كۆبوونەوەی وەفدی ئەمریكا و ئۆكراین لە شاری جەدەی سعودیە دەستیپێكردووە و تاوتوێی ئاگربەستی جەنگ  دەكرێت.

دانوستانەكان بە ئامادەبوونی ماركۆ رۆبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و ئەندریە سیبیگا وەزیری دەرەوەی ئۆكراین و ژمارەیەك لێپرسراوی دیكەی هەردوو وڵاتە.

بەر لە بەڕێوەچوونی ئەو دانوستانە، محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە پێشوازی لە ڤۆلۆدمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین كرد و باسیان لەدوایین پێشهاتەكانی جەنگ  كرد. جێنشینی سعودیە جەختیشی كردەوە لە پابەندی وڵاتەكەی بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ئۆكراین. هاوكات زیلینسكی رایگەیاند، دانوستانەكان بنیاتنەر دەبن و تیشك دەخاتە سەر گرەنتییە ئەمنییەكان.

روسیاش لە زاری دیمتری بیسكۆڤ وتەبێژی كرملن رایگەیاند، ئەمریكا لەڕێی ئەو دانوستانەوە دەیەوێت بزانێت ئۆكراین تا چەند ئامادەیە بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ.

دانوستانەكان لەكاتێكدایە شەوی رابردوو ئۆكراین هێرشێكی گەورەی بە زیاتر لە 330 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كردە سەر چەند ناوچەیەكی روسیا. لێپرسراوانی ئۆكراینیش دەڵێن، ئەو هێرشە بۆ ئەوەیە فشار لەسەر ڤلادمیر پوتن سەرۆكی روسیا دروست بكەن، كە بە ئاگربەستی ئاسمانی و دەریایی رازی بێت.

هاوكات ئەو كۆبوونەوەیەی سعودیە گرنگترین كۆبوونەوەیە لە دوای مشتومڕە توندەكەی سەرۆكانی ئەمریكا و ئۆكراین، كە لە 28ی شوبات لە كۆشكی سپی روویدا.