نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا گەیشتە روسیا بۆ باشتكردنی پەیوەندیەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، وتەبێژی كرملنیش دەڵێت، چاكبونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و مۆسكۆ كاتی پێویستە.
ستیڤ ویتكۆف نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا گەیشتە مۆسكۆی پایتەختی روسیا و بڕیارە لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە كۆببێتەوە و گفتوگۆ بكات لەبارەی باشتركردنی پەیوەندییەكانی واشنتۆن و مۆسكۆ.
هاوكات، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، سەپاندنی پاكێجێكی نوێی سزاكانی ئەمریكا بەسەر روسیا دوادەخات تا دوای سەردانەكەی ویتكۆف.
لە بەرامبەردا، دیمیتری پیسكۆف وتەبێژی كۆشكی كرملن رایگەیاند، ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان مۆسكۆ و واشنتۆن كاتی پێویستە، سەبارەت بە كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان پوتن و ترەمپیش، وتەبێژی كرملن رایگەیاند، هیچ پێشكەوتنێك لەو بابەتەدا نیە.
سەرۆكی پەرلەمانی توركیا رایگەیاند وڵاتەكەیان لە قۆناغێكی گرنگی گۆڕانكاریدایە دەشڵێت چەكدانان لە ئەنجامی هیچ مامەڵەیدا نەبوە و تەنها خواستی خەڵك بوە.
دوای بەرێوەچونی یەكەم كۆبونەوەی كۆمسیۆنی پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمانی توركیا و ناو لێنانی كۆمسیۆنەكە بەناوی كۆمسیۆنی هاوپشتی نەتەوەیی و برایەتی و دیموكراسی، نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا وتی: لە لێواری قۆناغێكی نوێداین كە بە هەنگاوە چارەنوسسازەكان هەوڵەكانی كودەتا و تیرۆر پووچەڵ كرانەوە.
وتیشی پڕۆسەی چەك دانان لە ئەنجامی مامەڵەیەكدا نەبوە، بەڵكو بەهۆی پێداگریی خەڵكی وڵاتەكە بوە بۆ ئارامیی، یەكگرتوویی .
سەرۆكی پەرلەمانی توركیا راشیگەیاند: كۆمیسیۆنی هاوپشتی ئامانجی سەرەكیی كاركردنە بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و یەكێتی و یەكڕیزی دەبێت سەرپشك بێت لە چۆنیەتی كۆبونەوە و گفتوگۆ سەبارەت بە پڕۆسەكە.
هاوكات سەرۆكی پەرلەمانی توركیا رەشنوسێكی 12 خاڵی بڵاوكردەوە كەتێیدا چوارچێوەی كاركردنی كۆمسیۆنەكە دیاریكراوە
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند هێرشەكانی وڵاتەكەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانی راگرت بە وتەی ترەمپ هێرشەكان نەبوایە ئێران لە دوو مانگی دیکەدا دەبووە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، هەوڵەكانی بۆ راگرتنی جەنگ لە جیهاندا بەردەوام دەبێت وهێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لە چوارچێوەی راگرتنی جەنگدا بوە.
ترەمپ وتیشی، ئەگەر هێرشەكانی ئەمریكا نەبوایە، ئێران دەیتوانی لە ماوەی دوو مانگی دیکەدا چەكی ئەتۆمی دروست بكات.
ئەمریكا لە مانگی شەشی ئەمساڵدا هەرسێ دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانی بۆردومان كرد و سەرۆكی ئەمریكاش دوای بۆردومانەكە رایگەیاند، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان لەناوبردوە.
میدیا ناوخۆییەکانی فەرەنسا بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی حکومەتی خۆجێی لە باشووری وڵاتەکە بڵاویانکردەوە، ئاگرێکی گەورە هەزاران هێکتار زەوی دەسوتێنێت.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە 4 هەزار و 500 هێکتار زەوی و بەروبووم لە ئاگرەکەدا سووتاون کە لە شاری ریباوت کەوتەوە.
بە وتەی بەرگری شارستانی ناوچەکە، بڵێسەی ئاگرەکە بە شێوەیەکی نائاسایی و خێرا بڵاوبووەتەوە و پێناچێت تا ئێوارە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت.
