دوای 35 ساڵ پاشایەکی بەریتانیا لە کۆنگرێس وتار پێشکەش دەکات
سەوسەن سەید
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦
شا چارڵزی سێیەم، پاشای بەریتانیا، ئەمڕۆ سێشەممە، وتارێک لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا پێشکەش دەکات.
وتارەکە پەیامێکی تێدایە بۆ یەکخستنی ریزەکان لە نێوان بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان و برەودان بە "پەیوەندییە تایبەتەکەی" نێوان هەردوو وڵات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناکۆکی لە نێوان حکومەتی بەریتانیا و سەرۆک دۆناڵد ترەمپدا هەیە سەبارەت بە جەنگی ئێران.
شا چارڵز و شاژنە کامیلا، هاوسەری، سەردانێکی رەسمی چوار ڕۆژە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدەن، لەم سەردانەدا پاشا هەوڵ دەدات خۆی لە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان ترەمپ و کیر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەدوور بگرێت، و لە بەرامبەردا جەخت لەسەر پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی نێوان بەریتانیا و داگیرگەی پێشووی (ئەمریکا) بکاتەوە کە ماوەی 250 ساڵە و لە دوای سەربەخۆییەوە بەردەوامە.
وتارەکەی شا چارڵز دەبێتە دووەم وتاری پاشایەکی بەریتانیا لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا، دوای ئەوەی شاژنە ئەلیزابێسی دووەمی کۆچکردوو لە ساڵی1991 هەمان کاری کرد.
بڕیارە وتارەکە لە کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ئەمریکا دەست پێ بکات.
ئەم روداوە وەک چەقی گرنگترین سەردانی سەردەمی پاشایەتیی چارڵز دادەنرێت و بڕیارە هەر ئەمشەویش میواندارییەکی رەسمی، بەڕێوەبچێت.
سەرچاوەیەک لە کۆشکی باکنگھام رایگەیاند کە پێشبینی دەکرێت وتارەکە نزیکەی ٢٠ خولەک بخایەنێت و تێیدا باس لە پرسەکانی وەک پەیمانی ناتۆ، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا بکرێت.
پەیامی سەرەکی وتارەکە جەخت لەسەر ئەو ئاستەنگانە دەکاتەوە کە رووبەڕووی هەردوو وڵات دەبنەوە، و دوپاتی دەکاتەوە کە دەتوانن ئاسایش و خۆشگوزەرانی نێودەوڵەتی بەهێزتر بکەن لە رێگەی بەرگریکردن لە بەها هاوبەشەکانیان.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای دەرکەوتنی هەندێک ناکۆکی لە کاتە جیاوازەکاندا، پاشا ئاماژە بەوە دەکات کە "وڵاتەکانمان زۆرجار ڕێگەیان بۆ لێکنزیکبوونەوە دۆزیوەتەوە" و ئەم هاوبەشییەش بە "یەکێک لە مەزنترین هاوپەیمانییەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا" وەسف دەکات.



