جیهانجیهان

جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، قسەکانی ئەم دوایەی دۆناڵد ترەمپ بێ بنەمان و پێگەی جەماوەری ئەو  پەیوەندی بە پێگەی جەماوەری دۆناڵد ترەمپەوە نییە، بە دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت؛ پێویستە  تۆ سەرنجت لەسەر پێگەی جەماوەری خۆت بێت.

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وەڵامی هێرشەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپی داوەتەوە و هێرشە زارەکییەکانی سەرۆکی ئەمریکای بە "بێ بنەما و بێ مانا" ناوبردوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە پەیامەکەیدا بەرگریی لە بڕیارەکەی کردوە، کە لە جەنگی ئێران نەیهێشتوە سوپای ئەمریکا سود لە بنکە سەربازییەکانیان وەرگرن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، تا ئەو سەرۆک وەزیران بێت ناهێڵێت؛ بنکە سەربازییەکانیان دژی ئەو وڵاتانە بەکاربهێندرێن، کە رێککەوتنیان هەیە لەگەڵیاندا، چونکە ئیتاڵیا وڵاتێکی سەربەخۆیە و بە خاوەن سەروەری دەمێنێتەوە.

لە وەڵامی ئەو قسەیەی سەرۆکی ئەمریکادا کە وتویەتی؛ میلۆنی ویستویەتی بە وێنەگرتن لەگەڵیدا پێگەی جەماوەری بەرز بێتەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا دەڵێت، ئەو خاوەنی پێگەی جەماوەری خۆیەتی و با سەرۆکی ئەمریکا تەرکیزی لای پێگەی جەماری خۆی بێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، ناکۆکی کەوتوەتە نێوان  دۆناڵد ترەمپ و جۆرجی و سەرۆکی ئەمریکا  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ئیتاڵیا رایگەیاند کە مێلۆنی"سواڵی کردووە" کە وێنەیەکی لەگەڵدا بگرێت، ئەو بانگەشەیە کە مێلۆنی رەتیکردەوە و وتی؛"من و ئیتاڵیا هەرگیز سواڵ ناکەین" .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە گەرمەی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان بۆ رێگریکردن لە دواخستنی زیاتری گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران، سەرچاوە رەسمییەکان گەیشتنی وەفدی باڵای ئەمریکایان بۆ سویسرا پشتڕاستکردەوە، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سویسراش ئاشکرایکرد، دیپلۆماتکارانی چەندین وڵات لە هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی ئەم دانوستانە بەردەوامن.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، کەمێک لەمەوبەر گەیشتووەتە سویسرا بۆ بەشداریکردن لە دانوستانە تەکنیکییەکان کە بڕیارە لە هاوینەهەواری شاخاویی "بۆرگنبستۆک" ئەنجام بدرێن، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت جارید کوشنەر راوێژکار و زاوای دۆناڵد ترەمپیش پەیوەندی بە گفتوگۆکانەوە بکات.

لەلایەکی ترەوە و لە پێشهاتێکی نوێدا، موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، بە سەردانێکی بەپەلە گەیشتووەتە تاران، ئەمەش بە مەبەستی رازیکردنی لێپرسراوانی ئێران بۆ ئەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە سویسرا دوانەخەن، دوای ئەوەی دوێنێ هەینی بەهۆی چەند ناکۆکییەکەوە کۆبوونەوەکان بۆ کاتێکی تر داخرابوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هۆشداری دەدەنە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رەنگە هەنگاوی وا بنێت کە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی لەگەڵ ئێران پەکبخات.

بەپێی زانیارییەکانی لێپرسراوانی ئەمریکی، ناتانیاهۆ لەژێر فشارێکی توندی سیاسیی ناوخۆیی ئیسرائیلدایە بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی لوبنان، ئەمەش رێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکانی واشنتۆن و تاران.

بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییەکان کە لە رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" بڵاوکراونەتەوە، ئیسرائیل پێداگرە لەسەر بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی حزبوڵا لە لوبنان.

