جیهانجیهان

ئەمڕۆ سێشەممە، گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە واشنتۆنی پایتەخت دەست پێ دەکات، بە مەبەستی تاوتێکردنی چەند دۆسیەیەکی ئەمنی و سیاسی گرنگ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی نێوانیان.

وەفدی لوبنانی لە دوو تیمی ئەمنی و سیاسی پێکهاتووە و باڵیۆز "نەدا مەعوەز" نوێنەرایەتی دەکات و ئیمزا لەسەر بڕیارەکان دەکات، لە بەرانبەردا باڵیۆز "یەحیێل لیتەر" سەرۆکایەتیی وەفدی ئیسرائیلی دەکات، هه‌روه‌ها "مارکۆ روبیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان دەکات.

به‌پێی زانیارییه‌كان، رێڕەوی ئەمنی دانوستانەکە تیشک دەخاتە سەر جێگیرکردنی ئاگربەست و میکانیزمی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی "زۆتەر" و رادەستکردنی بە سوپای لوبنان. لایەنی لوبنانی هەوڵ دەدات ئەم هەنگاوە فرەوانتر بکات بۆ خێراکردنی کشانەوەی تەواوەتی، لە کاتێکدا ئیسرائیل پێداگری لەسەر هێشتنەوەی ئەوە دەکات کە پێی دەڵێت "هێڵی زەرد" وەک ناوچەیەکی ئەمنیی دابڕاو.

لە لایەکی ترەوە، میکانیزمی چاودێریی مەیدانی وەک خاڵی سەرەکیی ناكۆكییەكان لە نێوان هەردوولادا دەمێنێتەوە؛ چونکە لوبنان داوای چاودێرییەک دەکات کە ئەمریکا سەرکردایەتی بکات یان لە رێگەی هێزەکانی یونیفێل (UNIFIL)ـەوە بێت، بەڵام ئیسرائیل داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنیی هاوبەش دەکات کە لە لایەن لوبنانەوە رەت دەکرێتەوە.

سەبارەت بە رێڕەوی سیاسی، گفتوگۆکان لەسەر داڕشتنی "راگەیاندنی نیازپاکی هاوبەش" دەبن، کە تێیدا رێزگرتن لە سەروەری و سنوورەکانی یەکتر بچەسپێنرێت، لەگەڵ دیاریکردنی ملامح و سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی جەنگدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت: پێشکەوتنی باش لە دانوستانەکانیاندا لەگەڵ تاران بەدیهاتووە و گەروی هورمز بە تەواوی کراوەیە، هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش ئاشکرایکرد، لە سویسرا لەسەر ئازادکردنی 12 ملیار دۆلاری بلۆکەکراوی وڵاتەکەی رێککەوتوون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا پەرەسەندنی ئەرێنی لە دۆسیەی دانوستانەکانی لەگەڵ تاران ئاشکرا کرد و رایگەیاند؛ پێشکەوتنی زۆر باش لە پرۆسەی گفتوگۆکاندا بەدیهاتووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و ژیرانە لەگەڵ ئێران.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا گەروی هورمز بە تەواوی کراوەیە و توانراوە بڕێکی زیاتری نەوت بەراورد بە رابردوو بگوازرێتەوە، جەختیشی کردەوە، ئێران لەبارەی ئاسایشی گەروی هورمزەوە "کارێکی زۆر باش دەکات" و "هەرگیزیش نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

سەبارەت بە دۆسیەی داراییە بلۆکەکراوەکانی تاران، ترەمپ مەرجێکی نوێی ئاشکرا کرد و رایگەیاند؛ ئەو پارە سڕکراوانەی ئێران کە بڕیارە ئازاد بکرێن، بە شێوەیەکی بەدەرکراو و تەنها بۆ کڕینی مادەی خۆراکی لە جووتیارانی ئەمریکی بەکاردەهێنرێن.

ترەمپ راشیگەیاند، ئەگەر ئێران رەفتاری خراپ بکات ئەوا چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەم.

