەکان ناسراون) کردووە لەناو جلوبەرگەکاندا. ئەم مادانە بۆ دژەئاو و دژەپەڵە بەکاردەهێنرێن و بە پیسکەرێکی هەمیشەیی ژینگە دادەنرێن.

گرینپیس هۆشیداریداوە کە ئەم مادە ژەهراوییانە پەیوەندییان بە چەندین نەخۆشییەوە هەیە، لەوانە شێرپەنجە، تێکچوونی کۆئەندامی زاوزێ، کێشەی گەشەی منداڵان و لاوازبوونی سیستەمی بەرگریی جەستە.

بەپێی راپۆرتەکە، ئەم مادانە لە رێگەی پێست و هەڵمژینی ریشاڵەکانەوە دەچنە ناو جەستەوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە پشکنینەکان جلوبەرگی منداڵانیش دەگرێتەوە.

وەڵامی "شێ ئین"

لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی فرانس پرێسدا، کۆمپانیای "شێ ئین" رایگەیاندووە، وەک "رێکارێکی خۆپارێزی"، هەر بەرهەمێک کە بوونی مادەی مەترسیداری تێدا دەستنیشان بکرێت، لەسەر ئاستی جیهان لە بازاڕەکاندا لایدەبەن.

ماوەی چەند مانگێکە پلاتفۆرمە بازرگانییە ئەلیکترۆنییەکانی ئاسیا رووبەڕووی رەخنەی توندی گروپەکانی ژینگە و مافی مرۆڤ و کۆمپانیا ئەوروپییەکان بوونەتەوە، کە بووەتە هۆی کردنەوەی لێکۆڵینەوە و سەپاندنی سزای قورس بەسەریاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانێکی ئاشتیی نهێنی پەسەند کردووە کە لە 28 خاڵ پێکدێت و لەگەڵ روسیا کاری لەسەر کراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆکراین لە وردەکارییەکانی پلانەکە بێ ئاگایە و داوای سازشی گەورەی لێدەکرێت.

بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی NBC News، ئۆکراین بەشداریی لە داڕشتنی پلانە پێشنیازکراوەکەدا نەکردووە و وردەکارییەکانی پێنەدراوە، بەڵکو تەنها لە چوارچێوە گشتییەکەی ئاگادارکراوەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی سوپای ئەمریکا سەردانی کیێڤیان کردووە.

یەکێتیی ئەوروپا: پێویستە فشار لەسەر دەستدرێژیکار بێت

لە کاردانەوەیەکدا، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە برۆکسل رایگەیاند: "پێویستە فشار لەسەر دەستدرێژیکار بێت، چونکە ئەوان بوون کە ئەم جەنگەیان دەستپێکرد".

کالاس وتیشی: "تا ئێستا هیچ سازشێکمان لەلایەن روسیاوە نەبینیوە، بۆیە سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە فشار بخەینە سەر دەستدرێژیکار". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی ئەوروپا پلانی هەیە بۆ لاوازکردنی روسیا و پشتیوانیکردنی ئۆکراین لە جەنگەکەدا.

هەوڵێک بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوروپا:

هاوکات، سەرەڕای راپۆرتەکان لەبارەی رێککەوتنە نهێنییەکە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و تورکیا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی نزیکی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا کردووەتەوە.

یۆهان ڤادەپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ویتکۆف لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ ئەڵمانیا و هاوبەشە ئەوروپییەکان کردووەتەوە.

ستیڤ ویتکۆف وەک یەکێک لە دانوستانکارە سەرەکییەکانی پلانە نهێنییەکەی نێوان ئەمریکا و روسیا ناوی هاتووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، بەرکەوتنی تیشک لە کاتی خەوتندا، پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە هەیە.

