پۆڵەندا هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی دەدات
٩ی ئازاری ٢٠٢٥
پاش گۆڕانی سیاسەتی جیۆپۆلەتیكی ئەمریكا بەرانبەر هاوپەیمانەكانی، پۆڵەندا هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی دەدات.
دۆناڵد توسك سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، بەهۆی دوایین گۆڕانكارییەكانی ئەمریكا لە بارەی چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا، پۆڵەندا و ئۆكراین كەوتوونەتە دۆخێكی دژوار، بۆیە پێویستە پۆڵەندا توانا سەربازیەكانی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەهێزتر بكات و تەنانەت هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی بدات.
سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا بە دیاریكراوی پێشنیازی پەرەپێدانی هیچ پلانێكی ئەتۆمی نەكردووە، بەڵام ئاماژەی بەوە كردووە كە كاتی ئەوە هاتووە سەیری ئەگەرەكان بكەن لەبارەی هەبوونی تازەترین چەك و بژاردەی چەكی ئەتۆمی.
دۆناڵد توسك ئاشكراشی كرد، حكومەتەكەی قسەی جددی لەگەڵ فەرەنسا كردووە، كە تاكە هێزی ئەتۆمی ئەوروپایە جگە لە بەریتانیا و ڕوسیا، سەبارەت بە ئەگەری وەرگرتنی ئاسایشی ئەتۆمی لەلایەن فەرەنساوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا.