سەرۆك كۆماری توركیا داوا لە بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا دەكات بەپەلە چارەسەرێكی سیاسی گشتگیر بۆ دۆخی ناوخۆی وڵاتەكەی بدۆزێتەوە.


سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری وڵاتەكە بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان تاوتوێی دۆخی سوریایان كردووە.


ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەردۆغان لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا بە گۆتیرێسی وتووە، لە سوریا قۆناغێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە، بەڵام بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزیی و گرژییەكان پێویستی بە كرانەوەی سیاسی هەیە و توركیاش لە هەوڵەكانی بۆ كەمكردنەوە گرژییەكان و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و ڕێگەخۆشكردن بۆ پڕۆسەی سیاسی بەردەوام دەبێت.


ئەردۆغان راشیگەیاندووە، توركیا نایەوێت ئاسایش و سەقامگیریی سوریا گرژیی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و پێویستە بە دانبەخۆداگرتن ناكۆكییەكانی ناو وڵاتەكە چارەسەربكرێت بۆ ئەوەی زیانی زیاتر بە خەڵكی وڵاتەكە نەگات.