دەستەی راگەیاندنی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، وەفدی ئیسرائیل لە دانوستانەکانی دەوحە پێشنیارێکی رەسمی بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی حەماس پێشکەش کردووە، راشیانگەیاندووە، دانوستانەکان لە بەرەوپێشچووندان بەڵام پێدەچێت چەند ھەفتەیەکی دیکە بەردەوام بێت و خولی دیکەی ھەبێت.
دەستەکە راشیگەیاند، دانوستانکارانی دەوحە ھەوڵدەدەن سەرەتا بگەنە لێکتێگەیشتنێک سەبارەت بە ئازادکردنی زیندانییە ئەمنییەکان، لە بەرامبەر ئازادکردنی نزیکەی ٤٠ دەستگیرکراوی ئیسرائیلی، پاشان باس لە دۆسیەی ئاڵۆزتر دەکەن وەک گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ باکوری کەرتی غەززە.
لێپرسراوێکی باڵای ئیسرائیلیش کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە وتویەتی، سووربوونی حەماس لەسەر گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ باکوری کەرتی غەززە، رەنگە دانوستانی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لەناوببات. راشیگەیاندووە، دوای وەڵامی حەماس لەسەر ئەم پێشنیارانە، بۆیان دەردەکەوێت کە ئایا بزووتنەوەکە گرنگی بە ئاگربەست دەدات یاخود کات بەفیڕۆ دەدات.
مقاوەمەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی "بن گۆریۆن" لە ناو قوڵایی ئیسرائیل بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج.
جەختیشی کردەوە لەوەی، بەردەوام دەبن لە بۆردوومان کردن و بە ئامانگرتنی پێگەکانی "دوژمن" وەک ئاماژەیەک بۆ ئیسرائیل، ئامادەکاریش دەکەن بۆ قۆناغی دووەمی ھێرشەکانیان، ئەوەش لە وەڵامی ئەو کۆمەڵکوژییەی ئیسرائیل دژی گەلی فەڵەستین ئەنجامی دەدات و بۆ پشتیوانی سەرکەوتنی گەلی غەززە.
لەسەرەتای ئەم مانگەوە، ئەوە دووەم جارە کە مقاوەمەی ئیسلامی عێراق ئەو فڕۆکەخانەیەی ئیسرائیل بە ئامانج دەگرێت.