توێژینەوەکە، کە لەلایەن توێژەرانی نەخۆشخانەی "ماساشوستس" لە بۆستنی ئەمریکاوە ئەنجامدراوە، روونیکردووەتەوە کە هەڵکردنی گڵۆپ لە کاتی خەوتندا دەبێتە هۆی ماندووبوونی مێشک و هەوکردنی خوێنبەرەکان، کە رەنگە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، تاوەکو ئاستی بەرکەوتنی تیشکی دەستکرد لە شەودا زیاتر بێت، مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیش لە داهاتوودا زیاتر دەبێت. بۆ نموونە، هەر کاتێک رێژەی تیشک بە بڕی یەک لادانی پێوانەیی زیاد بکات، ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دڵ لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 35% و لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 22% زیاد دەکات.

دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر توێژینەوەکەدا، دەرکەوتووە کە 17%ی بەشداربووان تووشی کێشەی گەورەی دڵ و خوێنبەرەکان بوون.

خەوتن لە تاریکیدا باشترینە:

جۆناسان سیدرناس، پسپۆڕی بواری خەو لە زانکۆی ئۆپسالای سوید، رایگەیاندووە، ئەم توێژینەوەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەوتن لە تاریکیدا باشترینە بۆ تەندروستی. ناوبراو دووپاتیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ سەلماندوویانە کە تیشکی شەوانە سیستەمی فیزیۆلۆجی و دەماری تێکدەدات و کاریگەری لەسەر کرداری زیندەپاڵ و هەوکردن هەیە.

ماڵپەڕی "هێدلاین" ئامۆژگاری دەدات کە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خەو، پێش خەوتن پەنجەرەی ژوورەکان دابپۆشرێن، هەموو کون و کەلێنەکان بگیرێن و ماسکی خەو بەکاربهێنرێت.

وردەکاریی توێژینەوەکە

توێژینەوەکە لەسەر 466 هەزار کەسی پێگەیشتوو ئەنجامدراوە کە پێشتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ یان شێرپەنجە نەبوون و لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2008 پشکنینی مێشکیان بۆ کراوە. توێژەران پشتیان بە داتای مانگە دەستکردەکان بەستووە بۆ پێوانەکردنی ئاستی تیشک لە ماڵی بەشداربوواندا.

ئەم توێژینەوەیە لە دانیشتنەکانی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا بۆ ساڵی 2025 خراوەتەڕوو، بەڵام تا ئێستا لە هیچ گۆڤارێکی زانستییدا بڵاونەکراوەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كەناڵ 14ی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەیەكی كەمدا سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بڕیار لەبارەی چەكداماڵین یان دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بۆسەر حەماس دەدات. 

كەناڵی 14ی ئیسرائل رایگەیاندووە، بەمزووانە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بڕیار لەبارەی شێوازی چەكداماڵینی حەماسەوە دەدات، كە ئاخۆ بە رێككەوتنی سیاسی بێت یان جارێكی دیكە دەست بە ئۆپەراسیۆنەكان بكەنەوە بۆسەر ئەو بزوتنەوەیە لە كەرتی غەززە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر جارێكی دیكە ئیسرائیل بڕیاری دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بدات، ئەوا ئۆپەراسیۆنەكانی بەشێوەیەكی بەرفراوان لە غەززەدا ئەنجام دەدات و لەرێگای هێزەوە كۆتایی بە بزوتنەوەكە دەهێنێت.

لەلایەكی دیكەوە چەند لێپرسراوێكی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، ئاگاداری ئەوەن كە حەماس دەیەوێت ئاگربەستی غەززە وەك هەلێك بقۆزێتەوە بۆ دوبارە خۆبوونیادنانەوە و لە ئێستادا بە نهێنیی لەگەڵ حزبوڵا و ئێران لە پەیوەندیدایە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریکا و سعودیە راگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەبارەی رێککەوتنی ستراتیژی نیوانیان بڵاوکردەوە، تێیدا جەخت لە بەهێزدکردنی پەیوەدنییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکەنەوە.

لە کۆتایی سەردانەکەی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئەمریکا و سعودیە ئاماژەیان بەوەکرد، هەردوو لایەنی سعودی و ئەمریکی پاپەندبوونی خۆیان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی دۆستایەتی و هاوبەشی ستراتیژی دووپاتکردەوە، و تاوتوێی رێگەکانی بەهێزکردنی هاوبەشی نێوانیان کرد لە هەموو بوارەکاندا.

