بەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە باشوری بەڕازیل بەهۆی پێکدادانی پاسێک و بارهەڵگرێکەوە 11 کەس گیانیان لەدەستدا و 11ـی دیکەش برینداربوون.
میدیاکانی بەڕازیل بڵاویانکردەوە، روداوەکە لەسەر رێگەی خێرای فیدراڵی لە شارۆچکەی پیلۆتاس لە ویلایەتی ریۆ گراندێ دۆ سۆڵ رویداوە.
تۆڕی "گلۆبۆ"ی بەڕازیلی ئاشکرایکردووە، پاسەکە ژمارەیەک گەشتیاری هەڵگرتبوو کە بەرەو شارۆچکەی کاماکوا دەچوون و بەیانی ئەمڕۆ لە شاری پیلۆتاسەوە بەڕێکەوتبوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، شۆفێری پاسەکە یەکێکە لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە و بریندارەکانیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
لای خۆیەوە پۆلیسی بەڕازیل رایگەیاندووە، بەشێک لە باری بارهەڵگرەکە کە لم بووە، رژاوەتە ناو پاسەکەوە، ئەوەش پرۆسەی رزگارکردنی قورسکردووە. بەهۆی روداوەکەوە رێگەکە بە هەردوو ئاڕاستە داخراوە و پێشبینی ناکرێت بەم نزیکانە بکرێتەوە.
ساڵی 2025 بە گەرمترین و پڕخۆرترین ساڵ لە مێژووی بەریتانیا تۆماركرا.
فەرمانگەی كەشناسی بەریتانیا لە راپۆرتێكی نوێدا رایگەیاند، ساڵی 2025 گەرمترین و پڕخۆرترین ساڵ بووە لە مێژووی وڵاتەكەدا، بەجۆرێك تێكڕای پلەی گەرمی ساڵانە گەیشتووەتە 10.1 پلەی سیلیزی، ئەوەش یەكەی پێوانەیی پێشووی ساڵی 2022ی تێپەڕاندووە.
مارك مەككارسی، لێپرسراوی بەشی ئاووهەوا لە فەرمانگەكە دەڵێت، هۆكاری ئەو گەرمبوونە بۆ بەرزبوونەوەی نائاسایی پلەی گەرمیی دەریاكان دەگەڕێتەوە و ئەنجامەكان دەریدەخەن گۆڕانی كەشوهەوا بەهۆی چالاكییە مرۆییەكانەوە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژینگەی بەریتانیا هەبووە.
ئەوەش لەكاتێكدایە لەسەر ئاستی جیهان، ساڵی 2024 هێشتا وەك گەرمترین ساڵی گۆی زەوی ماوەتەوە و ساڵی 2025یش یەكێكە لە سێ گەرمترین ساڵەكان.
هاوكات، سەرجەمی 10 گەرمترین ساڵەكانی مێژووی بەریتانیا لە 25 ساڵی رابردوودا تۆماركراون، ئەوەش نیشانەیەكی مەترسیداری خێراگۆڕانی ئاووهەوایە لە سەدەی 21دا.
وەك ئامادەكارییەك بۆ نیشتنەوەی هەمیشەیی لەسەر رووی مانگ و بەئومێدی دۆزینەوەی گازێكی دەگمەن، ناسا چوار كەشتیوان بە بەهای نزیكەی 10 ملیار دۆلار دەنێرێتە خولگەی مانگ.
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریكا-ناسا رایگەیاند، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكاری چڕن بۆ ناردنی چوار كەشتیوان بۆ خولگەی مانگ لە چوارچێوەی گەشتی ئاریتمس-دوو كە بڕیارە گەشتەكە لە پێنجی شوباتی ئەمساڵ لە ویلایەتی فلۆریداوە بە ئاراستەی مانگ دەستپێبكات.
ئاژانسەكە روونیشیكردووەتەوە، تیمی گەشتەكە پێكهاتوون لە سێ ئەمریكی و كەشتیوانێكی كەنەدی، كە پێكەوە بۆ ماوەی 10 رۆژ بە دەوری مانگدا دەخولێنەوە. ئامانجیش لە گەشتەكە ئامادەكارییە بۆ دووبارەی نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر رووی مانگ لە ساڵی 2027 یان 2028دا.
