رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری ئەفسەرانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رێنمایی داوەتە یاریدەدەرەکانی بۆ خۆئامادەکردن بە مەبەستی سەپاندنی گەمارۆیەکی درێژخایەن بەسەر ئێراندا، وەک بەشێک لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەرەسەندنە توندەکانی ئێستادا.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ترەمپ گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە دەستپێکردنەوەی بۆردومان یان کشانەوە، مەترسیی زۆر گەورەتری لێدەکەوێتەوە بەراورد بە بژاردەی هێشتنەوەی گەمارۆکە.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەفسەرێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە گەمارۆدانی تەنگەی هورمز فشارێکی توند دەخاتە سەر ئابووریی ئێران و دەبێتە هۆی ئەوەی تاران بۆ کۆگاکردنی نەوتەکەی ڕووبەڕووی گرفتێکی گەورە ببێتەوە.

هەروەها ئەفسەرەکان روونیان کردووەتەوە کە ترەمپ ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو مەرجە ببێت کە دەبێت ئێران بەڵێنی ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بدات بۆ ماوەی لانی کەم بیست ساڵ.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە گواستوویەتییەوە کە ئێران بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە کە پێویستی بە چەند رۆژێکە بۆ راوێژکردن لەگەڵ رێبەر (خامنەیی) پێش ئەوەی پێشنیازێکی هەموارکراو پێشکەش بکەن.