وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئیدانەی ھێرشی سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە موسڵ دەکات
کوردسات نیوز
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٢
لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئیدانەی ئەو ھێرشە مووشەکییەی کرد کە بەرەبەیانی ئەمرۆ کرایە سەر کونسوڵخانەی گشتی وڵاتەکەی لە موسڵ و ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
داواش لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات پابەندی پاراستنی کونسوڵخانە و نێردەی دیبلۆماسییەکان بن و بەزووترین کات ئەنجامدەرانی ھێرشەکە بدەنە دادگا.
راشیگەیاندووە، ئەوەی جێگەی مەترسی و سەرسوڕمانە ھێرشەکە لەکاتێکدا بووە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای عێراق لە کۆبوونەوەدا بووە و وڵاتەکەیان تۆمەتباردەکرێت و بە شێوەیەکی نادادپەروەرانەش دەکرێتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات جەختبکەنەوە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سنورێک بۆ بوونی تیرۆر لەسەر خاکەکەیان دابنێنن کە بووەتە مایەی ھەڕەشە لەسەر وڵاتانی دراوسێ و نێردە دیبلۆماسیییەکان.