جیهان

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی وڵات، بەرپرسانی واشنتۆن قۆناغێکی نوێیان بۆ ئەو وڵاتە راگەیاند.

دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) ئاشکرایکردووە، ئەو ئۆپەراسیۆنەی بووە هۆی دەستگیرکردنی مادۆرۆ، دەرەنجامی "پلانێکی زۆر ورد و باش بووە"، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی چۆنێتی دەستگیرکردنەکەوە ئاشکرا بکات.

ئەم دەستوەردانە راستەوخۆیەی ئەمریکا لە ئەمریکای لاتین، بە یەکەمین روداوی لەو شێوەیە دادەنرێت لە دوای داگیرکردنی پەنەما لە ساڵی 1989 بۆ لابردنی مانوێڵ نۆرێگا.

"بەرەبەیانی نوێ" و کۆتایی هێرشەکان:

کریستۆفەر لانداو، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا روداوەکەی بە "بەرەبەیانی نوێ" بۆ ڤەنزوێلا ناوبرد و لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتی: "ستەمکار رۆیشت، دواجار روبەڕوی دادگا دەبێتەوە لەسەر تاوانەکانی".

ڤەنزوێلا؛ وڵاتە دەوڵەمەند، بەڵام هەژارەکە:

ئەم گۆڕانکارییە سیاسییە گەورەیە لە کاتێکدایە، ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا، بەڵام بەدەست قەیرانێکی قوڵی ئابوری و مرۆییەوە دەناڵێنێت.

جوگرافیا و دانیشتوان:

ڤەنزوێلا دەکەوێتە باکوری ئەمریکای باشور، هاوسنورە لەگەڵ کۆڵۆمبیا، بەڕازیل، گویانا و دەریای کاریبی. پایتەختەکەی کاراکاسە و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 28 ملیۆن کەسە، زمانی رەسمی ئیسپانییە و سیستمی حوکمڕانییەکەی کۆماری سەرۆکایەتییە.

لە دۆزینەوەی نەوتەوە بۆ داڕمان:

ئەم وڵاتە کە لە سەدەی 16 لەلایەن ئیسپانیاوە داگیرکراوە و ساڵی 1821 سەربەخۆیی وەرگرتووە، لە سەدەی 20دا بەهۆی دۆزینەوەی نەوتەوە بووە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ئەمریکای لاتین. لە ساڵی 1999 هوگۆ چاوێز چاکسازیی سۆسیالیستیی ئەنجامدا، بەڵام دوای مردنی و هاتنە سەرکاری مادۆرۆ دۆخەکە گۆڕا.

نەوت نزیکەی سەدا 95ی داهاتی هەناردەکردنی ڤەنزوێلا پێکدەهێنێت، بەڵام بەهۆی پشت بەستنی تەواوەتی بە نەوت، گەندەڵی، خراپ بەڕێوەبردن و سزاکان، ئابورییەکەی داڕما. هەڵاوسانی زۆر توانای کڕینی هاووڵاتییانی لاواز کردووە و بازاڕی رەش بەشێوەیەکی فراوان بڵاوبووەتەوە.

خاکێکی بەپیت و خەڵکێکی برسی:

سەرەڕای بوونی زەویی بەپیت، بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە ڤەنزوێلا زۆر دابەزیوە. بەرهەمە سەرەکییەکان بریتین لە گەنمەشامی، برنج، قاوە و شەکر، بەڵام جوتیاران بەدەست کەمیی سووتەمەنی و پەینەوە دەناڵێنن، ئەمەش وایکردووە وڵات پشت بە هاوردەکردنی خۆراک ببەستێت.

لە ئێستادا وڵاتەکە روبەڕوی کەمبوونی خۆراک، دەرمان، کارەبا و ئاوی پاک بووەتەوە. کەرتی تەندروستی و پەروەردە لە دۆخێکی خراپدان. زیاتر لە 7 ملیۆن ڤەنزوێلی کۆچیان کردووە بۆ دەرەوە، کە ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین قەیرانەکانی ئاوارەبوون لە جیهاندا.