ناسا دەشڵێت، دەیانەوێت لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە ژێرخانێكی تەكنەلۆژی و بنكەیەكی هەمیشەیی لەسەر مانگ دروست بكەن، بە مەبەستی دەرهێنانی گازی دەگمەنی هیلیۆم-سێ و ئامادەكاری بۆ گەشتە دوورەكانی مەریخ.
كۆنگرێسی ئەمریكا رەزامەندی دەربڕیوە بۆ تەرخانكردنی بڕی 9.9 ملیار دۆلار بۆ ئەم قۆناغە و كۆمپانیاكانی وەك سپەیس ئێكس و بۆینگ یش هاوكاری ناسا دەكەن بۆ سەرخستنی ئەو گەشتە مێژووییە.
ئەو گەشتە لە دوای ساڵی 1969وە دەبێتە گەورەترین هەنگاوی مرۆڤایەتیی بەرەو قوڵاییەكانی بۆشایی ئاسمان.
ئامێرێکی نوێ کە بە تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد کاردەکات، لە چین سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە دەستنیشانکردنی حاڵەتە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی پەنکریاس کە پزیشکەکان نەیانتوانیوە لەرێگەی پشکنینەکانەوە هەستی پێ بکەن، ئەمەش هیواکان بۆ رزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان زیاد دەکات.
شێرپەنجەی پەنکریاس یەکێکە لە کوشندەترین جۆرەکانی شێرپەنجە، رێژەی مانەوە لە ژیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوای توشبوون تەنها نزیکەی 10%ـە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نیشانەکانی درەنگ دەردەکەون و ئاشکراکردنی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا ئەستەمە.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئامێرەکە ناوی "پاندا" (PANDA)یە و لەلایەن توێژەرانی کۆمپانیای عەلی بابای چینییەوە پەرەی پێدراوە. بۆ یەکەمجار لە تشرینی دووەمی 2024 لە زانکۆی نینگبۆ لە خۆرهەڵاتی چین تاقیکراوەتەوە.
لەو کاتەوە، ئامێرەکە شیکاری بۆ زیاتر لە 180 هەزار وێنەی تیشکی (CT Scan)ی سک و سنگ کردووە، یارمەتی پزیشکەکانی داوە بۆ دۆزینەوەی نزیکەی 20 حاڵەتی شێرپەنجەی پەنکریاس، کە 14 حاڵەتیان لە قۆناغی زۆر سەرەتاییدا بوون.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەو نەخۆشانە بەهۆی نیشانەی وەک ئاوسانی سک و دڵتێکەڵهاتن سەردانی نەخۆشخانەیان کردبوو، سەرەتا لە پشکنینەکاندا پزیشکەکان هەستیان بە هیچ مەترسییەک نەکردبوو، تا ئەو کاتەی "پانپا" سەرنجی راکێشان بۆ بوونی وەرەمەکە.
دکتۆر ژۆ، سەرۆکی بەشی پەنکریاس لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان دەڵێت: "دەتوانین بە رێژەی 100% بڵێین زیرەکیی دەستکرد ژیانی ئەوانی رزگار کرد".
بەهۆی ئەم سەرکەوتنەوە، ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) سیفەتی "ئامێری داهێنەرانە"ی بەخشیوەتە "پاندا" بۆ ئەوەی رێکارەکانی پەسەندکردنی خێرا بکرێت و لە نەخۆشخانەکان بەکاربهێنرێت.
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەراورد بە دوێنێ، بۆ هەر ئۆنسەیەک نزیکەی 40 دۆلار بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ هەینی، یەک ئۆنسە زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بە چوار هەزار و 380 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، لەکاتێکدا دوێنێ پێنجشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ چوار هەزار و 340 دۆلار بوو.
نرخی زێڕ بەراورد بە چەند مانگی رابردوو بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و شارەزایانی ئابورییش، پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی دەکەن لەمساڵدا.
