بەهۆی زیادبوونی گرژییە جیۆپۆلیتیكییەكان و بەردەوامیی جەنگەكان لە ناوچە جیاوازەكان، خەرجییە سەربازییەكانی جیهان لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی مێژوویی.
پەیمانگەی نێودەوڵەتی ستۆكهۆڵم بۆ توێژینەوەكانی ئاشتی رایگەیاند، خەرجییە سەربازییەكانی جیهان لە ساڵی 2025دا بەڕێژەی 2.9٪ زیادی كردووە و گەیشتووەتە نزیكەی 2.89تریلیۆن دۆلار. بەپێی راپۆرتەكە، ئەمە یازدەیەمین ساڵە كە خەرجییەكان بە بەردەوامی روو لە زیادبوونن و تەنیا لە دە ساڵی رابردوودا 41٪ زیادیان كردووە.
دییگۆ لۆپێز،لێپرسراوی پەیمانگەكە ئاماژەی بەوە كردووە، ئەمریكا هێشتا گەورەترین خەرجكەری سەربازییە لە جیهاندا و وڵاتانی تری وەك ئەڵمانیاش بودجەی بەرگرییان زیاد كردووە و بۆ یەكەمجار ئاستی خەرجییەكانی ناتۆی تێپەڕاندووە.
پێشبینی دەكرێت ئەم رەوتە لە ساڵی 2026یشدا بەردەوام بێت، چونكە بەهۆی ململانێكانەوە، قورسە لە ماوەی ساڵێكدا رەوشی ئاسایشی جیهان گۆڕانكارییەكی ئەرێنی بەسەردا بێت.
سەرەڕای فشارەكانی ترەمپ بۆ داخستنی دۆسییەكانی ناتانیاهۆ لە دادگا، سەرۆكی ئیسرائیل دەیەوێت لە رێگەی دانپێدانانەوە كۆتایی بە دۆسییەكانی بهێنێت.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمز رایگەیاند، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆكی ئیسرائیل، هیچ پلانێكی نییە بۆ دەركردنی لێبوردنی گشتی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە و هەوڵدەدات لە رێگەی تری یاساییەوە كێشەكە چارەسەر بكات.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرۆكی ئیسرائیل دانپێدانان بە تاوانەكان بە باشتر دەزانێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەردەوام داوا دەكات، حكومەتی ئیسرائیل لە ناتانیاهۆ خۆش ببێت و لێپرسینەوەی لەگەڵ نەكات بۆ ئەوەی تەواوی كات و وزەی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی جەنگ و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل تەرخان بكات، نەك سەرقاڵی دانیشتنەكانی دادگا بێت.
بنیامین نەتەنیاهۆ لە ساڵی 2020ەوە بە رەسمی بە تۆمەتەكانی وەرگرتنی بەرتیل، فێڵكردن و خیانەت لە متمانە لە سێ دۆسیەی جیاوازدا رووبەڕووی دادگا بووەتەوە. ئەم دۆسیانە پەیوەستن بە وەرگرتنی دیاریی نایاسایی و گۆڕینەوەی بەرژەوەندیی حكومی لەگەڵ خاوەنكاران و دەزگاكانی راگەیاندن لە بەرانبەر روماڵی تایبەت بۆ بەباش نیشاندانی پێگەی خۆی.
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا، تاران و مۆسکۆ رەوشی نوێی ناوچەکە و ئاستەنگەکانی بەردەم دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن تاوتوێ دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە روسیا.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ روسیا دەرفەتێکی گرنگە بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ مۆسکۆ سەبارەت بە رەوشی ناوچەکە لە قۆناغی پاش جەنگی دژ بە ئیسرائیل و ئەمریکا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، عەباس عراقچی گەیشتە شاری سانت پترسبۆرگی روسیا و بڕیارە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ راوێژکردن لەگەڵ دۆستە روسەکانمان دەربارەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئەنجامی جەنگدا هاتوونەتە ئاراوە و تاوتوێی پێشهاتەکان بکەین.
