لەسەر كڕینی گەنمی ئەو ناوچانەی ئۆكراین كە روسیا دەستی بەسەردا گرتووە لەلایەن ئیسرائیلەوە، كیێڤ هۆشداری دەداتە تەلئەبیب و هەڕەشەی سەپاندنی سزا دەكات.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكراین، بە توندی رەخنەی لە كڕینی ئەو گەنمە گرت كە لەلایەن روسیاوە لە ناوچە داگیركراوەكانی ئۆكراین دزراوە و گەیشتووەتە بەندەرەكانی ئیسرائیل.

لەوبارەیەوە زیلینسكی رایگەیاند، ئەو كارە هیچ باكگراوندێكی یاسایی نییە و رێی تێناچێت ئیسرائیل چاوپۆشی لە ناسنامەی ئەو كەشتیانە بكات كە دێنە وڵاتەكەیەوە.

هەر بەو بۆنەیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئۆكراین باڵیۆزی ئیسرائیلی بانگهێشت كردووە و تەلئەبیبیش داوای بەڵگەی زیاتر دەكات، دەشڵێت ناتوانن سەرچاوەی گەنمە تێكەڵكراوەكان دیاری بكەن.

لەم نێوەندەشدا، مۆسكۆ بێدەنگی هەڵبژاردووە و تەنها وتویەتی با كیێڤ خۆی كێشەكانی لەگەڵ ئیسرائیل چارەسەر بكات.

لە ئێستاشدا، ئۆكراین كار لەسەر ئامادەكردنی گورزێك سزا دەكات دژی ئەو كەس و كۆمپانیایانەی تێوەگلاون لە گواستنەوە و قازانجكردن لەو گەنمەی روسیا لە خاكی ئۆكراین دەستی بەسەردا گرتووە.