پۆلیسی ئیسپانیا رایگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەری نایاسایی لە مەغریبەوە روی لە شاری سیوتا کردووە و دەیان هەزار کەس خۆیان گەیاندووەتە خاکی ئیسپانیا، هاوکات دەیان کۆچبەریش لەو رێگە مەترسیدارەدا گیانیان لەدەستداوە و هەزارانی تریشیان گەڕێندراونەتەوە.
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، کە پۆلیسی ئیسپانیا بە ئاژانسی هەواڵی ئەی ئێف پی راگەیاندووە، لە ماوەی 24 سەعاتدا زیاتر لە 49 هەزار کەس بە نایاسایی لە مەغریبەوە پەڕینەتەوە، هەرچەندە دیاریکردنی ئاماری ورد لە ئێستادا زۆر قورسە.
سەرچاوەیەکی حکومی لە ئیسپانیا ئاشکرای کردووە، کە لانیکەم 27 کەس لە هەوڵی گەیشتن بە خاکی ئیسپانیا لەو ماوەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
کۆچبەران تەنها لە رۆژدا نەهاتوون، بەڵکو بە درێژایی شەوی رابردوو بە لێشاو لە مەغریبەوە خۆیان گەیاندووەتە شارەکە و شەپۆلی هاتنیان تا بەرەبەیانی رۆژی هەینی بەردەوام بووە و وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیاش رایگەیاندوە، زیاتر لە 25 هەزار کۆچبەر گەڕێنراوەتەوە بۆ مەغریب.
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتدا نزیکەی 49هەزار کۆچبەر لە سنوورەکانی مەغریبەوە چوونەتە ناو شاری سبتة، ئەمەش شەپۆلێکی بێپێشینەی کۆچکردنی دروستکردووە کە وای لە حکومەتی مەدرید کردووە بەپەلە هێزی سەربازی و ئەمنی بۆ ناوچەکە رەوانە بکات.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا کە میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە: حکومەتی ناوەندی 60 سەرباز و 200 پۆلیسی تایبەتی رەوانەی شارەکە کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی داوای راگەیاندنی باری لەناکراویان کرد، هاوکات تیمی غەواس و یەکەی ئەمنی زۆرتر بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان جێگیرکراون.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم قەیرانە مەترسیی ئابووریشی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیتالیا هەڕەشەی هەڵپەساردنی رێککەوتننامەی "شەنگن"ی لەگەڵ ئیسپانیا کردووە، کە ئەمەش رەنگە رێگری و کۆتوبەند بخاتە سەر هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لەناو ئەوروپادا.
لە لایەکی ترەوە چالاکییە بازرگانییەکان لە سەبتە راگیراون و بەشێک لە خاوەن شوێنکارەکان دووکانەکانیان داخستووە بۆ پاراستنی موڵکەکانیان.
سەبارەت بە شێوازی پەڕینەوەیان، گرتە ڤیدیوییەکان دەریدەخەن کە کۆچبەران لە رێگەی مەلەکردن یان بەکارهێنانی تایەی لاستیکییەوە گەیشتوونەتە ناوچەکە، لە کاتێکدا بەشێکی تریان لە رێگەی تێکشکاندنی دەروازە سنوورییەکانەوە چوونەتە ژوورەوە.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتوووە، دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا تەرمی 9 کۆچبەری تریان دۆزیوەتەوە، بەمەش ژمارەی کۆچبەرە گیانلەدەستداوەکان لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا بۆ 60 کەس بەرزبووەتەوە.