ژینگەیەکی دەگمەن:

لەڕوی ژینگەییەوە، ڤەنزوێلا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین جۆراوجۆریی ژینگەیی هەیە. تاڤگەی ئەنجێڵ (بەرزترین تاڤگەی جیهان)، روباری ئۆرینۆکۆ، زنجیرە چیاکانی ئەندێز و دارستانەکانی ئەمازۆنی تێدایە، بەڵام ململانێ سیاسییەکان و داڕمانی ئابوری، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر هەموو کایەکانی ژیان دروستکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا رایگەیاند، حکومەت ئاگاداری شوێنی نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەی نییە و داوای بەڵگە دەکەن لەسەر ئەوەی کە لە ژیاندا ماون، لە بەرامبەردا ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا گومان لە شەرعییەتی هێرشەکە دەکەن.

دێڵسی رۆدریگێز، جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤزیۆنی رەسمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: "هیچ زانیارییەکمان لەسەر شوێنی مانەوەی مادۆرۆ نییە و داوا لە ئەمریکا دەکەین بیسەلمێنێت کە مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە ژیاندا ماون". راشیگەیاند، ئەوەی رویداوە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەریی نیشتمانی.

ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی "بەرفراواندا" لە ڤەنزوێلا، توانیویانە مادۆرۆ و هاوسەرەکەی دەستگیربکەن و بە فڕۆکە بۆ دەرەوەی وڵات بیانگوازنەوە، بڕیاریشە وردەکاریی زیاتر لەوبارەیەوە ئاشکرا بکات.

لە واشنتۆن، راگەیاندنی هێرشەکە مشتومڕی لەناو کۆنگرێس دروستکردووە؛ رۆبن گالیگۆ، سیناتۆری دیموکراتەکان رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا "نایاسایین" و وەسفی دۆخەکەی بەوە کرد کە "ئەمە دووەم جەنگی بێ پاساوە لە ژیانمدا دەیبینم دوای داگیرکردنی عیراق".

لای خۆیەوە مایک لی، سیناتۆری کۆمارییەکان گومانی دەستوریی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە دروستکردووە و پرسیاری ئەوەی کردووە "ئایا هیچ پاساوێک هەیە بۆ بەکارهێنانی هێز بەبێ راگەیاندنی جەنگ یان هەبوونی مۆڵەتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی؟".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردن و گواستنەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ بۆ دەرەوەی ڤەنزوێلا، پرسیار ئەوەیە ئەم سەرۆکە کێیە کە زۆربەی کات بە جلوبەرگی وەرزشییەوە دەردەکەوت و چۆن وڵاتەکەی گەیاندە ئەم دۆخە؟

کورتەیەک لە ژیانی: 

مادۆرۆ لە ساڵی 2013وە و دوای کۆچی دوایی هوگۆ چاوێز، سەرۆکی پێشووی چەپڕەو و مامۆستای رۆحیی خۆی، دەسەڵاتی ڤەنزوێلای گرتەدەست.
ئەو سەرەتای ژیانی پیشەیی وەک شۆفێری پاس دەستپێکردووە، دواتر بووەتە سەرکردەی سەندیکای کرێکاران، پاشان لە سەردەمی چاوێزدا پۆستەکانی وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکی وەرگرتووە.

بۆچی نەیتوانی ببێتە سەرۆکێکی پەسەند کراو لای هاووڵاتیانی وڵاتەکەی؟

مادۆرۆ هەرگیز نەیتوانی ئەو جەماوەرە فراوانە و کەسایەتییە کاریزماییە دروست بکات کە چاوێز(سەرۆکی پێشو) هەیبوو. لە سەردەمی ئەودا ئابوریی ڤەنزوێلا داڕما، کە بەهۆی خراپ بەڕێوەبردن و پشت بەستن بە داهاتی نەوتەوە بوو.

کاتێک لە ساڵانی 2010 نرخی نەوت دابەزی، هاووڵاتییان توانای کڕینی خۆراک و دەرمانیان نەما. بەهۆی چاپکردنی پارەی زۆرەوە، دراوی وڵات بەهاکەی لەدەستدا و گەندەڵی و سزاکانیش دۆخەکەیان سەختتر کرد.

مادۆرۆ بە زەبری هێز وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی دایەوە و لەبری خۆی، هاوڵاتیانی بە تاوانبار ناودەبرد و تۆمەتبار کرا بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی 2018 و 2024، بەوهۆیەوە نزیکەی 8 ملیۆن کەس (چارەکێکی دانیشتوانی وڵات) کۆچیان کرد.