لە بازاڕەکانی هەرێمیش بەم شێوەیە مامەڵەی پێوەدەکرێت:
زێڕی عەیار 21 به 891 هەزار دینار
زێڕی عەیار 18 به 762 هەزار دینار
زێڕی عەیار 22 به 933 هەزار دینار
زێڕی عەیار 24 به 101هەزار دینار
وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، توانیویانە نهێنییەکانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکراین ئاشکرا بکەن کە لە چەند رۆژی رابردوودا خراوەتە خوارەوە، داتاکان دەریدەخەن ئامانجی فڕۆکەکە شوێنی مانەوەی سەرۆکی روسیا بووە و بەڵگەکانیش دەدەنە ئەمریکا.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پرۆسەی کردنەوەی کۆدی داتاکانی ئاراستەکردن (Data Decryption) دەریدەخات کە ئامانجی کۆتایی هێرشە ئۆکراینییەکە لە 29ـی کانونی یەکەمی 2025، دامەزراوەیەک بووە لە شوێنی مانەوەی سەرۆکایەتی لە ناوچەی نۆڤگۆرۆد.
مۆسکۆ جەختی لەوە کردۆتەوە، ئەو بەڵگانە لە رێگەی کەناڵە رەسمییەکانەوە رادەستی لایەنی ئەمریکی دەکەن. پێشتریش مۆسکۆ هۆشداریدابوو کە بەهۆی ئەم رووداوەوە چاوخشاندنەوە بە هەڵوێستی خۆیدا دەکات لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین.
رۆژی دووشەممە، مۆسکۆ تۆمەتی ئەوەی دایە پاڵ کیێڤ کە بە 91 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر هەوڵی بەئامانجگرتنی شوێنی مانەوەی ڤلادیمێر پوتنی داوە لە باکوری روسیا.
لە بەرامبەردا، ئۆکراین و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان لەم چیرۆکەی روسیا هەیە. رۆژنامەی "واڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی ئۆکراین پوتنی بەئامانج نەگرتووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرەتا هاوسۆزی بۆ روسیا دەربڕی و رایگەیاند، پوتن پێی راگەیاندووە کە بەهۆی رووداوەکەوە "زۆر توڕەیە".
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان ئاماری كوژران و زیندانیكردنی رۆژنامەنووسانی بۆ ساڵی 2025 بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ساڵی رابردوو 128 رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا كوژراون.
ئەنتۆنی بێلانگر ئەمینداری گشتیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان رایگەیاند، ساڵی رابردوو 128 رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا كوژراون، كە جگە لەوەی ئامارەكە لە ساڵی 2024 زیاترە، وەك هێڵێكی سوری ئاگاداركردنەوە وایە بۆ رۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهاندا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ساڵی رابردوو تەنها لە غەززە 56 رۆژنامەنووس كوژراون، كە ئەو رێژەیە بەراورد بە رووبەڕێكی بچوكی وەك ئەو كەرتە نائاساییە و هەرگیز پێشتر شتی لەو جۆرە رووینەداوە.
هەر بەپێی ئەو ئامارەی فدراسیۆنەكە رایگەیاندووە، لە ئێستادا 533 رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا لە زینداندان.
لە کاتی ئاهەنگەکانی پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ لە ناوچەیەکی گەشتیاریی سویسرا، ئاگرێکی گەورە لە کافتریایەک کەوتەوە و بەهۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربوون.
دەسەڵاتدارانی سویسرا رایانگەیاند، روداوەکە لە سەعات 01:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە باڕی "لی کۆنستەلەیشن" لە ناوچەی کرانس-مۆنتانا رویداوە، کە یەکێکە لە شوێنە بەناوبانگەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر و گەنجان رووی تێدەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی پۆلیسی سویسرا بڵاویکردەوە، مەزندە دەکرێت نزیکەی 40 کەس لەو ئاگرەدا گیانیان لەدەستدابێت، ناسینەوەی قوربانییەکانیش رەنگە چەند هەفتەیەکی پێ بچێت.
هاوکات زیاتر لە 100 کەس بریندارن کە برینی زۆربەیان سەختە و توشی سوتاوی بون.
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرەکە، دوو گەشتیاری فەرەنسی بەناوی ئێما و ئەلبان کە لەو کاتەدا لەوێ بوون بە میدیاکانیان راگەیاندووە، یەکێک لە کارمەندەکان مۆمی ئاهەنگگێڕانی لەسەر بوتڵی شەراب (شەمپانیا) داناوە و بەرزیکردۆتەوە، بەهۆی ئەوەی سەقفەکە لە دار دروستکراوە و نزم بووە، راستەوخۆ ئاگری گرتووە.