لە بەرانبەردا، پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بە یاوەری وەزیری ناوخۆ سەردانی شاری سەبتە کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، و حکومەتی مەدرید بەڵێنی داوە تەواوی ئەو کەسانەی بە نایاسایی چوونەتە ژوورەوە بپێچێتەوە بۆ وڵاتەکانیان، لە هەمان کاتدا تۆڕەکانی قاچاخچییەتی تۆمەتبار کرد بەوەی بڕیارێکی دادگایان قۆستووەتەوە کە رێگری لە گەڕاندنەوەی دەستبەجێی کۆچبەران دەکات لە کاتی دەستگیرکردنیان لە دەریادا.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە رەوشی مەیدانیی بەرەکانی جەنگ لەگەڵ روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە جەنگدا نادۆڕێت و سوپای روسیاش ناتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
سەرۆکی ئۆکراین لەبارەی زەرەر و زیانەکانی روسیاوە دەڵێت؛ لە دەستپێکی جەنگەکەوە تا ئێستا، روسیا 1.6 ملیۆن سەربازی لەدەستداوە، کە 700 هەزاریان کورژراون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، له روانگەی ئۆکرانیییەکانەوە، مانای سەرکەوتن بریتییە لە پاراستنی خاک و سەربەخۆیی وڵاتەکەیانو لەو روانگەیەشەوە تا ئێستا ئۆکراین بەرەو سەرکەوتن دەچێت.
زیلینسکی جەتیشیکردوە، ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی راستەقینەی بەرەکانی جەنگ بکرێت، خاڵی سەرەکی و گرنگ ئەوەیە، کە دەستپێشخەری و کۆنتڕۆڵی مەیدانی لە دەستی روسیادا نییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، داوای لە ئەمریكا كرد كە فشار بخاتە سەر زێنلسكی بۆ راگرتنی هێرشەكانی كێڤ بۆ سەر ژێرخانە نەوتییەكانی مۆسكۆ، جەختیشی كردەوە كە واشنتۆن بەرپرسیارە لە رەفتارەكانی سەرۆكی ئۆكراین.
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، مۆسكۆ هیوادارە واشنتۆن بەپێی پێویست هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەتەكانی زێلێنسكی بكات و رێگری لە هێرشەكانی كیێڤ بگرێت كە ئاسایشی ناوچەكە دەخەنە مەترسییەوە.
ئەم لێدوانانەی مۆسكۆ دوای زنجیرەیەك هێرشی درۆنیی ئۆكراین دێن بۆ سەر تانكەرە نەوتییەكان و ژێرخانەكانی هێڵی بۆریی نەوتی دەریای قەزوین لە دەریای رەشدا، كە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە كەرتی وزەی روسیا.
هاوكات، ئانا یێڤستیگنیێڤا، جێگری نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا وڵاتانی رۆژئاوای بەوە تۆمەتبار كرد كە هاوبەشی كێڤن لەو هێرشانەدا و رێگەیان بۆ ئۆكراین خۆش كردووە تاوەكو ئامانجە ستراتیژییەكان بپێكێت.
سەرەڕای لێدوانە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ، کە دەڵێت ئەمریکای گەڕاندوەتەوە بۆ سەردەمی زێڕین و ئێستا جیهان حسابی بۆ دەکات، بەڵام لەناوخۆی وڵاتەکە شتێکی ترە.
بەپێی ئەنجامی سێ راپرسیی سەربەخۆ، کە لەلایەن کەناڵی (سی ئێن ئێن)، ئاژانسی (ئاسۆشیەیتد پرێس-نۆرک) و (زانکۆی کوینیپیاک) ئەنجام دراون، ئاستی جەماوەری و رەزامەندی لە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، بە شێوەیەکی بەرچاو روی لە دابەزین کردوە.
بەگوێرە ئەو سێ راپرسییە، ئاستی جەماوەری دۆناڵد ترەمپ گەیشتوەتە 34٪، 33٪ و 32٪. ئەم ئاستەش بە نزمترین رێژەی ڕەزامەندی هەژمار دەکرێت لە دوای کۆتاییهاتنی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی و رداوەکانی 6ی کانوونی دووەمی 2021.
لە راپرسییەکەی کەناڵی (سی ئێن ئێن)دا، 73٪ی بەشداربووان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ترەمپ سەرنجی پێویستی نەخستووەتە سەر گرنگترین کێشە و گرفت و ئاڵۆزییەکانی وڵات.