لە درێژەی لێدوانەکانیدا سەبارەت بە نەخشە رێگەی نوێی نێوان واشنتۆن و تاران وتی؛ پێویستە و لەسەر بنەمای رێککەوتنەکە وایە کە ئێران داهاتەکانی نەوت بۆ بونیاتنانەوە و بەهێزکردنەوەی سوپاکەی بەکارنەهێنێت.

سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردەوە، دەبێت تاران ئەو پارە و داهاتانە تەنها بۆ کڕینی پێداویستیی کتوپڕ و دابینکردنی خۆراک بۆ گەلەکەی بەکاربهێنێت.

لە بەرانبەردا محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکی گرنگدا لە مەسقەتی پایتەختی عومان، ئەنجامی دانوستانەکانی سویسرای ئاشکرا کرد و رایگەیاند؛ لە چوارچێوەی گفتوگۆکاندا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، رێککەوتن کراوە لەسەر ئازادکردنی دارایی و پشکی بلۆکەکراوی ئێران بە بەهای 12 ملیار دۆلار.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە سویسرا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نووسیویەتی، ئێران رازی دەبێت بە ئەنجامدانی پشکنینی سەرەکی و بەرفراوان بۆ چەکەکانی، ئەمەش بە مەبەستی دەستەبەرکردنی "شەفافییەتی ئەتۆمی" بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای چەند سەعاتێک دێت لە لێدوانێکی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە تێیدا ئاشکرای کردبوو؛ تاران رازی بووە بە گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، و پێشبینیشی کرد گفتوگۆکانی تایبەت بە پشکنینە ئەتۆمییەکان لە چەند رۆژی داهاتوودا یان لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستپێبکەن.

لەلایەکی ترەوە و لە وەڵامی ئەم لێدوانانەی لێپرسراوانی واشنتۆندا، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ هاوکارییەکانی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە چوارچێوەی یاسا و رێککەوتنە بنەڕەتییەکاندا بەردەوامە.

بەقائی جەختیشی کردەوە، هەر بڕیارێک لەم دۆسیەیەدا، بەندە بە مەرجی رەزامەندیی پەرلەمانی ئێران و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیتامار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل ئارام و پارێزراو نەبێت، ئەوا دەبێت شاری بەیروت هاوشێوەی شارۆچکەی وێرانکراوی "بێت حانوون"ی کەرتی غەززەی لێ بێت.

بن غەفیر لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە کە: هاوکێشەی ئاسایش دەبێت سادە و زۆر روون بێت، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت دەوڵەتی ئیسرائیل بە هەر نرخێک بێت ئارام بێت"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئیسرائیل دەبێت بەپێی بنەمایەکی ڕوون کار بکات".

ناوبراو رێزی خۆی بۆ هاوڕێکانی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی، بەڵام جەختی کردەوە کە: کار لەپێشینەی هەرە سەرەکی بۆ سەربازان، شەڕڤانان و دانیشتووانی ئیسرائیلە، و پێویستە دەستبەرداری سیاسەتی ئاگربەستی 'لاواز' بین.

ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە زیادیکرد کە ئیسرائیل لە رۆژانی رابردوودا باجێکی قورسی داوە و ژمارەیەک شەڕڤانی لەدەستداوە، کە هەر لایەکیان خێزان، خەون و چیرۆکێکی ژیانیان هەبووە کە بەردەوام نابێت، و پێی وابوو بەدیاریکراوی لە ناخی ئەم ئازار و بەرپرسیارێتییەوە دەبێت بە راشکاوی بوترێت کە سیاسەتی 'کات بەڕێکردن' و دواخستن شکستیکێناوە.