شایەتحاڵەکان دەڵێن: "لە چەند چرکەیەکدا ئاگرەکە تەواوی شوێنەکەی گرتەوە، دار بوو بۆیە زوو گڕی گرت، نزیکەی 200 کەس هەوڵیان دەدا لە ماوەی 30 چرکەدا لە رێگەی پلیکانەیەکی زۆر تەسکەوە لە نهۆمی سەرەوە را بکەن، رزگاربوونمان موعجیزە بوو".
دەسەڵاتدارانی سویسرا 10 کۆپتەر و 40 ئەمبوڵانس و 150 کارمەندی فریاکەوتنیان رەوانەی شوێنی روداوەکە کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و گواستنەوەی قوربانییان.
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژدا بەگومانی قاجاخچێتی مادەی هۆشبەر هێرشیان کردووەتە سەر پێنج بەلەم بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی تریش خۆیان هەڵداوەتە ناو دەریاوە و جارەنوسیان نادیارە.
بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لەلایەن فەرماندەیی باشورەوە بڵاوکراوەتەوە، بەلەمەکان کە دەکرێنە ئامانج بە نزیک کەشتیەکاندا تێدەپەڕن و ئەمەش روداوێکی نائاسییە و یەکەمجارە بەلەمەکان لە نزیک کەشتییەکان بکرێنە ئامانج.
فەرماندەیی باشوور ئاماژەی بەوەشكردووە لە هێرشەكەیاندا بۆ سەر ئەو كەشتیانە هەشت بازرگانی ماددەی هۆشبەرشیان كوشتوە، ئاوانی تریش خۆیان هەڵداوەتەوە ئاوەكەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، گەران لە ژێر ئاوەكەدا بەدوای ئەوانەی خۆیان هەڵداوەتە ناو ئاوەکەوە بەردەوامی هەیە.

دوای ئەوەی مۆسکۆ رایگەیاند ئۆکراین بە زیاتر لە 90 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردۆتە سەر شوێنی مانەوەی ڤلادیمێر پوتن، پەخشکردنی پارچە میوزیکێک لە وێستگەیەکی نهێنی روسیاوە ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە.
میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، وێستگەی (UVB-76)ی روسیا کە بە "رادیۆی رۆژی دوایی" ناسراوە و مێژووەکەی بۆ حەفتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، لە دوای هێرشەکەی سەر پوتن پارچە میوزیکی "دەریاچەی قو"ی پیۆتر چایکۆڤسکی پەخشکردووە.
ئەم وێستگەیە کە بەردەوام دەنگی "زەنگ" یان "تین" دەدات، تەنها لە کاتی قەیرانە گەورەکان و بۆ مەبەستی سەربازی و هەواڵگری پەیامی نهێنی (شیرفە) پەخش دەکات.
ئەگەرەکان چین؟
چاودێران پێیان وایە پەخشکردنی ئەم میوزیکە ئاماژەیە بۆ دوو ئەگەری ترسناک:
تیرۆرکردنی زێلێنسکی: ئەگەر هەیە روسیا وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشکردنە سەر پوتن، بڕیاری تیرۆرکردنی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینی دابێت.
کاراکردنی چەکی ئەتۆمی: ئەگەرەکەى تر پەیوەندی بە کاراکردنی سیستمی "دەستی مردوو" (Dead Hand) هەیە، کە سیستمێکە رێگە بە لێدانی موشەکی ئەتۆمی دەدات بەشێوەی ئۆتۆماتیکی ئەگەر سەرکردایەتی روسیا لەناو بچێت یان مەترسی گەورەی لەسەر بێت.
هەڵوێستی ئەوروپا:
لەلایەکی دیکەوە، مۆسکۆ رایگەیاندووە دەست دەکات بە فراوانکردنی "ناوچەی دابڕاو" لە بەرەکانی جەنگ، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا ئەم تۆمەت و هەنگاوانەی روسیا بە "بەلارێدابردنێکی بە ئەنقەست" ناو دەبەن بۆ تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی.
ئەمشەو جیهان ماڵئاوایی لە ساڵێکی دیکە دەکات و ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە ساڵێکی نوێ دەکات، بەڵام هەمووان تەنها بە تەقاندنی یارییە ئاگرینەکان و ژماردنی چرکەکان ئاهەنگ ناگێڕن. لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵک چاوەڕێی سەعات ١٢ی شەو دەکەن، گەلانی جیهان چەندین نەریتی سەیر و سەمەرەیان هەیە کە پێیان وایە بەختی باشیان بۆ دەهێنێت.