هاوکات پێگەی (رۆڵینگ ستۆن) لە راپۆرتێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەم دابەزینە بەپەلەیەی جەماوەریی ترەپپ، هاوکاتە لەگەڵ دەرئەنجامە ئابوورییە ئاڵۆزەکانی جەنگ لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران و زیادبوونی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە کارکردی کابینەکەی.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە راپرسییەکی تر کراوە، کە تێیدا دەرکەوتووە، 23٪ی ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024دا دەنگیان بە دۆناڵد ترەمپ داوە، لە ئێستادا لەو بڕیارەیان پەشیمانن.
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا 'یوفا' بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە کۆدەنگی لەگەڵ 55 ئەندامی یەکێتییەکە، بڕیاریاندا بایکۆتی مۆندیال و سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ 'فیفا' بکەن.
یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا 'یوفا' رایگەیاند، هاوشانی یەکێتییەکەیان، 55 ئەندامی دیکەی یەکێتییەکەیان، بەرەسمی بڕیاریانداوە بایکۆتی مۆندیال و سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ 'فیفا' بکەن، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک دژی پێشنیازەکەی فیفا بۆ فرۆشتنی پشکی مافی خاوەندارێتی مۆندیال بە وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت.
یوفا جەختیشی کردەوە، مۆندیال نابێت وەک "کاڵایەکی بازرگانی و وەبەرهێنان" سەیر بکرێت، چونکە گەورەترین میراتی وەرزشییە و نەوە دوای نەوە لەلایەن یاریزانان و هاندەرانەوە لە سەرانسەری جیهان دروست کراوە.
دەشڵێت: مۆندیال بۆ فرۆشتن نییە، رێگەش نادەن بەرژەوەندییە داراییەکانی کۆمپانیاکان بخرێتە پێش بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی وەرزشی تۆپی پێ، چونکە ئەم هەنگاوە داهاتووی یارییەکە دەخاتە ژێر گوشاری خاوەن پشکەکانەوە.
هەر لە بەیاننامەکەدا، یوفا رەخنەی توند لە شێوازی کارکردنی فیفا دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات، پلانی فرۆشتنی پشکی یارییەکان بە شێوەیەکی "نهێنی" و بێ راوێژکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیشتووەتە قۆناغی بڕیاردان، ئەمەش وەک شکستی سەرکردایەتی و پشتگوێخستنی ئەرکی فیفا وەک "پارێزەری تۆپی پێی جیهانی" وەسف کراوە.
یوفا جەختیش دەکاتەوە، هەرگیز شەرعیەت نادەن بە مۆدێلێکی لەو شێوەیە کە دەیەوێت ئەو میراتەی ئەوان بە ئەمانەت لایانە بۆ نەوەکانی داهاتوو، بیفرۆشێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتۆن کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانیان و گفتوگۆکردن لەبارەی رەخنە توندەکانی ڤانس بەرامبەر حکومەتی ئیسرائیل.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانی خۆی لە بەرانبەر رەخنە گشتییەکانی ڤانس دەربڕیوە، لە بەرانبەریشدا ڤانس گومانی لە ستراتیژییەکانی ناتانیاهۆ بۆ شەڕ هەبووە و هەردوولا کۆبوونەوەکەیان بە کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ و راشکاوانە ناوهێناو.
ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەشداوە، ناکۆکییەکانی نێوانیان گەیشتە ئاستێک کە ڤانس لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد، ئەمریکا بەرەو شەڕی زیاتر پاڵ هاندەدات؛ تەنانەت ڤانس باسی لە پەیوەندیی نێوان هەواڵگریی ئیسرائیلی و "جێفری ئێپستاین" کردبوو، کە ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای ئیسرائیلییەکان دروستکردبوو.