رونیشیانکردەوە، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر دواین پێشهات و گۆڕانکارییە جێی بایەخە هاوبەشەکان کردووە، هەروەها هەوڵەکانی بەهێزکردنی لایەنەکانی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات، گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەشیان خستەڕوو، لە سەردانەکە ئیمزاکردنی ئەو رێککەوتنانەی بەخۆیەوە بینیوە ئەوانیش بەرگریی ستراتیژی، هاوبەشیی ستراتیژی بۆ ژیریی دەستکرد، راگەیاندنی هاوبەش بۆ تەواوکردنی دانوستانەکان سەبارەت بە هاوکاری لە بواری وزەی ئەتۆمیی مەدەنی، چوارچێوەی ستراتیژی بۆ هاوکاری لە دابینکردنی زنجیرەکانی یۆرانیۆم و کانزاکان، چوارچێوەی کار بۆ ئاسانکاری رێکارەکان بۆ خێراکردنی وەبەرهێنانەکانی سعودیە، رێکخستنەکانی هاوبەشیی دارایی و ئابوری، رێکخستنەکانی پەیوەست بە هاوکاری لە کەرتی بازاڕە داراییەکان، لەگەڵ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری پەروەردە و راهێنان.

هەروەها کۆڕبەندی وەبەرهێنانی ئەمریکی - سعودی بووە هۆی ئیمزاکردنی ژمارەیەک رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولادا بە بەهای نزیکەی ٢٧٠ ملیار دۆلار.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی ئەمریكا پلانێكی 28 خاڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئۆكراین پەسەند كرد.

كەناڵی ئێن بی سی ئەمریكی بە پشتبەستن بە لێپرسراوێکی باڵای ئیدارەی ئەو وڵاتە، بەرەبەیانی ئەمرۆ بڵاویكردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پلانێكی 28 خاڵەی لەم هەفتەیەدا پەسەندكردووە كە ئامانج لێی بەدیهێنانی ئاشتی نێوان روسیا و ئۆكراینە.

 هەر بە پێی زانیاریەكانی ئەو كەناڵە، بە ئامادەبوونی نوێنەری روسیا و سەرۆكی سندوقی وەبەرهێنانی راستەوخۆی ئەو وڵاتە، و هەروەها لێپرسراوانی ئۆكراین زۆر بەبێدەنگی ئەو رێككەوتنە ئیمزاكراوە.

هاوكات، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویكردوەتەوە بەپێی پلانە نوێیەكەی ئەمریكا، ئۆكراین دەبێت رازی بێت بە دواخستنی ئەندامێتی لە ناتۆ لانیكەم بۆ چەند ساڵێك.

رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیش لە زاری لێپرسراوانی ئەوروپا ئاشکرایکردووە، كە ئەوان هیچ ئاگاداری ئەو رێككەوتنەوە و ناوەرۆكەكەی نین.

پێشتریش ماڵپەری ئەكسیۆس رایگەیاندبوو كە راوێژكاری نهێنی بۆ كۆتایهێنان بە شەڕ ئۆكراین لە نێوان روسیا و ئەمریكا بەرێوەدەچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند؛ ئێرانییەکان رێککەوتنیان دەوێت، دوای ئەوەی توانا ئەتۆمییەکانی ئەوانمان لەناوبرد، ئەگەری زۆرە لەگەڵیان بگەینە رێککەوتن، ئەوەشی خستەڕوو بە بەهای 270 ملیار دۆلار رێککەوتن لەگەڵ سعودیەی ئیمزا دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ باسی هێرشەکانی وڵاتەکەی کرد بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و رایگەیاند، بە خێرایی و بە هێز لەناومان برد، رەنگە بەم نزیکانە لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن.

ناوبرا ئاماژەی بەوەشکرد محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە سەرکردەیەکی بوێرە و پابەندە بە پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، پێکەوە بناغەکانی بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان سعودیە و ئەمریکایان داناوە.

لەبارەی ئیمزاکردنی  گرێبەستە ئابورییەکانیشەوە لەگەڵ سعودیە ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد؛ لە نێوان کەرتی ئەمریکی و سعودیە رێککەوتنێک بە بەهای 270 ملیار دۆلار ئیمزا دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەنان خاشقچی، هاوسەری جەمال خاشقچی، رۆژنامەنوسی کوژراوی سعودی، رایگەیاند "هیچ دادپەروەرییەک" بۆ مەرگی هاوسەرەکەی بەدینەهاتووە، هاوکات دەڵێت، بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ "نائومێد بووە".

قسەکانی هاوسەری خاشقچی لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرگری لە شازادە محەمەد بن سەلمان کرد و جەمال خاشقچی بە "کەسایەتییەکی یەکجار مشتومڕاوی" وەسف کرد.

خاشقچی، کە رەخنەگرێکی سەرسەختی شانشینی سعودیە بوو، لە ساڵی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ئەستەنبوڵ لەلایەن بریکارە سعودیيەکانەوە کوژرا. دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە محەمەد بن سەلمان فەرمانی گرتن یان کوشتنی داوە. شازادەی جێنشین رەتیکردەوە فەرمانی ئۆپەراسیۆنەکەی دابێت، بەڵام وەک فەرمانڕەوای دیفاکتۆی ریاز دانی بە بەرپرسیارێتیدا ناوە.

"نائومێد بووم"


حەنان خاشقچی لە لێدوانێکدا بۆ سکای نیوز رایگەیاند، بە قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا "نائومێد بووە" و داوای قەرەبوو لە شازادەی جێنشین دەکات.

ناوبراو رووی قسەکانی لە ترەمپ کرد و وتی، ئامادەیە چاوی بە سەرۆکی ئەمریکا بکەوێت بۆ ئەوەی لەبارەی نووسەرەکەی واشنتن پۆستەوە بۆی بدوێت، کە بە وتەی ئەو "پیاوێکی مەزن و پیشەیی بوو، هەروەها پیاوێکی ئازاش بوو".

"ژیانیان لێ تێکدام"

هاوسەری خاشقچی وتیشی، هاوسەرەکەی کەسێکی مشتومڕاوی و بێزراو  نەبووە، تەنانەت ئەگەر واشبووایە، "ئەوە پاساو نییە بۆ کردەوەی رفاندن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و پارچەپارچەکردنی جەستەی."

ئەو ئامادەیی خۆی نیشاندا چاوی بە شازادەی جێنشین بکەوێت و "داوای لێبکات تەرمی جەمال بگەڕێنێتەوە، تا بتوانم بە شێوەیەکی شایستە و باش بەخاکی بسپێرم"، هەروەها داوای قەرەبووی داراییشی کرد.

وتیشی: "ئەوان هاوسەرەکەمیان کوشت، ژیانیان لێ تێکدام. دەبێت قەرەبووم بکەنەوە."

ترەمپ بەرگری لە بن سەلمان دەکات:

کاتێک لە نوسینگەی هێلکەیی پرسیاری کوشتنەکەی لێکرا، ترەمپ وتی: "جا حەزت لێی بێت یان نا، شتەکان روودەدەن. بەڵام ئەو (بن سەلمان) هیچی لەبارەیەوە نەزانیوە، و دەتوانین لێرەدا وازی لێبهێنین."

ترەمپ تەنانەت ستایشی رابەرە سعودیيەکەی کرد بۆ رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە شانشینەکەدا، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیاریکراو بخاتەڕوو.