عراقچی لە بەشێکی تری قسەکانیدا تیشکی خستەسەر پرسی دانوستانەکان و رایگەیاند، سیاسەتەکانی ئەمریکا بووەتە هۆی دواکەوتنی ئەو دانوستانانەی بڕیار بوو لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەبچن، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای هەبوونی پێشکەوتن لە دانوستانەکانی پێشووتردا، بەڵام بەهۆی ئەوەی واشنتۆن "داواکاری زێدەڕۆیانەی" هەبووە، نەتوانراوە ئامانجەکان بەدی بهێنرێن.
لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گومانی خۆی نیشانداوە لەو لایەنەی لە ئێستادا بڕیار بەدەستە لە تاران و رایگەیاندووە، بوونی ئاڵۆزی و سەرلێشێواوی لەناو سیستمەکەدا وایکردووە گەیشتن بە رێککەوتن کارێکی قورس بێت.
ئاسایشی گەرووی هورمز و هەماهەنگی لەگەڵ عومان، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی کردەوە، تاران و مەسقەت، وەک دوو وڵاتی کەناراو لەسەر گەروی هورمز، رێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی راوێژەکان لەسەر ئاستی پسپۆڕان، ئەوەش بە مەبەستی زامنکردنی هاتوچۆی سەلامەت و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا.
تەقەكردن لە ترەمپ لە هەمان شوێنی دۆناڵد ریگان مێژوویەكە دوای 45 ساڵ لە ئەمریكا خۆی دووبارە دەكاتەوە.
لە رووداوێكی تەمومژاوی و بێوێنەدا، مێژوویی سیاسی ئەمریكا لە هۆتێلی واشنتۆن هیڵتۆن دووبارە بووەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە هەمان ئەو شوێنەی كە لە ساڵی 1981دا تەقە لە رۆناڵد ریگان كرا، روبەڕووی هەوڵێكی نوێی تیرۆركردن بووەوە.
ئەم روداوە بە هەشتەمین هەوڵی تیرۆكردنی ترەمپ دادەنرێت لە مێژووی سیاسی خۆیدا.
لە 30ـی ئاداری 1981 رۆناڵد ریگان 40مین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە بەردەم هۆتێلی واشنتۆن هیڵتۆن و لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ناو ئۆتۆمبێلەكەی، لەلایەن كەسێكەوە تەقەی لێكرا و بە سەختی بریندار كرا.
ئێستا و دوای نزیكەی 45 ساڵ، لەكاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی ساڵانەی پەیامنێرانی كۆشكی سپی لە هەمان هۆتێل، جارێكی دیكە دەنگی تەقە بیسترا و ئامانجەكەش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بوو.
ترەمپ لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا بەردەوام ئامانجی هێرشە جۆراوجۆرەكان بووە، كە گرنگترینیان لە ساڵی 2016 لە لاس ڤێگاس بوو كاتێك گەنجێكی بەریتانی هەوڵیدا چەكی پۆلیسێك بڕفێنێت بۆ ئەوەی تەقە لە ترەمپ بكات.
لە ساڵی 2017دا لە داكۆتای باكور كەسێك بە شۆفڵ هێرشی كردە سەر كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی ترەمپ، لە ساڵی 2022ش نامەیەكی ژەهراوی بە ماددەی ریسین بۆ ترەمپ نێردا، لە تەممووزی 2024یشدا دەستگیركردنی كەسێكی پاكستانی راگەیەنرا كە بە وتەی پۆلیسی ئەمریكا تۆمەتبار بووە بە داڕشتنی پلانێك بە فەرمانی سوپای پاسدارانی ئێران.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردووشدا، ئاستی مەترسییەكان بۆ سەر ژیانی ترەمپ گەیشتنە لوتكە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ولایەتی پەنسڵڤانیا لەكاتی وتاردان بۆ لایەنگرانی، تەقەی لێكرا و گوێی راستی بریندار بوو.