ئەمانە بەشێکن لە سەیرترین نەریتەکانی سەری ساڵ لە جیهاندا:
ئیسپانیا؛ 12 دەنک ترێ بۆ 12 مانگ:
لە ئیسپانیا نەریتەکە وایە لەگەڵ لێدانی هەر زەنگێکی سەعات ١٢ی شەو، دەنکێک ترێ بخۆن. واتە دەبێت لەو چەند چرکەیەدا ١٢ دەنک ترێ بخۆیت کە هێمایە بۆ ١٢ مانگی ساڵی داهاتوو. ئەم نەریتە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەگەڕێتەوە و ئیسپانییەکان پێیان وایە بەختی باش دەهێنێت.
دانیمارک؛ بازدان لەسەر کورسی:

دانیمارکییەکان بە شێوازێکی "بەرز" دەچنە ناو ساڵی نوێوە. نەریتەکە بەو جۆرەیە کە دەچنە سەر کورسییەک و کاتێک سەعات دەبێتە ١٢، باز دەدەنە خوارەوە. ئەوان پێیان وایە ئەگەر باز نەدەیت یان لەبیرت بچێت، ئەوا ساڵی داهاتوو توشی بەختی خراپ دەبیت.
ئەڵمانیا؛ سەیرکردنی کۆمیدیایەکی بەریتانی:
ئەڵمانییەکان نەریتێکی سەریان هەیە، ئەویش سەیرکردنی شانۆگەرییەکی کۆمیدی رەش و سپی بەریتانییە بەناوی "Dinner for One" کە لە ساڵی ١٩٦٢ تۆمار کراوە. چیرۆکەکە باسی پیرەژنێکی ئینگلیز دەکات بەناوی سۆفی کە یادی ٩٠ ساڵەی لەدایکبوونی دەکاتەوە، بەڵام هەموو میوانەکانی مردوون، بۆیە خزمەتکارەکەی ناچارە رۆڵی هەر چوار میوانەکە ببینێت تا پیرەژنەکە هەست بە تەنیایی نەکات.
کۆڵۆمبیا؛ راکردن بە جانتای بەتاڵەوە:
ئەگەر خەونی ئەوەت هەیە لە ساڵی ٢٠٢٦دا زۆر گەشت بکەیت، رەنگە حەز بکەیت ئەم نەریتەی کۆڵۆمبیا تاقی بکەیتەوە. لەو وڵاتە خەڵک جانتایەکی سەفەری بەتاڵ دەگرن بە دەستەوە و بە خێرایی بە دەوری گەڕەک یان کۆڵانەکەدا دەسوڕێنەوە، ئەوان بڕوایان وایە ئەمە دەرگای گەشتکردنیان بۆ دەکاتەوە.
فلیپین؛ هەموو شتێک دەبێت بازنەیی بێت:
لە کەلتوری فلیپیندا، شێوەی "بازنەیی" هێمایە بۆ سکە و پارە. بۆیە خێزانەکان ١٢ جۆر میوەی بازنەیی ئامادە دەکەن و دەیخۆن تاوەکو ساڵێکی پڕ لە خۆشگوزەرانی و پارەیان هەبێت. تەنانەت جلەکانیشیان دەبێت نەخشی خاڵخاڵ (بازنەیی)ی تێدابێت.
بەرازیل؛ بازدان بەسەر ٧ شەپۆلدا:
لە بەرازیل زۆربەی خەڵک بە جلی سپییەوە دەچنە کەنار دەریاکان. نەریتەکە ئەوەیە باز بەسەر حەوت شەپۆلدا بدەن وەک سوپاسگوزارییەک بۆ خوداوەندی دەریا. گرنگترین مەرجیش ئەوەیە دوای تەواوبوون نابێت پشت لە دەریا بکەن تاوەکو قاچەکانیان بە تەواوی لە ئاوەکە دەچێتە دەرەوە، ئەگەرنا بەختی خراپیان دەبێت.
