ترەمپ: گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران لە بۆردومانکردن کاریگەرترە
محەمەد رزگار
٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: ئەو گەمارۆ دەریاییەی خراوەتە سەر ئێران، ئامرازێکی زۆر کاریگەرترە بۆ فشارخستنە سەر تاران بەراورد بە بژاردەی سەربازی.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ماڵپەڕی ئاکسیۆس راگەیاند، "گەمارۆدان لە بۆردومانکردن کاریگەرترە، ئێستا ئەوان لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان و خنکاون، رەوشەکە بۆیان خراپتریش دەبێت."
جەختیشی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران لەژێر گەمارۆی دەریایی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی رژێمەکەیان رازی دەبێت بە رێککەوتنێک کە تەواوی نیگەرانییەکانی واشنتۆن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بڕەوێنێتەوە.
لە لایەکی تریشەوە، سەرچاوە ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردووە کە ترەمپ تاوەکو ئێوارەی سێشەممە فەرمانی هیچ هێرشێکی سەربازیی نەداوە، بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) پلانێکی بۆ وەشاندنی گورزی "کورت و بەهێز" ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی ئەگەر رێڕەوی دانوستانەکان گەیشتە بنبەست، پەنای بۆ ببرێت.