لەلایەکی دیکەوە، گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن دەسەڵاتدارانی سعودیە بەردەوامن لە سەرکوتکردنی توندی نەیاران لە رێگەی دەستگیرکردنی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، رۆژنامەنوسان چالاکوانە سیاسییەکان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پیشوازی لە  شازادەی جێنشینی سعودیە کرد و  رایگەیاند؛  سوپاسی سعودیە دەکەم کە بە بەهای 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە ئەمریکا کردوە و هیوادارم بگاتە یەک ترلیۆن دۆلار و جەختیشیکردەوە کە شازادە هاوڕێیەکی نزیکی ئەوە و لە کۆشکی سپیدا رێزێکی زۆری لێدەگیرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە سەردانی کۆشکی سپی کرد و لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشوازی لێکرا، مەبەستی سەردانەکەی شازادە بۆ کۆشکی سپی ئەنجامدانی چەند رێککەوتنێکی ئابوورییە و یەکێک لەو رێکەوتنانەش بەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگی F-35.

دۆناڵد ترەمپ لە بارەت کۆبونەوەکەی لەگەڵ شازادەی سعودییە رایگەیاند؛ دیدارێکی نایابی لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە ئەنجامداوە و پێشی وایە مافی سعودیە باشترین فڕۆکەی جەنگی هەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە؛ لەگەڵ سعودییە دەگەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی فڕۆکەی جەنگی F-35یان پێ بفرۆشن و هیواشی خواست، کە سعودیە تا ئێستا بە بەهای 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە ئەمریکادا کردوە، زیاتر فراوانی بکات و  بیگەیەنێتەوە یەک ترلیۆن دۆلار.

ترەمپ جەختیکردەوە لەوەی سعودیە هاوپەیمانێکی راستەقینەیە و هەنگاو دەنێت بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتیان و پەیوەندیەکانیشیان لە باشترین ئاستدایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا ئامادەیی بۆ دانوستانی رووبەڕوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەربری ، ئەوەش لەكاتێكدا ئەمریكا كەشتیگەلی جەنگیی لە ناوچەی كاریبی بڵاوكردوەتەوە .

مادۆرۆ لە وەڵامی قەشەیەكی ئەمریكیدا رایگەیاندووە ، لە ئەمریكا هەر كەس بیەوێت گفتوگۆی لەگەڵ ڤەنزوێلا هەبێت ، ئامادەین روبەرو بە بێ هیچ كێشەیەك گفتوگۆی  لەگەڵ بكەین . دەپاتیشیكردوەتەوە ، ئەوەی كە رێگەی پێنەدەن تەنها ئەوەیە كە مەسیحییەكان لە ڤەنزوێلا رووبەڕووی بۆردومان و كۆمەڵكوژی ببنەوە .

مادۆرۆ جارێكی تریش داوای دانوستانی كردووە و رایگەیاندووە ، بەڵێ بۆ ئاشتی و نا بۆ جەنگ و هەر كەس ئارەزووی دانوستان بكات ئامادەن دانوستانی لەگەڵ بكەن .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریکا فڕۆکەی جەنگی F-35 بە سعودیە دەفرۆشێت، ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سعودییەکان هاوپەیمانێکی گەورەی ئەوانن و ئامادەن فڕۆکەی F-35ـیان پێ بفرۆشن.

ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، ئەگەر ئەم گرێبەستە تەواو بکرێت، گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتدا دروست دەکات، کە رەنگە هاوسەنگی هێزی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت و هاوکێشەی بەرگری و پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری و ستراتیژی سعودیە بەهێز بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕیاز داوای کڕینی 48 فڕۆکەی F-35ی کردووە، لە گرێبەستێکی چەند ملیار دۆلاریدا.

جێگەی ئاماژەیە دوای لێدوانەکانی ترەمپ، نرخی پشکەکانی کۆمپانیای لۆکهید مارتن، کە بەرهەمهێنەری فڕۆکە جەنگییەکانە، بە رێژەی 1.1% بەرزبووەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی بەریتانیا وردەکاریی پلانی نوێی چاکسازی لە سیستمی پەنابەریدا بڵاوکردەوە، کە ئامانج لێی توندکردنەوەی مەرجەکان و خێراکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەیە، ئەمەش ناڕەزایەتیی لەناو بەشێک لە پەرلەمانتارانی پارتی کرێکاراندا لێکەوتۆتەوە. هاوکات، راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بیر لە پێدانی مافی پەنابەری سیاسی بەو چالاکوانە بەریتانیانە دەکاتەوە کە بەهۆی "تاوانی بیرکردنەوە" دادگایی دەکرێن.