ململانێ لەگەڵ ئەمریکا:
مادۆرۆ پەیڕەوی لە ئایدۆلۆژیای "شۆڕشی بۆلیڤاری" دەکرد کە دژی سەرمایەداریی ئەمریکا بوو و واشنتۆنی بە "هێزی ئیمپریالیست" ناودەبرد.

لە بەرامبەردا، ئەمریکا دانی بە شەرعییەتی مادۆرۆدا نەدەنا و بەردەوام رەخنەی لە سەرکوتکارییە سیاسییەکانی دەگرت و کاندیدانی ئۆپۆزسیۆنی بە براوەی هەڵبژاردن دەزانی.

ترەمپ هەڵوێستی توندتری هەبوو؛ مادۆرۆی بە هۆکاری کۆچی بەلێشاوی خەڵک بۆ ئەمریکا و دزینی نەوتی وڵاتەکە تۆمەتبار دەکرد و تەنانەت بە "سەرکردەی کارتێلی مادەی هۆشبەر" ناوی دەبرد، هەرچەندە مادۆرۆ هەمیشە ئەم تۆمەتانەی رەتدەکردەوە.

ئەمڕۆ لە پاش زنجیرەیەک هێرشی یەک بە دوای یەک، کە سەرەتا میدیاکان بە حەوت تەقینەوەکە ناویانبرد و دواتر دەرکەوت ئۆپراسیۆنێکی ئەمریکا بووە. 

پاشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیاڵ رایگەیاند: ئێمە سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەیمان گواستەوە بۆ دەرەوەی وڵات و دەستگیرکران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی دەستگیرکران و ترەمپیش دەڵێت، "هێرشێکی بەرفراوانمان کردە سەر ڤەنزوێلا".

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ڤەنزوێلا و سەرۆکەکەی، نیکۆلاس مادورۆ و هاوسەرەکەی دەستگیرکرد. 

ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە، بەمزوانە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکارییەکەی رادەگەیەنین و ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسای ئەمریکا ئەنجامدراوە. 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی ڤەنزوێلا بە رەسمی ئەمریکای بە ئەنجامدانی "دەستدرێژیی سەربازی" تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو دۆخە، نیکۆلاس مادۆرۆ باری "ئاڵۆزیی دەرەکی" راگەیاندووە و فەرمانی گواستنەوەی بۆ "خەباتی چەکداری" دەرکردووە.

لە راگەیەندراوێکدا حکومەتی ڤەنزوێلا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی ئەمریکا لەم هێرشانە "داگیرکردنی سەرچاوە ستراتیژییەکانی وەک نەوت و کانزاکان و شکاندنی سەربەخۆیی سیاسیی وڵاتە". جەختیشی کردووەتەوە کە ئەو دەستدرێژییە ئاشتیی جیهان و ئەمریکای لاتین و ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، هێرشەکان ناوچە مەدەنی و سەربازییەکانی کاراکاس و ویلایەتەکانی (میراندا، ئاراگوا و لاگوارا)ی گرتووەتەوە. مادۆرۆ داوای لە تەواوی وڵات کردووە دژی "دەستدرێژیی ئیمپریالیزم" جوڵە بکەن و دامەزراوەکانی کۆماری بپارێزن.

هاوکات گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هۆشداریدا و نوسیویەتی: "کاراکاس لەژێر بۆردومانی موشەکدایە، جیهان ئاگادار دەکەمەوە کە هێرش کراوەتە سەر ڤەنزوێلا".

پێترۆ داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی وڵاتانی ئەمریکی (OAS) کردووە بەپەلە کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو دۆخە.

تا ئێستا کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی رەسمیی لەسەر ئەو تۆمەتانە و دۆخی ڤەنزوێلا نەداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز شاری کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلایان هەژاند و بەهۆیەوە کارەبای بەشێکی شارەکە بڕا، هاوکات دەنگی فڕۆکە بە نزمی لە ئاسمانی شارەکەدا دەبیسترێت.

بەپێی ئاژانسی (ئەسۆشیەیتد پرێس)، لانی کەم حەوت تەقینەوە لە شارەکەدا رویانداوە. تیمێکی کەناڵی (سی ئێن ئێن) ئاماژەی بەوە کردووە، یەکەم تەقینەوە نزیکەی سەعات 1:50ی شەو بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە تۆمارکراوە.