بن غەفیر وتی، چەندین ساڵ لە وەڵامدانەوەی حیساببۆکراو، هاوکێشەی وەهمی و هەوڵدان بۆ کڕینی هێمنییەکی کاتی، ئاسایشی بۆ ئیسرائیل بەدی نەهێناوە، بەڵکو دوژمنان ئەمەیان وەک لاوازی لێکداوەتەوە، جەختیشی کردەوە: هەرکەسێک تەقە لە ئیسرائیل بکات یان هەڕەشەی لێ بکات، دەبێت بزانێت کە باجەکەی بۆ ئەو تاقەتپڕووکێن دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد: ئێستا کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیل لە باکوور زیاتر ئامادەن، بەهۆی بوونی تیمەکانی دەستێوەردانی ناوخۆیی لە تەواوی ناوچەکەدا، و پڕچەککردنی ناوچەگەلێکی فراوان، و بوونی پاسەوانی نیشتیمانی و هێزێکی گەورەی پۆلیس، وێڕای سوپایەکی بەهێز و مەزن.

له‌ کۆتاییدا وەزیرە ئیسرائیلییەکە جەختی لەسەر پێویستیی هێرشبردنی ئیسرائیل کردەوە، و هۆشداریی دایە لوبنان کە: ئەگەر رێگە بدات خاکەکەی ببێتە بنکەیەکی تیرۆر دژی ئیسرائیل، ئەوا دەبێت بەیروت ئەوە تێبگات کە ناتوانێت وەک هەمیشە و بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام بێت لە ژیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر بەدەستهێنانی پێشکەوتنی بنەڕەتی لە کۆمەڵێک دۆسیەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا کردەوە لە میانی دانوستانە بەردەوامەکانی شاری "بێرگنشتۆک"دا، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیدارەی ئەمریکا کار بۆ دارشتنی بنەمایەکی پتەو دەکات بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و چارەسەری هەمیشەیی.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، ڤانس پێشکەوتنی دانوستانەکانی راگەیاند و رونی کردەوە کە گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە ماوەی هەفتەکەدا بەردەوام دەبن، و گفتوگۆکان لەگەڵ پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئەمڕۆوە لە "بێرگنشتۆک" دەستیان پێکردووە.

هەروەها ڕەزامەندیی لایەنی ئێرانی بۆ بانگهێشتکردنی پشکێنەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ وڵاتەکەی بە "هەنگاوێکی زۆر گرنگ" وەسف کرد.

لە چوارچێوەی ئاسایشی وزە و دەریاوانیدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە ئیدارەی وڵاتەکەی میکانیزمێکی داناوە بە ئامانجی کراوە هێشتنەوەی گەرووی هورمز، وێڕای میکانیزمێک بۆ رێگریگرتن لە پەرەسەندنی گرژییەکان و تەقەکردن.

 ڤانس ئەوەشی خستەڕوو کە کارەکان بەردەوامن بۆ داڕشتنی میکانیزمێکی پسپۆڕانە بە مەبەستی پاککردنەوەی گەرووەکە لە مین.

سەبارەت بە دۆسیەی لوبنانیش، ڤانس ئاشکرای کرد کە میکانیزمێک بۆ رێگریکردن لە پێکدادان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە لوبنان داندراوە.

جەختیشی کردەوە کە ئیسرائیل مافی خۆپاراستنی هەیە، بەڵام بەپێی میکانیزمێک کە گەرەنتی ئەوە بکات بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت، هاوکات جەختی لەسەر هەوڵەکانی واشنتۆن کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و سەروەریی لوبنان لە یەک کاتدا، ڤانس داواشی لە لایەنی ئێرانی کرد کە پێویستە "حیزبوڵا کۆنترۆڵ بکات".