لە ساڵی 2024یشدا لە ویلایەتی فلۆریدا كەسێك بە چەكەوە لە یانەی گۆڵفی ترەمپ بینرا و پێش ئەنجامدانی هێرشەكە دەستیركرا، لە سەرەتای ساڵی 2026شدا هەواڵی كوژرانی گەنجێكی 21 ساڵ بڵاوكرایەوە كە چەكی ڕاو و بوتڵی غازی پێبووە و هەوڵی چوونە ناو هاوینەهەواری "مارالۆگۆ"ی دابوو كە ترمپی تیدابووە.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ لەم هێرشە نوێیەی واشنتۆن رزگاری بوو، بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەم رووداوانە، زنجیرەی هێرشەكانی بۆسەر سەرۆكەكانی ئەمریكا بە بیری جیهان هێنایەوە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، ساڵی 2024، 282 ملیۆن كەس لە جیهاندا توشی مەلاریا بوون و 610 هەزار كەسیش بەهۆی نەخۆشییەكەوە گیانیان لەدەستداوە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە رۆژی جیهانی مەلاریادا رایگەیاند، ساڵی 2024، 282 ملیۆن كەس لە سەرانسەری جیهان توشی مەلاریا بوون، كە كیشوەری ئەفریقا بە پلەی یەكەم دێت لە رووی توشبوانی ئەو نەخۆشیەوە.
بەپێی ئامارەكەی تەندروستی جیهانی، لە ساڵی 2024دا لە كۆی ئەو 282 ملیۆن توشبووەی مەلاریا 265 ملیۆن توشبوویان تەنها لە ئەفریقا بوون كە دەكاتە كۆی 95٪ی توشبووانی جیهان. هاوكات، لەكۆی 610 هەزار گیانلەدەستدان 579 هەزاریان لە ئەفریقا بوون و 75٪ی گیانلەدەستدانەكانیش منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ بوون.
مەلاریا نەخۆشییەكی گوازراوەیە و لەرێگەی پێوەدانی مێشولە دەگوازرێتەوە، نەخۆشییەكە نیشانەكانی هاوشێوەی پەتای توند یان كۆرۆنان و توانای چارەسەركردنی هەیە.
هۆتێلی واشنتن هێڵتن جارێکی دیکە بوەوە بە مانشێتی هەواڵە جیهانییەکان، دوای ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی ئێوارەخوانی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، هەوڵێکی هێرشکردنە سەر بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی تێدا پوچەڵکرایەوە.
ئەم روداوە بیرەوەرییەکی تاڵی بۆ ئەمریکییەکان زیندوو کردەوە، کە ئەویش هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک رۆناڵد ریگن بوو لە ساڵی 1981 لەبەردەم هەمان هۆتێل، کە تێیدا ریگن بە سەختی بریندار بوو.
دووبارەبوونەوەی ئەم دیمەنە وای کردووە ئەم شوێنە وەک "مۆتەکەیەک" بۆ سەرۆکەکانی ئەمریکا بناسرێت.
بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان، لە کاتی دروستبوونی دەنگی تەقە و ئاڵۆزی لە دەرەوەی هۆڵەکە، هێزە ئەمنییەکان بە پەلە دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانسیان لە هۆتێلەکە دوورخستووەتەوە.
هێرشبەرەکە کە مامۆستا و گەشەپێدەری یارییە ڤیدیۆییەکانە، لە خاڵێکی پشکنینی ناورڕاڕەوی هۆتێلەکە دەستگیرکراوە و لە کاتی دەستگیرکردنیدا، چەکی راو، دەمانچە و چەند چەقۆیەکی پێ بووە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ناو هۆڵەکە، لەلایەن کارمەندانی دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنییەوە کۆنترۆڵ کراوە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیسی واشنتن ئاماژە بەوە دەدەن کە هێرشبەرەکە هیچ پێشینەیەکی تاوانکاریی نەبووە و بە تەنیا پلانەکەی داڕشتووە بەبێ هاوکاری هیچ لایەنێک.
تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە ئامانجی سەرەکیی تەنیا پێکانی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بووە و لە ئێستادا دوو تۆمەتی رەسمی ئاڕاستە کراوە و بڕیارە سبەینێ دووشەممە، بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەی، ببرێتە بەردەم دادگا.
بەرەبەیانی ئەمرۆ بەکاتی هەرێم، ئاهەنگی ئێوارەخوانی رۆژنامەنوسەکانی کۆشکی سپی گۆڕدرا بۆ مەیدانی تەقەکردن و دروستبوونی ئاڵۆزی و دڵەراوکێ، ئەمەش لە دوای ئەوەی کەسێک دەستی کرد بە تەقەکردن و هەر زوو هێزە ئەمنییەکان کۆنتڕۆڵی رەوشەکەیان کرد.
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر ئێوارەخوانی کۆشکی سپی، کە دۆناڵد ترەمپ تێیدا ئامادە بوو، ناوی "کۆڵ تۆماس ئالن"ـە و تەمەنی 31 ساڵە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە، کە تۆمەتبارەکە دانیشتوی ویلایەتی کالیفۆرنیایە و ئەندازیارێکی میکانیکی و گەشەپێدەری سەربەخۆی یارییە ئەلیکترۆنییەکانە، کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی "Caltech" و پێشتر وەک مامۆستایەک لە کۆمپانیایەکی پەروەردەیی کاری کردووە.
پۆلیسی واشنتۆن ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئالین بە چەکی (راو و دەمانچە و چەقۆوە) خاڵێکی پشکنینی خزمەتگوزاری نهێنی بەزاندووە و پێش دەستگیرکردنی، تەقەی لە ئەندامێکی تیمە ئەمنییەکان کردووە و لە سنگی داوە، بەڵام قەڵغانی پارێزەر ژیانی رزگار کردووە.
تا ئێستا پاڵنەرەکانی پشت هێرشەکە ناڕوونن و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئامانجی سەرەکی ترەمپ بووە یان ئامادەبووانی دیکەی ناو ئاهەنگەکە.
داواکاری گشتیی ئەمریکاش رایگەیاندوە، سبەینێ دووشەممە، کۆل ئالنی تەمەن 31 ساڵ دەبرێتە بەردەم دادگا و دادگایی دەکرێ، کەناڵی سی بی ئێسیش بڵاویکردوەتەوە، لە سەرەتایی لێکۆڵینەوەکاندا ئەو کەسەی تەقەی کردوە، دانیبـەوەداناوە مەبەست لە هێرشەکەی لێپرسراوانی ئەمریکا بووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وردەکاری نوێی لەبارەی هێرشەکەی سەر ئێوارەخوانەکەی کۆشکی سپی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کە هێرشکارەکە لە مەودایەکی دورەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پێکراوە و نەیتوانیوە بگاتە ناوچەی چالاکییەکە.
ترمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە هێزەئەمنییەکان داواکارییەکی ئەویان بۆ بەردەوامبوون لە ئێوارەخوانەکە رەتکردووەتەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە خێرایی وەڵامدانەوەی هێزە ئەمنییەکان لە بەرانبەر ئەو کەسەی تەقەی دەکرد، سەرسوڕهێنەر بوو.
سەرۆکی ئەمریکا بە میدیاکانی راگەیاند، ئـەم روداوە رێگری لە سەرکەوتنی ئەو ناکات لە جەنگی ئێراندا
ناوبراو وتیشی کە لەو بڕوایەدا بووە دەبوو زووتر خۆی بچەماندایەتەوە و دۆخی پاراستن وەربگرێت، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، کە بەپێی بەدواداچوونە ئەمنییەکان چەکدارەکە بە تەنیا ئەو کارەی ئەنجام داوە و هیچ پاڵپشتییەکی نەبووە.