گرنگترین گۆڕانکارییەکانی پلانی حکومەتی بەریتانیا:

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دۆسیەیەکی 38 خاڵیی بڵاوکردۆتەوە کە ئامانج لێی قورسترکردنی مانەوەی هەمیشەیی پەنابەران و ئاسانکردنەوەی دەرکردنی ئەو کەسانەیە کە مافی مانەوەیان نییە. گرنگترین خاڵەکان ئەمانەن:

  • زیادکردنی دیپۆرتکردنەوەی خێزانەکان، بە منداڵەکانیشەوە: بەپێی دۆکیۆمێنتەکە، پێشتر گەڕاندنەوەی خێزانەکان کاری لەپێشینە نەبووە، بەڵام حکومەت ئێستا دەڵێت ئەم "دوودڵییە" هاندەرێکی خراپ دروست دەکات. پلانی نوێ ئەوەیە کە سەرەتا هاوکاریی دارایی پێشکەش بە خێزانەکان بکرێت بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، ئەگەر رەتیانکردەوە، ئەوا بە زۆر دیپۆرت دەکرێنەوە.

  • لاوازکردنی پێگەی پەنابەری: شەبانا مەحمود، وەزیری ناوخۆ، رایگەیاندووە کە وەرگرتنی مافی پەنابەری "بە کردەوە بە مانای وەرگرتنی توانای ژیانکردنە لەم وڵاتەدا بۆ هەمیشە" و دەبێت ئەمە بگۆڕدرێت. بۆ ئەم مەبەستە، ماوەی چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە 5 ساڵەوە بۆ 20 ساڵ زیاد دەکرێت.

  • بڕینی هاوکاریی دارایی: حکومەت چیتر پابەند نابێت بە پێدانی هاوکاریی دارایی بە هەموو پەنابەران. بەپێی پلانی نوێ، ئەو پەنابەرانەی مافی کارکردنیان هەیە بەڵام کار ناکەن، هیچ هاوکارییەکی داراییان پێنادرێت.

  • دامەزراندنی دەستەیەکی نوێ بۆ خێراکردنی تانەکان: دەستەیەکی نوێ بۆ تانە لێگرتن دادەمەزرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی بڕیاردان لەسەر رەتکردنەوەی داواکارییەکانی پەنابەری خێراتر بکرێت. ئامانج لێی ئەوەیە ئەو پەنابەرانەی داواکارییەکانیان رەتدەکرێتەوە زووتر دیپۆرت بکرێنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای کۆتا گەڕی یارییەکانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانیی 2026، کە لەلایەن سێ وڵاتی ئەمریکای باکوور (کەنەدا، ئەمریکا و مەکسیک) میوانداری دەکرێت، ژمارەی ئەو هەڵبژاردانەی کە سەرکەوتنیان مسۆگەر کردووە گەیشتە 32 هەڵبژاردە، لە کۆی 48 هەڵبژاردەی بەشداربوو.

مۆندیالی 2026 ژمارەیەکی پێوانەیی لە بەشداریی هەڵبژاردە عەرەبییەکان بەخۆیەوە دەبینێت، کە تا ئێستا 7 هەڵبژاردەیان سەرکەوتوون و ئەگەری زیادبوونیشی هەیە لە رێگەی پاشکۆی پاڵاوتنەکانەوە، کە تێیدا هەڵبژاردەی عیراق یان ئیمارات یاری دەکەن.

سیستمی نوێی جامی جیهانیی 2026:

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، جامی جیهانیی 2026 بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت. کورسییەکانی هەر کیشوەرێک بەم شێوەیە دابەشکراون:

  • ئەوروپا: 16 کورسی.
  • ئەفریقا: 9 کورسی راستەوخۆ + 1 کورسی لە پاشکۆی جیهانی.
  • ئاسیا: 8 کورسی راستەوخۆ + 1 کورسی لە پاشکۆی جیهانی.
  • ئەمریکای باشوور: 6 کورسی راستەوخۆ + 1 کورسی لە پاشکۆی جیهانی.
  • ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست و کاریبی: 6 کورسی (سێیان بۆ وڵاتانی میواندارە).
  • ئۆقیانوسیا: 1 کورسی راستەوخۆ + 1 کورسی لە پاشکۆی جیهانی.