شایەتحاڵەکان بە ئاژانسەکانی (رۆیتەرز) و (فرانس پرێس)یان راگەیاندووە، دەنگی تەقینەوەکان زۆر بەهێز بوون و بەشێک لە پەنجەرەی باڵەخانەکان لەریونەتەوە. بەهۆی روداوەکەوە کارەبا لە ناوچەکانی باشوری شارەکە بڕاوە، کە دەکەوێتە نزیک بنکەیەکی سەربازیی گەورە.

میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن، راستەوخۆ دوای تەقینەوەکان دەنگی فڕۆکە بە بەرزی و بە نزمی لە ئاسمانی پایتەختدا بیستراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دیمەنی ساتەوەختی تەقینەوەکان بڵاوکراونەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە باشوری بەڕازیل بەهۆی پێکدادانی پاسێک و بارهەڵگرێکەوە 11 کەس گیانیان لەدەستدا و 11ـی دیکەش برینداربوون.

میدیاکانی بەڕازیل بڵاویانکردەوە، روداوەکە لەسەر رێگەی خێرای فیدراڵی  لە شارۆچکەی پیلۆتاس لە ویلایەتی ریۆ گراندێ دۆ سۆڵ رویداوە.

تۆڕی "گلۆبۆ"ی بەڕازیلی ئاشکرایکردووە، پاسەکە ژمارەیەک گەشتیاری هەڵگرتبوو کە بەرەو شارۆچکەی کاماکوا دەچوون و بەیانی ئەمڕۆ لە شاری پیلۆتاسەوە بەڕێکەوتبوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، شۆفێری پاسەکە یەکێکە لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە و بریندارەکانیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

لای خۆیەوە پۆلیسی بەڕازیل رایگەیاندووە، بەشێک لە باری بارهەڵگرەکە کە لم بووە، رژاوەتە ناو پاسەکەوە، ئەوەش پرۆسەی رزگارکردنی قورسکردووە. بەهۆی روداوەکەوە رێگەکە بە هەردوو ئاڕاستە داخراوە و پێشبینی ناکرێت بەم نزیکانە بکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ساڵی 2025 بە گەرمترین و پڕخۆرترین ساڵ لە مێژووی بەریتانیا تۆماركرا.

فەرمانگەی كەشناسی بەریتانیا لە راپۆرتێكی نوێدا رایگەیاند، ساڵی 2025 گەرمترین و پڕخۆرترین ساڵ بووە لە مێژووی وڵاتەكەدا، بەجۆرێك تێكڕای پلەی گەرمی ساڵانە گەیشتووەتە 10.1 پلەی سیلیزی، ئەوەش یەكەی پێوانەیی پێشووی ساڵی 2022ی تێپەڕاندووە.

مارك مەككارسی، لێپرسراوی بەشی ئاووهەوا لە فەرمانگەكە دەڵێت، هۆكاری ئەو گەرمبوونە بۆ بەرزبوونەوەی نائاسایی پلەی گەرمیی دەریاكان دەگەڕێتەوە و ئەنجامەكان دەریدەخەن گۆڕانی كەشوهەوا بەهۆی چالاكییە مرۆییەكانەوە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژینگەی بەریتانیا هەبووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە لەسەر ئاستی جیهان، ساڵی 2024  هێشتا وەك گەرمترین ساڵی گۆی زەوی ماوەتەوە و ساڵی 2025یش یەكێكە لە سێ گەرمترین ساڵەكان.

هاوكات، سەرجەمی 10 گەرمترین ساڵەكانی مێژووی بەریتانیا لە 25 ساڵی رابردوودا تۆماركراون، ئەوەش نیشانەیەكی مەترسیداری خێراگۆڕانی ئاووهەوایە لە سەدەی 21دا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەك ئامادەكارییەك بۆ نیشتنەوەی هەمیشەیی لەسەر رووی مانگ  و بەئومێدی دۆزینەوەی گازێكی دەگمەن، ناسا چوار كەشتیوان بە بەهای نزیكەی 10 ملیار دۆلار دەنێرێتە خولگەی مانگ.

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریكا-ناسا رایگەیاند، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكاری چڕن بۆ ناردنی چوار كەشتیوان بۆ خولگەی مانگ لە چوارچێوەی گەشتی ئاریتمس-دوو كە بڕیارە گەشتەكە لە پێنجی شوباتی ئەمساڵ لە ویلایەتی فلۆریداوە بە ئاراستەی مانگ  دەستپێبكات.

