ئێران و سعودیە پشتیوانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا لەگەڵ یەکتر دەکەن
کوردسات نیوز
٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٢
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی ھەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند، لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی نێوان ھەردوو وەزیری دەرەوەی ئێران و عێراق، وەزیری دەرەوەی عێراق بە ھاوتا ئێرانییەکەی ڕاگەیاندووە، شازادە محەمەد بن سەلمان، پشتیوانی گفتوگۆی سیاسی و ئاشکرای نێوان تاران و ڕیاز دەکات.
کەنعانی لە بەرامبەر ھەڵوێستی لێپرسراوانی باڵای سعودیە، جەختیکردەوە، ئەوانیش ھەمان بۆچوونیان ھەیە و ئێستاش زەمینە گونجاوە، بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان بەشێوەیەکی ئاشکرا و فەرمی.
کەنعانی ستایشی ھەڵوێستی عێراقی کرد، کە ڕۆڵی کاریگەریی ھەبووە لە لێکنزیکردنەوەی ھەردوو وڵات، کە توانیویانە چەند خولێکی سەرکەوتووی وتوێژ بەڕیوەبەرن.