ئەم هەڵوێستەش بە تەواوی دژ بە بەندێکی سەرەکیی ئەو یاداشتەیە کە لە نێوان ترەمپ و مەسعود پزیشکیانی هاوتا ئێرانییەکەیدا ئیمزا کراوە، کە تیایدا جەخت لەسەر راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان کراوەتەوە، مانەوەی سیاسیی ناتانیاهۆ لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ئەم پایزەدا، بەستراوەتەوە بەوەی کە هێزەکانی لە باشوری لوبنان نەکشێنێتەوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئیسرائیل هەست بە نیگەرانی دەکات لە بەندەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، چونکە پێیوایە فشارەکان لەسەر تاران کەم دەکاتەوە و رێگری لە توانای بەرگریی خۆی دەکات.

لە بەرانبەردا، لێپرسراوانی ئیدارەی ترەمپ دەڵێن ئەم رێککەوتنە رێگری لە ئیسرائیل ناکات وەڵامی هێرشەکانی حزبوڵا بداتەوە، بەڵام بۆ واشنتۆن، کردنەوەی گەروی هورمز و رێگریکردن لە قەیرانی ئابوریی جیهانی لە هەموو شتێک گرنگترە.

لە ناوخۆی ئیسرائیلدا، رەوشەکە بە تەواوی پشتگیری لە بەردەوامیی شەڕ دەکات، بەپێی راپرسییەک کە لە مانگی رابردوودا لەلایەن "پەیمانگای توێژینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی" ئەنجامدراوە، نزیکەی 70٪ی ئیسرائیلییە یەهودییەکان پشتگیری لە زیادکردنی فشار و هێرشە سەربازییەکان دەکەن دژی حزبوڵا.

لەلایەکی تریشەوە دەیان هەزار ئیسرائیلی ئاوارەبوو لە ناوچە سنورییەکان داوا دەکەن ناتانیاهۆ کۆتایی بە هەڕەشەکانی حزبوڵا بهێنێت، و هەر کشانەوەیەک بە شکست بۆ حکومەتەکەی دادەنرێت.

لە کۆتاییدا، ململانێی نێوان ویستی واشنتۆن بۆ سەقامگیریی ناوچەیی و بەرژەوەندییە سیاسییە ناوخۆییەکانی ناتانیاهۆ، رێگرێکی گەورەیە لەبەردەم سەرکوتکردنی ئاڵۆزییەکان، لە کاتێکدا واشنتۆن دەیەوێت بە ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی نوێ رێگری لە تەقینەوەی زیاتری رەوشەکە بکات، ئیسرائیل بەردەوامبوونی فشارە سەربازییەکان لەسەر لوبنان وەک تاکە رێگەی پاراستنی ئاسایشی خۆی دەبینێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی پێکدادانی دوو شەمەندەفەری نەفەرهەڵگر لە ناوچەیەکی باکوری شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، شۆفێری یەکێک لە شەمەندەفەرەکان گیانی لەدەستدا و دەیان سەرنشینی دیکەش بریندار بوون.

کۆمپانیای "ئیست میدلاندز rێڵوەی" کە سەرپەرشتیاری هەردوو شەمەندەفەرەکە دەکات، لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، روداوەکە پاشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی لە دووری 100 کیلۆمەتر لە باکوری لەندەن رویداوە و بەهۆیەوە شۆفێری یەکێک لە شەمەندەفەرەکان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

هاوکات دەستەی فریاکەوتنی رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا ئاشکرایکردووە، لە روداوەکەدا 11 کەس برینی زۆر سەختیان هەیە و 22 کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون، لە کاتێکدا 56 سەرنشین برینی سوکیان پێگەیشتووە.

لای خۆشییەوە، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە راگەیەنراوێکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شۆفێرە کۆچکردووەکە کرد و هاوسۆزی خۆی بۆ بریندارانی روداوەکە دەربڕی.