هاوکات زیاتر لە هەزار کەس لە تیمی ئاگرکوژێنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاگرەکە بەشداربوون، بە هۆی بای بەهێزیشەوە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە ئەستەم بووە.
ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا ئامادەکاری دەکەن بۆ هاوکاریکردنی سوپای ئۆکراین لە رێگەی پێشکەشکردنی سەدان ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی لە ئەمریکا.
پاوڵ جۆنسن وەزیری بەرگری سوید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بڕی 275 ملیۆن دۆلار دابین دەکات بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی لە ئەمریکا پاشانیش وەک هاوکاری پێشکەشی ئۆکراینی دەکات.
راشیگەیاند، بەهاوبەشی لەگەڵ نەرویج و دانیمارک نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار خەرج دەکەن بۆ هاوکاریکردنی سوپای ئۆکراین و دابینکردنی پێویستیەکانی .
ئەوەش لە کاتێکدایە وەزیری بەرگری هۆڵندا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی بڕی 500 ملیۆن یۆرۆ دەبەخشێت بە ئۆکراین بۆ کڕینی ئەو کەرەستە سەربازیانەی کە بۆ سوپای ئۆکراین پێویستە.
لەو بارەیەوە کونسوڵخانەی روسیا لە هۆڵندا رایگەیاند، بڕیارەکەی هۆڵەندا بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی بۆ سوپای ئۆکراین دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی ماوەی جەنگ، هەروەها دەبێتە هۆی بارگرانی بۆ هاووڵاتیان بە پێدانی باجی زیاتر بە حکومەت.
بەهۆی لافاوەوە لە ناوچەکانی باکوری هیندستان دەیان کەس بێسەروشوێن و ژمارەیەک کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
میدیاکانی هیندستان بڵاویانکردەوە، بەهۆی دروستبوونی لافاوە لە چەند گوندێکی بناری زنجیرە چیای هیمالایا 50 کەس بێسەرو شوێن بوون و 4 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە، پێشبینیش دەکرێت ئەو ژمارەیە لەماوەی داهاتوودا زیاتربێت، هەروەها چەندین خانوی هاووڵاتیان بەهۆی لافاوەکەوە روخاوە.
بەرگری شارستانی هیندستان رایگەیاند، لە رێگەی تیمەکانەوە سەدان کەسیان رزگارکردوە و لە رێگەی سێ هەلیکۆپتەرەوە گەران و پشکنین بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی بێسەروشوێن بوون بەردەوامە.
ژاپۆن سبەینێ چوارشەممە یادی 80 ساڵەی کارەساتی هیرۆشیما دەکاتەوە و ژمارەیەکی زۆری وڵاتان بەشداری دەکەن، هاوکات شاری هێرۆشیما داوا لە جیهان دەکات واز لە چەکی ئەتۆمی بهێنن.
ئەمریکا لە 6ـی ئابی 1945 بە بۆمبی ئەتۆمی هێرۆشیمای بۆردومان کرد و دوای سێ رۆژ بە بۆمبێکی دیکەی ناکازاکی کردە ئامانج، ئەمەش تاکە دوو حاڵەتە لە مێژوودا کە چەکی ئەتۆمی لە سەردەمی جەنگدا بەکارهاتبێت. ژاپۆن دوای ماوەیەکی کەم خۆی رادەست کرد و کۆتایی بە جەنگی جیهانی دووهەم هێنا.
لەو دوو بۆردومانە ئەتۆمییەی ئەمریکا بۆ سەر ژاپۆن نزیکەی 140 هەزار کەس لە هێرۆشیما و 74 هەزار کەس لە ناکازاکی گیانیان لەدەستدا، هاوکات زۆرێک لە کەسانی دیکەش بەهۆی تیشکدانەوە لە دوای بۆردومانەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی وتەی لێپرسراوانی شاری هێرۆشیما، بڕیارە سبەینێ چوارشەممە یادی 80 ساڵەی کارەساتی هێرۆشیما بکرێتەوە، هەروەها نوێنەرانی 120 وڵات و یەکێتی ئەوروپا بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە وڵاتانی زلهێزی ئەتۆمی گەورە وەک روسیا، چین و پاکستان بەشداری رێوڕەسمی رۆژی چوارشەممە ناکەن. ئێران کە تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکات.
