وەزیری جەنگی ئەمریکا لە زنجیرە لێدوانێکی نوێدا پلانی ئیدارەی نوێی واشنتۆنی بۆ بەهێزکردنەوەی تواناکانی سوپا و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان راگەیاند.

پیت هیگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، خەریکی سەرلەنوێ بنیادنانەوەی سوپای وڵاتەکەن و رەخنەی توندیشی لە رابردوو گرت و وتی: "سوپاکەمان لە رابردوودا بەدەست خراپییەکی دیاری کارگێڕییەوە دەیناڵاند." جەختیشی کردەوە کە ئێستا پیشەسازییە جەنگییەکانی ئەمریکا پێگەی پێشەنگی خۆیان لەسەر ئاستی جیهان وەردەگرنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بودجەی وەزارەتی جەنگ بە ئامانجی چەسپاندنی "ئاشتی لە رێگەی هێزەوە" داڕێژراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لەگەڵ ژینگەیەکی ئاڵۆز رووبەڕووی هەڕەشە جیاوازەکان بووتەوە.

سەبارەت بە گرژییەکانی تاران، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند: "سەرکەوتنی باوەڕپێنەکراومان لە دژی ئێران بەدەستهێناوە." هەروەها وتیشی، دۆناڵد ترەمپ ئازایەتییەکی زۆری نیشانداوە بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە کە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.