لە کۆتاییدا، ترەمپ رەتیکردەوە، کە روداوەکە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبێت، بەڵام جەختی لە بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان کردەوە و رایگەیاند، کە ئێوارەخوانی کۆشکی سپی لە ماوەی 30 رۆژی داهاتوودا دووبارە ئەنجام دەدرێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی ناوچەکە رایگەیاند گەشتی "ویتکۆف و کوشنەر"ی بۆ ئیسلام ئاباد هەڵوەشاندووەتەوە، چونکە نایەوێت 15 بۆ 16 سەعات گەشت بکەن بۆ بینینی کەسانێک کە نایانناسن.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا ئێرانییەکان لە ناوخۆیاندا لە ململانێدان لەسەر ئەوەی کێ سەرکردایەتی بکات، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو ئامادەیە لەگەڵ هەر کەسێک کە ببێتە دەسەڵاتداری ئێران مامەڵە بکات، بەو مەرجەی تاران تەلەفۆنی بۆ بکات و هەموو کارتەکانی فشارەکانیشی بە دەستەوەیە.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و دانوستانەکان، ترەمپ رایگەیاند کە ئێران نابێت و ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئەمە هێڵی سووری ئەوانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئێرانییەکان پێشنیازێکیان پێشکەش کردووە، کە دەکرا باشتر بێت، هەرچەندە زۆر شتیان پێشکەش کردووە، بەڵام هێشتا لای ئەو بەسی نەبووە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، کە هیچ پلانێکی بۆ پاشەکشە لە رێککەوتنیرڕاگرتنی چەن نییە و چاوەڕێی هەنگاوی جددیتر لە تاران دەکات.
دۆناڵد ترامپ هەڵوەشاندنەوەی سەردانی نێردراوەکانی ئەمریکای بۆ پاکستان راگەیاند، کە بڕیار بوو تێیدا تاوتوێی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بکەن.
ترمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز) رایگەیاند، وڵاتەکەی هەموو کارتە براوەکانی لەدەستدایە و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێرانییەکان دەتوانن لە هەر کاتێکدا بیانەوێت پەیوەندیمان پێوە بکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە نێردراوەکانی چیتر گەشتی 18 کاتژمێری ئەنجام نادەن بۆ ئەوەی تەنها دابنیشن و لەسەر هیچ قسە بکەن.
هەروەها روونی کردەوە کە بە نێردراوەکانی راگەیاندووە گەشت نەکەن بۆ قسەکردن لەسەر شتانێک کە سوودیان نییە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵوێستی ئێران بەرامبەر دانوستانەکان پاڵنەری سەرەکی بووە بۆ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بە واتای دەستپێکردنەوەی جەنگ نایەت.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، باماکۆی پایتەختی مالی رووبەڕووی دۆخێکی ئەمنیی گرژ بووەوە دوای ئەوەی چەند گروپێکی چەکداری سەر بە رێکخراوی قاعیدە هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر بنکەی سەربازیی "کاتی" و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و چەند شوێنێکی هەستیاری دیکەی سەربازی.
لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکە لەسەعات شەشی بەیانی، دەنگی تەقەیەکی زۆر و تەقینەوەی بەهێز لە دەوروبەری پایتەخت بیسترا و هێزە ئاسمانییەکانی مالی بە هێلیکۆپتەر و چەکی قورس وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە، ئەمەش وای کرد شارەکە بۆ چەند سەعاتێک بە تەواوی پەک بکەوێت و شەقامەکان چۆڵ بن.
