وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغداد و لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی عیراق و سوریا، تاوتوێی دوایین پێشهاتەكانی رەوشی سوریا دەكەن.

دوای گەیشتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغداد، ئەمڕۆ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق لەگەڵ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و باسام سەباغ وەزیری دەرەوەی سوریا لە بەغداد كۆدەبێتەوە و تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەش، رەوشی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی سوریا دەبێت.

كۆبوونەوەی سێ قۆڵی وەزیرانی دەرەوەی عیراق، سوریا، ئێران لە بەغداد لە كاتێكدایە، لە ٢٧ـی مانگی رابردووەوە گروپە چەكدارییەكانی "تەحریر شام" هێرشەكانیان بۆ سەر چەندین شار و شارۆچكەی باكووری سوریا دەستپێكردووە، سوپای سوریاش دەیەوێت رێگری لە پێشڕەوییەكانیان بكات.