کۆمپانیای ئیمپر بۆ ئاسایشی دەریایی بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە کەنداوی عەدەن دەستیبەسەردا گیراوە، ئەو کەشتییەش لەلایەن ملیاردێرێکی ئیسرائیلییەوە خاوەنداریەتی دەکرێت.
ھەرچەندە تائێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە دەستبەسەرداگرتنەکە رانەگەیاندووە، بەڵام ھەفتەیەک لەمەوبەر حوسییەکانی یەمەن دەستیانبەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلیدا گرت.
حوسییەکانی یەمەن ھەڕەشەی ئەوەشیان کردبوو کە ئەگەر ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بەردەوام بن، کەشتییەکانی ئیسرائیل لە کەنداوی عەدەن و دەریای سور بە ئامانج دەگرن.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئێوارەی رۆژی یەکشەممە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و فڕۆکەخانەی سەربازی ئەلمێزیان بۆردومانکرد، لە ئەنجامیشدا خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەخانەی دیمەشق راگیران.
ئەوەش لەکاتێکدایە دوای مانگێک لە بۆردومانکردنی ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و حەلەب، بڕیاربوو رۆژی دووشەممە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی دیمەشق دەستپێبکاتەوە.
پێش بۆردومانەکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاندبوو، رۆژی دووشەممە گەشتەکانی نێوان قامیشلۆ و دیمەشق دەستپێدەکەنەوە.
وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ رێگرییان کردوە لە ھێرشی ئۆکراین بۆسەر چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەیان.
دەشڵێت، ھێرشەکان ئاڕاستەی مۆسکۆ و ناوچەی وتولا و کالوگا و بریانسک کراون، بەڵام سەرجەمییان پوچەڵ کراونەتەوە.
پێشتریش فەرماندەی ھێزەکانی مۆسکۆ رایگەیاندبوو، ھێزەکانی بەرگری ئاسمانی فرۆکەی بێ فرۆکەوانیان لە چەند ناوچەیەکی مۆسکۆ خستوەتە خوارەوە.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھەماھەنگی کاروباری مرۆیی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندووە، ١١ ئەمبوڵانس و سێ پاس و قەرەوێڵەیەکی پزیشکی تەخت گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی شیفا لە پێناو ھاوکاری زیاتری ئەو نەخۆشخانەیە ، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەڕی سەختی بەخۆیەوە بینیووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەرچەندە ئاگربەستەکە زیاتر بخایەنێت، دەزگاکانی فریاگوزاریی مرۆیی دەتوانن ھاوکاری زیاتر بۆ غەززە بنێرن.
وتیشی بەھۆی راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیلەکان، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ئێستا ١٣٧ بارھەڵگر ھاوکارییان گەیاندۆتە غەززە.
دەسەڵاتدارانی ئۆکراین رایدەگەیەنن، روسیا گەورەترین ھێرشی بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کردوەتە سەر کیێڤی پایتەخت و برینداربونی چەند ھاوڵاتییەکی لێکەوتوەتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کییڤی پایتەختی ئۆکراین ھێرشی بەرفراوانی کراوەتەسەر بە درۆنی بۆمبڕێژراو و بوەتەھۆی برینداربونی پێنج ھاوڵاتی لە ناویاندا منداڵێکی ١١ ساڵ ھەیە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ھێرشەکە بە درۆنی ئێرانی ئەنجامدراون و چەند ناوچەیەکی کیێڤ بۆردومان کراوە.
ڤیتالی کلیچکۆ، پارێزگاری کییڤ دەڵێت، نزیکەی ٤٠ درۆن ھێرشییان کردوە و تەقیونەتەوە.
ھاوکات وەزیری وزەی ئۆکراین رایگەیاند، بەھۆی ئەو ھێرشە بەرفراوانەوە نزیکەی ٢٠٠ باڵەخانە و ٧٧ یەکەی نیشتەجێبون لە کیێڤ کارەبایان بڕاوە.
کەتیبەکانی قەسام کە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسە، رایگەیاند، قۆناغی دووەمی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دواخستووە، تاکو ئەوکاتەی ئیسرائیل پابەند دەبێت بە خاڵەکانی رێککەوتنەکەی نێوانیان، راشیگەیاند، ئازادکردنی کاروانی دووەمی بارمتەکان، پەیوەستە بە پابەندبوونی ئیسرائیل بە رێگەدان بە چوونی بارھەڵگری ھاوکارییەکان بۆ باکووری غەززە.