سکۆتلەندا؛ یەکەم هەنگاو:
سکۆتلەندییەکان بایەخێکی زۆر بەو کەسە دەدەن کە دوای سەعات ١٢ی شەو یەکەمجار دەچێتە ماڵەکەیانەوە. بەپێی ئەفسانەکان، باشترە ئەو کەسە پیاوێکی باڵابەرزی ئەسمەر بێت (بۆ ئەوەی لە ڤایکینگەکان نەچێت). پێویستە دیارییەکیشی پێبێت وەک خوێ، خەڵوز یان ویسکی، کە هێمان بۆ گەرمی و خۆراک.
یۆنان؛ هەڵواسینی پیاز:
یۆنانییەکان پیاز بە دەرگاکانیانەوە هەڵدەواسن وەک هێمایەک بۆ لەدایکبوونەوە. کاتێک رۆژی ساڵی نوێ دێت، هەندێک دایک و باوک پیازەکە بە هێواشی لە سەری منداڵەکانیان دەدەن بۆ ئەوەی بەختیان باش بێت.
ئەمریکا؛ تۆپەکەی تایمز سکوێر:
لە ئەمریکا ملیۆنان کەس لە گۆڕەپانی تایمز سکوێری نیویۆرک یان لە رێگەی تەلەفزیۆنەوە چاوەڕێی دابەزینی تۆپە کریستاڵییە بەناوبانگەکە دەکەن، کە بەهۆیەوە هاتنی ساڵی نوێ رادەگەیەنرێت.
پلانی ساڵی نوێ:
لەکۆتاییدا، باوترین نەریت لە هەموو جیهاندا دانانی "پلانی ساڵی نوێ"یە. هیواخوازین ساڵی ٢٠٢٦ بۆ هەمووان ساڵی هاتنەدی ئاواتەکان و دەستپێکێکی نوێ بێت.
هەندێک جار پارچە گۆرانییەک یان ئاوازێک لە مێشکماندا دەخولێتەوە و هەست دەکەین بەردەوام دوبارە دەبێتەوە، زانایان ئەم دیاردەیە بە "کرمی گوێ" ناو دەبەن و توێژینەوەکانیش دەریدەخەن زۆربەی خەڵک بە شێوەیەکی رێکخراو توشی ئەم دۆخە دەبن.
بەپێی توێژینەوەیەکی فینلەند، زیاتر لە 90%ـی خەڵک لانیکەم هەفتەی جارێک توشی دیاردەی مانەوەی گۆرانی لە مێشکیاندا دەبن، نزیکەی 60%یش رۆژانە ئەمە ئەزمون دەکەن، بەتایبەت ئەو کەسانەی زۆر گوێ لە میوزیک دەگرن.
چی لە مێشکدا روودەدات؟
بەپێی ماڵپەڕی "ساینس ئەلێرت"، توێژینەوەکان ئاشکرایان کردووە کە فرمانەکانی مێشک لەکاتی گوێگرتن لە میوزیک و خەیاڵکردنی میوزیکدا (وەک دیاردەی کرمی گوێ) لێکچونێکی زۆریان هەیە. ئەم دیاردەیە دەنگێکی راستەقینە نییە کە بە دەنگی بەرز بیبیستین، بەڵکو لەناو مێشکدایە.
دەرکەوتووە بەشێک لە مێشک کە پێی دەوترێت توێکڵی بیستنی پەیوەندیدار، رۆڵێکی گەورەتر دەبینێت لە خەیاڵکردنی میوزیکدا بەراورد بە توێکڵی بیستنی سەرەتایی کە ئەرکە بنەڕەتییەکان ئەنجام دەدات. تەنانەت ئەو کەسانەی کێشەی نەبیستنی ئاوازیان هەیە و ناتوانن باش میوزیک شیبکەنەوە، هێشتا توشی "کرمی گوێ" دەبن بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر.
کاریگەری لەسەر یادگە:
ئەم دیاردەیە کاتێک روودەدات، دەچێتە نێو بەشێک لە بونیادی مەعریفی مرۆڤ کە پێی دەوترێت "یادگەی کارکردن". توێژەرانی ئوسترالیا گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر گۆرانییەک لە مێشکی کەسێکدا مابێتەوە، وردبینی لە ئەنجامدانی کارەکانیدا کەمتر دەبێتەوە، چونکە ئاوازەکە شوێن بە زانیارییەکانی دیکە لێژ دەکات لە یادگەدا.
