کۆشکی کرملن ئاشکرایکرد، دەمانەویت ئەمریکا لەبارەی ئەنجامی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئۆکراین لە سعودیە ئاگادارمان بکاتەوە، پێش ئەوەی لێدوان لەسەر ئاگربەستی پێشنیارکراو بدات.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری روسیا (کرملن) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەری پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان ڤلادیمێر پوتن و دۆناڵد ترەمپ رەتناکاتەوە، ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر پێویست بکات دەتوانرێت زۆر بە خێرایی سەبارەت بە راگرتنی شەڕ لە ئۆکراین ئەو پەیوەندییە رێکبخرێت.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمریکا و ئۆکراین رۆژی سێشەممە لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایانکرد، کیێڤ رازی بووە بە پێشنیارێکی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی خێرا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ و هەنگاوەکانی گەڕاندنەوەی ئاشتییەکی هەمیشەیی.