ئاژانسەكە روونیشیكردووەتەوە، تیمی گەشتەكە پێكهاتوون لە سێ ئەمریكی و كەشتیوانێكی كەنەدی، كە پێكەوە بۆ ماوەی 10 رۆژ بە دەوری مانگدا دەخولێنەوە. ئامانجیش لە گەشتەكە ئامادەكارییە بۆ دووبارەی نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر رووی مانگ  لە ساڵی 2027 یان 2028دا.

ناسا دەشڵێت، دەیانەوێت لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە ژێرخانێكی تەكنەلۆژی و بنكەیەكی هەمیشەیی لەسەر مانگ  دروست بكەن، بە مەبەستی دەرهێنانی گازی دەگمەنی هیلیۆم-سێ و ئامادەكاری بۆ گەشتە دوورەكانی مەریخ.

كۆنگرێسی ئەمریكا رەزامەندی دەربڕیوە بۆ تەرخانكردنی بڕی 9.9 ملیار دۆلار بۆ ئەم قۆناغە و كۆمپانیاكانی وەك سپەیس ئێكس و بۆینگ یش هاوكاری ناسا دەكەن بۆ سەرخستنی ئەو گەشتە مێژووییە.

ئەو گەشتە لە دوای ساڵی 1969وە دەبێتە گەورەترین هەنگاوی مرۆڤایەتیی بەرەو قوڵاییەكانی بۆشایی ئاسمان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئامێرێکی نوێ کە بە تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد کاردەکات، لە چین سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە دەستنیشانکردنی حاڵەتە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی پەنکریاس کە پزیشکەکان نەیانتوانیوە لەرێگەی پشکنینەکانەوە هەستی پێ بکەن، ئەمەش هیواکان بۆ رزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان زیاد دەکات.

شێرپەنجەی پەنکریاس یەکێکە لە کوشندەترین جۆرەکانی شێرپەنجە، رێژەی مانەوە لە ژیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوای توشبوون تەنها نزیکەی 10%ـە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نیشانەکانی درەنگ دەردەکەون و ئاشکراکردنی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا ئەستەمە.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئامێرەکە ناوی "پاندا" (PANDA)یە و لەلایەن توێژەرانی کۆمپانیای عەلی بابای چینییەوە پەرەی پێدراوە. بۆ یەکەمجار لە تشرینی دووەمی 2024 لە زانکۆی نینگبۆ لە خۆرهەڵاتی چین تاقیکراوەتەوە.

لەو کاتەوە، ئامێرەکە شیکاری بۆ زیاتر لە 180 هەزار وێنەی تیشکی (CT Scan)ی سک و سنگ کردووە، یارمەتی پزیشکەکانی داوە بۆ دۆزینەوەی نزیکەی 20 حاڵەتی شێرپەنجەی پەنکریاس، کە 14 حاڵەتیان لە قۆناغی زۆر سەرەتاییدا بوون.

بەپێی راپۆرتەکە، ئەو نەخۆشانە بەهۆی نیشانەی وەک ئاوسانی سک و دڵتێکەڵهاتن سەردانی نەخۆشخانەیان کردبوو، سەرەتا لە پشکنینەکاندا پزیشکەکان هەستیان بە هیچ مەترسییەک نەکردبوو، تا ئەو کاتەی "پانپا" سەرنجی راکێشان بۆ بوونی وەرەمەکە.

دکتۆر ژۆ، سەرۆکی بەشی پەنکریاس لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان دەڵێت: "دەتوانین بە رێژەی 100% بڵێین زیرەکیی دەستکرد ژیانی ئەوانی رزگار کرد".

بەهۆی ئەم سەرکەوتنەوە، ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) سیفەتی "ئامێری داهێنەرانە"ی بەخشیوەتە "پاندا" بۆ ئەوەی رێکارەکانی پەسەندکردنی خێرا بکرێت و لە نەخۆشخانەکان بەکاربهێنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەراورد بە دوێنێ، بۆ هەر ئۆنسەیەک نزیکەی 40 دۆلار بەرزبووەوە.

ئەمڕۆ هەینی، یەک ئۆنسە زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بە چوار هەزار و 380 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، لەکاتێکدا دوێنێ پێنجشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ چوار هەزار و 340 دۆلار بوو.

نرخی زێڕ بەراورد بە چەند مانگی رابردوو بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و شارەزایانی ئابورییش، پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی دەکەن لەمساڵدا.

