بڕیارە لەم هەفتەیەدا دەسەڵاتدارانی ئەمریكا و ئۆكراین لە سعودیە كۆببنەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كۆتایهێنان بە شەڕی نێوان ئۆكراین و روسیا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، لە رۆژانی 10 بۆ 12ی ئەم مانگە، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی دەگاتە سعودیە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئاندری سێپیا هاوتا ئۆكراینەكەی سەبارەت بە ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەیەكی گرنگی هەردوو وڵات لەسەر كۆتاییهێنان بە شەڕ.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئامادەبوونی سەركردایەتی ئەمریكا پێویستە بۆ دەستەبەركردنی ئاشتییەكی بەردەوام.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بڵاویكردەوە، ریاز میوانداری ئەو دوو وڵاتە دەكات بۆ تاوتوێكردنی شەڕی نێوان روسیا و ئۆكراین كە پێدەچێت رۆژی چوارشەممە بەڕێوەبچێت بۆ ئامادەكاری كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان ترەمپ و زیلینسكی لە ریاز.

لە 28ی شوباتدا، دیداری ترەمپ لەگەڵ هاوتا ئۆكراینییەكەی لە كۆشكی سپی، كەشێكی ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی و لە بەردەم كامێراكاندا مشتوومڕێكی توندیان ئەنجامدا، دواتریش زیلینسكی بە توڕەییەوە كۆشكی سپی بەجێهێشت.