ڤانس لێدوانەکانی کۆتایی پێهێنا بە ئاماژەکردن بەوەی کە لە دۆسیەی لوبناندا، لە میانی دانوستانەکانی "بێرگنشتۆک"دا، پێشکەوتنێکی بەرچاو بەراورد بە 24 سەعاتی رابردوو بەدەست هاتووە، جەختیشی لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆکان کردەوە سەرەڕای هەبوونی هەندێک گڵەیی، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا ئیدارەی ئەمریکا سەرنجی لەسەر ئاهەنگگێڕانە بەبۆنەی ئەو پێشکەوتنانەی بەدەست هاتوون، لەگەڵ دانپێدانان بەوەی کە هێشتا کارێکی زۆر ماوە بکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و چارەسەری هەمیشەیی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خولی  یەكەمی دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران لە وڵاتی سویسرا بە كۆتایی هات، ئەمەش دوای رەوشێكی پڕ لە گرژی كە هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز و لێدوانە توندەكانی دۆناڵد ترەمپ. 
لێپرسراوانی قەتەر و پاكستان وەك نێوەندگیر رایانگەیاند، هەردوو لا گەیشتوونەتە نەخشەڕێگەیەك بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا. ئەم دانوستانانەی كە لە هاوینەهەواری "بۆرگنشتۆك" لە سویسڕا بەڕێوەچوون، هەوڵێكی دیپلۆماسی چڕن بۆ رێگریكردن لە تەقینەوەی زیاتری رەوشەكە و دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ لە لوبنان و زامنكردنی هاتوچۆی كەشتییە بازرگانییەكان لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەكاندا.
دانوستانەكان رۆژی یەكشەممە بە سەرپەرشتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا و لێپرسراوانی باڵای ئێران دەستیان پێكرد. بەپێی زانیارییەكان، گفتوگۆكان تا سەعاتەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوون و تێیدا جەخت لە درێژكردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژی تر كرایەوە. لە كاتێكدا میدیا ئێرانییەكان باسیان لە جێهێشتنی هۆڵی كۆبوونەوەكان دەكرد بەهۆی فشارەكانەوە، دیپلۆماتە ئەمریكییەكانیش جەختیان كردەوە كە وەفدی ئێرانی لە دانوستانەكان نەكشاونەتەوە و تیمی تەكنیكی بۆ ماوەی هەفتەیەك لە سویسرا دەمێننەوە بۆ تاوتوێكردنی وردەكارییەكانی یاداشتی لێكتێگەیشتنەكە.
سەبارەت بەئەنجامی دانوستانەكان عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە كرد كە تاران گەرەنتی بۆ هەناردەكردنی نەوت و بەرهەمە پترۆكیمیاییەكان و ئازادكردنی بەشێك لە داراییە بلۆككراوەكانی وەرگرتووە. ئەم هەنگاوە لە كاتێكدایە كە رەوشی گەرووی هورمز نیگەرانییەكی زۆری دروست كردووە؛ بەپێی داتاكانی كۆمپانیای "كێپلەر"، ژمارەی ئەو كەشتییانەی بە گەرووەكەدا تێپەڕیون لە 26 كەشتییەوە بۆ تەنها 5كەشتی لە رۆژێكدا كەمی كردووە، ئەمەش دوای ئەوەی تاران رایگەیاندبوو هاتوچۆی دەریایی رادەگرێت تا ئەو كاتەی لایەنەكان پابەندی بەڵێنەكانیان دەبن لە لوبنان.
ئەوەش لەكاتێكایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا فشارەكانی بۆ سەر تاران زیاد كردووە و هۆشداری داوە كە ئەگەر ئێران رێگری لە گروپە چەكدارەكانی لوبنان نەكات، ئەوا واشنتۆن بە توندی هێرش دەكاتەوە سەر ئەو وڵاتە هیچ شوێنێكیان نابێت پێی بڵێن وڵات، سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، جەی دی ڤانس بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند كە ترەمپ داوای لێكردوون لاپەڕەیەكی تر لە پەیوەندییەكان لەگەڵ گەلی ئێراندا هەڵبدەنەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ بوونی دژبەیەكی لە سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر تاران كە لە نێوان هەڕەشەی سەربازی و دیپلۆماسییەتدا یاری دەكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەرچەندە خولی یەكەمی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا بەرەوپێشچوونی بە خۆوە بینیی، بەڵام بەر لەكۆتایی هاتنی نزیك بوو لەوەی بەهۆی لێدوانێكی دۆناڵد ترەمپەوە ئەو دانوستانەی كە سەرنجی تەواوی جیهانی لەسەربوو هەڵبوەشێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئێران -ئیرنا- لە زاری سەرچاوە ئێرانییەكانەوە پەردەیان لەسەر ساتە پر لە گرژییەكانی  خولی یەكەمی دانوستانی نێوان ئەمریكاو ئێران  لادا، كە  هێندەی نەمابوو ببێتە هۆی هەرەسهێنانی دانوستانەكان، پێش ئەوەی بگەنە لێكتێگەیشتنێك كە لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا بە چاودێری قەتەر و پاكستان راگەیەندرا.