ئەوەش لە کاتێکدایە، جەی دی ڤانس لە بازنەی نزیکی دۆناڵد ترەمپدا، وەک یەکێک لە گەورەترین رەخنەگرانی سیاسەتەکانی ناتانیاهۆ و داکۆکیکار لە دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دەناسرێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، سوپای ئەمریکا گرێبەستێکی مێژوویی و پێوانەیی بە بەهای تا 58.62 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای "لۆکهید مارتن" ئیمزا کردووە، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی موشەکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە کۆگاکانی چەکی ئەمریکا رووبەڕووی کەمبوونەوەی بەرچاو بوونەتەوە بەهۆی ئەو ململانێ و جەنگە بەردەوامانەی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بەڕێوەدەچن.
ئەم بڕیارەی واشنتۆن دوای ئەوە دێت، کە ئەمریکا بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی رادەستی هاوپەیمانەکانی کردووە و هاوکات لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی خۆیدا لە ئێران بەکاریهێناون، ئەمەش نیگەرانیی جدی لەسەر کەمبوونەوەی یەدەگی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و چەکە وردەکان لێکەوتووەتەوە.
بەپێی رونکردنەوەی سوپای ئەمریکا، ئەم رێککەوتنە گرێبەستێکی پێشوی یەک ساڵەی بە بەهای 4.7 ملیار دۆلار کە لە نیسانی رابردوودا واژو کرابوو دەگۆڕێت بۆ رێککەوتنێکی حەوت ساڵە. کە پلانی کڕینی موشەکی پاتریۆت لە 2026 تا 2032 لەخۆدەگرێت.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان بە توندی لە ئێران دەدەن وخۆشیان باش ئەوە دەزانن، ئاماژەی بەوەشکرد پێشهاتەکان دەریدەخات لەگەڵیان دەگەنە رێککەوتن یان نا.
دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، ئێرانییەکان شەوی رابردوو پێنج موشەکیان ئاڕاستە کردووە و سەرجەمیان خسراونەتە خوارەوە.
لەبارەی بە ئامانج گرتنی کەشتییەکی ئەمریکا لە بەندەرەکانی میسر، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، زانیاریی پێدراوە دەربارەی ئەو روداوانەی لە میسر رویان داوە، بەڵام جارێکا باسیان ناکات.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، لە ئێستادا مامەڵە لەگەڵ گروپێکی جیاواز لە ناوخۆی ئێران دەکەن و ئەو گروپەش داوای لێبوردنیان لێ کردوون، بەڵام بە هەموو شێوەیەک بە توندی لێیان دەدەن و ئێرانییەکانیش بە باشی ئەوە دەزانن.
لەبارەی گەیشتن بەرێکەوتن لەگەڵ تاراندا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بەپێی پێشهاتەکان دەردەکەوێت، ئاخۆ دەگەنە رێککەوتن یان نا.
ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرای كرد ، ئێران لە چەند هەفتەی داهاتوودا سیستمی بەگریی ئاسمانیی چینی وەردەگرێت.
ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار، بڵاویكردەوە چاوەڕوان دەكرێت ئێران لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا یەكەمین سیستمی بەرگریی ئاسمانیی چینی وەربگرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانیدا بۆ بەهێزكردنی بەرگرییەكانی لە میانەی جەنگ لەگەڵ ئەمریكادا.
ئاژانسەكە ئاشكراشیكردووە، گرێبەستەكە كڕینی 300 بۆ 400 سیستمی بەرگریی لەخۆ دەگرێت و بەهاكەی لە نێوان 60 تا 70 ملیۆن دۆلاردایە.
ڕۆیتەرز ئاشكراشیكردووە، ڕێككەوتنەكە لە ڕێگەی كۆمپانیایەكی ئێرانیەوە لە هۆنگ كۆنگ ئەنجام دراوە
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی چین ئەو راپۆرتانەی بە بێ بنەما وەسف كردووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، كۆبوونەوەكەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و ڤۆلۆدمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین ئەرێنی بوون و چەندین بابەتیان باس كردووە.
