دوای چوار رۆژ لە دەستگیرکردنی، رۆژ لە دوای رۆژ زانیاری نوێ لەسەر دەسەڵاتەکەی مادۆرۆ و کارەکانی ئاشکرا دەبێت؛ داتا گومرگییەکان دەریانخستووە، کە ڤەنزوێلا  بە بەهای نزیکەی 4.14 ملیار فڕەنکی سویسری کە دەکاتە 5.20 ملیار دۆلار، زێڕی هەناردەی سویسرا کردووە.

بەگوێرەی ئەو داتایانەی بڵاوکراونەتەوە،لە ساڵی 2013 بۆ 2016دا  ڤەنزوێلا 113 تۆن زێڕی رەوانەی سویسرا کردووە، کە سەرەتای دەسەڵاتی مادۆرۆ بووە لەو وڵاتەدا.

دەزگای رادیۆ و تەلەفزیۆنی سویسرا رایگەیاندووە،  کە سەرچاوەی زێڕەکە بانکى ناوەندیی ڤەنزوێلا بووە، لەوکاتەدا حکومەتی ڤەنزوێلا رایگەیاندوە، بۆ پشتگیری ئابورییەکەی ئەو زێڕە دەفرۆشێت.

هەر بە گوێرەی داتاکان، لە دوای ساڵی 2017وە ڤەنزوێلا هیچ بڕە زێڕێکی هەناردەنەکردوە، ئەوەش لەدوای ئەوە دێت، کە یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.

گەرچی تا ئێستا  سویسرا هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو زێرە نەخستوەتەڕوو، بەڵاملە دوای دەستگیرکردنی سویسرا سەروەت و دارایی مادۆرۆ و 36 هاوکاری ئەویان لە وڵاتەکەدا بلۆک کردوە و هیچ زانیارییەکی تریان لەبارەی بڕی سەرەوەتەکەیانەوە نەخستوەتەڕوو.