بڕیاروابوو ئێوارەی ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی رۆژی دووەمی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان، ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس ٥٦ دیلی یەکتریان ئازاد بکەن، بەجۆرێک ئیسرائیل ٤٢ بارمتەی فەڵەستینی و حەماس ١٤ بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکەن، وتەبێژێکیش بەناوی سوپای ئیسرائیلەوە رایگەیاند، ھۆکاری دواکەوتنی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ئازادکردنی بارمتەکان، دەگەڕێتەوە بۆ دواکەوتنی گەیشتنی بارھەڵگری ھاوکارییەکان بۆ غەززە.
رۆژی ھەینی ئاگربەستی نێوان حەماس وئیسرائیل چووە بواری جێبەجێکردنەوە و ١٣ بارمتەی ئیسرائیلی و ٣٩ بارمتەی فەڵەستینی ئاڵوگۆڕ کران، ھەروەھا ١٠ ھاووڵاتیی تایلەندی و یەک ھاووڵاتیی فلیپینیش لەلایەن حەماسەوە ئازادکران.
نوسینگەی کاروباری ماددە ھۆشبەرەکان و تاوانەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا کە بەبۆنەی رۆژی جیھانی روبەڕبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەشداوە، ساڵی ٢٠٢٢ لە سەرانسەری جیھاندا ٨٩ ھەزار ژن و کچ بە ئەنقەست کوژراون.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەو ئامارەش جێگەی نیگەرانییە چونکە لە ٢٠ ساڵی رابردودا بەرزترین ئاماری کوشتنی ژنانە و مانای وایە تائێستاش جیاکاری رەگەزی و توندوتیژی دژنان بەردەوامی ھەیە.
بەگوێرەی ئامارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆرترین ئاماری توندوتیژی دژی ژنان لە کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا ئەنجامداوە، ٥٥٪ی توندوتیژییەکانیش لەلایەن ئەندامانی خێزان و ھاوسەرانەوە بەرامبەر ژنان ئەنجام دراوە.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، سوپای وڵاتەکەیان وەک ھەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، لە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنییدا ٣٩ فەڵەستینی زیندانیکراوی بۆ زیندانی عوفەری نزیک رامەڵە گواستەوە.
ھاوکات سوپای ئیسرائیل ژمارەیەک بنکەی تەندروستیی ئامادەکردووە تا ئەو بارمتانەی رادەستی دەکرێنەوە دەستبەجێ پشکنینیان بۆ بکات و دواتر بۆ دیداری کەسوکارییان رەوانەی پێنج نەخۆشخانەی ئیسرائیلیان دەکات.
بەسەرپەرشتی مانگی سوری نێودەوڵەتی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان ئەنجام دەدرێت و ئەمڕۆش لەبەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی، ٣٩ دیلی فەڵەستینیش ئازاد دەکرێن و دەیانگێڕنەوە بۆ غەززە.
ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و حەماس چوار رۆژ دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا ٥٠ بارمتەی ئیسرائیلیی و ١٥٠ بارمتەی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن.
ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەکاتێکدایە نزیکەی ٥٠ رۆژ شەڕ و پێکدادانی بەردەوام لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامی ھەبوو، سەعاتی ٧:٠٠ ی بەیانی ئەمڕۆش بە کاتی غەززە، ماوەی ئاگربەستەکە کەوتەبواری جێبەجێکردنەوە.
حکومەتی ئیسرائیل لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی مانگی سوری نێودەوڵەتی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان دەستپێدەکات و لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکانیان، ٣٩ دیلی فەڵەستینی ئازاد دەکەن و دەیانگێڕنەوە بۆ غەززە.
وتیشی، بارمتەکانی خۆیشیان دەستبەجێ رەوانەی پێنج نەخۆشخانەی ئیسرائیل دەکەن بۆ پشکنینی تەندروستییان.
حکومەتی ئیسرائیل حەماس بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی مووشەک ئاڕاستەی وڵاتەکەی کراوە بۆیە لەگەڵ حەماس لەگفتوگۆدایە بۆ راگرتنی شەڕ و زیادەڕۆییەکان لەکەرتی غەززە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە، لە چاوپێککەوتنێکدا ئەوەی خستوەتەڕو، بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە ٣١ی ئازاری ساڵی داھاتوو ئەنجام بدرێت، بە رەسمی ھاوپەیمانی لەگەڵ ھیچ لایەنێکدا ناکەن بەڵام لەسەر ئاستی پارێزگاکان ھەماھەنگیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەنگدەرانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا چیتر بەرگەی نائومێدکردن ناگرن بۆیە پێویستە لە ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا ھاوکاری لەنێوان حیزبەکاندا ھەبێت، چونکە ئامانجی دەنگدەری ئۆپۆزسیۆن یەکە و دەیانەوێت رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا حکومڕانییان نەکات.
حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٩ دوایین ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ئەنجامدرا و تیایدا ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن بەسەرۆکایەتی جەھەپە و پشتیوانی ناڕاستەوخۆی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)، توانی زۆرینەی دەنگی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە بەدەستبھێنێت.
فەرماندەی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەشتی یو ئێس ئێس تۆماس ھۆدنەر چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانی خستووەتەخوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، خستەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە چوارچێوەی گەڕان و ھاتوچۆی کەشتییە جەنگییەکە بووە لە دەریای سور.
فەرماندەی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا دەشڵێت، کەشتییەکە و ستافەکەی ھیچ زیانێکی گیانی و ماددیان بەرنەکەوتووە.
رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، نزیکەی ٥٠ مووشەک لە لوبنانەوە ئاڕاستەی ناوچەی جەلیل کراون و ئەم بۆردوومانە توندترینە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسەوە.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە باکوری ئیسرائیل لێدراوە و ئاماژەی بە ھاتنی مووشەک کردەوە لە لوبنانەوە.
لەلای خۆشیەوە، حزبوڵای لوبنان راگەیاند، ئەمڕۆ ھێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەک و توانیویانە تانکی میرکاڤا و ئەو بارەگایانە بکەنە ئامانج. ئاماژەی بەوەشکردووە، ٤٨ موشەکی کاتیۆشا ئاڕاستەی ئیسرائیل کراون.
رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی لە زاری بیزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیلەوە رایگەیاندووە، جەنگی ئیسرائیل لە دژی حەماس تێچوویەکی زیاتر لەوەی دەوێت، کە پێشبینی دەکرا.
وتیشی، بە پێی پێشبینییەکان ئەو تێچوەی پێویستە بۆ ئەو شەڕە یەکسانە بە نیوەی بودجەی ساڵانەی ئەو وڵاتە واتە ١٥٪ بەرھەمی گشتی، ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئیسرائیل رووبەرووی قەیرانێکی دارایی درێژمەودا ببێتەوە.
ھاوکات، نوسینگەی ئاماری ئیسرائیل ڕایگەیاند، تەنھا لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو دوای شەڕی غەززە ڕێژەی بێکاری لە وڵاتدا بۆ نزیکەی ١٠٪ بەرزبووەتەوە.
دوێنێ، دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی ھۆڵەندا کۆتاییھات و بە گوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان، پارتی ئازادی بە بەدەستھێنانی ٣٥ کورسی پەرلەمان توانی پلەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە بەدەستبھێنێت، پارتی کاری سەوزیش ٢٦ کورسی بەدەسھێناوە، پارتی ئازادی و دیموکراسیەتیش کە لەلایەن دیلان یەشلگۆز کە ژنێکی کوردە سەرکردایەتی دەکرێت، ٢٣ کورسی بەدەستھێناوە.
دیلان یەشلگوز بەو ئەنجامەی بەدەستھێناوە لە ئێستا کاندیدە بۆ بوون بە سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەندا، بۆ ئەوەش پێویستی بەوە ھەیە لە کۆی ١٥٠ پەرلەمانتاری ٧٦یان دەنگیپێبدەن لە پەرلەماندا.
دیلان یەشلگۆزی تەمەن ٤٦ ساڵ لە دایکبووی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیایە و لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری دێرسیمی باکوری کوردستانە، وەزیری دادی ھۆڵەندا بووە و لە تەمەنی حەوت ساڵیەوە وەک کۆچبەر چووەتە ئەو وڵاتە.
ئیسماعیل سەوابیتە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی بۆردوومانی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ١٤ ھەزار و ٥٣٢ کەس بەرزبووەتەوە کە شەش ھەزاریان منداڵن و چوار ھەزار ژنیشیان تێدابووە، ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆناش بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە ٣٥ ھەزار کەس.
سەبارەت بە زیانەکانی دیکەش رایگەیاند، نزیکەی ٢٦ نەخۆشخانە و ٥٥ بنکەی تەندروستی لە خزمەتگوزاری دەرچوون، ھەروەھا دەیان ئەمبولانس بەھۆی تەواوبوونی سووتەمەنی ناتوانن خزمەت بە ھاووڵاتیان بکەن، لە ٦٠٪ بیناکانی نیشتەجێبوون لە غەززە داڕماون یاخود زیانی زۆریان بەرکەوتوە.