هەروەها وەزیری گواستنەوەی بەریتانیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر هۆکاری پێکدادانی ئەو دوو شەمەندەفەرە دەستیپێکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خەرجی جەنگی دژی ئێران لەسەرەتاوە تائێستا لەسەر ئەمریكا گەیشتووەتە زیاتر لە 132 ملیار دۆلار و 13 سەربازیش كوژراون.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران كارەساتێكی گەورەی دارایی و مرۆیی بۆ واشنتۆن و ناوچەكە لێكەوتووەتەوە و تائێستا تێچووی گشتیی ئەو جەنگە لەسەر ئەمریكا 132 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە كە 29 ملیار دۆلاری تەنها خەرجیی سەربازیی راستەوخۆ بووە بۆ بۆردومانەكان و چاككردنەوەی بنكە سەربازییە زیانلێكەوتووەكان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە رووی زیانە مرۆییەكانیشەوە 13 سەربازی ئەمریكا و 26 ئیسرائیلی و سێ‌ هەزار و 500 ئێرانی و سێ‌ هەزار و 700 كەسیش لە لوبنان كوژراون.

لە راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمزدا هاتووە، كارەساتبارترین روداو بۆردومانكردنی خوێندنگەیەك بوو لە ئێران كە بووە هۆی كوژرانی 175  منداڵ، لەگەڵ ئەوەشدا پنتاگۆن داوای 80 ملیار دۆلاری تری كردووە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی سەربازیی وڵاتەكەی.

بەپێی راپۆرتەكە لەسەر ئاستی ئابوری، ئاڵۆزییەكانی گەروی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، باری دارایی خەڵكی ئەمریكای قورستركردووە و هەر خێزانێك بە تێكڕا 460 دۆلار زیانی بەركەوتووە بەهۆی گرانبوونی سوتەمەنی.

رێكخراوی فاویش هۆشداری دەدات بەهۆی كەمی ماددەی گۆگرد بۆ دروستكردنی پەین، ئاسایشی خۆراكی جیهانیی كەوتووەتە مەترسییەوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی رێژەی برسێتی لە ئارادایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەپۆلێکی گەرمای توند و نائاسایی روو لە فەرەنسا دەکات و بەهۆیەوە لە زیاتر لە دوو سێی پارێزگاکانی ئەو وڵاتە باری نائاسایی رادەگەیەنرێت.

بەهۆی شەپۆلێکی گەرمای نائاسایی و توندەوە، دەستەی کەشناسیی فەرەنسا لە 60 شاری ئەو وڵاتەدا باری نائاسایی جۆری 'نارنجی' راگەیاند، کە زیاتر لە دوو سێی خاکى فەرەنسا دەگرێتەوە.

کەشناسیی فەرەنسا ئاشکرایکردووە، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بگەنە 38 پلەی سیلیزی، کە ئەمەش بەراورد بە تێکڕای ساڵانە، 10 بۆ 15 پلە بەرزترە. ته‌نانه‌ت مانگی ئایاری رابردووش چەندین ژمارەی پێوانەیی گەرمی لە مێژووی ئەو وڵاتەدا تۆمارکران و رۆژی 26ی ئایار وەک گەرمترین رۆژ لە مێژووی تۆمارە کەشوهەواییەکانی فەرەنسادا دیاریکرا.

بەهۆی توندیی ئەم شەپۆلەشەوە، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی شانەی قەیرانەکان ئەنجام بدات، بە بەشداریی 14 وەزیر، لەوانەش وەزیرانی ناوخۆ، پەروەردە، تەندروستی و داد، بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرهاویشتەکانی ئەم شەپۆلە بەتینە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دواى رۆژێک لە دواخستنی گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە هاوینەهەواری "بۆرگنبستۆک"ی سویسرا، ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرایانکردووە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، خۆی بۆ گەشتێک بەرەو سویسرا ئامادە دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی راگەیاندووە، عراقچی پلان دادەنێت کە ئەمڕۆ شەممە سەردانی سویسرا بکات، بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەگەری گۆڕانکاری لەم پلانەدا هەیە.

هاوکات لەگەڵ عراقچیدا، چاوەڕوان دەکرێت کە لێپرسراوانی باڵای ئەمریکاش وەک 'ویتکۆف' و 'کوشنەر' لەوێ بن و چاوەڕوانی دەستپێکردنی گفتوگۆکان بکەن.

