واشنتۆن، دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری روسیای راگەیاند، لە دەریای ئەتڵەسیدا، ئاماژە بەوەکراوە، دەستبەسەرداگرتنەکە لە چوارچێوەی گەمارۆی بەردەوامی ئەو کەشتیانەدایە کە  پەیوەستن بە ڤەنزوێلاوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی روسیا ئەنجام داوە و توانیویەی دەستی بەسەردا بگرێت، سەرەڕای ئەوەی روسیا کەشتییەکی جەنگی ناردوە بۆ یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە، بەڵام لەکاتی خۆیدا نەگەیشتوەتە لای.

ئەوەشخراوەتەڕوو ئۆپەراسیۆنەکە چەند سەعاتێک  دوای ئەو هەواڵانە ئەنجامدراوە،  کە روسیا کەشتییە دەریاییەکانی ناردووە بۆ یاوەریکردنی  کەشتییە نەوتهەڵگرەکە، کە زانیویەتی  لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە گەمارۆ دراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی  واشنتۆن، ئەو کەشتییە پێشتر بە "بێلا 1" ناسرابوو، لە ساڵی 2024 لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنرا، بەهۆی ئەوەی بە ناراستەوخۆ و کاری گواستنەوەی نەوتی کردوە بە نایاسایی و ئەمە یەکەمجار نییە ئەمریکا هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی بدات، مانگی رابردوش هەوڵیدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.