هەروەها دەرکەوتووە تا مرۆڤ زیاتر ئاشنا بێت بە گۆرانییەکە، ئەگەری تێکەڵبوونی بە یادگەی کارکردن زیاتر دەبێت.
سود و زیانەکان:
هەرچەندە هەندێک جار مانەوەی ئاوازێک بێزارکەرە، بەڵام توێژینەوەکان دەڵێن زۆربەی کات ئەزمونێکی چێژبەخشە. توێژەرانی ئەڵمانیا پێیان وایە ئەمە جۆرێکە لە نیشانەکانی "کشانەوە" لە گوێگرتن لە میوزیک، واتە کاتێک حەز دەکەین گوێ لە میوزیک بگرین و ناتوانین، مێشکمان بەم شێوەیە قەرەبوی دەکاتەوە.
توێژەرانی بەریتانیاش دەڵێن سروشتی ئەو گۆرانییەی لە مێشکدا دەمێنێتەوە، پەیوەندی بە هۆکاری گوێگرتنەکەوە هەیە، بۆ نمونە ئەگەر بۆ حەماس گوێ لە گۆرانی بگریت، ئەوەی لە مێشکیشتدا دەمێنێتەوە گۆرانییەکی حەماسی دەبێت. بەڵام بۆ ئەوانەی نەخۆشی وەسواسیان هەیە، رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی بیرکردنەوەی نەخوازراو.
چۆن رزگارمان دەبێت؟
توێژەرانی بەریتانیا رێگەیەکی سەیر بەڵام کاریگەر بۆ رزگاربوون لەم دۆخە پێشنیاز دەکەن، ئەویش جوینی "بنێشت"ـە.
ئەمە لە رووی زانستییەوە لۆژیکییە، چونکە جوینی بنێشت ماسولکەکانی قوڕگ سەرقاڵ دەکات و دەبێتە هۆی پچڕاندنی ئەو بازنەیەی ئاوازەکەی تێدا دەخولێتەوە. جگە لەوەش، گوێگرتن لە گۆرانییەکی جیاواز دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ دەرکردنی ئاوازە کۆنەکە لە مێشکدا.
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسیان راگەیاندووە، ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لە پشت هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە کە هەفتەی رابردوو لە ڤەنزوێلا ئەنجامدراوە.
بەپێی سەرچاوەکان، هێرشەکە ناوچەیەکی لەنگەرگرتنی کردۆتە ئامانج کە گومان دەکرێت لەلایەن تۆڕەکانی قاچاخچێتی مادەی هۆشبەری ڤەنزوێلاوە بەکاربهێنرێت.
ئەم هێرشە بە یەکەم ئۆپراسیۆنی راستەوخۆی ناسراو دادەنرێت لەسەر خاکی ڤەنزوێلا لەوەتەی ئەمریکا لە مانگی ئەیلولەوە دەستی بە ئەنجامدانی هێرش کردووە، ئەمەش وەک پەرەسەندنێکی گەورە لە هەڵمەتی فشارەکانی ئیدارەی ترەمپ دژی حکومەتەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لێکدەدرێتەوە، هەرچەندە تا ئێستا بەرپرسانی ڤەنزوێلا هیچ لێدوانێکی رەسمییان لەبارەی هێرشەکەوە نەداوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە چاوپێکەوتنێکی رادیۆییدا لە نیویۆرک ئاماژەی بە ئۆپراسیۆنەکە کرد و رایگەیاند، ئەمریکا دامەزراوەیەکی "گەورە"ی وێران کردووە کە وەک خاڵی دەستپێک بۆ کەشتییەکان بەکارهێنراوە.
هاوکات رۆژی دووشەممە، لە کاتی پێشوازیکردنی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە هاوینەهەواری مارالگۆ، ترەمپ زانیاری زیاتری بۆ رۆژنامەنوسان ئاشکرا کرد و وتی: "ئۆپراسیۆنەکە ناوچەیەکی لەنگەرگرتنی کردۆتە ئامانج کە تێیدا مادەی هۆشبەریان بار دەکردە سەر بەلەمەکان"، بەڵام ئامادە نەبوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە ئایا هێرشەکە لەلایەن سوپاوە ئەنجامدراوە یان ئاژانسی هەواڵگری (CIA).