لە بازاڕەکانی هەرێمیش بەم شێوەیە مامەڵەی پێوەدەکرێت:

زێڕی عەیار 21 به 891 هەزار دینار

زێڕی عەیار 18 به 762 هەزار دینار

زێڕی عەیار 22 به 933 هەزار دینار

زێڕی عەیار 24 به 101هەزار دینار

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، توانیویانە نهێنییەکانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکراین ئاشکرا بکەن کە لە چەند رۆژی رابردوودا خراوەتە خوارەوە، داتاکان دەریدەخەن ئامانجی فڕۆکەکە شوێنی مانەوەی سەرۆکی روسیا بووە و بەڵگەکانیش دەدەنە ئەمریکا.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پرۆسەی کردنەوەی کۆدی داتاکانی ئاراستەکردن (Data Decryption) دەریدەخات کە ئامانجی کۆتایی هێرشە ئۆکراینییەکە لە 29ـی کانونی یەکەمی 2025، دامەزراوەیەک بووە لە شوێنی مانەوەی سەرۆکایەتی لە ناوچەی نۆڤگۆرۆد.

مۆسکۆ جەختی لەوە کردۆتەوە، ئەو بەڵگانە لە رێگەی کەناڵە رەسمییەکانەوە رادەستی لایەنی ئەمریکی دەکەن. پێشتریش مۆسکۆ هۆشداریدابوو کە بەهۆی ئەم رووداوەوە چاوخشاندنەوە بە هەڵوێستی خۆیدا دەکات لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین.

رۆژی دووشەممە، مۆسکۆ تۆمەتی ئەوەی دایە پاڵ کیێڤ کە بە 91 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر هەوڵی بەئامانجگرتنی شوێنی مانەوەی ڤلادیمێر پوتنی داوە لە باکوری روسیا.

لە بەرامبەردا، ئۆکراین و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان لەم چیرۆکەی روسیا هەیە. رۆژنامەی "واڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی ئۆکراین پوتنی بەئامانج نەگرتووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرەتا هاوسۆزی بۆ روسیا دەربڕی و رایگەیاند، پوتن پێی راگەیاندووە کە بەهۆی رووداوەکەوە "زۆر توڕەیە".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان ئاماری كوژران و زیندانیكردنی رۆژنامەنووسانی بۆ ساڵی 2025 بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ساڵی رابردوو 128 رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا كوژراون.

ئەنتۆنی بێلانگر ئەمینداری گشتیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان رایگەیاند، ساڵی رابردوو 128 رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا كوژراون، كە جگە لەوەی ئامارەكە لە ساڵی 2024 زیاترە، وەك هێڵێكی سوری ئاگاداركردنەوە وایە بۆ رۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهاندا. 

ئاماژەی بەوەشكردووە، ساڵی رابردوو تەنها لە غەززە 56 رۆژنامەنووس كوژراون، كە ئەو رێژەیە بەراورد بە رووبەڕێكی بچوكی وەك ئەو كەرتە نائاساییە و هەرگیز پێشتر شتی لەو جۆرە رووینەداوە.

هەر بەپێی ئەو ئامارەی فدراسیۆنەكە رایگەیاندووە، لە ئێستادا 533 رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا لە زینداندان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتی ئاهەنگەکانی پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ لە ناوچەیەکی گەشتیاریی سویسرا، ئاگرێکی گەورە لە کافتریایەک کەوتەوە و بەهۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربوون.

دەسەڵاتدارانی سویسرا رایانگەیاند، روداوەکە لە سەعات 01:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە باڕی "لی کۆنستەلەیشن" لە ناوچەی کرانس-مۆنتانا رویداوە، کە یەکێکە لە شوێنە بەناوبانگەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر و گەنجان رووی تێدەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی پۆلیسی سویسرا بڵاویکردەوە، مەزندە دەکرێت نزیکەی 40 کەس لەو ئاگرەدا گیانیان لەدەستدابێت، ناسینەوەی قوربانییەکانیش رەنگە چەند هەفتەیەکی پێ بچێت.

 هاوکات زیاتر لە 100 کەس بریندارن کە برینی زۆربەیان سەختە و توشی سوتاوی بون.