ترەمپ لە دوو بڵاوكراوەی جیادا لە تروس سۆشیال رایگەیاند، كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ناتانیاهۆ زۆر باش بووە و چەندین بابەتی گرنگیان تاوتوێكردووە.
لە بڵاوكراوەیەكی تریشدا دەڵێت، كۆبوونەوەكەی لەگەڵ زیلینسكی ئەرێنی بووە و چاوپێكەوتنەكەیان بە باشی بەڕێوەچووە، بەڵام ترەمپ وردەكاری ئەو بابەتانەی باس نەكردووە، كە لەگەڵیاندا تاوتوێی كردووە.
هاوكات ناتانیاهۆ وتویەتی، كۆبوونەوەكەیان یەكێك بووە لە باشترینەكان و قسەكانیان لەسەر ئامانج و لێكتێگەیشتنی هاوبەش بووە.
هەروەها كارولین لیڤیت وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، كۆبوونەوەكەی ترەمپ و ناتانیاهۆ نزیكەی سەعاتێك و 30 خولەكی خایاندووە و ئەرێنی و بەرهەمدار بووە.
بومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 7.1 پلە بە پێوەری رێختەر ژاپۆنی هەژاند و هۆشداری لەبارەی روودانی تسونامی دراوە.
ئاژانسی كەشناسی ژاپۆن بڵاویكردەوە، ناوەندی بومەلەرزەكە لە پارێزگای "كوماموتو" بووە و هۆشداری بۆ چەند پارێزگایەكی تر بڵاوكراوەتەوە، مەترسی روودانی تسونامیش دەكرێت، ئەگەرچی تائێستا هیچ چالاكییەكی تسونامی رووینەداوە.
بەپێی میدیاكانی ژاپۆن، ئەو ناوچەیەی بومەلەرزەكە گرتییەوە كارگە و كۆمپانیای تێدایە وەك سۆنی و تی ئێس ئێم، كە گەورەترین كۆمپانیای دروستكردنی پارچە ئەلكترۆنییەكانن لە جیهاندا.
كۆمپانیای "كیوشو" بۆ وزەی كارەبایی بڵاویكردەوە، كارەبای نزیكەی 40 هەزار ماڵ بەهۆی بومەلەرزەكەوە پچڕاوە، كۆمپانیایەكی هێڵی ئاسنینیش خزمەتگوزاریی شەمەندەفێری راگرتووە.
تۆڕی تەلەفزیۆنی "تی بی ئێس"یش بڵاویكردەوە، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك لە ناوەندێكی بازرگانیی گیانیان لەدەستداوە، كە بەهۆی بومەلەرزەكەوە زیانی بەركەوتووە.
سانای تاكایچی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆنیش تۆماركردنی ژمارەیەك بریندار و روخانی باڵەخانە و ئاگركەوتنەوەی لە باشوری رۆژئاوای وڵاتەكەی بەهۆی بومەلەرزەكەوە راگەیاند.
لەكاتێكدا جەنگی ئێران لە قۆناغێكی یەكلاكەرەوەدایە، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتۆن كۆدەبنەوە.
رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرنوتی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، ناتانیاهۆ لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ ترەمپ زانیاری هەواڵگریی نوێ لەبارەی چیای فەئس لە ئێران دەخاتەڕوو، بەوپێیەی ئێران دەیەوێت سامانە ستراتیژییەكەی لە قوڵایی ئەو چیایە بشارێتەوە.
رۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە، ناتانیاهۆ دەیەوێت دڵنیایی ئەوە وەربگرێت كە ئابوری ئێران بە خێرایی نەبوژێتەوە، جەختیشدەكاتەوە ئامانجە سەرەكییەكەیان كە ئێران نەبێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.
