بەهۆی سەرەهەڵدانی ناکۆکیی نوێ لەسەر چەند دۆسیەیەکی سەرەکی، گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکانی ئەم هەفتەیەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سویسرا بە شێوازێکی کتوپڕ هەڵپەسێردران.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەو گفتوگۆیە تەکنیکییانەی کە بڕیاربوو ئەم هەفتەیە لە سویسرا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەڕێوەبچن، بە شێوازێکی کتوپڕ هەڵپەسێردران؛ ئەمەش نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەر ئایندەی پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات دروستکردووە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دێت کە تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر واشنتۆن رایگەیاندبوو، تیمە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە سویسرا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە نێوانیاندا ئیمزاکراوە، کە خۆی لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، سزاکان، و میکانیزمی ئازادکردنی بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی تاراندا دەبینێتەوە.
پێشتریش مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردبووەوە، گفتوگۆیە تەکنیکییەکان تیشک دەخەنە سەر لایەنە وردەکانی رێککەوتنەکە، ئاماژەی بەوەش کردبوو، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لە ماوەی 60 رۆژدا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیوای خواستبوو تاران پابەندی بەڵێنەکانی بێت.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، لە چەند ڕۆژی رابردوودا جیاوازی و ناکۆکی لە لێدوانی بەرپرسانی واشنتۆن و تاراندا دەرکەوتووە سەبارەت بە چەند دۆسیەیەکی سەرەکی، لەوانەش، میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو پارە ئازادکراوانەی ئێران، گەڕانەوەی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، و پرسی ئایندەی گەشتی دەریایی لە گەروی هورمز، کە پێدەچێت هۆکاری سەرەکیی راگرتنی گفتوگۆکان بن.