لەلایەکی ترەوە، سەرچاوەیەک لە یەکێک لە وڵاتە نێوەندگیرەکان پشتڕاستی کردەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ هەینی بە ژمارەیەک لە هاوتاکانی راگەیاندووە، پرسی راگرتنی شەڕ لە لوبنان بۆ تاران بابەتێکی بنەڕەتی و گرنگە، وەک فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەش سەیر دەکرێت بۆ سەرکەوتن یان شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی تری نێوەندگیر ئاماژەی بەوەکردووە، ئێرانییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەیانەوێت پێش چوونیان بۆ سویسرا و دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، ئاگربەست بە کردەیی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بەداخە چونکە زیانی بە مـوجتەبا خامـنەیی گەیاندوە و بریندارە بەهۆی هێرشەکانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد بۆ ئەوەی جیهان زیانی زیاتری بەرنەکەوێت جەنگەکەی راگرتوە.

دۆناڵد ترمپی سەرۆکی ئەمریکا بە پێگەی ئەکسیۆسی راگەیاند، درێژکردنەوەی جەنگەکە بۆ ئارامکردنەوەی لایەنە توندڕەوەکان دەکرا ببێتە هۆی پاشەکشەی جیهانی، پێشی وایە ئەوەی رویداوە لە ئێران گۆڕینی دەسەڵاتە.

سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردوەتەوە، گەمارۆی دەریایی ئێران زیاتر لە جاران هۆکار بوو بۆ ئەوەی تاران بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و گەیشنن بە رێککەوتن دەکڕێت وەک خۆبەدەستەوەدانی ئێران سەیر بکرێت.

 لەباەری رەوشی موجتەبا خامنەییشەوە، دۆناڵذ ترەمپ بە ئەکسیۆسی راگەیاندوە، بەداخە چونکە زیانی بە موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران گەیاندوە و بە سەختی بریندار، بەڵام ئەو کەسێکی زۆر بوێرە و جیاوازیشە لە باوکی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا دوای جەنگی ئێران سەرەڕای بە فیڕۆدانی ملیارەها دۆلار لە رەوشێکی خراپتردایە.

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "تودەی شۆ" لە تۆڕی (NBC News)، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر بە راگەیاندنی ئاگربەست، رەخنەی توندی لە سیاستەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گرت.

ئۆباما رایگەیاند، ئەمریکا دوای جەنگی ئێران، ئێستا لە رەوشێکی خراپتردایە بە بەراورد بە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە لە مانگی شوباتدا.

ئۆباما ئاماژەی بەوەکردوە، رێککەوتنی ئەتۆمی (برجام)، کە دۆناڵد ترەمپ لێی کشایەوە  ئێران رازی ببوو چەکی ئەتۆمی گەشە پێ نەدات، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنەکە کشایەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئێران توانای ئەتۆمیی زیاتر بەدەستبهێنێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە تێچووە قورسەکانی ئەو جەنگە کردوە و دەڵێت؛ ئێمە چوینەتە ناو جەنگێکەوە، کە ملیارەها دۆلاری تێدا خەرج کراوە و گوشارێکی یەکجار زۆرمان خستەوەتە سەر سوپای وڵاتەکەمان.

ئۆباما وتوشیەتی؛ لەم پێناوەدا کەسانی زۆر کوژران و ئێستاش وا دیارە رێک گەڕاوینەتەوە بۆ هەمان ئەو خاڵەی کە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە لێی بووین؛ بەو جیاوازییەی کە رەنگە ئێستا رەوشمان کەمێک خراپتریشبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند کە وڵاتەکەی چاوپۆشی لە هیچ جۆرە هێرشێک ناکات کە سەربازەکانی بکاتە ئامانج، و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە حزبوڵا "باجێکی زۆر قورس" دەدات لە ئەنجامی هەر هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل.

نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای ئەو هێرشەی کە هێزەکانی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان کردە ئامانج، لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپادا کۆبوونەوەی راوێژکاری و هەڵسەنگاندنی ئەمنیی ئەنجامداوە، و رونیکردەوە کە فەرمانی بە سوپا کردووە بە توندی وەڵامی ئەو کارە بدەنەوە کە بە "پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربرست" وەسفی کرد.