ژاپۆن بۆ رێوڕەسمەکە هەموو وڵات و لایەنەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لە چالاکییەکە ئاگادارکردووەتەوە و هەموو وڵاتێک دەتوانێت بەشداری بکات.
کازومی ماتسوی، سەرۆکی شارەوانی شاری هیرۆشیما مانگی رابردوو داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد سەردانی شارەکە بکات، بۆ ئەوەی بە چاوی خۆی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی چەکی ئەتۆمی ببینێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ بەراوردکردنی سەرۆکی ئەمریکا لە نێوان بۆردومانی ئەتۆمی ساڵی 1945 و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر ئێران.
سەرۆکی شارەوانی هێرۆشیما وتوشیەتی، "چەکی ئەتۆمی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی بێتاوان دەکوژێت و هەڕەشە لە مانەوەی مرۆڤایەتی دەکات".
ئێستا شاری هێرۆشیما شارێکی گەشەسەندووە و 1.2 ملیۆن کەس تێیدا نیشتەجێیە، بەڵام ناوەندەکەی هێشتا چەند باڵەخانەیەکی وێرانبووی تێدایە وەک ئاماژەیەک بۆ وەبیرهێنانەوەی ترسناکی هێرشەکە.
نیهۆن هیدانکیۆ، رێکخراوێکی دژە ئەتۆمی ژاپۆنییە، کە رزگاربووانی بۆردومانی ئەتۆمی کۆدەکاتەوە و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە لە ساڵی 2024، جەختی لەوەکردەوە کە "گرنگە خەڵکێکی زۆر لەم شارەدا کۆببنەوە کە بۆمبی ئەتۆمی لێیداوە، چونکە شەڕەکان بەردەوامن" لە سەرانسەری جیهاندا رۆژ بەرۆژ مەترسییەکان زیاد دەکات.
نیهۆن هیدانکیۆ، داوا لە وڵاتان دەکات هەنگاو بنێن بۆ نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش بە پشتبەستن بە کارەساتی هێرۆشیما و ناکازاکی کە بە "هیباکوشا" ناسراوە.
ئەو رێکخراوە داوا دەکات "نوێنەرانی بیانی سەردانی مۆزەخانەی یادەوەری ئاشتی هیرۆشیما بکەن، بۆ ئەوەی بزانن لەو شارە چی رویداوە" کە بەهۆی بۆردومانی ئەتۆمی و 'هەوری قارچکی' توشی بووە.
زەوی بە خێراییەکی پێوانەیی دەخولێتەوە و زانایان هۆشداری لە "کۆتاییەکی کارەساتبار" دەدەن.
زانایان هۆشداری دەدەن لەوەی کە خولانەوەی زەوی ئەمڕۆ سێشەممە خێراییەکی نائاسایی بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش وا دەکات یەکێک لە کورتترین رۆژەکانی مێژوو تۆمار بکرێت.
بە وتەی شارەزایان، ئەم گۆڕانکارییە بچووکە بەهۆی هێزەکانی کێشکردنی مانگەوە روودەدات کە وادەکات هەسارەکە خێراتر بخولێتە24 کاتژمێرە.
هەرچەندە مرۆڤ هەست بەم گۆڕانکارییە ناکات، بەڵام زانایان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامبوونی خێرابوونی خولانەوەی زەوی لەوانەیە لە داهاتوویەکی دووردا دەرەنجامی کارەساتباری لێبکەوێتەوە.
مەترسیی نوقمبوونی شارەکان لە داهاتوودا
زانایان روونی دەکەنەوە کە خێرابوونی خولانەوەی زەوی هێزی دەرکردنی ناوەندی (قوة الطرد المركزي) زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی پاڵنانی ئاوی زەریاکان لە جەمسەرەکانەوە بەرەو هێڵی کەمەرەیی.