سەردانەكەی ناتانیاهۆ بۆ واشنتۆن بە مەبەستی بەشداریكردنە لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە لیندسی گراهام سیناتۆری كۆمارییەكان، میدیاكانیش باس لەوە دەكەن پەیوەندییەكانی ناتانیاهۆ و ترەمپ ئاڵۆزی تێكەوتووە.
وەزارەتی جەنگیی ئەمریكا پێداچوونەوە بە بوونی سەربازیی وڵاتەكەی لە ئەوروپا دەكات و رەخنەش لە ئەندامانی ناتۆ دەگرێت.
ئێلبرێدج كۆڵبی بریكاری وەزارەتی جەنگیی ئەمریكا رایگەیاند: ئەو هەنگاوە پێداچوونەوەیەكی راستەقینەیە و ئامانجەكەی دڵنیابوونەوەیە لەوەی ناتۆ بەخێرایی هەنگاو بنێت بۆئەوەی ئەوروپا بەرپرسیارێتی سەرەكی بەرگریی لەئەستۆ بگرێت، وەك چۆن پیت هێگسێت وەزیری جەنگیی ئەمریكا لە كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی ناتۆ لە مانگی حوزەیران باسی كرد.
ئەمریكا رەخنەی توندی ئاراستەی ئەو وڵاتانەی ئەوروپا كردووە كە رەتیانكردووەتەوە رێگە بە هێزەكانی ئەمریكا بدەن لە كاتی جەنگی دژی ئێراندا سوود لە بنكەكانی ناتۆ وەربگرن كە لە وڵاتەكانیانن.
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئەگەر دانوستانەكان سەركەوتوونەبێـت ، هەمان سیناریۆی ڤەنزوێلا لە ئێران دووبارە دەكەنەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرای كرد، وڵاتەكەی لە رێگەی نێوەندگیرەكانەوە لە دانوستانێكی زۆر قووڵدایە لەگەڵ ئێران، بەڵام ناتوانێت كاتێكی زۆر بداتە دانوستانەكان و ئەگەر بە خێرایی ڕێككەوتن نەكرێت، دەستبەجێ هێرشە سەربازییەكان دەستپێدەكەنەوە و هەمان سیناریۆی ڤەنزوێلا دووبارە دەكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، راگرتنی هێرشەكان بەشێوەیەكی كاتیی لەسەر داوای نێوەندگیرەكان بووە تاوەكو دەرفەتێك بە رێگەچارەی دیپلۆماسی بدرێت.
وتیشی، ئێران دەیەوێت بگاتە رێككەوتن، و سەبارەت بە كۆبوونەوەكەشی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند، بە پێویستی دەزانێت بیری ناتانیاهۆ بهێنێتەوە كە ئەگەر ئەو سەرۆك نەبووایە، ئێران ئێستا خاوەنی چەكی ئەتۆمی بوو و ئیسرائیلیش وێران دەبوو.
هەر لەبارەی ئێرانەوە ترەمپ وتی، لەگەڵ ڤلادیمیێر پوتن سەرۆكی روسیا دەربارەی هاوكارییەكانیان لە رێگەی مانگە دەستكردەكانەوە بۆ ئێران قسە دەكات.
لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی چڕی دەریاوانیدا بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئێراندا، کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی لە دەریای عەرەب رێڕەوی 17 کەشتیی بازرگانی گۆڕی و پشکنینی بۆ چەندین کەشتیی دیکە ئەنجام دا.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، جگه لە گۆڕینی رێڕەوی ئەو 17 کەشتییە، هاوكات رێگرییان لە جووڵەی دوو کەشتیی تر کردووە و پشکنینیان بۆ دوو کەشتی بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە پێبەندییان بە رێکارەکانی گەمارۆکەی سەر ئێران ئەنجام داوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم کارانە لە کاتی دەوریەی کەشتیی جەنگیی ئەمریکی (فرانك ئەی. بیتەرسن جۆنیۆر) لە دەریای عەرەبدا ئەنجام دراون، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە سەپاندنی گەمارۆکان بەسەر ئێراندا.