هەڵبژاردەکان دابەشی سەر 12 گروپ دەکرێن، هەر گروپێک 4 هەڵبژاردە لەخۆدەگرێت. یەکەم و دووەمی هەر گروپێک لەگەڵ باشترین 8 هەڵبژاردەی پلەی سێهەم سەردەکەون بۆ قۆناغی 32.

16 یاریگا لە سێ وڵاتدا:

یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە 16 یاریگا لە سێ وڵاتی ئەمریکای باکوور بەڕێوەدەچن: 11 یاریگا لە ئەمریکا، 3 یاریگا لە مەکسیک، و 2 یاریگا لە کەنەدا.

یاریی کردنەوەی مۆندیال رۆژی 11ی حوزەیرانی 2026 لە یاریگای "ئەزتیکا" لە مەکسیکۆ سیتی بەڕێوەدەچێت، یاریی کۆتاییش رۆژی 19ی تەموزی 2026 لە یاریگای "مێتلایف" لە شاری نیویۆرک دەبێت.

هەڵبژاردە سەرکەوتووەکان تا ئێستا:

  • وڵاتانی میواندار (3): ئەمریکا، کەنەدا، مەکسیک.
  • ئەفریقا (9): مەغریب، تونس، میسر، جەزائیر، گانا، سەوزی لەسەر، ئەفریقای باشوور، سەنیگال، کۆتدیڤوار.
  • ئاسیا (8): یابان، ئێران، ئۆزبەکستان، ئوردن، کۆریای باشوور، ئوسترالیا، قەتەر، سعودیە.
  • ئەمریکای باشوور (6): ئەرجەنتین، بەرازیل، ئیکوادۆر، ئۆرۆگوای، کۆڵۆمبیا، پاراگوای.
  • ئەوروپا (5): ئینگلتەرا، فەرەنسا، کرواتیا، پورتوگال، نەرویج.
  • ئۆقیانوسیا (1): نیوزلەندا.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای تاوانەکانی داکا، کە پایتەختی بەنگلادیشە سزای لە سێدارەدانی بۆ  شێخ حەسینە، سەرۆک وەزیرانی پێشوی وڵاتەکەی دەرکرد بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و ناوبراویش کە لە ئێستادا لە هیندستانە تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە.

لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە؛ سەرۆک وەزیرانی پێشوو بە سێ تاوان تۆمەتبارە، هاندان بۆ کوشتن، فەرمانی کوشتن و هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانێک بۆ سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەران، بە تاوانبار ناسێندراوە.

دادگا دەشڵێت؛ هەموو ئەو هۆکارانەی کە پێویستن بۆ دەستنیشانکردنی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لەم تاوانانەدا هەیە و دادگا پابەندە  بە دەرکردنی یەک سزا ئەویش لە سێدارەدانە.

شێخ حەسینەی تەمەن 78 ساڵ، هاوینی رابردوو دوای چەند هەفتەیەک نائارامی، وەک سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش بەرەو هیندستان هەڵات و لە ئێستادا لەوێ پەنابەرە.

ناوبراو  تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و رایگەیاندوە؛ ناترسێت لە دادگایەکی دروست و بێ لایەندا رووبەڕووی تۆمەتەکان ببێتەوە کە دراونەتە پاڵی و حکومەتی کاتی وڵاتەکەشی خستوەتە ژێر پرسیارەوە  و پێی وتون؛ با کەیسەکەی ببرێتە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهای.

  ئەو شانازی بە کارەکانیەوە دەکات لە حکومەتەکەیدا لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدان، دەڵێت؛ لەو بوارەدا زۆرترین کاریان کردوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...6364656667...616