زیادبوونێکی کەم لە خێرایی خولانەوەی زەویدا، تەنانەت ئەگەر تەنها یەک میل لە کاتژمێرێکدا بێت، دەکرێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بە چەند ئینجێک لە ناوچە کەمەرەییەکان. ئەمەش مەترسیی نوقمبوونی ئەو شارە کەنارییە نزمانە زیاد دەکات کە لە بنەڕەتدا رووبەڕووی هەڕەشەی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان بوونەتەوە.
لە سیناریۆی خراپتردا، ئەگەر خێرایی خولانەوەی زەوی بە بڕی 100 میل لە کاتژمێرێکدا زیاد بکات، ئەوا بەشێکی بەرفراوانی ناوچە کەمەرەییەکان بەهۆی رژانی ئاوی جەمسەرەکانەوە بەرەو باشوور بە تەواوی ژێرئاو دەکەون.
رێککەوتنە، کە مانگی رابردوو لە کاتی سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ بەریتانیا راگەیەندرا، رێگە بە ناردنەوەی هەندێک لەو کەسانە دەدات کە لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە پەڕیونەتەوە بۆ فەرەنسا، لە بەرامبەر وەرگرتنی هەندێک پەنابەری تر کە پەیوەندییان بە بەریتانیاوە هەیە.
رێککەوتنەکەی نێوان کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ کاروباری کۆچبەران ئەمڕۆ، سێشەممە، چووە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە دەست بە دەستبەسەرکردنی کۆچبەران بکرێت.
پلانی تاقیکاری "یەک بە یەک" - کە رێگە بە بەریتانیا دەدات هەندێک لەو کەسانەی کەناڵەکەیان بەزاندووە بنێرێتەوە بۆ فەرەنسا لە بەرامبەر وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی پەیوەندییان بە بەریتانیاوە هەیە - هەفتەی رابردوو ئیمزا کرا و ئێستا لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپاوە پەسەند کراوە.
ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، بە "سکای نیوز"ی راگەیاند کە ئەم پلانە بۆ ئەو کەسانەیە کە تازە دەگەن، نەک ئەوانەی پێشتر لێرەن، و "دەستبەجێ لە کاتی گەیشتندا دەستبەسەر دەکرێن".
ناوبراو ئامادەنەبوو ژمارەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە لە کۆتاییدا دەنێردرێنەوە، بە بیانووی ئەوەی ئەمە زانیاریی کارپێکردن دەداتە گروپەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ و وایان لێدەکات کار لەسەر ئەو ژمارانە بکەن.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بەپێی پلانەکە هەفتانە تەنها 50 کەس دەگەڕێندرێنەوە بۆ فەرەنسا.
لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەدا، هەمان ژمارە دەتوانن لە رێگەیەکی یاسایی نوێوە بێنە بەریتانیا، بە مەرجێک پێشتر هەوڵی پەڕینەوەیان نەدابێت و بە وردی پشکنینی بەڵگەنامە و ئەمنییان بۆ بکرێت.
کوپەر، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە پلانێکی تاقیکارییە و وتی، ژمارەکان "بە کەمی دەست پێدەکەن و وردە وردە زیاد دەکەن."
هەروەها وتی: "بەشێک لەوەی ئێمە لێرە دەیکەین، تاقیکردنەوەی چەمکەکەیە... بنەماکە ئەوە دەڵێت، راشکاوانە، ئەگەر تۆ بە بەلەمێکی بچووکەوە بگەیتە ئێرە، تۆ هەزاران پاوەندت داوە بە قاچاخچییەکی تاوانبار، لە راستیدا، دەبێت بگەڕێندرێیتەوە... و ئێمە دەبێت ئەوانە وەربگرین کە بە شێوەیەکی یاسایی داواکارییان پێشکەش کردووە و پشکنینی ئەمنییان بۆ کراوە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵی 2025 لە رێگادایە ببێتە ساڵێکی ریکۆردی بۆ پەڕینەوەکان. بەپێی شیکارییەکانی ئاژانسی هەواڵی PA بۆ ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، نزیکەی 25,436 کەس ئەمساڵ ئەو گەشتەیان ئەنجامداوە، کە 49% بەرزترە لە هەمان کات لە ساڵی2024.