باسی لەوەش کرد کە سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر نزیکەی 80 پێگەی سەر بە حزبوڵا، کە بە گوتەی خۆی - بووەتە هۆی کوژرانی دەیان چەکدار، جگە لەوەی بارەگایەکی سەرکردایەتی ئەو حزبەشیان لە ناوچەی بیقاع کردووەتە ئامانج.

نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە سوپا بەردەوام دەبێت لە جووڵەکانی بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل یان خاکەکەی، و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل هێزەکانی لە ناوچەی ئەمنیی باشووری لوبنان دەهێڵێتەوە تا ئەو کاتەی کە بە پێویستی بزانێت بۆ پاراستنی شارۆچکەکانی باکوور.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەمزووانە مێشكی مرۆڤ دەبێتە گۆڕەپانی سەرەكی كارلێكە دیجیتاڵییەكان، ئەوەش دوای دەستپێشخەرییەكەی چین دێت بە خستنەبازاڕی چیپێكی نوێ بۆ یارمەتیدانی مرۆڤ لە بیركردنەوەو هاوسەنگگردنی دروون.

لە كاتێكدا جیهان چاوەڕێی هەنگاوە رەسمییەكانی داهاتووی كۆمپانیا گەورەكانی وەك ئەپڵ دەكات بۆ چوونە ناو بواری تەكنەلۆژیای چیپی مێشك، پێشهاتێكی كتوپڕ نەخشەی ئەم كێبڕكێیەی گۆڕی.

چین بە رەسمی رەزامەندی لەسەر بەجیهانییەكردنی یەكەم چیپی مێشكی بازرگانی لە جیهاندا بە ناوی نیۆ دەربڕی، بەمەش پێش كۆمپانیای نیورالینكی ئیلۆن مەسك و تەواوی ركابەرە رۆژئاواییەكانی تر كەوت. 

ئەم هەنگاوە نوێیە رەوشێكی نوێ لە ململانێی تەكنەلۆژیا دروست دەكات كە تێیدا مێشكی مرۆڤ دەبێتە گۆڕەپانی سەرەكی كارلێكە دیجیتاڵییەكان.

پڕۆژەی ئەپڵ لەم بوارەدا، كە زیاتر لە چوارچێوەی توێژینەوە و داهێنانە تۆماركراوەكاندایە، ئامانجی دروستكردنی چیپێكی پێشكەوتووە كە بە شێوازی بێ نەشتەرگەریی قووڵ یان لە رێگەی هەستەوەرە دەرەكییە زیرەكەكانەوە كاربكات. 

هێشتا هیچ بەروار و نرخێكی رەسمی بۆ بەرهەمەكەی ئەپڵ دیاری نەكراوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت تێچووی سەرەتایی گەیشتن بەم تەكنەلۆژیایە بگاتە هەزاران دۆلار.

لە لایەكی ترەوە، چیپی نیۆی چین كە لەلایەن زانكۆی تسینگهوا و كۆمپانیای نیوراكڵ تەكەنەلۆجییەوە پەرەی پێدراوە، فشارێكی زۆری خستووەتە سەر ركابەرە ئەمریكییەكان. 
ئەم چیپە كە قەبارەی وەك دراوێكی كانزایی بچووكە، لەنێوان كەللەسەر و مێشكدا جێگیر دەكرێت بە بێ ئەوەی زیان بە شانەكانی مێشك بگەیەنێت، ئەمەش وایكردووە لە رووی سەلامەتییەوە پەسەندتر بێت.

ئەم تەكنەلۆژیایە لە پلەی یەكەمدا بۆ یارمەتیدانی ئەو نەخۆشانە پەرەی پێدراوە كە بەدەست ئیفلیجی یان پێكانەكانی دڕكە پەتكەوە گرفتارن، تا لە رێگەی شیكردنەوەی شەپۆلە دەمارییەكانەوە توانای جووڵە و پەیوەندییان بۆ بگەڕێتەوە.