سوپای مالی دوای چەند سەعاتێک لە شەڕ رایگەیاند کە دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و هێرشەکەیان تێکشکاندووە، بەڵام تا ئێستاش دڵەڕاوکێ و ترس بەسەر پایتەختدا زاڵە و هێزە ئەمنییەکان لەناوچە هەستیارەکاندا لە ئامادەباشی تەواودان بۆ رێگری لە هەر پێشێلکارییەکی تری ئەمنی.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێرشەکان تەنها ئامانجە سەربازی و سیادییەکانیان پێکاوە و نەچوونەتە ناو گەڕەکە نیشتەجێبووەکان.
چاودێران پێیان وایە ئەم رووداوە تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ دەسەڵاتدارانی مالی بۆ پاراستنی سەقامگیری و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییە ئەمنییە گەورانە.
ئەڵمانیا هێز بۆ دەریای ناوەڕاست دەنێرێت وەك ئامادەكارییەك بۆ بەشداریكردن لە پاراستنی ئاسایشی گەروی هورمز.
بۆریس پیستۆریۆس وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ناردنی یەكە دەریاییەكانی وڵاتەكەی بۆ دەریای ناوەڕاست راگەیاند، وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەگەری بەشداریكردن لە پاراستنی ئاسایشی گەروی هورمز.
دەشڵێت، كەشتیی مینڕێژكەر و كەشتیی فەرماندەیی و پشتیوانی لەخۆدەگرێت بۆئەوەی هێزەكان بتوانن بە خێرایی بەرەو گەروی هورمز بجوڵێن، ئەگەر پەرلەمانی ئەڵمانیا رەزامەندیی لەسەر ئەركەكە دەربڕی.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم هەنگاوە بۆ گەڕاندنەوەی كاتە لە هەر دواكەوتنێك دوای وەرگرتنی مۆڵەتی لە پەرلەمان.
پێشتریش رایگەیاندبوو، بەشداریكردنیان لە پاراستنی هورمز بەستووەتەوە بە گەیشتن بە رێككەوتنێك لەژێر چەتری هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتیدا و ئەركەكانیشیان تەنها سنووردار دەبێت و تەنیا هەڵگرتنەوەی مین دەبێت لە ناوچەكەدا.
میدیاکانی ئەمریکا بە پشتبەستن بە لێپرسراوانی ئیدارەی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، دۆناڵد ترەمپ بەنیازە ویتکۆف و کوشنەر بنێرێتە پاکستان تا بەشداری دانوستان لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بکەن
بەپێی راپۆرتەکانی ئەکسیۆس و سی ئێن ئێن، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسی و فشارە ئابورییەکانیدا هەنگاوی نوێ دەنێت و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ویتکۆف و کوشنەر گەشت بکەن بۆ ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ عەباس عراقچی.
ئەو دوو میدیایە ئاماژەیان بەوەکردوە، مەبەستی دۆناڵد ترەمپ لە ناردی ئەو دوو نوێنەرەی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی جەنگ.
هاوکات ئاماژە بەوە کراوە، کە جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ، لە ئێستادا پلانی نییە بەشداریی ئەو کۆبوونەوانە بکات بەهۆی ئامادەنەبوونی محەمد باقر قالیبافی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بەڵام ئامادەیە لە ئەگەری بەدیهاتنی پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا گەشت بکات بۆ پاکستان.
وەزیری جەنگی ئەمریکا لەکۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگری تەواو دەکات لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئاماژەی بەوە کرد کە گەمارۆ دەریاییەکان بۆ سەر ئێران رەهەندێکی جیهانی وەرگرتووە و تا ئێستا 34 کەشتییان لە گەروی هورمز گەڕاندووەتەوە.
پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، هێزی دەریایی ئێرانیان بە تەواوەتی تێکشکاندوە و جەختیشیکردەوە بەردەوام دەبن لە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتییەکانی ئێران و توندکردنی گەمارۆکان تا ئەو ئاستەی "هیچ شتێک نەچێتە ناو ئێران و لێی نەیەتە دەرەوە."
