كۆبوونەوەكەی جەدە لەنێوان هەردوو وەفدی ئەمریكا و ئۆكراین كۆتاییهات
١١ی ئازاری ٢٠٢٥
كۆبوونەوەكەی جەدە لەنێوان هەردوو وەفدی ئەمریكا و ئۆكراین لەبارەی راگرتنی شەڕ كۆتاییهات و ئۆكراین ئامادەیی نیشاندا، بۆ دەستپێكردنی دانووستانی راستەوخۆ لەگەڵ روسیا بۆ راگرتنی هەمیشەیی شەڕ لە ئۆكراین،
بەگوێرەی راگەیەنراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە، ئەمریكا دەستبەجێ ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەكانی لەگەڵ ئۆكراین و هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ ئەو وڵاتە دەستپێدەكاتەوە، هەروەها واشنتۆن و كیێڤ گەیشتنە رێككەوتن لەسەر پەرەپێدانی كانزا بەنرخەكانی ئۆكراین و لە نزیكترین كاتیشدا، رێككەوتنی كانزا بەنرخەكان لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزابكرێت.
هەریەك لە كۆشكی سپی و ڤۆڵۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین پێشوازییان لە ئەنجامی كۆبوونەوەكە كرد و رایانگەیاند، كۆبوونەوەكە ئەرێنی و بەرهەمدار بووە، زیلینسكی راشیگەیاند، ئۆكراین پشتیوانی لە پێشنیازەكەی كۆشكی سپی دەكات بۆ راگەیاندنی 30 رۆژ ئاگربەست.
هاوكات، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، واشتنۆن و كیێڤ گەیشتنە رێككەوتن بۆ دەستپێكردنی دانووستانەكان بە ئاڕاستەی ئاشتی هەمیشەیی لە ئۆكراین. راشیگەیاند، ئۆكراین هەنگاوی ناوە بەرەو ئاشتی، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختیلەوەشكردەوە، ئۆكراین هەنگاوی ناوە بەرەو ئاشتی.
هەروەها، مایك واڵتز راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا رایگەیاند، لەگەڵ روسیا گفتوگۆدەكات سەبارەت بە پێشنیازەكەی كۆشكی سپی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.