سەبارەت بە هۆکاری ئاگرەکە، دوو گەشتیاری فەرەنسی بەناوی ئێما و ئەلبان کە لەو کاتەدا لەوێ بوون بە میدیاکانیان راگەیاندووە، یەکێک لە کارمەندەکان مۆمی ئاهەنگگێڕانی لەسەر بوتڵی شەراب (شەمپانیا) داناوە و بەرزیکردۆتەوە، بەهۆی ئەوەی سەقفەکە لە دار دروستکراوە و نزم بووە، راستەوخۆ ئاگری گرتووە.

شایەتحاڵەکان دەڵێن: "لە چەند چرکەیەکدا ئاگرەکە تەواوی شوێنەکەی گرتەوە، دار بوو بۆیە زوو گڕی گرت، نزیکەی 200 کەس هەوڵیان دەدا لە ماوەی 30 چرکەدا لە رێگەی پلیکانەیەکی زۆر تەسکەوە لە نهۆمی سەرەوە را بکەن، رزگاربوونمان موعجیزە بوو".

دەسەڵاتدارانی سویسرا 10 کۆپتەر و 40 ئەمبوڵانس و 150 کارمەندی فریاکەوتنیان رەوانەی شوێنی روداوەکە کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و گواستنەوەی قوربانییان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژدا بەگومانی قاجاخچێتی مادەی هۆشبەر هێرشیان کردووەتە سەر پێنج بەلەم  بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی تریش خۆیان هەڵداوەتە ناو دەریاوە و جارەنوسیان نادیارە.

بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لەلایەن فەرماندەیی باشورەوە بڵاوکراوەتەوە، بەلەمەکان کە دەکرێنە ئامانج  بە نزیک کەشتیەکاندا تێدەپەڕن و ئەمەش روداوێکی نائاسییە و یەکەمجارە بەلەمەکان لە نزیک کەشتییەکان بکرێنە ئامانج.

فەرماندەیی باشوور ئاماژەی بەوەشكردووە لە هێرشەكەیاندا بۆ سەر ئەو كەشتیانە  هەشت بازرگانی ماددەی هۆشبەرشیان  كوشتوە، ئاوانی تریش خۆیان هەڵداوەتەوە ئاوەكەوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە،  گەران لە ژێر ئاوەكەدا بەدوای ئەوانەی خۆیان هەڵداوەتە ناو ئاوەکەوە بەردەوامی هەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی مۆسکۆ رایگەیاند ئۆکراین بە زیاتر لە 90 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردۆتە سەر شوێنی مانەوەی ڤلادیمێر پوتن، پەخشکردنی پارچە میوزیکێک لە وێستگەیەکی نهێنی روسیاوە ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە.

میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، وێستگەی (UVB-76)ی روسیا کە بە "رادیۆی رۆژی دوایی" ناسراوە و مێژووەکەی بۆ حەفتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، لە دوای هێرشەکەی سەر پوتن پارچە میوزیکی "دەریاچەی قو"ی پیۆتر چایکۆڤسکی پەخشکردووە.

ئەم وێستگەیە کە بەردەوام دەنگی "زەنگ" یان "تین" دەدات، تەنها لە کاتی قەیرانە گەورەکان و بۆ مەبەستی سەربازی و هەواڵگری پەیامی نهێنی (شیرفە) پەخش دەکات.

ئەگەرەکان چین؟

چاودێران پێیان وایە پەخشکردنی ئەم میوزیکە ئاماژەیە بۆ دوو ئەگەری ترسناک:

  1. تیرۆرکردنی زێلێنسکی: ئەگەر هەیە روسیا وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشکردنە سەر پوتن، بڕیاری تیرۆرکردنی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینی دابێت.

  2. کاراکردنی چەکی ئەتۆمی: ئەگەرەکەى تر پەیوەندی بە کاراکردنی سیستمی "دەستی مردوو" (Dead Hand) هەیە، کە سیستمێکە رێگە بە لێدانی موشەکی ئەتۆمی دەدات بەشێوەی ئۆتۆماتیکی ئەگەر سەرکردایەتی روسیا لەناو بچێت یان مەترسی گەورەی لەسەر بێت.

هەڵوێستی ئەوروپا:

لەلایەکی دیکەوە، مۆسکۆ رایگەیاندووە دەست دەکات بە فراوانکردنی "ناوچەی دابڕاو" لە بەرەکانی جەنگ، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا ئەم تۆمەت و هەنگاوانەی روسیا بە "بەلارێدابردنێکی بە ئەنقەست" ناو دەبەن بۆ تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...1112131415...575