وەزیری بەرگری ئەمریکا هۆشداریشیدا، کە کات لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە، هێشتا دەرفەتێکی مێژویی لەبەردەم تاراندایە بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی باش و لە ئێستادا تۆپەکە لە یاریگای ئەواندایە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا رەخنەی لە ئەورقپاش گرت، کە سەردەمی پاراستنی بێبەرانبەر لەلایەن ئەمریکاوە کۆتایی هاتووە و دەبێت ئەو وڵاتانە خۆیان بەرپرسیارێتی پاراستنی گەروی هورمز بگرنە ئەستۆ، چونکە ئەوان زیاتر لە ئەمریکا پێویستییان پێیەتی.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، پیت هێگسێس هۆشداری دا، کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و دەستیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانیانە بۆ هەر ئەگەرێکی تر.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، رایگەیاند، پێویستە وڵاتەکەی و یەکێتیی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرجەستە و کردەیی پشتگیری لە لوبنان بکەن و بەردەوامیشن لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی داخستنی گەروی هورمز.
ماکرۆن جەختی کردوەتەوە، گەڕاندنەوەی سەقامگیری بە زووترین کات بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە و پێویستە ئەوروپا زیاتر بچێتە ناو ئەو مەلەفەوە و کاری زیاتری بۆ بکات.
سەرۆکی فەرەنسا وتویەتی؛ وڵاتەکەی خەریکی رێکخستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتییە بۆ پاڵپشتیکردنی لوبنان و بەردەوامبوون لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ئەنجامدانی دانوستان و چەسپاندنی ئاشتی لەو وڵاتەدا.
ماکرۆن ئاماژەی بە رەوشی گەروی هورمز کرد و جەختیکردەوە، پاریس بەردەوامە لەسەر ئەو کارە هاوبەشانەی کە لە هەفتەی رابردوەوە لەگەڵ بەریتانیا دەستیان پێکردووە.
ئەم هەنگاوەی پاریس و لەندەن وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لەو رێڕەوە ئاوییە گرنگەدا، کە لە ئێستادا بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە روبەڕووی مەترسی بووەتەوە و بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی لە جیهاندا و دروستبونی قەیرانی وزە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری سەرچاوەکانی ناو وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن) بڵاویکردەوە، کە لە ماوەی جەنگی ئەمریکا وئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران نزیکەی 1200 مووشەکی پاتریۆت بەکارهێنراون.
رۆژنامەکە ئاماژە بەوەش کراوە، کە تێچوی هەر موشەکێکی لەو جۆرە زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلارە، ئەمەش قەبارەی ئەو تێچووە داراییە گەورەیە نیشان دەدات، کە لە رووە سەربازییەکەوە خەرج کراوە.
هەروەها لە سەرچاوەیەکی تری بەرپرسانی ئەمریکاوە، نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردوە، تەنها لە دوو رۆژی یەکەمی جەنگەکەدا، بە بەهای 5.6 ملیار دۆلار لە تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی بەکارهێنراوە.
ئەم ئامارا گەورانە وەک ئاماژەیەک بۆ چڕی پێکدادانەکان و ئەو فشارە داراییە خێرایە دەبینرێن، کە روبەڕووی بودجەی سەربازی ئەمریکا بوەتەوە لەم جەنگی دژی ئێراندا.
لەبارەی توانای سوپای ئەمریکاوە بۆ بەردەوامبوون لەم خەرجییە سەربازییانە، وتەبێژی کۆشکی سپی جەختی لەسەر بەهێزیی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند: ئەمریکا خاوەنی بەهێزترین سوپای جیهانە و سوپای وڵاتەکەیان خاوەنی جباخانەیەکی گەورەیە لە چەک و تەقەمەنی.
ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو نیگەرانییانەی سەبارەت بە کەمبوونەوەی کۆگا ستراتیژییەکانی چەک لە ئەنجامی بەردەوامیی جەنگەکە باس دەکرێن.