ململانێی راستەقینە ئێستا تەنها لەسەر چارەسەری پزیشكی نییە، بەڵكو لەسەر بازاڕێكی گەورەیە كە بەپێی پێشبینییەكان تا ساڵی 2035  قەبارەكەی دەگاتە 1.7 ملیار دۆلار. 
ئەم گەشە خێرایە لەكاتێكدایە كە مەترسییەكانی وەك هاككردنی داتا دەمارییەكان و سەرپێچیكردنی تایبەتمەندییە هەرە هەستیارەكانی مرۆڤ بوونەتە جێگەی بایەخی ناوەندە زانستییەكان.

كۆمپانیا جیهانییەكان ئێستا لە پێشبڕكێیەكی تونددان بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كام تەكنەلۆجیا سەلامەتتر و كاراترە بۆ بەرزكردنەوەی توانای دەروونی و هۆشیاری مرۆڤ لەم سەردەمە نوێیەدا.
بەجیهانیبوونی چیپی نیۆ و هەوڵە بەردەوامەكانی ئەپڵ و نیورالینك، ئاماژەن بۆ دەستپێكی سەردەمێكی نوێ كە تێیدا سنووری نێوان مرۆڤ و ئامێر بەرەو نەمان دەچێت. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ هەینی داوای لە ئیسرائیل کرد پابەند بێت بە پرۆتۆکۆڵی ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا واژۆ کراوە، کە دەقەکەی لەسەر راگرتنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات، بە لوبنانیشەوە.

ژان نوێل بارۆ رایگەیاند: رێککەوتنەکە دەقەکەی لەسەر راگرتنی کارە دوژمنکارییەکان دەکات و پێویستە حکومەتی ئیسرائیل پابەندی بێت، بەتایبەتیش دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو فشارێکی پێویست بخاتە سەر حکومەتی ئیسرائیل بۆ جێبەجێکردنی ئەمە.

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای زنجیرەیەک هێرشی نوێی ئاسمانیی ئیسرائیل دێن، کە لە کاتی شەودا ناوچەی "نەبتیە"یان لە باشووری لوبنان کردبووە ئامانج.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، دانوستانە پلان بۆ داڕێژراوەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ هەینی لە ناوچەی گەشتیاری  بورگنستۆک  بەڕێوەبچێت، ئەنجام نادرێت.

ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بە رەسمی ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەی ئێران وئەمریکا بە نێوەندگیر وڵاتانی راگەیاند، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت.

ئەم راگەیاندنە دوای ئەوە هات، کە وتەبێژی کۆشکی سپی هەر ئەمڕۆ رایگەیاند بوو، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس گەشتێکی پلان بۆ داڕێژراوی بۆ سویسرا هەڵوەشاندەوە، بەهۆکاری لۆجیستیکی، بۆ ئەوەی لەگەڵ دانوستانکارانی ئێران کۆببێتەوە و دەست بە دانوستانەکان بکات سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتۆن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکان گومانی لە قۆناغی داهاتووی دانوستانەکان دروست کردووە. تاران و واشنتۆن پێشتر رێککەوتنێکی کاتییان ئیمزا کردوە،  کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەروی هورمز بوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی لەبارەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دا و جەختی لەوە کردەوە کە دەستوەردانی کردووە بۆ رێگریکردن لە ئیسرائیل لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا، لە هەمان کاتدا رەخنەیەکی دەگمەن و نائاسایی ئاراستەی هاوپەیمانە ئیسرائیلییەکەی کرد.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی "ئەکسیۆس" رایگەیاند کە نەتانیاهۆ "باشە"، بەڵام لە دوایاندا وتی: "دەبوو هاوسەنگییەکەی بپارێزین، ئەمەش وەک ئاماژەیەک لەلایەن چاودێرانەوە لێکدرایەوە کە رەخنەیە لە شێوازی مامەڵەکردنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە رڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران.