ئەمریكا گرێبەستێكی بۆ فرۆشتنی فڕۆكەی جۆری ئێف15 و چەند كەلوپەلێكی سەربازیی بە ئیسرائیل ئیمزاكرد كە بەهاكەی دەگاتە 8.6 ملیار دۆلار.
وەزارەتی جەنگی ئەمریكا رایگەیاند، رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر گرێبەستێكی كۆمپانیای بۆینگ كە بەهاكەی دەگاتە 8.6 ملیار دۆلار و رۆشتنی 25 فڕۆكەی جۆری ئێف15ی پێشكەوتوو و چەند كەلوپەلێكی سەربازیی و دیزاینكردن و یەكخستنەوەی ئامێرەكان لەخۆدەگرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئیمزاكردنی ئەو گرێبەستە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بینیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلدا دێت لە فلۆریدا.
ئیسرائیلیش بە گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریكا دادەنرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەمریكاش ماوەی چەندین ساڵە گەورەترین دابینكەری چەك بووە بۆ ئەو وڵاتە.
یاریدەدەری سەرۆكی روسیا رایگەیاند، ئۆكراین شوێنی مانەوەی پوتنی لە شاری نۆڤگۆرد كردووەتە ئامانج و سیستمی بەرگری روسیا بەرپەرچی هێرشەكەی داوەتەوە. هاوكات، ئۆكراین رەتی دەكاتەوە شوێنی پوتنیان كردبێتە ئامانج.
یوری ئۆشاگۆڤ یاریدەدەری سەرۆكی روسیا رایگەیاند، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئۆكراین شوێنی مانەوەی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی وڵاتەكەیان لە شاری نۆڤگۆرد كردووەتە ئامانج. هاوكات، سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند، سیستمی بەرگریی روسیا وەڵامی هێرشەكانی داوەتەوە و سەرجەم فڕۆكە بێفڕۆكەوانە ئۆكراینییەكانی تێكشكاندووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، پێدەچێت لەدوای ئەو هێرشەوە مۆسكۆ هەڵوێستی خۆی لە دانوستانەكانی كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆكرایندا بگۆڕیت.
لەلایەكی دیكەوە، ڤۆڵۆفیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین ئەنجامدانی هێرش بۆسەر شوێنی مانەوەی پوتن رەتدەكاتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو هەواڵانە دوورن لە راستی و روسیا دەیەوێت لەو رێگایەوە ئاستەنگ بۆ دانوستانەكان دروست بكات.
دۆناڵد ترەمپ لە فلۆریدا پێشوازی لە بنیامین ناتانیاهۆ کرد و رایگەیاند، دەبێت حەماس بە تەواوی چەک بکرێت و ئێران هەوڵی دروستکردنەوەی وێستگە ئەتۆمییەکانی دەدات، هاوکات پەیامێکی لەبارەی پوتن و سەرۆکی سوریاوە ئاشکرا کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی پێشوازیکردنی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە فلۆریدا رایگەیاند، پەیوەندییان لەگەڵ ناتانیاهۆ لە باشترین دۆخدایە و ئیسرائیلی گەیاندووەتە ئاستێکی بەرزی هێز.
سەبارەت بە غەززە، ترەمپ وتی: "دەبێت حەماس بە تەواوی چەک بکرێت، دۆسیەی غەززە لە پێشینەی گفتوگۆکانمانە و سەرەڕای سەختیی دۆخەکە کار بۆ راستکردنەوەی دەکەین و بەمزووانە ئاوەدانکردنەوە دەستپێدەکات".
لەبارەی ئێرانەوە، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر لێدانەکانی ئەوان نەبوایە بۆ سەر ئێران، دەرفەتی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەدەبوو، بەڵام ئێستا تاران هەوڵدەدات وێستگە ئەتۆمییەکانی بونیات بنێتەوە و "ئێمە نامانەوێت ئەوە رووبدات".
ترەمپ باسی لەوەش کرد، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا پێی راگەیاندووە کە هێرش کراوەتە سەر شوێنی مانەوەکەی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ستایشی سەرۆکی سوریای کرد و وتی: "سەرۆکی سوریا کارێکی باش دەکات و هیوادارم رێککەوتن لە نێوان سوریا و ئیسرائیل بکرێت".