بە وتەی ئەو سەرچاوانە ، دوای 80 خولەك لە دەستپێكردنی، وتووێژەكان چوونەتە  قۆناغێكی هەستیارەوە ، ئەمەش دوای ئەوەی وەفدی ئێرانی دوای كۆبوونەوەیەك لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەری، شوێنی كۆبوونەوەكانیان جێهێشت.

بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسەكە، كشانەوەی كاتیی وەفدی ئێرانی دوای نزیكەی 80 خولەك لە وتووێژ و ماوەیەك پشوو هات، ئەمەش لەسەر بنەمای لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، كە تاران بە سوكایەتیكردن و هەڕەشەئامێز لەقەڵەمی دان.

هاوكات ئێران ئەمریكای تۆمەتبار كرد بەوەی كە پابەندی تەواوی بە هەندێك لە بەندە سەرەتاییەكانی ناو لێكتێگەیشتنەكانی ئیسلام ئاباد نەبووە، بەتایبەتی ئەو بەشانەی كە پەیوەندییان بە راگرتنی شەڕەوە هەیە لە بەرە جیاوازەكاندا.

بەپێی راپۆرتەكەی ئاژانسی هەواڵ ئیرنا ،  دوای جیهێشتنی كۆبونەوەكە، ئەندامانی وەفدی ئێرانی كۆبوونەوەیەكی داخراویان ئەنجامداوە كە نزیكەی 90 خولەكی خایاندووە، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە ڕەوتی دانوستانەكان و هەڵسەنگاندنی رەوشەكە، هاوكات لەگەڵ راوێژی چڕوپڕیان لەگەڵ نێوەندگیرەكان سەبارەت بە پرسە ناكۆكەكان ئەنجامداوە، گفتوگۆكانیشیان چربوەتەوەلەسەر ئاستی پابەندبوونی ئەمریكا بە لێكتێگەیشتنە بكان و میكانیزمەكانی بەدواداچوونی خاڵە هەڵپەسێردراوەكان پێش دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان.

دواتر محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، سەركەوتنی دانوستانەكان بەستراوەتەوە بە ئیرادەی سیاسی ئەمریكا و پابەندبوونی كرداری بە بەڵێنەكان، وتیشی،  وتووێژەكان گەیشتوونەتە قۆناغێكی یەكلاكەرەوە و هەستیار.

سەرەڕای ئەو ناكۆكییانە، نێوەندگیرەكان توانیویانە قەیرانەكە كۆنترۆڵ بكەن و لایەنەكان بگەڕێننەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەمەش رێگەی خۆشكرد بۆ راگەیاندنی كۆتاییهاتنی خولی یەكەمی وتووێژەكان و رێككەوتن لەسەر بەردەوامبوونی دانوستانە تەكنیكییەكان لە ڕۆژانی داهاتوودا ،ئەوەش لە رێگای پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا بۆ دەستپێكردنی ئەودانوستانانە و جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنە وەك خۆی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەستلەکارکێشاوەنەوەی خۆی رادەستی پادشای وڵاتەکەی کردووە.

وتیشی، پێشتر پارتی کرێکارانی بەریتانیا لە رەوشێکی خراپدا بووە و لە سەردەمی ئەودا حیزبەکە بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوەبینیوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئابوریی بەریتانیا لە کابینەی پێش ئەودا ئابورییەکی داڕوخاو بووە، بەڵام خۆی کاری لەپێشینەی چاککردن و باشترکردنی ئەو ئابورییە داڕوخاوە بووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سیناتۆری دیاری كۆمارییەكان پلانێكی ئەمریكای ئاشكرا كرد و رایگەیاند، واشنتۆن ئامادەیە بە هێزی سەربازی دەست بەسەر گەروی هورمزدا بگرێت ئەگەر تاران ملكەچی مەرجەكانی رێككەوتنەكە نەبێت.

لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆمارییەكان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی سی بی ئێسی ئەمریكی رایگەیاند، كە رۆژی هەینی رابردوو بۆ ماوەی چوار سەعات و نیو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ كۆبووەتەوە و تاوتوێی ئاییندەی دانوستانەكانیان لەگەڵ ئێران كردووە و ئاشكرای كرد، ترەمپ بڕیاری داوە كە ئەگەر رێككەوتنی ئێستا شكست بهێنێت، ئەوا ئەمریكا بە هێزی سەربازی گەروی هورمز كۆنتڕۆڵ دەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، واشنتۆن لەو بارودۆخەدا باج بەسەر هەموو ئەو كەشتییانەدا دەسەپێنێت كە بە گەرووەكەدا تێپەڕ دەبن تاوەكو تێچووی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكە دابین بكات.

هۆشدارییەكی توندیشی ئاراستەی تاران كرد و وتی، ئەگەر ئێران بیەوێت كێبڕكێی ئەمریكا بكات لەسەر كۆنتڕۆڵكردنی گەروی هورمز، ئەوا وێران دەكرێن.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی تەلەگرافی بەڕیتانی راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی کورد و سیاسەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاواش لە بەرانبەر کورددا دەخاتەڕوو و دەڵێت: وڵاتانی ئەوروپا گرنگیی بە جینۆسایدکردنی کورد نادەن، چونکە ئیسرائیل جینۆسایدی نەکردوون.

دەیڤد هاریس جێگری سەرۆکی پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە ئەنتی-سێمێتیزم (دژە-جولەکە)ـی جیهانی لە رۆژنامەی تەلەگرافی بەڕیتانییەوە راپۆرتێکی نووسیوە لەبارەی رەوشی کورد لە ناوچەکە دەهێنێتە بەرباس و پرسی ناساندنی تەواو ئەو جینۆسایدانەی لە بەرانبەری کراوە، پرسیاریش لە وڵاتانی جیهان بەگشتی و ئەوروپاییەکان و ئەمریکاش بەتایبەتی دەکات: کورد چی کەمترە لە فەڵەستینییەکان وا پشتیان کردووەتە کورد و جینۆسایدەکانی بەرەسمیی ناناسێندرێت؟

هاریس لە درێژەی راپۆرتەکەیدا ئەوەش دەخاتەڕوو، سەرباری ئەوەی لە سەدەی رابردوودا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی شکستی هێنا و دەکرا لەلایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێنرێت و رێگەکە لە پەیماننامەی "سیڤەر"ـی ساڵی 1920 بگیرێت، بەڵام ئەو کارە نەکرا و پێچەوانەکەشی بینرا، کە کورد بەتەوەیی پشتگوێخراوە.


لێکۆڵەرە جولەکەکە هەرێمی کوردستان لەنێوان کێشمەکێشمەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ئێران و دە بۆ 12 ساڵێک لەمەوبەریش دەکات و یادگەمان دەبوژێنێتەوە و دەڵێت: بۆچی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کاتێک شەڕی داعشیان هەبوو، کوردیان وەک سەرەکیترین هاوپەیمان دەناساند و لە شەڕی ئەمریکا و ئێرانیشدا، بەردەوام زۆری لێدەکرا جۆرێک لە لایەنگری بکات، بەڵام کاتێک کاریان پێی نامێنێت و ویست و خواستەکانیان بەدیدەهێنن، ئیدی پشتدەکەنە کورد و هەر لەبەر ئەو هۆیەشە کە وێردی سەر زمانی کورد لە ئێستادا ئەمەیە: "هیچ دۆستێکمان نییە جگە لە چیاکان"

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پرۆسەی دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەی "بۆرگنشتاک" لە سویسرا رووبەڕووی بەربەست بووەوە؛ دوای تێپەڕبوونی تەنها 80 خولەک بەسەر دەستپێکردنیاندا، دانوستانەکان بە کاتی راگیران و وەفدی ئێرانی هۆڵی کۆبوونەوەکانی جێهێشت.

ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرایان کردووە، کشانەوەی وەفدەکەی تاران وەک ناڕەزایەتییەک بووە بەرانبەر لێدوان و هەڕەشە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ، کە تێیدا رایگەیاندبوو ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن ئێران وێران دەکات و کۆنترۆڵی گەروی هورمز دەکەن، هاوکات داوای راگرتنی پشتگیرییەکانی تارانی کردبوو بۆ گروپەکانی سەر بەو وڵاتە لە لوبنان.

وەفدی ئێران ئەم هەڕەشەیەی ترەمپیان لەسەر گەروی هورمز وەک پێشێلکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان ناوبردووە، بەڵام لە ئێستادا لایەنە ناوەندگیرەکان هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ رێگریکردن لە هەرەسھێنانی تەواوەتی پرۆسەکە.

ئاژانسەکانی هەواڵ ئەوەشیان خستوەتەڕوو، سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییانە، وەفدی دانوستانکاری ئێران چەند پێشھاتێکی گرنگیان ئاشکرا کردووە.... 

یەکەم، پرسی نەوت و سزاکان؛ وەفدی ئێرانی توانیویەتی رەشنووسێک تایبەت بە لێخۆشبوونی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران ئامادە بکات، کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بڵاوبکرێتەوە.

دووەم،داراییە بلۆککراوەکان؛ بە پشتبەستن بە بەشداری وەفدی قەتەری، رێکاری جێبەجێکردن بۆ ئازادکردنی بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران گیراوەتەبەر.

سێهەم، دۆسیەی لوبنان، وەفدەکەی تاران هێڵی سوری بۆ بەردەوامی گفتوگۆکان داناوە و رایگەیاندووە، ئەگەر شەڕ لە لوبنان کۆتایی پێنەیەت، ئەوا ئامادە نین لەسەر هیچ دۆسیەیەکی دیکە دانوستان بکەن.

ئەم راگرتنە کاتییە دوای ئەوە دێت کە میدیاکانی ئێران کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانیشتنەکەیان راگەیاندبوو و وەفدەکە خەریکی ڕاوێژی ناوخۆیی بوون بۆ دەستپێکردنی گەڕی دووەم، بەڵام بەهۆی توندبوونی لێدوانەکانەوە پرۆسەکە بە کاتی پەکخرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی تر هۆشداری توند و بێپێشینە دەداتە تاران و رایدەگەیەنێت، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، ئەوا ئێران وێران دەکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان واشنتۆن و تاران لە ناوچەی "بۆرگنشتاک" لە سویسرا دەستیپێکردووە.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "فۆکس نیوز" رایگەیاند: "ئەگەر ئێرانییەکان نەگەنە رێککەوتن، وڵاتەکەیان تێکدەشکێنم و وێرانی دەکەم"، ئاماژەی بەوەش کرد لە کاتی پێویستدا رەنگە کۆنترۆڵی گەروی هورمز بکەن.

هاوکات کەناڵەکە ئاشکرای کردووە، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی توندی ئاڕاستەی لێپرسراوانی تاران کردووە و هۆشداری پێداون لە داخرانی گەروی هورمز، راشیگەیاندووە: "داخستنی گەروەکە بەو واتایە دێت کە وەفدی دانوستانکاری ئێران ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان".

لەلایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پۆستێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی تاران و نووسیویەتی: "دەبێت ئێران دەستبەجێ رێگری لە بریکارەکانی لە لوبنان بکات لە دروستکردنی کێشە و ئاڵۆزی"، هاوکات هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر تاران گروپە چەکدارەکانی لە لوبنان رانەگرێت، ئەوا ئەمریکا بە توندی هێرشیان دەکاتەوە سەر و شەڕ دەستپێدەکاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی کار دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی کە دووبارە کردنەوەی گەروی هورمز مسۆگەر بکات، ئاماژەی بە پاڵپشتی واشنتۆنیش کرد بۆ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

ڤانس وتی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێزانینی هەیە بۆ رۆڵی نێوەندگیرەکان لە هەوڵەکانیاندا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان واشنتۆن و تاران، هاوکات جەختی لەسەر هەوڵەکان کردەوە بۆ بنیاتنانی پەیوەندی باش لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەکۆتاییدا جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەی ئەمریکا هیواداری بەوەیە ئەم هەوڵانە ببنە هۆی بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا، و کۆتاییهێنان بە گرژییەکان بە شێوازێک کە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی مسۆگەر بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە، جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەنی "بەهێزترین سوپایە لە جیهاندا"، ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی ئەوەی بە "سەرکەوتنی بێپێشینە" وەسفی کرد، لە بەرەکانی جیاوازدا بەدەست دەهێنێت.

ترەمپ لە لێدوانێکدا وتی: وڵاتەکەمان بە باشترین شێوە بەڕێوە دەچێت، بەهێزترین سوپامان لە جیهاندا هەیە، و لە سەرجەم بەرەکاندا سەرکەوتنی وا بەدەست دەهێنین کە پێشتر وێنەی نەبووە.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ هاوکاتن لەگەڵ دەستپێکردنی لوتکەی دەریاچەی لۆسێرن لە سویسرا و دەستپێکردنی یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان واشنتۆن و تاران بە نێوەندگیری قەتەر و پاکستان، بۆ تاوتێکردنی چەندین دۆسیە کە لەوانە: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، سزاکان و داراییە بلۆککراوەکانی ئێران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

درەنگانێکی شەوی رابردوو، وەفدێكی ئێرانی بۆ بەدواداچوونی میكانیزمی جێبەجێكردنی بەڵێنەكان  و کۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی ئەمریکا گەیشتە سویسرا و جەی دیڤانسیش، کە ئێستا لە سویسرایە دەڵێت رەنگە کۆبوونەوەکان چەند رۆژێک بخایەنێت.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ناوچەی گەشتیاری بورگنستۆک وەفدی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیر پاکستان و قەتەر کۆببنەوە.

میدیاکانی ئەمریکا بەیانی ئەمڕۆ گەیشتنی جەی دیڤانسی جێگری دۆناڵذ ترەمپیان بۆ سویسرا راگەیاند و جێگەرکەی دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەکردوە، رەنگە ئەم کۆبوونەوەیە یەکێک بێت لە هەوڵە دیپلۆماسییە هەرە بەرچاوەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ماوەی چەندمانگی رابردوودا.

لای خۆشیەوە ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند بوو، دەستپێكردنی دانوستانە كۆتایییەكان لەگەڵ ئەمریكا بەستراوەتەوە بە جێبەجێكردنی پێنج بەندەكەی لێكتێگەیشتنەكەی نێوانیان و پرەنسیپی ئێران پابەندبوونە بەرانبەر پابەندبوون و لە ئەگەری بەردەوامی پێشێلكارییەكاندا، تاران بڕیاری چارەنوسساز دەدات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، وەفدێکی باڵای پاکستان بە سەرۆکایەتی شەهباز شەریف سەرۆک وەزیران و بە بەشداریی فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە دەچنە سویسرا.

میدیاکانی پاکستان رایانگەیاندوە، ئامانجی وەفدی پاکستان بۆ سویسرا بەشداریکردنە لە کۆبوونەوەی ئێران و ئەمریکا و ئامانجی سەردانەکە پاڵپشتیکردن و ئاسانکارییە بۆ بەڕێوەچونی پرۆسەی گفتوگۆکان. 

هاوکات لەگەڵ ئەم گەشتەدا، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ناوچەی گەشتیاری بورگنستۆک لە سویسرا دەبێتە میوانداری دانوستانە تەکنیکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە بە هاوبەشی لە ژێر چاودێری و نێوەندگیریی هەردوو دەوڵەتی پاکستان و قەتەردا بەڕێوەدەچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...7891011...616