ترەمپ دووپاتی کردەوە کە سەرکەوتوو بووە لە رێگریکردن لە ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان، و متمانەی خۆشی دەربڕی بەوەی کە تەلئەبیب پابەند دەبێت بەوەی واشنتۆن داوای دەکات و وتی: ئیسرائیل منیشی خۆشدەوێت.

سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ ئێران، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکەوتنێکی سەربازیی رونی بەدەستهێناوە، و پێی وابوو ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە واشنتۆن سەپاندبووی، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە ناچارکردنی تاران بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە.

وتیشی: بەردەوامبوونی شەڕ بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە دەبووە هۆی داخرانی گەروی هورمز و پەککەوتنی پێدانی نەوتی جیهانی، ئەمەش ئابوری جیهانی بەرەو سستی و قەیران دەبرد.

کاتێکیش پرسیاری لێکرا کە ئایا شەڕەکە سنوورەکانی هێزی ئەمریکای دەرخستووە، ترەمپ ئەم تێڕوانینەی رەتکردەوە و وتی: هیچ سنوورێک نییە، من هێشتا ئەم وانەیەم فێر نەبووم.

هەروەها یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی لەگەڵ ئێران بە شتێک نیشان دا کە لە "خۆبەدەستەوەدانی بێمەرج" نزیکە، هەرچەندە رێککەوتنەکە بە رەسمی ئەم وەسفەی تێدا نەبووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆشکی سپی رایگەیاند، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گەشتەکەی بۆ سویسرا دواخستووە، کە بڕیار بوو رۆژی هەینی بە مەبەستی بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران ئەنجامی بدات، بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وتەبێژی کۆشکی سپی درەنگانی شەوی پێنجشەممە رایگەیاند: کاروباری لۆجیستی ئەم دانوستانانە بە هیچ شێوەیەک سادە یان پێشبینیکراو نەبوون.

تا ئێستا جێگری سەرۆک ئەمشەو بەڕێ ناکەوێت، وتیشی: بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەستپێکردنی گفتوگۆیە تەکنیکییەکانین لە زووترین کاتدا.

ڤانس رۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە ماوەی 60 رۆژی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە.
ناوبراو بە رۆژنامەنووسانی لە کۆشکی سپی راگەیاند: دەڵێم ماوەی 60 رۆژەکە ئەمڕۆ بە رەسمی دەستیپێکردووە، و ئەمڕۆش دەست بە ژماردنی پێچەوانە دەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانە کۆتاییەکان مەرجەکانی تایبەت بە گەروی هورمز بۆ قۆناغی دوای 60 رۆژەکە دیاری دەکەن.

هەروەها رایگەیاند: لە چوارچێوەی رێککەوتنی کۆتاییدا، پێمان وایە ئێران نابێتە خاوەنی هیچ مووشەکێک کە هەڕەشە لە جیهان بکات، وتیشی: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کۆتایی هاتووە.

ڤانس جەختی لەوە کردەوە کە: ئێرانییەکان پێویستیان بە پارەیەکی زۆر دەبێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن پابەندە بە چەسپاندنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داواش لە سەرجەم لایەنەکان دەکات دەرفەت بدەن بە سەرکەوتنی پرۆسەی دانوستانەکان، هاوكات پێشبینی راگرتنی گشتگیری شەڕ دەکات لە هەموو بەرەکاندا.

دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ هێنانەدی ئارامی، و داوای لە تەواوی هێزەکان کرد کە پابەندبن بە دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ ئەوەی دانوستانەکان "بە جوانی بەڕێوەبچن".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە لایەنی ئابوری رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان کرد و رایگەیاند: "بازاڕەکان دڵخۆشن بەوەی کە رودەدات؛ نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەهای پشکەکانی بۆرسەش رویان لە بەرزبوونەوەی پێوانەیی کردووە."

ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوای خواست کۆتایی بە گرژییە سەربازییەکان بهێنرێت و ئەوەی خستەڕوو: "ئێمە چاوەڕوانی ئاگربەستێکی تەواوەتی و گشتگیر دەکەین لەسەرجەم بەرەکاندا، بە تایبەتی لە نێوان لوبنان، حزبوڵا و ئیسرائیل."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...89101112...616