رۆب پاوڵ، پەیامنێری سیاسیی سکای نیوز، رایگەیاند لە کاتێکدا ئەمە "سەرکەوتنێکی سیاسییە" بۆ حکومەت، بەڵام دەبێت لە کۆتاییدا ژمارەکان "زۆر بەرزتر" بن لە 50 کەس لە هەفتەیەکدا ئەگەر بمانەوێت وەک هۆکارێکی رێگریکردن کاربکات.
پاوڵ وتی: "رێژەی تێکڕای پەڕینەوە نزیکەی 800 کەسە لە هەفتەیەکدا، بۆیە پێویستە ئەم ژمارەیە بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بگاتە ئەو کەسانەی هەوڵی ئەو پەڕینەوەیە دەدەن."
ئامانج ئەوەیە کە پەنابەران وا تێبگەن کە "مەترسیی گەڕانەوە بۆ فەرەنسا ئەوەندە گەورەیە کە شایەنی ئەوە نییە پارەکانیان بدەن بە قاچاخچییەکان" بۆ ئەنجامدانی ئەو پەڕینەوەیە.
ئیلیزاڤێتا کریڤۆنۆغی، کە دەگوترێت کچی ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیایە، بە ئاشکرا باسی 'پیاوێک'ی کرد کە ژیانی 'وێران' کردووە و 'ژیانی ملیۆنەها کەس'ی لەناوبردووە. هەرچەندە ناوی کەسی نەهێنا، بەڵام راپۆرتە میدیاییەکان دەڵێن، مەبەستی لە سەرۆکی کرملن بووە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی 'بیڵد'ی ئەڵمانی، ئەو خانمە تەمەن 22 ساڵە لە زنجیرەیەک پۆستدا لە تێلیگرام نووسیویەتی: "قورسە کە بتوانم جارێکیتر روخسارم بە جیهان نیشان بدەمەوە. ئەمە بیرم دەخاتەوە کە من کێم و کێ ژیانی منی وێران کرد."
کریڤۆنۆغی پێشتر بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باسی فڕۆکەی تایبەت و یانە شەوانە سەرنجڕاکێشەکانی دەکرد، بەڵام ئەکاونتەکەی لە دەوروبەری کاتی توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین لە ساڵی 2022دا دیارنەما.
کریڤۆنۆغی کێیە؟
کریڤۆنۆغی، لەدایکبووی ساڵی 2003ی سانت پترسبۆرگە و دەنگۆی ئەوە هەیە کە کچی پوتن و پاککەرەوەی پێشووی، سڤێتلانا کریڤۆنۆغی بێت.
لە ساڵی 2020دا، میدیایەکی سەربەخۆ بە ناوی 'پڕۆێکت' بانگەشەی ئەوەی کرد کە 'کچە نهێنییەکەی' سەرۆکی روسیای دۆزیوەتەوە دوای لێکۆڵینەوە لە سامانی سڤێتلانا کریڤۆنۆغی کە ملیۆنێرێکی رووسییە. هەروەها راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەدا کە ئەو سامانەی بەهۆی پەیوەندییەکی سۆزدارییەوە لەگەڵ سەرکردەیەکی روسیادا بەدەستهێناوە.
راپۆرتەکەی 'پڕۆێکت' بانگەشەی ئەوەشی کرد کە کچەکەی سڤێتلانا 'لێکچوونێکی سەرسوڕهێنەری' لەگەڵ پوتندا هەیە. دواتر کچەکە بە ناوی 'لویزە ڕۆزۆڤا' ناسێنرا. ئەو لە دوای دەستپێکردنی جەنگی روسیا و ئۆکراینیاوە کەمترین دەرکەوتنی هەبووە.
لە بەرانبەردا کرملن ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و بە 'بێ بنەما و ناباوەڕپێکراو' ناوی بردن.
ژیانی کریڤۆنۆغی لە پاریس
لەوەتەی ئەمساڵ، هونەرمەندی روسی ناستیا ڕۆدیۆنۆڤا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کریڤۆنۆغی وەک بەڕێوەبەر لە دوو گەلەری هونەری لە پاریس کاردەکات کە بە پیشاندانی هونەری دژە جەنگ ناسراون.
لە ناسنامەی لەدایکبوونی ڕۆزۆڤادا ناوی باوکی نەنووسراوە، بەڵام ناوی باوکایەتییەکەی 'ڤلادیمیرۆڤنا'یە، کە بەپێی رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەک بە پوتنەوە. هەروەها ناوی خوازراوی 'ڕودنۆڤا'ش دەگوترێت پەیوەندی بە ئۆلێگ رودنۆڤەوە هەیە، کە هاوڕێیەکی نزیکی پوتن بوو و لە ساڵی 2015 کۆچی دوایی کرد.
لە چاوپێکەوتنێکی دەنگیدا لە ساڵی 2021، ڕۆزۆڤا نە لێکچوونی لەگەڵ پوتندا پشتڕاستکردەوە و نە رەتیشیکردەوە، وتیشی کە زۆر کەس سیماکانیان لە یەکتر دەچێت. باسی لەوە کرد کە لە 'قۆقز'ێکدا دەژی، خۆی لە هەواڵەکان بەدوور دەگرێت و تەرکیزی لەسەر مۆدە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیەتی.
لە ساڵی 2023دا، بەریتانیا سزای بەسەر سڤێتلانا کریڤۆنۆغیدا سەپاند و وەک 'پشکدارێک لە بانکی رۆسیا و گروپی میدیای نیشتمانی' ناساندی، کە 'بەردەوام بانگەشە بۆ هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دەکەن'.
ئیبراهیم عەزیزی سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "وەفدێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانی ئێران بکات، تەنها دەسەڵاتی ئەوەی هەیە گفتوگۆ و راوێژکاری تەکنیکی لەگەڵ بەرپرسان و پسپۆڕانی وڵاتەکەی ئەنجام بدات".
وتیشی، بەپێی ئەو یاسایانەی ئەنجومەنی شورای ئێران پەسەندی کردوون لە هیچ هەلومەرجێکدا رێگە بە هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی نادرێت دەستی بگات بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
عەزیزی بۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، دەنگۆی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران رەتکردەوە و دەڵێت، "ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر دراوە، چوونە ژوورەوەی هەر وەفد و قەوارەیەکی بیانی بۆ ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکان بەتەواوی قەدەغە دەکات".
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی جەختی لەوەشکردەوە، "ئەم سنووردارکردنانە جێگیرن و ناگۆڕدرێن".
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە شەڕ لەگەڵ چەکدارانی بیانی وڵاتانی جۆراوجۆر دەکەن وەکو چین، پاکستان و گەلانی ئەفریقا.
زێلێنسکی ئەمڕۆ لە سەر پلاتفۆرمی ئێکس دوای سەردانی ناوچەیەکی هێڵی پێشەوە لە خارکیڤ، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی وتی، سەربازەکانمان باس لە بەشداریکردنی چەکدارانی چین، تاجیکستان، ئۆزبەکستان، پاکستان و وڵاتانی ئەفریقا دەکەن لە شەڕەکەدا.
زێلێنسکی پێشتر روسیای بە دامەزراندنی چەکدارانی چینی بۆ شەڕی دژی ئۆکرانیا تۆمەتبار کردبوو، باسی لەوەشکردبوو کۆریای باکور هەزاران سەربازی بۆ ناوچەی کورسکی روسیا رەوانە کردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە تا ئێستا ئەو وڵاتانە هیچ لێدوانێکیان لەسەر تۆمەتەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا نەداوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی جەختدەكاتەوە لەوەی پێویستە هەنگاوەكانی پڕۆسەی ئاشتی و وردەكاریی كارەكانی كۆمسیۆنەكەی پەرلەمانی توركیا بۆ رای گشتی بڵاوبكرێنەوە.
گوڵستان كلچ كۆچیگیت سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، پێویستە ئەو كۆمسیۆنەی لە پەرلەماندا لەژێر ناوی (پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك)دا دادەمەزرێت وردەكاری كارەكانی و شێوازی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە بۆ رای گشتی روون بێت.
كۆچیگیت باسی لەوەشكرد، سەرەڕای ئەوەی هێشتا كۆمسیۆنەكە بەتەواوی دەستی بەكارەكانی نەكردووە، بەڵام لێدوانەكانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) لەبارەی بنەما و شێوازەكانی كۆمسیۆنەكە بەڕاست نازانن و پێیان وایە ئەو پارتە وەك پێویست لە پڕۆسەكەدا بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە.
لەبارەی بەشداری پارتەكانیشەوە ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان خوازیارن سەرجەم پارتەكان لە كۆمیسیۆنەكەدا نوێنەریان هەبێت و بەشدارییەكی راستەقینە بكەن بۆ ئەوەی دەرئەنجامی ئەرێنی لێ بكەوێتەوە.
وتەبێژی کۆشکی کرملن ئاشکرایکرد ئەمڕۆ سەرۆکی روسیا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە و تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگی هاوبەشیان کردەوە.
دیمتری پیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی کرملن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆک روسیا لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختیکردەوە لە یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەقامگیری سیاسی و ناوخۆیی ئەو وڵاتە، بە لەبەرچاوگرتنی ماف و بەرژەوەندیە رەواکانی سەرجەم گروپە نەتەوەییەکان و ئاینیەکانی گەلی سوریا.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، روسیا ئامادەیی خۆی بۆ هەموو هەوڵێک نیشانداوە تاکو ئاسانکاری بکات لە دانوستانە چارەسەریەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، هەروەها هەردوولا رێککەوتن لەسەر بەردەوامی لە گفتوگۆکان لە بارەی پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پوتن و ناتانیاهۆ لە 28ی مانگی رابردوو پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەبارەی رەوشی سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا.
پێنج ساڵ بەسەر تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت تێپەڕی، كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 220 كەس.
لە ساڵیادی ئەو رووداوەدا، جوزیف عەون سەرۆكی لوبنان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردوەتەوە، نوسویەتی، بەردەوام دەبین لە فشارخستنە سەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی هەموو ئەو كەسانەی بەرپرسیارن لە تاوانەكە بدرێنە دادگا، بەبێ گوێدانە پۆست و پەیوەندییەكانیان.
ئاماژەی بەوەشكردوە، دەوڵەتی لوبنان، بە هەموو دامەزراوەكانییەوە، پابەندە بە ئاشكراكردنی تەواوی راستییەكان، یاساش بەبێ جیاوازی هەمووان دەگرێتەوە.
ئێوارەی 4 ی ئابی 2020، تەقینەوەیەك لە عەمباری12ی بەندەرەی بەیروت روویدا كە نزیكەی دوو هەزار و 750 تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدابووە و لە ساڵی 2014ەوە لەو عەمبارەدا هەڵگیرابوون.
بەهۆی مەترسی دروستبوونی لافاوەوە دەیان هەزار کەس لە دانیشتوانی چەند ناوچەیەکی هەرێمی پەکین لە چین گواستراونەتەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.
میدیاکانی چین رایانگەیاند، لێپرسراوانی هەرێمی پەکینی پایتەختی چین 70 هەزار کەسیان لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی مەترسی دروست بوونی لافاویان لەسەرە گواستووەتەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە کە مەترسی لافاویان لەسەر نیە.
شارەزایانی کەشوهەوا لە چین ئاشکرایانکرد، پێشبینی دەکرێت سبەینی سێشەمە لەماوەی تەنها شەش کاتژمێردا 200 ملیمەتر باران ببارێت کە ئەوەش مەترسیەکانی دروستبوونی لافاو زیاد دەکات لە ناوچەکانی پەکینی پایتەخت، کە تێکڕای ساڵانەی رێژەی باران بارین لەو هەرێمە 600 ملیمەترە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو بەهۆی باران بارینی زۆر بۆ ماوەی چەندین رۆژ و دروستبوونی لافاوەوە لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی پەکینی پایتەختی چین 44 کەس گیانیان لەدەستدا و لانیکەم 15 کەسیش بێسەروشوێن بوون .